زۆر جار لە دەرئەنجامی کار و ژیاندا، ڕووبەڕووی هەندێک مرۆڤ دەبینەوە کە بە جۆرێک مامەڵە دەکەن، ژیان و مرۆڤبوونت لە بەرچاو دەخەن. هەندێک جار ئاهێک هەڵدەکێشین و بە جۆرێک بڵێسەی ئاگر لە سینەدا هەڵدەگیرسێت؛ ئازارێکی وەها بە سینە و دڵت دەگەیەنن کە دەستت دەوەستێنن لە بەڕێوەبردنی کاروباری ژیانت. دڵت دەشکێنن، فرمێسکت لە چاوان دەهێننە خوارێ و شەکری سەر زوبانت تاڵ دەکەن، ئەوەش لە ڕێگەی مامەڵەکردنی توند و تاڵیان لەگەڵتدا.
بیر دە کەینەوە دەبێت بۆچی وا مامەڵەمان لەگەڵ بکەن؟ خۆ ئێمە کات، ژیان، خۆشەویستی، ڕێز، میهرەبانی، یارمەتی، دیاری، گوڵ، جوانی، وەفا و دڵخۆشیمان بەو کەسە بەخشیوە؛ ئەو بۆچی وا قورس و تاڵ هەڵسوکەوت دەکات؟ بەردەوام گلەیی و قسەی قورس و دڵشکێنت پێ دەڵێن. بەڵام دواجار تێدەگەیت ئەوەی شتێکی لە ناخدا نەبێت، ناتوانێت بیبەخشێت. دیارە ئەمانە لە بنەڕەتدا لە ناخیاندا ڕێز، خۆشەویستی، وەفا، جوانی و میهرەبانییان نییە، بۆیە ناتوانن بە تۆی ببەخشن، یاخود ناتوانن مرۆڤی جوان قبووڵ بکەن!
لەوانەیە پێت سەیر بێت، بەڵام هەندێک مرۆڤ هەن حەزیان لە کار و کردار و وتەی باش نییە؛ چونکە حەزیان بە تاریکییە نەک ڕووناکی. نایانەوێت بگۆڕێن و دەیانەوێت هەموو کەس وەک خۆیان بێت.
کەواتە هەرگیز دڵگران مەبە و ڕێگە مەدە خراپیی وشە و کرداری هەندێک مرۆڤ، لە ڕێگەی ڕاست و لەسەر ڕێگای ئارامی و سەرکەوتن و دڵخۆشی وەلات بنێن. ئاگاداربە، مرۆڤی ژیر نابێت زۆر لەژێر کاریگەریی قسەی تاڵی ئەم جۆرە کەسانەدا بمێنێتەوە. ژیان کورتە؛ ئەو دەستەی دڕک دەدات بە تۆ، تۆ لەسەر ڕێگای ئەو گوڵ بچێنە. ڕۆژێک دێت گوڵستانێک دەبێتە میوانی ژیانت، چونکە ژیان بەرهەمی ئەوەیە کە چاندوومانە.ا

