ئاری ئاغۆک
لێکۆڵینەوەی ڕۆژنامەوانی و گەڕانەوە بۆ سەرچاوە و دەسپێک و مێژووی هەر کارێکی ئەرشیفی وەک هەوڵی تاکە کەسی لە لایەن هەر نووسەرێکەوە بێت، یا هەوڵی دەستەجەمعی هەر دەزگایەکەوە بێت ئەوا جێی دەستخۆشیە، چونکە ئەم کارە دەبێتە پردێک بۆ گەیشتن بە زانیاری سەرەتایی و هەڵدانەوەی کارە ئەرشیفیەکان لە چوارچێوەی پڕۆژەیەک کە خزمەت بە دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەینێی کتێبخانەی کوردی دەکات، دواجار وەک توێژینەوەیەک و سەرچاوەیەکی باوەڕ پێکراو سوودی گشتی دەبێت، وەک بناغەیەکی پتەوی کاری متمانە پێکراو و بەڵگە و ئەرشیف و دیکۆمێنت، ئەوا بابەتەکان بەشێوەیەکی گشتی دەبنە کلیلێکی ڕاستی و هەر کەسێک پێویستی بێت لە هەر قۆناغ و کاتێک دا بێت دەتوانێ سودی لێ وەربگرێ وەک سەرچاوەی باوەڕپێکراو و بەڵگەی حاشا هەڵنەگر، وەک ئەرشیف و دیکۆمێنتێکی بە هێز لە هەموو سەردەمێک بایەخی خۆی دەبێت.
هەر وەک ڕوون و ئاشکرایە کۆکردنەوە و ئامادەکردنی لێکۆڵینەوە دەربارەی هەر بابەت و بوارێک بێت کەسی ئامادەکار دەبێ خەمخۆرانە و پیشەییانە و پشوو درێژانە کاری لەسەر بابەتی دەستنیشان کراو بکات و کاتی بۆ تەرخان بکات.
لەم ڕوانگەیەوە پەیامی گشتی هەر لێکۆلینەوەیەک و خستنەڕووی ئەرشیف و مێژووی کارە ڕۆژنامەوانییەکان لە هەر ناوچە و دەڤەرێک ئاراستەیەکە بۆ گرنگی بابەتی دیاریکراو لە گواستنەوەی ئەو زانیارییانەی کە لە قۆناغێک دا تۆمارکراون و دواتر شایەتحاڵی زیندوو، لە پێناو زیندوو ڕاگرتنی ئەو سەردەم و مێژووە جوانە هەوڵی بۆ بدەن بە کۆکردنەوەی لە دوو توێی کتێبێک دا.
لەم پێناسە و شیکارییەی ئاماژەم پێکرد، ئەوا لەم ماوەیەدا (گۆڤاری ڕێژیار، سەرمەشقی بزاڤی ڕۆژنامەوانی لەدەڤەری بارزان) لە دووتوێی کتێبێکی ٢٨٦ لاپەڕەیی لە نووسینی مامۆستا (وەحید ڕەشید نوح) لەم ماوەیەدا هاتە چاپ و بڵاوکردنەوە، لێرەدا وەک ئەمانەتێکی میدیایی، شیکاری و خوێندنەوەیەکی هەمەلایەنە بۆ ناوەڕۆکی ئەم کتێبە دەکەین.
پێکهاتەی کتێب:
ئەم کتێبە هەوڵێکی ڕۆژنامەوانی و ئەرشیفی یە دەربارەی بزاڤی کاری ڕۆژنامەوانی لە دەڤەری بارزان بە شێوەیەکی گشتی و گۆڤاری ڕێژیار وەک سەرمەشقی ئەم بزاڤە لەم ناوچەیە بەتایبەتی، ئەمەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێ کە خودی نووسەر وەک مامۆستایەکی پێشەنگ و دێرین، دوای ڕاپەڕین وەک مامۆستا سەرەتاکانی دیکەی ئەم دەڤەرە بۆتە مامۆستا و بەدرێژایی ساڵانی خزمەتی بە کەرتی پەروەردە و فێرکردن کردووە، لە گەڵ ئەوەش دا لەتەک چەند مامۆستایەکی دڵسۆز بە فەرهەنگ و نووسین و قەڵەم، ئەوا خۆبەخشانە و بەویستی خۆیان بیرۆکەی چاپ و بڵاوکردنەوەی گۆڤارێکیان بە ناونیشانی (گۆڤاری ڕێژیار) دەرکردوە.
