سەگڤان هالو
16ی ئابی 1946 ڕۆژی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانە، لە هەمان کاتدا ڕۆژی لەدایکبوونی سەرۆک و ڕێبەری کوردان، ڕێزدار مەسعوود بارزانییە. دوو ڕووداوی زۆر گرنگ کە بوونە هۆی دروستبوونی وەرچەرخانێکی سیاسیی زۆر گەورە لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستاندا.
پارتی دیموکراتی کوردستان بە ڕێبەرایەتیی بارزانیی نەمر، هەر لە ڕۆژی دامەزراندنییەوە تا کۆتایی ساڵی 1979 کە هاوکاتە لەگەڵ ماڵئاواییکردنی بارزانیی نەمر، هیوا و ئومێدیان بۆ تاکی کورد و کوردستانی لەوپەڕی بێهیواییدا گەڕاندەوە، ئینتیمای نیشتمانییان لە ناخی تاکەکانی گەلی کوردستاندا ڕواند، مەزنترین شۆڕشیان بەرپا کرد لە دژی داگیرکارانی کوردستان. بەهێزترین پەیامی پارتی و بارزانیش بۆ نەیارانی کورد بریتی بوو لە: “کوردستان یا نەمان”.
دوای ماڵئاواییی بارزانیی نەمر، لە کۆنگرەی ساڵی 1979دا سەرۆک مەسعوود بارزانی بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی کۆنگرە جێگەی بارزانیی نەمری گرتەوە و بەردەوامیی دا بە خەبات و تێکۆشان. هاوشان لەگەڵ کاکە ئیدریسی هەمیشە زیندودا، بێکەوە ڕۆڵێکی مەزنیان بینی لەو ئانوساتە سەخت و دژوارەی خەباتی چەکداری، سیاسی و دیپلۆماسیدا.
سەرۆک مەسعوود بارزانی هاوکات لەگەڵ گۆڕانکارییە سیاسییەکانی جیهان و ناوچەکەدا، تا کۆ ئەمرۆ توانیویەتی بە سیاستێکی حەکیمانە بەردەوامی بە خەباتی شارستانی بدات، کوردستان لە ئەقڵییەتی شوفێنی و ڕەگەزپەرستیی ناوچەکە بپارێزێت و ڕووبەڕووی گشت ئاڵنگارییەکان ببێتەوە.
جێگەی ئاماژەپێکردنە، لە شاری مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەژێر سێبەری کۆماری کوردستاندا، کۆمەڵێک تێکۆشەری نیشتمانپەروەر بە سەرکردایەتیی بارزانیی نەمر “پارتی دیموکراتی کوردستان”یان دامەزراند.
ئەمڕۆ 80 ساڵ بەسەر ئەو ڕۆژەدا تێدەپەڕێت، بەڵام ئامانجی پارتی دیموکراتی کوردستان هێشتا زیندووە و هەر بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
پارتی لە کاتێکدا دامەزرا کە گەلی کوردستان لە سەختترین و دژوارترین قۆناغدا بوو، ئەویش قۆناغی شەڕی سارد بوو. پارتی ناوی خۆی لە “دیموکراتی” وەرگرت، چونکە باوەڕی بە ئازادی، یەکسانی و دەسەڵاتی گەل هەبوو. دروشمەکەی لە ڕۆژی یەکەمەوە ڕوون بوو: “مافی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان، دیموکراسی بۆ عێراق”. واتە پارتی لەسەر بنەمای قوربانیدان و خەبات دامەزرا.
لە ماوەی ئەم 80 ساڵەدا، پارتی بووە قوتابخانەی تێکۆشەران؛ هەزاران شەهید، پێشمەرگە و کادیری سیاسیی پێگەیاندووە کە نیشانەی سەربەرزی بوون و هەر بە سەربەرزیش دەمێننەوە. لە شۆڕشی ئەیلوولەوە تا ڕاپەڕین، لە بەرگری لە کوردستان تا جەنگی دژ بە داعش، پێشمەرگەکانی پارتی هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەدا بوونە. واتە پارتی تەنها حیزب نییە، بەڵکو ڕێبازێکی خەباتە بۆ ڕزگارکردنی کورد و کوردستان.
دوای ڕاپەڕینی 1991 و دامەزراندنی هەرێمی کوردستان، پارتی ڕۆڵی سەرەکیی لە بنیاتنانەوەی دامەزراوەکاندا بینی. پەرلەمان، حکوومەت، پێشمەرگە، پەروەردە… هەمووی بەرهەمی خەباتی ئەو قۆناغە بوو. لە ساڵی 2017یشدا، بە بڕیاری سەرۆک مەسعوود بارزانی ڕیفراندۆم کرا، وەک جێبەجێکردنی ئەو ئامانجەی کە لە ساڵی 1946دا دانرابوو. واتە پارتی درێژکراوەی خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانییە.
ساڵیادی دامەزراندن تەنها یادکردنەوەی ڕابردوو نییە، بەڵکو تازەکردنەوەی پەیمانە:
* یەکڕیزی:یەکڕیزیی ناوخۆ بەهێز بکەین تا لەسەر ئاستی دەرەوە ڕێزمان لێ بگیرێت و پێگە سیاسییەکەمان بەهێز بێت.
* خزمەت: دەسەڵات بۆ خزمەتکردنی گەلی کوردستانە و بەهەند وەرگرتنی بەرژەوەندیی گشتییە.
* هیوا: ڕێگای سەربەخۆیی تەواو نەبووە، بەڵام هەرگیز ناوەستین تا دەگەینە ئامانجی کۆتایی.
80 ساڵ تێپەڕی، نەوەکان گۆڕان، بەڵام ئاڵای پارتی و بارزانی و دروشمی “کوردستان” هەر بەرزە. 16ی ئاب یادکردنەوەی ئەوەیە کە گەورەترین سەرمایەی گەلەکەمان ئیرادە و باوەڕبوونە بە خۆی.
پارتی دیموکراتی کوردستان، لەدایکبووی خەباتە و دەمێنێتەوە تا ئامانجەکان دێنە دی.
16ی ئاب پیرۆز بێت لە سەرۆک و مەرجەعی کوردستان، گشت ئەندامان و لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان، گشت پێشمەرگە قارەمانەکان، و تێکڕای خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان؛ سەرەوەر لە هەموویان بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریسی هەمیشە لەیاد.

