رۆژنامەی ھەولێر

نەخشی بیرەوەرییەکانم محەمەد عـــــارف ١٩٣٧-٢٠٠٩

یاسین قادر بەرزنجی
دکتۆر محەمەد عارف سیامەنسوری ناوێکی گەورەی بواری شێوەکاریی کوردی و ئەکادیمیستێکی ناسراوی کوردستانە، ئێمە گەلێک جار بە دیتنی تابلۆو ئەفراندنەکانی لە هەولێرو سلێمانی و بەغدا تووشی ڕامان و سەرسامیی بووین،کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو من ئەو هونەرمەندە گەورەیەم لە نزیکەوە ناسی، هونەرمەندی و بەڕێزی لە گوفتارو ئاکاریدا ئاشکرا دیار بوون، کاتێکیش بۆ بەرگی یەکەمین چاپی کتێبەکەم (مەرگی وەنەوشە)ڕووم لێنا، بە زمانە شیرینەکەی بەڵێنی پێدام و بەرگێکی سەرنج ڕاکێشی نەخشەکێشاو لە ٢٠٠٠دا کتێبەکە لە چاپدرا.
مامۆستامان ساڵی ١٩٥٦ بەشی شێوەکاریی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی بەغدای تەواو کردووە، ساڵی ١٩٦٧بە پلەی ئیمتیاز بڕوانامەی ماستەری لە هونەری نیگارکێشاندا لە زانکۆی مۆسکۆ بەدەستهێناوە، ساڵانی ١٩٦١ تا ١٩٦٧ سێ پیشانگای لە یەکێتی سۆڤیەتی جاران کردووەتەوە، ساڵانی ١٩٧١ تا ٢٠٠١ بە تابلۆ دەگمەنەکانی دەیان پیشانگای سەرنج ڕاکێشی لە شارانی بەغداو هەولێرو سلێمانی کردووتەوەو لای هونەرمەندو هونەردۆستان بە شێوەکارێکی درەوشاوە بینراوەو ناسراوە، هەرچۆن سەدان بابەتی ڕۆژنامەنووسییش سەبارەت کارەکانی نووسراون.
لە ساڵانی ١٩٥٦ تا ٢٠٠٧ بەشداریی بەرچاوی لە دەیان پیشانگای هاوبەشدا لە کوردستان و عێراق و وڵاتانی دەرەوەدا کردووە. مامۆستای هونەرمەند عەبدولعەزیز پیرداود سەبارەت مامۆستا دەڵێت [یەکێکە لە کۆڵەکە پتەوەکانی هونەری شێوەکاریی کوردی، کە چووەتە وڵاتی سۆڤیەتی جاران دیدگاو بۆچوونەکانی شێوەیەکی نوێیان وەرگرتووە، لە کارەکانیدا زیاتر کاریگەریی قوتابخانەی ڕیالیزمی سۆشیالیستیی لەسەر بووە].
ساڵی ٢٠٠٤ مامۆستا بڕوانامەی دکتۆرای لە فەلسەفەی هونەردا لە زا کۆی سەلاحەدین وەدەستهێناوەو دامەزرێنەری کۆلیژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سەلاحەدینە.
دکتۆری هێژا خاوەنی کەسایەتییەکی هونەریی مەزن بووە لە کوردستان و دەرەوەیداو
خاوەنی ١٨ کتێبی نووسراوو وەرگێڕدراوە سەبارەت هونەری شێوەکاری و گەورە شێوەکارانی جیهان و ساڵی ٢٠٠١ لە بەغدا خەڵاتی دەوڵەتی بۆ داهێنانی هونەریی پێ بەخشراوە.
ئەم هونەرمەندەمان لە هەرکوێیەک بووبێت مێژووی نەتەوەکەی و کلتورو داب ونەریتی کوردەواری و ژیانی مرۆڤی کوردو سروشتی کوردستان بوونەتە هەوێنی تابلۆکانی.
سڵاو لە یادی شیرینت مامۆستا محەمەد عارفی گەورە هونەرمەندی کورد، هەزاران جار یادت بەخێر مامۆستای هەمیشە لەیادمان.