عومەر چنگیانی
بابەتی سەردێڕ وەك كۆدەنگی (ئیجماعێك)ـی لەسەر بوو كە بۆردی باڵای ئامادەكردنی گوتاری هەینی دەستنیشانمان كرد و، لە ٢٣ـی سەفەری ١٤٤٨ـی كۆچی بەرانبەر بە ٧/٨/٢٠٢٦ كرایە توێشووی گوتاری هەینی زۆرینە-ی دوانگەی مزگەوتەكانی كوردستان و، سەرەتا بە ئایەتی ٣ـی سورەتی(تەڵاق) دەستمان پێ كرد كە دەفەرمیت: (هەركەسێك بە ڕاستی پشت بە خوا ببەستێت ئیتر ئەوی بەسە. بەڕاستی خوای گەورەی كاربەجێ ئەوشتانەی دەیەوێت جیبەجێیان بكات و فەرمانی لەسەریەتی، دەیانكات. خوا هەموو شتەكانی بە ئەندازە ڕێژییە)، هیچ گومان لەوەدا نییە ئێمە لە ڕۆژانەی خۆماندا لەو ڕاستیە تێدەگەین كە هەر كێشە و، ئاریشەیەك پێویستە لە دەرگا و، دەزگای تایبەتی خۆیەوە بەرەو چارەی بچین، جا گەر بڕوای تەواو بوو بەوەی كە خوامان بەسە، ئیتر وەڵامی خواییمان بۆ دەستەبەرە. وەلێ ئەوكاتەی هەموو هەوڵەكانمان بەگەڕ خستووە و ئەنجام نەبووە، هاتووین دەڵێین (بەتەمای خوا)! دیارە تا چەند ڕاستمان نەكردووە لەگەل تەوەكەل بەستنەكەمان!
ئەم ژیانەی ناوی نراوە دنیا شوێنی تاقیکردنەوە و بەڵایە و، سروشتیشی بریتییە لە گۆڕانی بارودۆخ و بەردەوامیی قەیران و سەختییەکان.
خاوەنی دڵە پڕ لە ئیمانەکان دەزانن کە بۆ هەر قەیرانێک دەرچەیەک هەیە و، بۆ هر مەینەتییەک لادەرێک هەیە و، گەورەترین چەکێک کە بڕوادار خۆی پێ بپۆشێت لە کاتی هاتنی نەهامەتییەکاندا، پشتبەستنە بە خوا (التوكل على الله).
هەروەها یەکێک لە گەورەترین عیبادەتە پەنهانییەکان کە بڕوادار لە ژیانیدا پێویستی پێیەتی، بەتایبەتی لە کاتی سەختبوون و چڕبوونی تەنگانەکان و بەردەوامیی قەیرانەکاندا، متمانەبوونە بە خوای گەورە، کە ئەوە ناوەڕۆکی پشتبەستن و کرۆکی دڵنیاییە، ئەویش ئەوەیە کە بڕوادار بەوەی لە دەستی خوایە دڵنیاتر بێت تا ئەوەی لە دەستی خۆیدایە یان لە دەستی خەڵکیدایە.
مانای پشتبەستن (التوكل):
پشتبەستن (التوكل): بریتییە لە ڕاستگۆیی پشتبەستنی دڵ بە خوای (عزَّ وجلَّ) لە بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەکان و دوورخستنەوەی زیان و خراپەییەکان، لەگەڵ باوەڕێکی بێگومان کە خوا خۆی بەخشەر و ڕێگرە، زیانۆک و قازانجبهخشه و، هەموو دروستکراوەکان ئەگەر کۆ ببنەوە لەسەر ئەوەی بە شتێک قازانجت پێ بگەیەنن ناتوانن مەگەر بەوەی کە خوا بۆی نووسیویت و، ئەگەر کۆ ببنەوە لەسەر ئەوەی زیانت پێ بگەیەنن ناتوانن مەگەر بەوەی خوا لەسەری نووسیویت. بۆیە پشتبەستن قسەیەک نیە تەنها بە زمان بگوترێت، بەڵکو کردەوەیەکی دڵی مەزنە و متمانەیەکی پاکە بە خوا، بەوەی بڕوادار بزانێت کە کارەکان هەمووی بۆ خوایە.
کەواتە بەندەی پشتبەستوو بە دڵی ڕادەکات لە تووڕەیی مەخلوق بۆ سەر توانای خالق و، خۆی دادەڕنێ لە توانای خۆی بۆ ئەوەی پەنا بباتە بەر توانا و هێزی خوای گەورە.