ئەم کارە میدیایی و ڕۆژنامەوانیە خۆی لە خۆی دا مێژوویەکە و پێویستە توێژینەوە و بەدواداچوونی لەسەر بکرێ، چونکە لەم قۆناغە و لەم سەردەمە، لە دوای ڕاپەڕین هەموو ئاراستەکان بە شێوەیەکی سەخت و دژوار لە دایکبوون بە تایبەت لەو دەڤەرە و بەتایبەتتریش کاری نووسین و ڕۆژنامەوانی، بەڵام بە هەوڵی دڵسۆزی خەمخۆرانی ئەم بوارە توانرا لە قوتابخانەیەک گۆڤارێک بە چاپ بگەیەنن بەناوی ڕێژیار، کە دەبێتە دەسپێکێکی رووناک بۆ ئەم ناوچە و دەڤەر و پەروەردەیە.
لە دەروازەی ئەم کتێبەدا لە گۆشەیەک دا نووسەر دەڵێت: یەکێک لە هۆکارەکانی دەرچوونی گۆڤاری ڕێژیار بۆ ئەو مەبەستەبوو کە قوتابییان و گەنجانی ئەم دەڤەرە هۆشیار بکرێنەوە، کە مێژوو و خەبات و تێکۆشانی ئەم دەڤەرە وەک پێویست نەنووسراوەتەوە و تۆمار نەکراوە لە لاپەڕەکانی پەرتوک و گۆڤارەکان دا. ناوەڕۆکی ئەم پەرتووکەش باس لە قۆناغەکانی مێژووی گەنج و لاوانی ئەم دەڤەرە دەکات، کە دەستیان بەکاری ڕۆژنامەوانی و نووسینی پەرتوک کردووە، هەروەها کارکردنیان لە دەزگا ڕۆژنامەوانییەکان و تەلەفزیۆن و کاری ڕاگەیاندن لە قۆناغە جیا جیاکانی مێژووی ڕۆژنامەوانی کوردیدا.
دیارە ئەم کارەی نووسەر تەنیا لەیەک ئاراستە و بابەت شرۆڤە و شیکردنەوەو ئامادەکردنی بۆ نەکراوە، ڕاستە ناونیشانی کتێب تایبەتە بە (گۆڤارێک – لەدەڤەرێک)، بەڵام وەک پرسێکی مێژوویی و ئەرشیفی باس لە چەند لایەنێکی دیکەی ڕۆژنامەوانی و ئەزموونی کارکردنی ئەو کەسانەش دەکات کە لەم قۆناغ و سەردەمە، وەک نووسەر و ڕاگەیاندکار لە مێژووی بزاڤی ڕۆژنامەوانی و راگەیاندن کاریان کردوە، ئەمەش وەک ئاسانکاریەک بۆ ئەو کەسانەی لە بواری توێژینەوە و ئەرشیف و مێژووی ڕاگەیاندن کار دەکەن دەتوانن سوودی لێ وەربگرن.
پێکهاتەی سەرەکی ئەم کتێبە لە ١٢ تەوەر پێکهاتووە کە بریتین لە:
-گۆڤاری ڕێژیار سەرمەشقی بزاڤی ڕۆژنامەوانی لەدەڤەری بارزان.
-کورتەیەک لە مێژووی ڕۆژنامەوانی کوردی.
-مێژووی سەرەتای شۆڕشەکانی بارزان و ناوچەی بارزان لە نێو دەزگا ڕاگەیاندنەکانی بیانیدا.
-سەرەتایەکی مێژوویی بۆ کاری ڕاگەیاندن لە ناوچەی بارزان.
