رۆژنامەی ھەولێر

وێنـــــــــــەی مـــــــــــرۆڤ لە “خودێکی مانابەخشەوە” بۆ “کاڵایەکی دیجیتاڵی”

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
ئەو زنجیرە توێژینەوەیە لە گۆڕانی بوونناسیی مرۆڤ دەکۆڵێتەوە؛ کاتێک تەکنەلۆژیا “واقیع” بۆ “هایپەر-واقیع” دەگۆڕێت و ڕوخساری مرۆڤ لە بکەرێکی مەعریفیی خاوەن ئەزموونەوە، دەکاتە داتایەکی دیجیتاڵیی بێ‌ خەرمانە و کاڵایەکی بازرگانیی پێشبینیکراو؛ ئەو توێژینەوەیە لەسەر سێکوچکەی (مرۆڤ، تەکنەلۆژیا، بەکاڵابوون) کار دەکات.

(2)
مرۆڤی دابەشبوو
(نا-میکانیکی بوون)
لە کایەی فەلسەفەی هاوچەرخدا، پرسی تێگەیشتن چیتر بابەتێکی پەراوێزی یان تەنها ئامرازێکی سەرەکیی ناسین نییە؛ تێگەیشتن، بەر لەوەی مێتۆدێکی مەعریفی بێت، شێوازێكی ئۆنتۆلۆژیانەی (بوونناسانەی) مرۆڤە لە جیهاندا؛ لە ڕوانگەی فینۆمینۆلۆژیای مارتن هایدیگەرەوە، مرۆڤ “بینەرێکی نامۆ” نییە کە بێلایەنانە لە بوون بڕوانێت، بەڵكە بوونەوەرێکە کە تێگەیشتن پێکهاتەی بنەڕەتیی بوونی پێکدەهێنێت؛ هەرگیز تێگەیشتن نابێتە خەسڵەتێکی دەرەکی مرۆڤ، چونکە لە جەوهەری خۆیدا پڕۆسەیەکی بەردەوامی تێگەیشتن و ماناڕێژی و خۆشیکردنەوەیە لە گشتێتی ئەو واقیعەی تێیدا ئامادەیە.
کەواتە مرۆڤ پێش هەموو شتێ مانا دروست دەکات؛ بەمجۆرە، جیهان تەنها کاتێک دەبێتە جیهانێکی مرۆیی کە دەبێتە تۆڕێک لە واتاکان و هێماکان؛ زمان، ئەدەب، هونەر، ئایین، سیاسەت، و تەنانەت وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانەش، هەموویان هەوڵی بەردەوامن بۆ بەرهەمهێنان و دووبارە لێکدانەوەی مانا مرۆییەكان! هەرگیز مانا شتێکی جێگیر نییە، بەڵكە پڕۆسەیەکە لەگەڵ هەر ئەزموون و ئەزموونگەرییەکدا، مرۆڤێكی جیاواز دەخاتەوە؛ بەمجۆرە مرۆڤ تەنها بە شتەکان ناژی، بەڵكە بەو واتایانەش دەژی کە بە شتەكانی دەبەخشێت؛ لێرەوە کاتێک مرۆڤ توانای بەرهەمهێنانی مانا لەدەست دەدات، توانای تێگەیشتن لە مرۆڤ، مرۆڤایەتی و جیهانی دەوروبەریش لەدەست دەدات.
مارتن هایدیگەر نووسەری فەیلەسوف و بیرمەندی ئەڵمانی لە کتێبی ناوداری خۆیدا (بوون و کات)- د. محەمەد كەمال لە ئینگلیزییەوە كردوویەتی بە كوردی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمی چاپ و بڵاویكردۆتەوە، ئەو تێزە دەخاتە ڕوو کە تێگەیشتن، جولەی “دەرکەوتن” یان “ئاشکرابوون”ی بوون بەرجەستە دەكات! شتەکانی نێو جیهان بەهۆی ڕۆتین و بەکارهێنانی ڕۆژانەوە داپۆشراون و لەبەرچاو ونن، تێگەیشتن دێت بۆ ئەوەی ئەم پەردەیە لابدات و ڕێگا بدات شتەکان بە ڕاستی خۆیان دەربخەن.. دەكرێ ئەو دەرکەوتنە تەرجەمەی “دیمەن” و “وێنە” بكەین؛ بەو مانایەی كە دیمەن نەک وەک ئاڕاستەکردنی واقیع، بەڵكە وەک مەیدانێک دەبینرێت کە تێیدا گرژییەکی بەردەوام لە نێوان تۆڕی ماناکان و کرانەوەی جیاوازییدا هەیە؛ بە مانایەكی دیكە، لەنێوان دیمەن- ئامادە بۆ ئاڕاستەکردن، کە بەشێک لە نادیارێتی دەپارێزێت، و وێنە- ئامادە بۆ جیاوازی کە دەركەوتنی تایبەتی هەیە.
بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم تێگەیشتنە، کاتێک تەماشای دیمەنی کۆڵانێکی کۆن، چۆڵ و بێدەنگ دەكەین، لە بەردەم پاشماوەی ئاراستەكردنی مێژووییەك وەستاوین؛ بەڵام لێرەدا تێگەیشتن، کۆکردنەوەی زانیاریی ئاسەوارناسی یان مێژوویی نییە، بەڵكە تێگەیشتن ئاراستەیەكی بوونناسی وەردەگرێ! ئەو دیمەنە چۆڵە، لای ڤالتەر بنیامین، وێنەیەکی دیالەکتیکییە؛ شوێنێکە کە تێیدا «ڕابردوو» و «ئێستا» لە چرکەساتی بەریەککەوتندا دەبنە یەک کات و خەرمانە! بێدەنگیی کۆڵانەکە، جۆرێکە لە وەستانی مێژوو (مێژووی فەرمی)، کە ڕێگا بە بینەر دەدات لە مێژوویەکی هێڵی ڕزگاری بێت و بچێتە ناو کاتی ئێستا! لەو ساتەوەختەدا، دەركەوتنی وێنە، بە هەموو سه‌رسوڕمان و خەرمانەی خۆیەوە، تایبەتمەندی، جیاوازی و ڕاستیی کات و دەسەڵاتی مرۆڤ بۆ بینەر ئاشکرا دەكات؛ جیهانێکی فرەوان دەکاتەوە کە تێیدا بینەر تەنیا تەماشاکەر نییە، بەڵكە شاهیدی هەڵوەشاندنەوە و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی مانا مێژووییەکانی دیمەنە یان ئاراستەكردنە لەڕێگای وێنەی جیاواز و تایبەتەوە، ئەگەرچی هەمیشە دیمەن بەشێک لە نادیارێتییەکەی خۆی دەپارێزێت، بەڵام وێنە مانای جیاوازی و تایبەتی خۆی وەک دواین هێڵی بەرگریی دەگەیەنێت.
كەواتە ڕابردوو لەڕێگای کۆکردنەوەی داتای مێژووییەوە نادۆزرێتەوە، بەڵكە لە چرکەساتێکی چاوەڕواننەکراودا وەک “وێنەیەک” دەدرەوشێتەوە کە تێیدا جیاوازی نێوان ڕابردوو و ئێستا دەنوێنن؛ دیمەنی کۆڵانە بێدەنگەکە مێژووی هێڵی ڕادەگرێت و دەرگای پچڕانێکی کاتی دەکاتەوە کە تێیدا وێنە دەسەڵاتی خۆی بەسەر کاتدا دەبینێتەو؛ ئەگەرچی شوێنە چۆڵەکان باشترین شوێنن بۆ دەرکەوتنی ئاراستەكردنی ڕاستی.. بەو مانایە کۆڵانە چۆڵەکە گرژی نێوان “نادیارێتی” و “ئاشکرابوون” دیاری دەكەن، کۆڵانە چۆڵەکە جەوهەری تێگەیشتنی بوونناسییە کە ناکرێت لە هاوکێشەیەکی جێگیردا کورت بکرێتەوە.. پرسیارە جەوهەرییەکەی ئەمڕۆ ئەوەیە: چەمكی مرۆڤبوون دەكەوێتە كوێی ئەو كۆڵانە چۆلەوە؟ لەم نێوەندەدا مرۆڤ چی لێ دێت کاتێک خودی دیمەنەكان، ئامێرەکان “مرۆییانە” بیر دەکەنەوە؟!
