هونەرمەند (سەفوەت جەراح) ١٩٣٥-٢٠١٠
ئاری ئاغۆک
ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کات بەردەوامە لە بە جێهێشتنی ناوە گەورەکان بۆ دونیای ئەودیو و ژیانئاواییکردنیان لێمان، بەڵام هەرگیز ناو و کار و بەرهەم و ئەرشیف و یادگارییان لە یادگەمان ناسرێنەوە، بە تایبەت هونەرمەندێک کە ژیان و تەمەنی خۆی ببەخشێ بە شانۆ و نواندن و دراما و سینەما، بۆیە هەرچەندی کۆچیادی ساڵانەیان زێتر تێپەڕێت، ئەوا ئەرشیف و کار و بەرهەمی جوانیان هەر لە سەردەمی زێرین دەمێنێت و مێژوو بە شانازییەوە باسیان دەکات، گەرچی ١٦ ساڵ تێپەڕیوە بەسەر ژیانئاوایی بەڵام کە بەرهەمەکانی لە شاشەی تەلەفزیۆن دەبینین گەر کوالێتیشیان بەرز نەبێ، بەڵام هەر بە چاوی نوێ و تازە سەیر دەکرێت، و وەک ئەستێرەیەکی گەشی سینەما و شانۆی کوردی ناسراوە و نەوە دوای نەوە شانازی بە بەرهەمەکانی دەکات، ئەویش مەزنە هونەرمەند مامۆستا (سەفوەت جەڕاح)ە، کە لەڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ لە ڕێکەوتی ١٩ ی تەمموزی ساڵی ٢٠١٠ ژیانئاوایی کرد، بەڵام سەرجەم بەرهەمەکانی لە یادگەی نەوەی ئەوسا و ئێستا هەر بەزیندوویی ماوەتەوە، بۆ یە لێرەدا وەک یاد و وەفای لە بیرنەکراو گەشتێک بە نێو وێستگەی ژیان و کار و بەرهەمەکانی دەکەن.
*دیدار و سەردانێکی لە بیر نەکراو:
بەمەبەستی ئەنجامدانی دیمانەیەکی فراوان لە سەر ژیان و بەرهەمی
ئەکتەر و دەرهێنەر مامۆستا سەفوەت جەراح، ڕۆژی پێنج شەممە لە ڕێکەوتی ١٨-١٢-٢٠٠٣ کاتژمێر ٣ عەسر لەگەڵ ڕۆژنامەنووس زیاد نادر عاڵڵایی لەشاری هەولێر لە گەڕەکی برایەتی سەردانی ماڵی ئەو هونەرمەندە مەزنەمان کرد بۆ زانیاری وەرگرتن و پرسیار لە سەر وێستگەی ژیان و کاری هونەری بۆ ( لاپەڕەی ئێستێک) لە گۆڤاری نواڵەی نوێ، من وەک سەرنووسەری گۆڤار و کاک زیادیش وەک خاوەن گۆشەی ئێستێک کە هەر جارە و کەسایەتیەکی ئەزمونداری بەسەردەکردەوە، لەگەڵی ئاخافتین، لەگەڵ ئەوەی بەهۆی نەخۆشی توانای ڕۆیشتن و قسەکردن و تەندروستی باش نەبوو، بەڵام دڵی نەشکاندین و گوتی لەبەر ئەوەی ئێوە گەنجن و حەزتان لە کاری ڕۆژنامەوانی مێژووییە، ئەوا بە گوێرەی توانا وەڵامی پرسیارەکانتان دەدەمەوە، ئەوەندی ئەو خۆشحاڵبوو بەو دیدار و سەردانە، ئەوا ئێمە دوو هێندە دڵخۆشتربووین چونکە ڕۆژگارێک ئێمە نەوجەوان بووین و هونەرمەند (سەفوەت جەڕاح ) مان بە ووزەو هێزی هونەری باڵا لە شاشە دەبینی، کەچی ئێستا وا لە نزیکیەوەین و ڕووبەڕوو لەگەڵی دانیشتوین، لێ داخیگران وەک جاران ئەو ڕوخسارە هونەرییە نابینین!!!. بەڵام ئومێدی گەورەو گەشبینی لە چاوەکانی دەخوێنینەوە، هەروەها گەرم و گوڕی ماڵبات و خێزانەکەی ئێمەی دڵخۆش کرد، بۆیە ئەو سەردانەمان بۆ ماڵی سەفوەت جەراح بووە یادگاریەکی لەبیرنەکراو لە مێژووی ڕۆژنامەوانیم دا هەمیشە شانازی پێ دەکەم و بەئەمەکداری دەیخوێنینەوە.