-ڕیزبەندنی دەرچوونی ناوەندەکانی ڕۆژنامەوانی لە ناوچەی بارزان.
-ژمارەیەک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن، کە خەڵکی ناوچەی بارزان کاریان تێدا کردووە.
-ناوی نووسەرانی خەڵکی ناوچەی بارزان، کە پەرتوکیان چاپ کردووە.
-ناوی ڕۆژنامەنووسانی خەڵکی ناوچەی بارزان، کە کاری ڕۆژنامەوانییان کردووە.
-ژیاننامەی شەهیدە میدیا کارەکان.
-پاشکۆی هەر (٥) ژمارە دەرچووەکانی گۆڤاری ڕێژیار.
-لێکۆڵینەوەکان و هەڵسەنگاندنە زانستییەکان، کە بۆ گۆڤاری ڕێژیار کراون.
-کورتەکی مێژوویی گوندی سێلکێ، کە گۆڤاری ڕێژیار لە قوتابخانەی ئەو گوندە دەرچووە.
ناسنامەی گۆڤاری ڕێژیار:
کاتێ بیرۆکە و پڕۆژەی کارێکی میدیایی دێتە ئاراوە، دەبێت لە مەبەست و ئامانج و پەیامەکەیەوە دەست پێ بکرێ، ئایا بۆ چ مەبەستێک دێتە وەشان، لە ناسنامە و تایتلی دا چ ئامانجێک دەخوێنرێتەوە؟
دیارە گۆڤاری ڕێژیاریش لە قۆناغ و سەردەمێک دەرچووە ئەوا کاری میدیایی بەشێوەیەکی گشتی و چاپ و بڵاوکراوە بەشێوەیەکی تایبەتی ئەرکێکی زەحمەت و قورس بووە، لەبەر ئەم هۆکارانە:
١- لە قوتابخانەیەکی دوور و سەر سنوور، نەک سەنتەری شار، لەو سەردەم دەزگا و کەناڵی گەورە بەزەحمەت گۆڤار و ڕۆژنامە یان بڵاوکردۆتەوە.
٢- کۆکردنەوەی بابەتی پەروەردەیی و ڕۆشنبیریی و زانستی …هتد. لەم قۆناغ و سەردەم دوور لە تەکنەلۆژیای سەردەم، هەوڵێکی جدی و جوان و خۆنەویستانەبووە.
٣- لەو سەردەم لایەنی هونەری و تایپ و تەکنیک و کۆمپیوتەر و نەخشەسازی….هتد، لە قۆناغی سەرەتا بووە، چونکە ئەوکات لە فەرمانگە و دەزگاکانیش بەم شێوەیە لە پێشکەوتن دا نەبوە، بەڵام ستافی گۆڤار توانییان زاڵبن بەسەر مەحاڵ، وەک هەنگاوی سەرەتا ئەزموونێکی بایەخداربووە.
-مێژووی کاری ڕاگەیاندن لە ناوچەی بارزان
لەتەوەرێکی گرنگ و باسێکی فراواندا نووسەر لەتەک ئاماژەدان بە مێژووی گۆڤاری ڕێژیار، ئەوا ڕۆشنایی خسۆتە سەر بابەتێکی دیکەی مێژوویی، ئەویش باسکردن و ئاماژەدانە بە مێژووی کاری ڕاگەیاندن لە ناوچەی بارزان کە لە سێ قۆناغ دا کۆی کردۆتەوە، بەم شێوەیە:
قۆناغی یەکەم ١٩٨٠-١٩٩٠
لەم بەشەدا نووسەر ئاماژە بەوە دەکات کە: لەبەر نەبوونی بڕوانامەی خوێندن، ڕێژەیەکی زۆر کەم لە بارزانییەکان کاری ڕاگەیاندیان کردووە. ئەوا چەند نووسەر و ڕاگەیاندکارێک دەکات کە ڕۆڵیان هەبوە لە بزاڤی ڕۆژنامەوانی و ڕاگەیاندن کە لەساڵی هەشتاکان، واتە پێش ڕاپەڕین لەدەزگا ڕاگەیاندنەکان کاریان کردوە، یا وەک نووسەر بابەتیان لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی ئەو سەردەمە بڵاوکردۆتەوە.
