یاسین قادر بەرزنجی
ساڵانێکی زۆر لەمەوبەر چیرۆکی (ماسییە ڕەشە بچکۆلەکە)ی نووسەری پێشکەوتنخوازی ئێرانی (سەمەدی بیهرەنگی)م خوێندووەتەوە کە مامۆستا شێخانی بەو زمانە پاراوەی کردبوویە کوردی، دواتر ڕۆمانە بەناوبانگەکەی نووسەری یۆنانی نیکۆس کازانتزاکی کەوتە بەردەستی نەوەی ئێمە کە هەر مامۆستا وەریگێڕابوو، پاشان بەرهەمی دیکەی ئەو قەڵەمە گەورە زمانزانە بە کوردی و عەرەبی سەرنجی ڕادەکێشام.
ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووش، کاتێک لە نزیکەوە بە خزمەتی ئەو زاتە زمان شیرین و بەڕێزە دەگەیشتم، هێندەی تر سەرسامیم پێی زیادی کرد.
مامۆستا ماوەیەک لە ڕۆژنامەکانی کوردستانی نوێ و الاتحاد کاری کرد، کە دەچوومە خزمەتی یان ئەو تەشریفی دەهێنایە ژوورەکەم، گەلێ پرسیارم لێی دەکرد و ئەویش لە دەریای قووڵی ڕۆشنبیری و زمانزانییەکەی وەڵامی هەڵدەهێنجاو زانیاریی پێویستم چنگ دەکەوت.
عەبدولکەریم شێخانی لە گەڕەکی (بەفری قەندی) کۆیە لەدایک بووەو هەر لەوێ و لە هەولێر خوێندوویەتی و پاشان ساڵی ١٩٥٣ لە بەغدا خولی پەروەردەیی تەواو کردووەو بووەتە مامۆستاو سەرەتا لە گوندی گۆپانی سەر بە قەزای کفری دامەزراوەو پاشان ساڵانێکی زۆر لە قوتابخانەکانی سنووری سلێمانی و هەولێر مامۆستایەتیی کردووە.
ساڵی ١٩٥٤ یەکەم نووسینی خۆی بە ناوی (خەوێکی خۆش) لە گۆڤاری (هەتاو) دا بڵاوکردووەتەوە.
لە گەلێ رۆژنامەو گۆڤاردا وتاری هەمەجۆری کۆمەڵایەتی و ئەدەبی و زمانەوانیی بە کوردی و عەرەبی بڵاوکردووەتەوە.
ساڵانی ١٩٦٣ – ١٩٦٤ لەسەر چالاکیی سیاسی خراوەتە زیندانەوە.
لە ژیانیدا خەمی گەورەی ئەو پاشاگەردانییە بوو کە بەسەر زمان و نووسینی کوردیدا هاتووە.
گەلێک شیعری لە عەرەبییەوە کردووە بە کوردی و بە پێجەوانەشەوە، لە چاپکراوەکانی :
*ڕۆمانی براکوژی.
*ماسییە ڕەشە بچکۆلە.
*دوای ڕۆژئاوا بوون،وەرگێڕان.
*کیژۆڵەیەکی هەڵگیراو، ڕۆمانی وەرگێڕڕاو.
*وەرگێرانی ١٥ کتێبی خوێندن بۆ قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی و دوا ناوەندی، لە عەرەبییەوە.
*وەرگێرانی کتێبێکی ڕۆژنامەنووس فەرهاد عەونی بۆ عەرەبی بە ناوی (تجارب الصحفی).
*ڕێحاننامە، شیعرێکی درێژ بۆ کۆبانی.
*جا قوربان مەسەلەیەک هەیە، ستوونی ڕۆژنامەنووسی.
مامۆستای نووسەر مەغدید حاجی لەمەڕ مامۆستا وتوویەتی:
[ م.شێخانی شارەزای تەواوی زمانەکانی کوردی و عەرەبی و فارسی بووە، وەک وەرگێڕێکی شارەزاو سەرکەوتوو وبەسەلیقە بەرهەمی خستووەتە بەرچاو ].
شێخانی دۆست و هاوکاری چەندین رئکخراوی مەدەنی بوو، لەوانە کۆڕی قەلەندەرخانەی کوردو رێکخراوی ئازاد بوون و پێشەکی بۆ کتێبی (کریم علكە) بە عەرەبی نووسیوە کە بەڕێز بدری نوئیل نووسیویەتی و هەر ئازاد بوون لە چاپی داوە.
مامۆستا دوا ساڵانی تەمەنی بە کەنەفتی لە سەر عەرەبانە بردەسەر، بەڵام بەو ڕەوشە سەختەیەوە لە میوانانی ئاشناو ڕۆشنای دانەبڕا، کە زۆریان لە گەنجە خەمخۆرەکان بوون و بەردەوام بە ڕووی خۆش و باسی بەرهەمە نوێیەکانی شادی دەکردن و زانیاری پێ دەبەخشین
دڵنیام ڕۆحیانەتی زیندووی مامۆستامان لە گۆڕستانی کەسنەزانەوە بە ئاگایەو دەڕوانێتە شاری کۆیەی زێدی باب و باپیرانی و لەوێشەوە لە خەمی سەربەخۆیی کوردستان و زمانی شیرینی کوردیدایە.
یادت بەخێر مامۆستای گەورەمان، گەوهەری یەکدانەی زمانی کوردی و ئەستێرە گەشەی کتێبخانەی کوردی ..
یادت بەخێر مامۆستا کەریم شێخانی
هەمیشە نەمر.