لێرەدا وەک یاد و وەفایەکی لە بیرنەکراو بەشێک لە وێستگەی تەمەنی ئەم هونەرمەندە مەزنە دەخەینەڕوو کە لە ژمارە ٦ کانوونی دووەمی ٢٠٠٦ لە لاپەڕە ٢٣ ی گۆڤاری نواڵەی نوێ بڵاومان کردەوە، دواتر چەند دانەیەک لە(گۆڤاری نواڵەی نوێ) مان بە دیاری بۆ مامۆستا (سەفوەت) بردە ماڵەوە، زۆر دڵخۆش و بەم ئێستێکە رۆژنامەوانییە کە بە ئەمانەتەوە بڵاومان کردبۆوە. دواتر لیستی کارە هونەرییەکانی پێشکەش کردین گوتی با وەک ئەرشیف و سەرچاوە لەلاتان بێت. لێرەدا وەک سەرچاوە و ئەرشیف ئاماژەی پێ دەکەین.
*ژیاننامە و وێستگەی هونەری:
ئەم هونەرمەندە ناوی تەواوی ( سەفوەت عەلی مەحمود جەراح) ە، لە هۆزی نانەکەلی یە، نازناوی هونەریشی لەوەوە هاتوە، کاتی خۆی ئەم بنەماڵەیە لە دێرینەوە ( جەراح ) بوونە وپێیان گوتون ( ال جراح ).
لەساڵی ١٩٣٥ لە شاری کۆیە لە خانەوادەیەکی ڕۆشنبیر و خوێندەوار لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی لە شاری هەولێر لە قوتابخانەی ( ثالثة ) لەگەڕەکی خانەقا تەواو کردوە، قۆناغی ناوەندیشی لە ناوەندی ( اربیل ) بەسەرکەوتوویی تەواو کردوە.
لە قۆناغی ناوەندی مامۆستا جەواد رەسول ناجی کە مامۆستای هونەر دەبێت، شانۆگەری ( ئۆتێلۆ) ئامادە دەکات و چەند قوتابییەک تێیدا بەشداری دەکەن، یەکێک لەو قوتابییانە سەفوەت جەراح دەبێت، ڕۆڵی ( دێزدەمونە) دەبینێ، کە لەم نمایشەدا ڕۆڵێکی ئافرەت بووە، لەبەر ئەوەی ئەوکات ئافرەت لە هونەردا نەیتوانیوە بەشداری بکات، ئەوا سەفوەت جەراح ئەم ڕۆڵەی بینیوەو بۆ ماوەی هەفتەیەک بەسەرکەوتویی پێشکەش کراوە. ئەم نمایشە دەبێتە هاندەر و پاڵنەر کە ( سەفوەت) ی قوتابی چنگ لە تەختەی شانۆ گیر بکات بەعیشقەوە کارەکانی داهاتووی ئەنجام بدات. بۆیە ئەم قۆناغ و ئەم چالاکیە دەبێتە دەسپێکی خۆ ناساندنی ئەم قوتابیە پڕ لە ووزە هونەرییە.