ئەگەر ڕوانینێک لەسەر ئەم بۆچوون و داتایە بکەین، ئەوا دەتوانین بڵێین نەک لە ناوچەی بارزان بەڵکو لە دەڤەر و ناوچە و شارەکانی دیکەی کوردستانیش هەنگاوەکان بەم شێوەیە نەبوونە، ئەمەش بەهۆی چەند هۆکارێک لەوانە( سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری) بۆیە ئەگەر بەشێوە گشتیەکە سەیری بکەین دەتوانین بڵێین لەو قۆناغە لە ناوچەی بارزان توانراوە دەسپێکێکی باش بنیاتبنرێت لەڕووی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنەوە جا ئەو هەوڵە تاکەکەسی بێ یا دەستەجەمعی، گرنگ ئەوەیە لە قۆناغێکی سەخت گوتیان، ئێمەش هەین!.
قۆناغی دووەم ١٩٩٠- ٢٠٠٣
ئەم قۆناغە بە سەردەمی دوای ڕاپەڕین ناسراوە، بێگومان دوای بەهاری ئازادی کۆمەڵە گۆڕانکاریەکی ڕۆشنبیری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و کارگێری هاتە ئاراوە، جگە لە دروستبوونی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆیە ئەم قۆناغە لە مێژووی گەلی کورد دا گرنگی و بایەخی خۆی هەیە، یەکێک لەو دەرفەت و کرانەوە ڕۆشنبیریانە بریتی بوو لە گرنگی دان بە بواری راگەیاندن بەهەموو بەشەکانییەوە( بینراو، بیستراو، نووسراو) لە هەموو ناوچە و دەڤەرێک گەشەی سەند، دەڤەری بارزانیش لەو هەنگاوە سەرەتاییە بێ بەری نەبوو، کە لە سەر دەستی چەند خەمخۆرێکی بواری ڕاگەیاندن کاریان لەسەر کرا و بەردەوام بوو.
لەم کتێبەدا نووسەر ئاماژەی بە دەسپێکی چەند چاپەمەنی و کەناڵی ڕاگەیاندن و ڕۆڵی بەرچاوی کەسانی ئەو دەڤەرە لە دەسپێشخەری و سەرپەرشتی کردن و بەڕێوەبرنی بوارێک لە بوارەکانی ڕاگەیاندن دەکات.
قۆناغی سێیەم: ٢٠٠٣- ٢٠٢٥
هۆکاری دەستنیشانکردنی ئەم ساڵ و قۆناغە بۆ ڕوخانی ڕژێمی بەعس دەگەڕێتەوە، ئەوکات عیراق و ناوچەکە بەرەو گۆڕانکاریەکی دیکە هەنگاوی نا، هەرێمی کوردستانیش لەو قۆناغە لە بواری ڕاگەیاندیش گۆڕانکاری گەورەی بەخۆوە بینی، لەگەڵ ئەوەی پێشتر ئەزموونێکی باش هەبوو لەم بوارە، بەڵام ئەم قۆناغە بووە دەرفەتێکی زێرین و هەنگاوی گەورەتر، هەر بۆیەش لەو دەڤەرە توانرا گرنگی بە چاپەمەنی گشتی بدەن، گۆڤاری ڕێژیار یەکێک بوو لەو دەسپێشخەریانە کە لەلایەن چەند مامۆستایەکی دڵسۆز و خەمخۆر بە پەروەردە و ڕاگەیاندن، لەتەک ئەرک و پیشەی مامۆستایەتیان، لە ڕوانگەی پەڕۆشیان بۆ دنیای ڕۆشنبیری و راگەیاندن، لە گوندێکی ئێجگار دوور لە هەناوی چەندین گرفتی کارگێری و میلاک و هاتوچۆ و … هتد .ئەوا بڕیاری دەرچوونی گۆڤارێکیان دا لە خزمەت قوتابی و مامۆستا و پەروەردە و فێربوون و زانست و زانیاری دابێ، ئەویش لەدایکبوونی گۆڤاری ڕێژیار بوو، یەکەمین ژمارەی لە کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٠١ دەرچوو.
