رۆژنامەی ھەولێر

“١٦ی ئاب، قۆناغێکی ڕێکخراو و نوێی نەتەوەی کوردە”

فەزیلە شۆرش
پرۆسەی لەدایکبوون و دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ناخی خەمخۆری بۆ کورد و کوردستان و بە ڕابەرایەتیی جەنەڕاڵی چیاکان، مەلا مستەفا بارزانی بوو. لە ڕۆژی دامەزراندنیەوە لە ١٦ی ئابی ١٩٤٦، پارتی دەستی بە قۆناغێکی ڕێکخراو و نوێ کرد لە بەڕێوەبردن، خەبات و شۆڕش لە پێناو ئازادی و شکۆی گەلی کورد و کوردستاندا. خۆشبەختانە سەرکردایەتیی پارتی لە سەرەتاوە وەک سەرکردایەتییەکی سەردەمیانە کە بە دیدگا هاوچەرخەکەی تایبەتمەندە، لانکەی پێشەنگایەتی بووە لە کوردپەروەری، قوربانیدان و خۆنەچەماندندا.

ئاشکرایە مێژووی خەباتە شکۆمەندەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان پڕە لە سەروەری؛ کاتێک سەیری سەنگەری کوردپەروەری و پێشمەرگایەتیی ئەم ڕێبازە پیرۆزە بکەین، بێگومان بەشداریی لە کۆماری کوردستاندا شکۆیەکی نەتەوەییە. هەروەها ئەم ڕێبازە خاوەن شکۆی شۆڕشی ئەیلوول، شۆڕشی گوڵان، ڕاپەڕینی ١٩٩١ و ڕۆژی ڕێفراندۆمی ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧یە. کەواتە ڕۆڵ و خەباتە سەرکردایەتییەکەی پارتی، بەرهەمهێنەر، دروستکەر و پارێزەری قەوارەی هەرێم و پەرلەمانی کوردستانە.

بە شانازییەوە، ڕۆژی ١٦ی ئاب ڕۆژێکی پڕشنگدار و هێمای خەبات و سەروەریی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردە، و لە هەمان کاتدا ڕۆژی لەدایکبوونی مەرجەعی کورد، سەرۆک بارزانییە. بە سیاسەتە حەکیمانەکەی سەرۆک، پێشکەوتن و کۆمەڵگەیەکی ئارام و هاوسەنگ لە کوردستاندا هاتووەتە کایەوە. ئەگەر لە سۆنگەی هاوسەنگییەوە لاپەڕەکانی مێژووی خەباتی ئافرەتان هەڵدەینەوە، دەبینین ئافرەتان لە ژێر چەتری پارتی دیموکراتی کوردستاندا زۆرێک لە مافەکانیان بەدەستهێناوە. باوەڕبوونی باوکی ڕۆحیی کورد، مستەفا بارزانی بە هێز و توانای ئافرەتان و بە گرنگزانینی داکۆکیکردن و بەدەستهێنانی مافەکانیان بە شێوەیەکی ڕێکخراوتر، وای کرد کە لە ١١ی کانوونی یەکەمی ١٩٥٢دا و بە سپاردەی باوکی ڕۆحی، ڕێکخراوی “یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان” دابمەزرێنرێت. هەروەها بۆ دەستەبەرکردنی مافی سیاسی و سەرجەم ماف و ئازادییەکان، دەرفەتەکان بۆ ئافرەتان واڵاتر کران تاوەکو بەشداریی سیاسی، کۆمەڵایەتی و بەڕێوەبردن بکەن.

پارتی دیموکراتی کوردستان نوێنەرە ڕاستەقینەکەی داواکارییەکانی میللەتە و ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە باشترکردنی ڕوانگەی کۆمەڵگە بۆ متمانەکردن بە کاری سیاسی، بەتایبەتی کاری سیاسیی ئافرەتان. لەم ڕوانگەیەوە دەبینین ژمارەیەکی زۆر و بەرچاو لە ئافرەتان لە پۆستە حزبی و حکومییەکاندا کار دەکەن. بە شانازییەوە، ١٦ی ئاب دەستپێکی قۆناغێکی ڕێکخراو و نوێی نەتەوەی کوردە.