لە هەمانکات دا خوێندنەوەی بەردەوامی پەرتوک و ڕۆژنامەکان زیاتر بیری واڵا دەکەن و بەدیدێکی تر لە ژیان دەڕوانێ و خەونی گەورەتری دێتە هزر، هەر لەو قۆناغەش بەهرەی نووسینی تێدا دەردەکەوێ و چەند بەرهەمێک دەنووسێ و لە ڕۆژنامەی ( اخلاص ) کە لە هەولێر دەردەچوو بڵاویان دەکاتەوە، بە هۆی چالاکیەکانی بۆ ماوەی ١٨ مانگ دەبێتە بەرپرسی لاپەڕەی هونەری ئەم ڕۆژنامەیە.
کاتێک قۆناغی سێی ناوەندی تەواو دەکات، (عەلی جەراح)ی باوکی زۆر حەزدەکات (سەفوەت) ی کوڕی لەبواری پزیشکی بخوێنێ و ببێتە پزیشک، بەڵام حەزی باوک و کوڕ زۆر لەیەکتر دوور دەبن، ئەوەبوو لە ساڵی ١٩٥٦ بۆ درێژەدان بە خوێندن دەچێتە بەغدا و لە پەیمانگەی هونەرەجوانەکان بەشی شانۆ وەک یەکەمین قوتابی کوردی شاری هەولێر وەردەگیرێ.
بە تێپەڕبوونی زەمەن لەم پەیمانگایە بەهرە و توانا هونەرییەکانی باڵاتر دەبن، دەبێتە جێگەی ئومێدی گەورە، لەو سەردەمیش وا باو بووە هەر مامۆستایە و تیپێکی شانۆیی لەدەرەوەی پەیمانگا هەبووە، کە تیپی میللی بوون و بەرهەمەکانیان بۆ خەڵکی نمایش دەکرد، ( سەفوەت جەراح ) یش بۆ ئەوەی خۆی پێ بگەیەنێ لەگەڵ تیپی ( الشوعلە ) کە مامۆستا ئیبراهیم خەتیب سەرپەرشتی کردوە، هەروەها لە تیپی ( مسرح الفن الحدیث ) کە مامۆستا ( یوسف العانی ) بەڕێوەی دەبرد، لەو ماوەیەی کە لەگەڵ ئەم تیپ و مامۆستا هونەرمەندانە بووە، ئەوا بەرهەمی چاکی پێشکەشکردوە و توانی خۆی پێبگەیەنێ و بەهرە لە مامۆستاکانی فێرببێ.
لەساڵی ١٩٥٩ پەیمانگا بە پلەی نایاب تەواو دەکات و دەگەڕێتەوە بۆ هەولێر. دەبێتە مامۆستا لە شەقڵاوە لەقوتابخانەی رزگاری وانەی نیگار و سروود دەڵێتەوە، دوای ساڵ و نیوێک دەگەڕێتەوە هەولێر و لە ( دار المعلمین) دەبێتە مامۆستا شانۆ، لەوێ لەگەڵ قوتابیەکان دا چەند بەرهەم و چالاکییەکی هونەری ئەنجام دەدەن. لەوانە شانۆگەری ( کلام الناس، القدر، ماعونە شتا، المرسم) ئەم
کارانە بووە ئەزمونێکی باش بۆ خۆیی و قوتابییەکانی.
*سەفوەت جەراح لە سەردەمی زێرین دا:
لە کۆتایی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، مامۆستا سەفوەت جەراح لەگەڵ چەند هونەرمەندێک هەوڵ دەدەن بزاوتی هونەر بەگشتی و شانۆ بەتایبەتی پەرە پێ بدەن، لەوانە ( سەباح عەبدولرەحمان، سەعدون یونس، چەتۆ حەسەن، هاشم زەینەل ) و گەلێکی دیکە، توانیان چەندین بەرهەمی هەستیار و وڕوژێنەر لەگەڵ هەست و هەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتیمانی و شۆرشگێری جەماوەر بگونجێ و لەدەروونەوە بیانهەژێنێ پێشکەش بکەن.