وەک دەزانین، ڤاڵتەر بنیامین لە قسەكردن لەو بارەوە پێیوابوو کاتێک تەکنەلۆژیا وێنە و هونەر کۆپی دەکاتەوە، ئیتر مرۆڤ لە پەیوەندییە حسی و مێژووییەکەی لەگەڵ دیمەن یان واقیع دادبڕێت و لەبەردەم شاشەکان و ئامێرەکاندا دەبێتە وەرگرێکی پاسیڤ (بێدەسەڵات) کە تەنها سەیری لێشاوی دیمەنەكان دەکات؛ بە مانایەكی دیكە مرۆڤی ئەمڕۆ لە دیمەنی واقیعەكاندا ناتوانێ تایبەتمەندی خۆی بنوێنێ، تەنها تەماشاكەرێكی بێدەسەڵاتە.. لێرەدا مەترسییە گەورەکە ئەوەیە کاتێک تەکنەلۆژیا وێنەی مرۆڤ لە جەوهەرەکەی دادەماڵێت، کاڵا و تەکنەلۆژیا خۆیان دەبنە خاوەن سیفەتی مرۆیی، مرۆڤبوون لە بوونەوەرێكەوە كە تێگەیشتن پێکهاتەی بنەڕەتیی بوونی پێکدەهێنێت، دەکەوێتە ژێر هەڕەشەی فاشیزمی تەکنەلۆژیا و مرۆڤی بێدەسەڵات چێژ لە لەناوچوونی خۆی لە کۆڵانە چۆڵەکان دەبینێت، تەنها لەبەر ئەوەی بە شێوازێکی تەکنەلۆژیی جوان نیشان دەدرێت.. مرۆڤ وەك تێگەیشتن، وەك بكەری مەعریفی چی لێدێت؟
لێرەدا مرۆڤ لەژێر هەڕەشەی فاشیزمی تەکنەلۆژیاوە چیتر “بکەر” یان داهێنەری جیهان نییە، بەڵكە گۆڕاوە بۆ جێگرەوەیەکی ئامێری و ناوەندێكی پاسیڤ (ناچالاک) بۆ گواستنەوەی کۆدە ژمارەیی و زانیارییەکان لەناو تۆڕە گەورەکاندا؛ ئەو دۆخە گوزارشت لە مەرگی بکەری مەعریفی دەكات؛ مرۆڤ کە پێشتر لەڕێگای “تێڕامان” و “ئەزموونی زیندووەوە” جیهانی بەرهەم دەهێنا، ئەمڕۆ چیتر خاوەنی بیرکردنەوە و سۆزی سەربەخۆی خۆی نییە؛ بەڵكە تەکنەلۆژیا چووەتە ناو قووڵایی مێشک و دەروونییەوە، و گۆڕیویەتی بۆ تەنیا بۆرییەک یان تێپەڕگەیەک کە داتا و زانیارییەکانی پێدا تێپەڕ دەبێت.. بەو مانایەش تەکنەلۆژیا تەنیا ئامرازێکی دەرەکی نییە لە دەستماندا بێت، بەڵكە هاتووەتە ناو قووڵایی ژیانی تایبەتی کات، بیرکردنەوە، و سۆزەوە و ناوەوەی مرۆڤی لە جیاوازی و تێگەیشتن، لەو تایبەتمەندییە ڕۆحی و سەربەخۆییەی کە هەیبوو بەتاڵ کردووەتەوە؛ ئەمڕۆ كاری مرۆڤ ئەوەیە كە داتا لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر بگوازێتەوە، بەبێ ئەوەی بیربکاتەوە! لێرەوە ئێمە ڕۆژانە تەنها كلیك دەكەین، تەنها پۆست، نامە، و زانیاری دەبینین و دەیاننێرینەوە (شێر و ڵایک دەکەین)، بەبێ ئەوەی کاتمان هەبێت قووڵ ببینەوە یان شتێکی نوێ لە تێگەیشتن دابهێنین.