ڕاستیی پشتبەستن:
جاری وادەبێت هەندێک لە خەڵکی دەکەونە تێکەڵاوییەکی گەورە لە نێوان دوو چەمکەی “التوكل” (پشتبەستن) و “التواكل” (تەمبەڵی و دەستەوەستان). ڕاستیی پشتبەستنی شەرعی پشت دەبەستێت بە دوو کۆڵەكەی سەرەکی کە لە یەکتر جیا نابنەوە:
یەکەم: پشتبەستنی ڕاستگۆیانەی دڵ بە خوای گەورە:
دووەم: ئەنجامدانی هۆکارە شەرعیە بەردەستەکان، کە خوای گەورە فەرمانی پێ کردوون.
ئەنجامدانی هۆکارەکان سوننەتی پێغەمبەرانە و، پشتگوێخستنیان تانەدانە لە شەریعەت و ئایین و، پشتبەستنی تەواو بە هۆکارەکان بە تەنها، هاوبەشدانانە (شیرک) لە تەوحیددا. خۆشەویستمان _ دروود و سەلامی خوای لەسەر بێت _ دەفەرمێت: (گەر بە ڕاستی پشت ببەستن بەخوا وەك پەلەوەرەكان ڕۆزیتان پێ دەبەخشێت كە پەلەوەر بەیانیان بە برسێتی لە كولانەكەی دیتەدەر و ئێواران بە جیكەڵانی پڕەوە دێتەوە).
بەڵی: باڵندە لە هێلانەکەیدا نەمایەوە بە تەمبەڵی چاوەڕێی ڕزق بکات، بەڵکو بەیانیان دەرچوو و هەوڵی دا و هۆکارەکەی گرتە بەر (ڕۆشتن و گەڕانەوە)، خوای گەورەش ڕزقی پێ بەخشی. (ابن حِبَّان) لە (صحيح)ـەکەی خۆیدا لە ئەنەسی کوڕی مالیکەوە (ڕەزای خوای لێ بێت) دەگێڕێتەوە، کە پیاوێک گوتی: ئەی ڕەسوڵی خوا وشترەکەم بەرەڵا بکەم و پشت ببەستم؟ یان بیبەستمەوە و پشت ببەستم؟ رەسوولی خوا ﷺ فەرمووی: (اعْقِلْهَا وَتَوَكَّلْ). بیبەستەوە و پشت ببەستە بە خوا. ڕاستیی پشتبەستن لە لوتکەی قەیراندا دەردەکەوێت؛ بەوەی هەموو ئەوەی لە تواناتدایە ئەنجامی بدەیت بۆ تێپەڕاندنی، وەک ئەوەی هۆکارەکە هەموو شتێک بێت، پاشان بە دڵت پشتببەستە بە خوا وەک ئەوەی هۆکارەکە هیچ شتێک نەبێت!
بەرهەمەکانی پشتبەستن:
پشتبەستن کاتێک لە دڵی بەندەدا بەدی هات، بەرهەم دەدات و سەختترین قەیرانەکان ئاسان دەکات و دژوارییەکان سووک دەکات؛ لە دیارترین ئەم بەرهەمانەش:
یەکەم: پاراستنی ئیلاهی: هەرکەسێک پشت بە خوا ببەستێت، خودا بەسیەتی لەوەی نیگەرانی کردووە، بەسیەتی، پارێزەریەتی و یاریدەدەریەتی لە ناخۆشییەکانیدا.
دووەم: ئارامی و هێمنی دڵ: کەسی پشتبەستوو وەهم و ترسی ڕزق یان داهاتوو نایکوژێت و خەمباری ناکا و، قەیرانە دەروونییەکان دایناڕمێنن؛ چونکە دەزانێت جڵەوی کارەکان لە دەستی میهرەبانترینی میهرەبانەکاندایە.
سێیەم: بوێری و جێگیری لە کاتی ڕووداوە سەختەکاندا.
چوارەم: بەدەستهێنانی خۆشەویستیی خوای گەورە.
پێنجەم: چوونه بەهەشت بە بێ لێپرسینەوە: وەک لە سەحیحەیندا هاتوە لە فەرموودەی ئیبنعەباس (ڕەزای خوایان لێ بێت) کە پێغەمبەر ﷺ باسی لە حەفتاهەزار کەسەکە کرد کە بەبێ لێپرسینەوە و سزا دەچنە بەهەشتەوە و، لە وەسفیاندا فەرمووی: (وَعَلَى رَبِّهِمْ يَتَوَكَّلُونَ) كە بەڕاستی پشتیان بەخوا بەستووە.