*سەفەر بۆ دەرەوەی ووڵات:
مامۆستا سەفوەت لەگەڵ تیپە عیراقییەکان بۆ پێشکەشکردنی شانۆگەری بۆ زۆر ووڵات و پایتەخت سەفەری کردووە لە وانە: مەغریب، تونس، دیمەشق، جەزائیر، قاهیرە، لەوێ لەگەڵ چەندین هورنەمەندی عەرەب دۆستایەتی پەیدا کردوە.
لەساڵی ١٩٨٨ وەک بەڕێوەبەری تیپی هونەرە میللییەکانی هەولێر بۆ نمایشکردنی هەڵپەرکێ و شایی کوردەواری بەرەو یەکێتی سۆڤیەتی ئەوسا گەشتیان کردوە، جێ ئاماژە پێکردنە مامۆستا سەفوەت دامەزرێنەر و بەرێوەبەری شانۆ و سینەما بوو.
*بەرهەمە شانۆییە کوردییەکانی وەک دەرهێنەر
١٩٨٥ شانۆگەری (سورمێ خان)
١٩٨٦ شانۆگەری (کانی مەلەک ڕێزان)
١٩٨٧ شانۆگەری (خاتوو کڵاوزەر)
١٩٨٨ شانۆگەری (پرسەی سیراجەددین)
١٩٨٩ شانۆگەری (ڕاوچی)
١٩٨٩ شانۆگەری (کونەبا)
دەرهێنانی ٥ شانۆگەری بۆ منداڵان.
بەرهەمە شانۆییە عەرەبییەکانی وەک دەرهێنەر:
١٩٥٨ شانۆگەری (نموت ولانسلم)
١٩٥٨ شانۆگەری (کاثلین ابنة ھولیهان)
١٩٥٩ شانۆگەری (المرسم)
١٩٥٩ شانۆگەری (معونة الشتاء)
١٩٦٠ شانۆگەری (تجربة فقط)
١٩٦١ شانۆگەری (الذی یزرع یحصد)
١٩٦١ شانۆگەری (الدرس) بۆ منداڵان
١٩٦١ شانۆگەری (انە سیعیش)
١٩٦٢ شانۆگەری (القدر)
١٩٦٣ شانۆگەری (کلام الناس)
١٩٧١ شانۆگەری (ثورة الطیور) بۆ منداڵان
*بەشداریکردنی وەک ئەکتەر لە شانۆگەرییە کوردیەکان:
١٩٥٣–١٩٥٤ یەکەم کاری ھونەری شانۆگەری (ئۆتێللۆ) جەواد ڕەسوڵ ناجی
١٩٧٥ شانۆگەری (شیرین و فەرھاد) دەرھێنانی قاسم محەممەد
١٩٨٧ شانۆگەری (خاتووکڵاوزەر) دەرھێنانی سەفوەت جەراح
١٩٨٩ شانۆگەری (راوچی) دەرھێنانی سەفوەت جەراح
١٩٨٩ شانۆگەری (کونەبا) دەرھێنانی سەفوەت جەراح
*بەشداریکردنی وەک ئەکتەر لە شانۆی عەرەبی:
شانۆگەری (افول القمر) دەرھێنانی أبراھیم الخطیب لە پەیمانگای ھونەرەجوانەکان بەغداد، ١٩٥٩.