ئیتر کاتێک تەكنەلۆژیا دەتوانێت خێراتر و بەرفرەوانتر بیر بکاتەوە، باشتر وێنە بکێشێت، و تەنانەت ڕوخسار و سۆزی مرۆڤیش کۆپی بکاتەوە، ئێمە دەچینە ناو قۆناغی “سیمۆلاکرا- کۆپییەک کە ئەسڵەکەی نەماوە یان هەر نەبووە”ی تەواوەتییەوە؛ دەچینە ئەو شوێنەی کە کۆپییەکە (وێنە دەستکردەکە) پێش واقیع دەکەوێت و وێنەی واقیعی هەڵدەلووشێ؛ کاتێک سۆز و ڕوخسار (کە دوا پێگەی پیرۆزی خەرمانە و ڕەسەنایەتی مرۆڤ بوون) دەبنە داتای شیاوی کۆپیکردن، ئیتر نەک هەر “مرۆڤبوون” مانا بوونناسییەکەی لەدەست دەدات، بەڵكە خودی “واقیع”یش دەگۆڕێت بۆ “هایپەر-واقیع”؛ لێرەدا نە واقیع هەیە نە مرۆڤ؛ لێرەدا واقیع و مرۆڤبوون بەیەکەوە ناچنە ناو نەبوونەوە، بەڵكە لە ناو زۆربوونی بێمانای کۆپییەکاندا، بەیەکەوە دەمرن! هەر بەو مانایەش لای (ژان بۆدریار)، مرۆڤبوون لەم سەردەمەدا، یان بە مانایەكی دیكە مەرگی مرۆڤ لە “هایپەر-واقیعدا”، وەك جۆرێک لە “شۆکی مەعریفی” دەبینرێت؛ چونكە ئەو پێیوایە مرۆڤ بووەتە زیندانیی ئەو وێنە ساختەیەی کە خۆی بۆ خۆی دروستی کردووە، و هیچ ڕاستییەكی لەپشتەوە نییە؛ لەو حاڵەتەدا مرۆڤ چیتر ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ “سروشتی ڕەسەنی خۆی”، بۆ وێنەی تایبەت و جیاوازی خۆی، چونکە تەکنەلۆژیا بە تەواوی پێناسەی سروشت و ڕەسەنایەتیشی گۆڕیوە!
بەمجۆرە مرۆڤی کۆنترۆڵکراو لە “تاک”ەوە بۆ “دابەشبوو” گۆڕدراوە.
چیتر مرۆڤ ناسنامەیەکی جێگیری نییە، بەڵكە بریتییە لە کۆمەڵێک کۆد، داتا، کارتی بانکی، و ژمارەی دیجیتاڵی لەناو سیستمدا.. ئەو گۆڕانكارییانە، (ژیل دۆلۆز) بە مەرگێکی نائومێدانە وەسفی دەكات، یان بە گواستنەوە بۆ سەردەمی “پۆست-هیومانیزم” (پاش-مرۆڤگەرایی) ناوی دەبات؛ بەمجۆرە تەکنەلۆژیا مرۆڤ ناچار دەکات کە سنوورە ئەندامی و بایۆلۆژییەکانی خۆی تێپەڕێنێت! چیتر مرۆڤبوون لە جیاکردنەوەی خۆمان لە ئامێردا کورت نابێتەوە، بەڵكە لەوەدا چڕ دەبێتەوە کە چۆن دەتوانین وەک “ئامێری ئارەزوومەند” لەگەڵ تەکنەلۆژیادا تێکەڵ بین، بەبێ ئەوەی ببینە کۆیلەی دەسەڵاتی سیستمی سەرمایەداری؟! هەڵبەتە ئەمڕۆ جەوهەری جیاوازی مرۆڤبوون لەو خاڵەدا چڕبۆتەوە..
