فازڵ میرانی
سروشتی بوو، کە لە گوتاری سیاسییدا شتێک بگوڕێت، چونکە هەر قۆناغێک گوتاری تایبەت بە خۆی هەیە؛ بەڵام گۆڕانکاری لە گوتاردا شتێکە و پچڕانی لەو گوتارەی کە هێزە عێراقییەکانی کۆدەکردەوە شتێکی ترە و زۆریش ئازاربەخشە.
باوەڕم وایە گوتاری ئێمە زۆر نەگۆڕاوە لە ڕووی ئەوەی کە دەستپێکەکانی خۆی لەبەرچاو دەگرێت، هەرچەندە ئێستا زیاتر تەرکیز دەکاتە سەر ئەو دیاردە سیاسییانەی کە نەدەبوو تووشی هزری سیاسیی عێراقی بێت.
ئەو گوتارەی کە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی بە ئاشکرا دەیانگوت، گوتارێکی زۆر نیشتمانی بوو، داواکارییەکانی ڕوون بوون، واقیعی بوو، کاریگەری و هاوسۆزیی لەگەڵدا بوو، کۆکەرەوە بوو، لە پێکهاتەکانەوە بەرەو گشتی دەچوو، پێشنیارەکانی ڕێزلێگیراو بوون، دوور بوو لە هەڕەشە.
گوتارێک بوو بەڵێنی داهاتوویەکی باشتر بوو، کە ڕەسەنەکانی خەبات لە کورد و کوردستانیی و عەرەب و تورکمان، لە موسڵمان و مەسیحی و ئێزدی، لە چەپڕەو و نەتەوەییەکان تێیدا بەشدار بوون؛ تاوەکو شتێک پێشکەش بکەن کە هیچ فێڵ و تەڵەکەیەکی بەرامبەر بە دەسەڵاتدارەکان تێدا نەبێت. لەو قۆناغەدا باڵادەستیی فکری بۆ ئۆپۆزسیۆن بوو، نه ک بۆ دەسەڵات.میدیای ئێمە و پەیوەندیمان بە میدیای دەرەکییەوە بە جۆرێک بوو کە یەک کەس نوێنەرایەتیی هەمووانی دەکرد. کەسایەتییەکانی ئەو قۆناغەش (ڕەحمەتی خوا لەوانەی کۆچی دواییان کردووە و خوایش ئەوانەی ماونەتەوە بپارێزێت) بە زمانی عێراقییانەی هەمووان و بە ڕێزگرتن لە تەواوی وردەکارییەکان قسەیان دەکرد.
گوتم سروشتییە بە گۆڕانی بارودۆخی سیاسی، گوتاریش بگوڕێت؛ چونکە ئۆپۆزسیۆنەکانی دوێنێ بوونە دەسەڵاتدار، ئەوانەشی لە دەسەڵاتدا بوون دابەش بوون بەسەر زیندانی، هەڵاتوو، ڕێکخەری هێزە تیرۆریستییەکان، یان دوورکەوتەوە لە سیاسیەت، یانیش بیروباوەڕی خۆی گۆڕی؛ ئەمەش شتێکی مەفهوومە و بۆ زۆر کەس نوێ نییە.
بەڵام گوتاری سیاسی ناڵێم ئەوەی شاردرابووەوە دەرکەوت بەڵکو بابەت و وشەگەلێکی بەکار هێنا کە نەدەبوو بەکاریان بێنێت لە کاتێکدا خاوەنەکەی لە ناو دروستکردنی عێراقێکی نوێدا کار دەکات. عێراق بەنەهجی مەزهەبی (تائیفی) بنیاد نانرێت ئەمە دوژمنکارییە لەگەڵ مەزهەبەکانی ئێستا و داهاتوو و هاندەرێکیشە بۆ بڵاوبوونەوەی تای مەزهەبگەرايی. ڕۆشتن بەم ڕێگەیەدا، ناسنامەی لاوەکی (تائیفی) دەکاتە مەرجێکی ناموفەق بۆ کارکردنی سیاسی و کارگێڕی، هەروەها گەیاندوویەتی بە لایەنەکانی تر کە کاری ئۆپۆزسیۆن بە هۆکاری مەزهەبی بووە، نه ک وەک ناڕەزایەتی لەسەر سیاسەتی حوکمرانی.