گرنگی ڕێژیار و قسەیەک بۆ مێژوو
لێرەدا شیکار و شرۆڤەی ئەم خوێندنەوەیەم تەنیا بۆ گۆڤاری ڕێژیار ڕوون کردۆتەوە، لەگەڵ ئەوەی لەم کتێبەدا چەندین بابەت و ناو و مێژوو و دیکۆمێنت دەربارەی پرسی ڕاگەیاندن لەدەڤەری بارزان باسکراوە و ئاماژەی پێ کراوە، دەکرێ لەدەرفەتێکی دیکە بە فراوانی ئاماژە و شرۆڤەی بۆ بکەین، چونکە ئەمە مێژووە دەبێ باس بکرێ وەک سەرچاوەیەکی زیندووی باوەرپێکراو، بەڵام بەشێکی بۆ گرنگی گۆڤاری ڕێژیار کۆ دەکەمەوە.
چونکە ئەم گۆڤارە ساڵی ٢٠٠١ دەرچووە، کەواتە دەچێتە خانەی قۆناغی دووەمی پەیدابوون و بەردەوامی ڕاگەیاندن لە دەڤەری بارزان، نەک قۆناغی سێیەم، ( نووسەر لە قۆناغی سێیەم، ئاماژەی پێکردووە) بۆیە بە بۆچوونی من بوونی گۆڤارێک لەو قۆناغە و لەو سەردەمە گرنگییەکی مێژوویی و بوێری هەیە، چونکە لەم سەردەمە نەک لە گوندێک و قوتابخانەیەکی ئاوادوور، بەڵکو لە سەنتەری شاریش ئەو هەوڵە زۆر بە فراوانی نەدراوە، لە کاتێک دا دەرفەت باشتر و تەکنیک زیاتر بوو، بەڵام ئەو مامۆستا بەڕێزانە خۆ نەویستانە ئەم بڕیاڕەیان دا و توانیان پێنج ژمارە چاپ و بڵاو بکەنەوە، لەگەڵ ئەوەی هەست بە سادەیی لە بابەت و ناوەڕۆک و دیزایین و … هتد دەکرێ، بەڵام توانرا ببێتە دەروازەیەک بۆ نووسەران و خوێنەران و پردی ڕۆشنبیری و پەروەردەیی لەم دەڤەرە.
بیرمە کاتێ مامۆستا بووم لەم دەڤەرە لە کۆبوونەوەیەکی پەروەردەیی مامۆستا (وەحید) م بینی و یەکترناسینمان کرد، پێی گوتم ئەو گۆڤارە لەدەستەیەک مامۆستای ( قوتابخانەی سێلکی) چاپ و بڵاوی دەکەینەوە، منیش زۆر دڵم پێ خۆش بوو، دەستخۆشیم ئاڕاستە کردن و پێم گوتن کارێکی چاک دەکەن لە داهاتوو دەبێتە مێژوویەکی زێرین بۆ خۆت و ستافەکەتان.
ئەوەتا دوای چارەگە سەدەیەک بەدیداری ستافی ئەم گۆڤارە شاد بوومەوە و توانرا ئەم گۆڤارە لە چوارچێوەی دەڤەر و ناوچە بێتە دەر، لەکتێبێکی گەوهەردار بە کۆمەڵە زانیارییەکی گرنگ هاتە چاپ و بەسەرمەشقی بزاڤی ڕۆژنامەوانی لەدەڤەری بارزان بناسرێ، دڵنیام لە داهاتوو بۆ توێژینەوە و نامەی ماستەر و تێزی دکتۆرا و چەندین بابەتی دیکەی ئەرشیفی و مێژوویی وەک سەرچاوە بەکاردێ و سوودی لێ وەردەگیرێ.

