بێستوون ساڵەیی
١٦ی ئاب لە رۆژژمێری کوردیدا بە تنها بەروا بەڵکو خەرمانێکی پڕە لە یادەوەری، خەبات، قوربانی و هیوا. بە دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ١٦ی ئابی ١٩٤٦دا، بە سەرکردایەتی باوکی رۆحیمان مەلا مستەفا بارزانیی نەمر، ئەو ڕۆژە بوو بە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە خەباتی سیاسی و نیشتیمانیی کوردستان.
١٦ی ئاب تەنها مێژووی پارتێک نییە، مێژووی نەوەیەکە کە لە دژوارترین ساتەکانی مێژوودا، لە دۆخی بێدەسەڵاتی و فشار و سەرکوتدا، باوەڕی بە ماف و ناسنامە و داهاتووی گەلەکەی نەدۆڕاند. لەو پێناوەدا، ئافرەتانی کوردیش بەشێکی دانەبڕاو بوونە لە خەبات و تێکۆشان، زۆرجار کە باس لە شۆرش دەکەین چاوەکانمان تەنها لەسەر مەیدانی شەڕ و کوڕە قارەمانەکانە. بەڵام شۆڕش تەنها ئەوە نییە کە باس لە چەک و سەنگەر و مەیدانی جەنگ بکرێت بەڵکو شۆڕش هەزاران ئەرکی شاراوەی هەبووە و لە پشت زۆرێک لەو ئەرکانە، ئافرەتانی کوردستان سەربەرزانە بە شەهامەت و بەغیرەتەوە وەستاون.
ئافرەتانی کورد لە گوند و شارەکاندا خۆراک و پێداویستییان بۆ پێشمەرگە دابین کردووە، نەخۆش و برینداریان چاودێری کردووە، شوێنی پێشمەرگەکەنیان پاراستووە، زانیارییان گواستووەتەوە و لەگەڵ خێزانەکانیان خزمەتیان بە شۆڕش کردووە. ئەمانە هەمووی بەشێک بوون لە خەبات و بەرەنگاربوونەوە،
لە مێژووی خەباتی کورددا ناوی ئافرەتانی تێکۆشەر و قوربانییەکانیان هەرگیز نابێت لەبیر بکرێن. بە خەبات و تێکۆشانیان نیشاندا کە خەبات بۆ ئازادی و ماف سنووری ڕەگەزی ناناسێت. هەرکاتێک نیشتمان تووشی مەترسی بوو بێت، ئافرەتانی کوردیش لە پێناوی مانەوەی کۆمەڵگا و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی ڕۆڵی بەرچاو و مێژووییان گێڕاوە.
ئامانجی خەبات تەنها ئەوە نەبووە کە ڕابردوو بپارێزرێت؛ بەڵکو ئەوەش بووە کە نەوەکانی داهاتوو بتوانن بە ئازادی و سەقامگیری و بە شانازییەوە بژین. لەبەر ئەوە، پاراستنی
دەستکەوتەکان گرنگییەکی هەمان ئەندازەی خەباتەکەی خۆی هەیە.
ئەمڕۆ کوردستان دەستکەوتی سیاسی و دامەزراوەیی هەیە کە بە ئاسانی بەدەست نەهاتوون. دامودەزگا، پەرلەمان، حکومەت، سیستەمی پەروەردە، دامەزراوەکانی ئاسایش و خزمەتگوزارییە گشتییەکان و هەموو ئەو بنەمایانەی کە ژیانی هاوڵاتییان ڕێکدەخەن، دەبێت بەهێزتر و کارامەتر بکرێن.
ئەگەر نەوەکانی پێشوو لە دۆخێکی زۆر سەختدا توانییان خەبات بکەن بۆ ئازادی، ئەوا ئەرکی نەوەی ئەمڕۆ ئەوەیە کە دەستکەوتەکان بپارێزێن و هەوڵی پێشخستن و بنیاد بنێن.
ئافرەتانی کوردستان وەکو توێژێکی کاریگەری کۆمەڵگە بەرامبەر بە دەستکەوتەکان و ئایندە ئەرکدارن. بۆیە ئافرەتی ئەمڕۆ نابێت تەنها بە میراتگریی خەبات بناسرێت، بەڵکو بە هاوبەشی دروستکردنی داهاتوو بناسرێت.
یەکێک لە شانازییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بایەخدان و گرینگیدانە بە توانا و بەشداریی ئافرەتان لە جومگە سیاسیەکان و بەرێوەبردنی دەسەڵاەدا، ئەمڕۆ لە هەموو سێکتەرەکانی ژیان هەر لە دەسەڵاتی سیاسیو ئیداری و یاسادانان و دامودەزگا حکومییەکان و هەروەها لە هێزی پێشمەرگەدا ئافرەت بەشداریی کارای هەیە و ئەرکی باڵایان پێ سپێردراوە، ئەمەش دیدی پارتی بە ڕوونی دەردەخات کە پێی وایە کۆمەڵگەیەکی بەهێز و پتەو بە هەموو چین و توێژەکان بونیاد دەنرێت و پێشکەوتنیش بە بەشداری هەمووان دێتەکایەوە.
بۆیە دەتوانین بڵێین ئەگەر ڕابردووەکەمان بە قوربانیی و تێکۆشانی ئافرەتانیش دروست بوو بێت، ئەوا داهاتووەکەمانیش دەبێت بە بەشداری و توانای ئافرەتان بەهێزتر بکرێت.
١٦ی ئاب دەبێت بۆ ئێمە ببێتە ڕۆژی بیرکردنەوە لەوەی چۆن لە خەباتەوە بگەینە بنیاتنان، لە قوربانییەوە بگەینە بەرهەم، لە پاراستنی دەستکەوتەکانەوە بگەینە فراوانکردنیان.
پێویستە کوردستان دامودەزگاکانی خۆی بەهێز بکات، یاسا و دادپەروەری جێگیرتر بکات، ئابوورییەکەی پەرەپێ بدات، پەروەردە و زانست بخاتە پێشەوە و هەلی بەشداریی هەموو توێژەکانی کۆمەڵگا، بە تایبەتی ئافرەتان و لاوان، فراوانتر بکات.
چونکە ئەوەی لە شۆڕشەکانی ڕابردوو خەباتیان بۆی کرد، تەنها بیرەوەری و یادگاریی نین، بەڵکو بەرپرسیارێتیەکە بۆ ئەمڕۆمان و بۆ ئایندەشمان.
١٦ی ئاب پێمان دەڵێت: ڕێگاکە بە قوربانی دەستی پێکرد، بەڵام نابێت بە یادەوەری کۆتایی پێ بێت.
دەبێت خەبات بگۆڕین بۆ دامەزراوە، قوربانی بگۆڕین بۆ دەستکەوت، دەستکەوت بگۆڕین بۆ پێشکەوتن، و پێشکەوتن بگۆڕین بۆ داهاتوویەکی سەقامگیرتر و باشتر.
لەو ڕۆژەدا، یاد لە هەموو ئەو تێکۆشەر و قوربانییانە دەکەینەوە کە خۆیان نەچەماند و ئەمڕۆیان بونیادنا، بەڵام باشترین ڕێز بۆ ئەوان ئەوەیە کە ئەوەی بە خوێن و قوربانییان بەدەست هاتووە، بە دانایی و یەکگرتوویی و کارکردنی بەردەوام بپارێزین و پەرەی پێ بدەین.