هەمان کێشە لەسەر تەرکیزکردنی حزبی (حزبگەرايی) جێبەجێ دەبێت؛ بە جۆرێک وەک ئەوەی هەر کەسێک پەیوەندبێت بە حزبێکی ترەوە، ئیتر نە هاوبەشی نیشتمان بێت و نە هاوبەشی مرۆڤایەتی و بڕیاردان بێت!
تائیفەگەری و حزبگەرايی ڕەنگە دەسەڵات دروست بڕەخسێنن کە دروستیشیان کردووە بەڵام ئەوە دەسەڵاتێکە بەردەوام نابێت، تا ئەو ڕادەیەی زۆرێک لە دەوڵەتان بە هۆی هەڵبژاردنی ئەم ڕێگەیەوە ڕووخاون، بەڵکوو دەسەڵاتی پێشووی عێراقیش ڕێک بە هۆی تەرکیزکردنە زۆرەکەی لەسەر حزبگەرايی و تائیفەگەری نەهێڵدرا.
بەرگری لە ئەدا و کارکردنی خۆمان ناکەم و هێرشیش ناکەمە سەر ئەوانی تر؛ بەڵام ئێمە لە ساڵی ١٩٤٦ەوە تاوەکو ئەمڕۆ لەسەر هەمان بنەماکانی گوتاری سیاسیی یەکەممان بەردەوامین کە بریتیین لە: حوکمرانیی دروست، بڵاوکردنەوەی دادپەروەری و یەکسانی. وەڵامە سیاسی، کرداریی و قسەکانی ئێمەش تەنها بە هۆی گۆڕانی گوتار، لێدوان و کردارەکانی ئەوانی ترەوە بووە.
بیست ساڵ و زیاترە ئێمە چاودێری دەکەین ، زیانمان پێگەیشتووە لەم گۆڕانکارییانەی کە ڕاشکاوانە بڵێم بەشێکیان هاوشێوەی ستەمکاریی و پەراوێزخستنەکەی ڕابردووە. وەک لە وتارێکی پێشووشدا گوتم؛ ئێمە لەسەر هۆشیاریی و لەبەر خەمخۆریمان بۆ بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمان و تەواوی گەلانی دیکەی عێراق، خۆڕاگرین و ئازارەکان بەرگە دەگرین.
قەبووڵکراو نییە کە ئێمە لە شوێنێکدا بین و بە مەبەست لەلایەن ئەوانی ترەوە بکرێینە ئامانج، کەچی لەلایەن گەلەکەمانەوە لۆمە بکرێین لەسەر خسارەتی جۆراوجۆر؛ ئەوەش تەنها بە هۆی دابەزینی فكر، کردار و گوفتار بۆ ناو هەڵبژاردنێک کە خۆمان پێشتر لۆمە و ڕەخنەمان لە پێشوومان دەگرت لەسەری.
پارتی دیموکراتی کوردستان لە کوردستاندا و لە نوێنەرایەتیکردنیشیدا لە ناو عێراقدا، چ لە ئێستادا و چ لە ڕابردوودا، پەرۆشی عێراقێک بووە کە تەواوی هێزەکان کۆبکاتەوە لە ڕووی کۆمەڵایەتی، سیاسی، نەتەوەیی، بیروباوەڕ و فکرییەوە؛ ئەمەش کار و هەڵوێستی بەردەواممان بووە و گوتارێکیش بووە کە پچڕانی تێدا نەبووە.
ئێمە لۆمەی شتگەلێکمان لەوان دەکرد، کەچی ئێستا هەمان ئەو شتانە ڕووبەڕووی تەنانەت ئەو لایەنانەش دەکرێنەوە کە بەشدارییان لە تێکدانی یەکێتیی نیشتمانیی عێراقدا نەکردووە.
ئایا کەسێک هەیە ئەم بیرهێنانەوەیەی بەهەند وەربگرێت و پەندی لێ وەربگرێت؟