بەڵام ژیل دۆلۆز دەیەوێ بڵێ چیتر مرۆڤبوون چەمکێکی جێگیر و جەوهەری نییە، بەڵكە «پرۆسەیەکی بەردەوامی بوون و گۆڕانە»؛ چونكە لەناو فیکری تەکنەلۆژیدا، پێوەرە کۆنەکانی وەک تێگەیشتن، خەرمانە، “عەقڵی لۆژیکی” یان “توانای داهێنانی حیسابی” چیتر ناسنامەی مرۆڤ دیاری ناکەن (چونکە ئامێریش ئەوانەی لە ئاستێکی باڵاتردا هەیە)؛ لێرەدا، ئەوەی لە جەوهەردا مرۆڤبوون لای دۆلۆز دیاری دەكات، ئەوەیە كە مرۆڤبوون دەچێتە ناو کایەی «نا-میکانیکی بوون»ەوە؛ واتە کایەی «هەستپێکراوەکان»: هەڵەکردن، حەپەسان، سەرسامبوون، و ئازار چەشتن.. لێرەدا دۆلۆز جیاوازی لە نێوان “سۆز” (کە دەکرێت وەک داتا کۆد بکرێتەوە) و “هەستپێکراوەکان” كە نا-میکانیکی بوونی هەڵگرتووە، دەكات؛ پێیوایە هەستپێکراوەكان بریتین لە توانای جەستە بۆ کار تێکردن و کار لێکردن (تەڕبوون بە باران، ژان و ئازاری کتوپڕ، حەپەسان لەبەردەم نەزانراودا).. نا-میکانیکی بوونن و جیاوازە لەوەی کە دەکرێت سۆز وەک داتا کۆد بکرێتەوە!! واتە ئەگەرچی ئامێر مێشکی هەیە (پرۆسێسەر)، بەڵام جەستەی نییە! هەڵبەتە ڕاستیی مەعریفیی تێکستەکە لەوەدایە کە دەڵێت: ڕاستی لە ناو مێشکی حیسابکاردا نییە، بەڵكە لە ناو پێستی تەڕبوو و جەستەی ئازارچەشتوودایە!
نا-میکانیکی بوون تەنها لادانی لۆژیکی و دەروونی نین، تەنها کەمکوڕی نین، بەڵكە هێزی بەرگریی بوونناسیی مرۆڤن لە بەرامبەر گشتگیریی ئامێردا؛ ڕاستە ئامێر دەتوانێت بە وردترین کۆد وێنەی باران بکێشێت، بەڵام توانای ئەزموونکردنی “تەڕبوونی بارانەکە”ی نییە، چونکە ئامێر خاوەنی جەستەیەکی زیندوو نییە تاوەکو بەر لێشاوی بوون بکەوێت! مرۆڤبوون گەڕانی مرۆڤە بەدوای مانادا، بەڵام لە سەردەمی تەکنەلۆژیادا، ئەم گەڕانە گۆڕاوە بۆ «دوا خاڵی بەرگریی مۆدێرن»؛ جۆرێک لە خەباتی ڕۆحی بۆ پاراستنی “هەستپێکراوەکان” ئەو بەشە بچووك، تەمومژاوی و سێبەرەی ناوەوەی مرۆڤ کە هێشتا ئەلگۆریتمەکان نەیانخستۆتە ناو کۆدی سیفر و یەک.
بەمجۆرە مرۆڤ “جەوهەرێک”ی نەگۆڕ نییە کە کانت یان دیکارت پێناسەیان کردبێت (بۆ نموونە: مرۆڤ ئاژەڵێکی عاقڵە)؛ بەڵكە مرۆڤبوون هەمیشە لە ناو پرۆسەی گۆڕان و پێکهاتندایە! بەو مانایەش کاتێک تەکنەلۆژیا دەست بەسەر عەقڵدا دەگرێت، مرۆڤ ناچار دەبێت “ببێتە شتێکی تر، ئەو گۆڕانە بەرەو کایەی “نا-میکانیکی بوون”، ڕزگارکردنی مرۆڤە لەو پێناسە دۆگمایانەی کە ئامێر بە ئاسانی دەتوانێت کۆپییان بکاتەوە، دەكات…
تەکنەلۆژیا لەسەر بنەمای پێشبینیکردن و نەزم کار دەکات؛ بەڵام هەڵەی مرۆڤ، ئازا، حەپەسانی، و.. گەڕانە بێهودەکەی مرۆڤ بەدوای مانادا، تەواوی سیستەمە ئەلگۆریتمەیەکە تێکدەدات! نەك لەبەر ئەوەی مانا حەقیقەتێكی دۆزراوەیە، بەڵكە لەبەر ئەوەی مانا چیتر حەقیقەتێکی دۆزراوە نییە، بەڵكە مانا هێڵی هەڵاتن و دەربازبوونە.. مانا دوا سەنگەرە کە مرۆڤ بتوانێ لە داتایەکی ڕوون و شیاوی خوێندنەوە خۆی دەرباز بكات.
هەولێر 7/7/2026