رۆژنامەی ھەولێر

نەخشی بیرەوەرییەکانم ڕزگـــــــار خۆشنـــــــاو

یاسین قادر بەرزنجی
ناکرێ باسی موزیکی کوردی بکرێت و ناوی هونەرمەندی گەورە ڕزگار خۆشناو نەبرێت، ئەو موزیکزانەی بووەو باڵیۆزی هونەری نەتەوەکەی لە ئەوروپا و وڵاتانی دیکەی جیهان.
ناوەڕاستی حەفتایەکانی سەدەی ڕابردوو، لە هەولێر بەهۆی ڕەوانشاد شێخ بابا تاهیری ئامۆزامەوە کە هاوڕێی نزیکی هونەرمەندی گەورە کاک حەمە جەزا بوو، لەگەڵ خۆیاندا چەند جارێک بردیانم بۆ ئەگلەنجەو ئاهەنگی تایبەت و گشتی، لەوێوە کاک رزگارو عودەکەی و دەست وپەنجەییم خۆشویست، پاشانیش کە لە نزیکەوە ناسیم و بووینە هاوڕێ هێندەی تر لە دڵمدا جێگای خۆی کردەوە.
کاک ڕزگار کە لە هاوینەهەواری شەقڵاوە لەدایک بووە، هەر لە منداڵییەوە خولیای موزیکی هەبووە، هونەرمەندان فەرەیدوون دارتاش و یەحیا مەرجان هاندەری بوون، ساڵی ١٩٦٨ لەسەردەستی ڕەوانشاد عەبدوڵڵا حەسەن فێری ئامێری عود بووەو بوەتە ئەندامی تیپی موزیکی سەفین وبەشداریی زۆربەی ئاهەنگەکانی ئەو دەڤەرەو تا دەگاتە ڕەواندزو گەڵاڵەو چۆمان کردووە.
ساڵی ١٩٧١ وەک تاقە قوتابی کورد چووەتە پەیمانگای توێژینەوەی میلۆدی لە بەغداو شەش ساڵ لەسەر دەستی باشترین مامۆستایانی ئەو دەمە موزیکی خوێندووەو پەرە بە عود ژەنینی خۆی داوەو بڕوانامەی دیبلۆمی باڵای وەرگرتووە.
ساڵی ١٩٧٧ گەڕاوەتەوە هەولێرو لەگەڵ تیپی هونەری هەولێر کاری کردووەو ساڵی ١٩٧٩ تیپی شیلانی دامەزراندووە کە بە ئامێری ڕۆژئاوایی موزیکیان ژەنیوە. بەرهەمە سەرەتاییەکانی بریتی بوون لە گۆرانی (دوورم لە یاران)ی جوانەمەرگ قادر زیرەک کە شیعرو ئاوازی خۆی بوون و دووەمیشیان (حەزم لێکردووی) نەمر حەمە جەزا کە شیعری مەدهۆش و ئاوازی کاک ڕزگار بووە.
هەر لە هەولێر پیشانگای بۆ ئامێرە موزیکییە کوردییەکان کردووەتەوەو سیمیناری لە هۆڵی گەل پێشکەش کردووە.
لەبەر دەنگی بەرزی هونەرمەند حەمە جەزا دۆزانی عودی لە (سۆل)ەوە گۆڕیوە بۆ (لا)و مەقامی هیجرانی لەسەر پلەی (سی) پێ چڕیوە، ڕزگاری هونەرمەند لەسەر ئاستی عێراق یەکەم ژەنیار بووە تەلی شەشەمی بۆ عود زیاد کردووە.
بۆ ئەوەی ئۆپەرێت و بەرهەم بۆ ڕژێمی لەناوچوو نەکات دەچێتە هەندەران و لە وڵاتی نەمسا جێگیر دەبێت و ناگەڕێتەوە، لەوێ دەست دەکات بە خوێندن دوای حەوت ساڵ بروانامەی ماستەر
لە زانکۆی گراتس وەردەگرێت، لەوێ گروپی ڕزگار درووست دەکات و لەگەڵ پڕۆفیسۆرێکی ئامێری پیانۆ گروپی سکوردیا دادەمەزرێنن و لەگەڵ چەند موزیکژەنێکی وڵات جیاواز کۆمەڵێ ئاهەنگ لە نەمساو ئەڵمانیاو سویسراو ڕووسیاو کوردستان سازدەکەن.
هەمیشە هەوڵی داوە کوردو هونەرەکەی بە گەلان بناسێنێت، خۆشناو دەڵێت :
[ ٤٥ ساڵە لۆبی کوردی دەکەم، بەڵام بە داخەوە میدیای کوردی بایەخ بەو جۆرە کارانە نادەن ] .
کاک ڕزگار لەوێ لە سەنتەرێکی خاوەن پێداویستییانی تایبەت کاری کردووەو بە موزیکی تێراپی چارەسەری کردوون، لە ئێستاشدا هەر لە شاری گڕاتس دەژی و کاری وەرگێڕان بۆ عەرەبی و کوردی دەکات.
سەبارەت ئەم هونەرمەندە کە بەرهەمەکانی بوونەتە بەشێکی زیندووی مۆزیکی کوردی، ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی نەمساوی کلاینێ
چایتۆنگ لەژێر ناوی (داهێنەرێکی گەورە) دا نووسیویەتی :
[ ڕزگار کوردێکی گراتسەو گڕاتسییەکی کوردە، موزیکزانەو قسە خۆشە، پەنجەکانی لێزان و خێران، یاری بە چاوی دەکات، لە هەمووی گرنگتر دڵێکی گەورەی هەیە ].
بەهیوای سەرفرازی و بەرهەمی نوێم بۆ مامۆستاو هونەرمەندی گەورە کاک ڕزگار خۆشناوی ئازیزمان.