١٩٦٨ شانۆگەری (وحیدة) دەرھێنانی فخری الزبیدی
١٩٦٨ شانۆگەری (شهرزاد) دەرھێنانی حقی الشبلی
١٩٦٩ شانۆگەری (سر شهرزاد) دەرھێنانی بھنام میخائیل
١٩٦٩ شانۆگەری (تمثال الحریة) دەرھێنانی وجیە عبد الغنی
١٩٦٩ شانۆگەری (قلم والبندقیة) دەرھێنانی وجیە عبد الغنی
١٩٧٠ شانۆگەری (صوت النخیل) دەرھێنانی وجیە عبد الغنی
١٩٧١ شانۆگەری (نشید الارض) دەرھێنانی محسن العزاوی
١٩٧١ شانۆگەری (المسامیر) دەرھێنانی وجیە عبد الغنی
١٩٧٢ شانۆگەری (الحصار) دەرھێنانی أبراھیم جلال
١٩٧٢ شانۆگەری (الافق) دەرھێنانی سعدون العبیدی
١٩٧٣ شانۆگەری (نکسة حزیران) دەرھێنانی جاسم عبودی
١٩٧٤ شانۆگەری (دون جوان) دەرھێنانی سلیم الجزائری
١٩٧٤ شانۆگەری (الشهداء ینهضون) دەرھێنانی سلیم الجزائری
١٩٧٥ شانۆگەری (الطوفان) دەرھێنانی بدری حسون فرید
*بەشداریکردنی وەک ئەکتەر لە زنجیرە و فیلمی تەلەڤزیۆنی و سینەمای کوردی:
١٩٨٧ زنجیرەی تەلەڤزیۆنی (ئاسکە) دەرھێنانی سەعدون یونس
زنجیرەی تەلەڤزیۆنی (خۆشەویستی لە رۆژانی سەخت) دەرھێنانی عادل عەبدوڵڵا، ١٩٨٨.
١٩٨٩ زنجیرەی سیانی (مۆرانە) دەرھێنانی عادل عەبدولا
١٩٨٩ زنجیرەی (مەڕانە) دەرھێنانی سەعدون یونس
زنجیرەی سیانی تەلەڤزیۆنی (خاتوو کڵاوزەر) دەرھێنانی زوھێر عبدالمسیح، ١٩٨٩.
١٩٨٩ زنجیرەی تەلەفیزیۆنی (نامە) دەرھێنانی وەلید خالید
*بەشداریکردنی وەک ئەکتەر لە فیلمی سینەمایی عەرەبی:
١٩٧٥ فلیمی سینەمایی (بیوت فی ذللک الزقاق) دەرھێنانی قاسم حول
١٩٧٥ فلیمی سینەمایی (البدایة) دەرھێنانی عباس الشللاە
١٩٧٦ فلیمی سینەمایی (النهایة) دەرھێنانی عباس الشللاە
١٩٧٧ فلیمی سینەمایی (التدرن الرئوی) دەرھێنانی صبیح عبد الکریم
١٩٧٨ فلیمی سینەمایی (الأسوار) دەرھێنانی محمد شکری جمیل
١٩٨٠ فلیمی سینەمایی (اللعبة) دەرھێنانی محمد شکری جمیل
١٩٨١ فلیمی سینەمایی (الفارس والجبل) دەرھێنانی محمد شکری جمیل
١٩٨٢ فیلمی سینەمایی (القادسیة) دەرھێنانی صلاح ابو سیف/ رەگەز مسری١٩٨٣ فلیمی سینەمایی (المسألة الکبری) دەرھێنانی محمد شکری جمیل
*بەشداریکردنی وەک ئەکتەر لە زنجیرەی تەلەڤزیۆنی عەرەبی:
١٩٦٤ زنجیرەی (خباب ابن الارث) دەرھێنانی وجیە عبد الغنی
١٩٧٢ زنجیرەی (جرف الملح) دەرھێنانی محمد یوسف الجنابی
١٩٧٤ زنجیرەی (فارس بن حمدان) دەرھێنانی عمانوئیل رسام
١٩٧٥ زنجیرەی (الوصیة) دەرھێنانی خلیل شوقی
١٩٧٦ زنجیرەی (فتاە فی العشرین) دەرھێنانی عمانوئیل رسام
زنجیرەی (حکایة الأیام العصیبة) بەشی یەک و دوو، دەرھێنانی أبراھیم عبد الجلیل، ١٩٨٧.
١٩٧٩ زنجیرەی (حلب حبیبتی) دەرھێنانی حسن حسنی
١٩٨٠ زنجیرەی (عاطفة الخوف) دەرھێنانی عادل الخزاعی
لە ڕێکەوتی ١٣-٧-٢٠١٠ بە هۆی نەخۆشی لە شاری هەولێر ژیانئاوایی کرد.

