فازڵ میرانی
لە ڕووداوە گشتییەکاندا دروست نییە گێڕانەوەی کەسی بەسەر هەموواندا بسەپێنرێت؛ ئەو گێڕانەوەیەی؛ کە بابەتەکان کورت دەکاتەوە، یان درێژدادڕییان تێدا دەکات و ڕەنگدانەوەی دافیعی سوودمەندانە دەکاتە وەڵامێکی قایلکەر بۆ پاساودانی ئەوەی ڕوویداوە.
ئەوەی لە ١٤ی تەممووزی ١٩٥٨دا ڕوویدا، جووڵانەوەیەکی سەربازیی ناوخۆیی بوو کە کۆتایی بە ٣٧ ساڵ حوکمڕانیی مەلەکی هێنا، تاوەکو عێراق بە بڕیارێکی سیاسی-سەربازی ببێتە کۆمار. ئەوسا تەمەنم دە ساڵ بوو کاتێک عەبدولکەریم قاسم و گرووپەکەی کۆتاییان بە حوکمی فەیسەڵی دووەم هێنا، چەند ساڵێک دوای ئەوەش بوومە پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی کوردستان و تا ئەمڕۆش بەردەوامم.
شڵەژانی دەسەڵات لە عێراقدا دەرئەنجامی بەردەوامی ئەو ساڵەیە کە تێیدا کۆتایی بە مەلەکیەت هێندرا؛ بەو پێیەی ئەنجوومەنی نوێنەران لە هەمان ڕۆژی کۆتاییهاتنی ڕژێمی فەیسەڵدا هەڵوەشێنرایەوە، پاشان لە ساڵی ١٩٨٠دا لەژێر ناوی “ئەنجوومەنی نیشتمانی”دا گەڕایەوە، بەڵام تەنیا وەک پاشکۆیەکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش.
ئەگەرچی ڕژێم ساڵی ١٩٥٨ ماددەیەکی تایبەت بە هاوبەشیی کورد جێگیر کرد، بەڵام نووسینی دەستوور شتێکە و جێبەجێکردنی شتێکی ترە، چونکە هیچ دەستکەوتێک بە فەرمی بەهایەکی نامێنێت ئەگەر پەکبخرێت. ئەوانەی گەیشتنە سەر دەسەڵات دەیانگوت دەیانەوێت کۆتایی بەپاشکۆیەتیی عێراق بۆ دەرەوە بهێنن، تا ڕادەیەکیش شتی وا ڕوویدا، بەڵام ئەم بڕیارە کاردانەوەی ئەو هێزانەی لێکەوتەوە کە سەرپەرشتی گۆڕینی عێراقیان دەکرد لە پاشکۆیەتیی عوسمانییەوە بۆ دەوڵەتێک کە دەبوو دوای قۆناغی ئینتیداب (ژێر دەسەڵاتی بەریتانیا) سەربەخۆ بێت.
دوو هێزی دیار لە ناوخۆدا بە چڕی کۆنترۆڵی گۆڕانکارییەکانی عێراقیان کرد لە دوای نەمانی ڕژێمی پادشایەتییەوە:
– سوپا
– حزبایەتی
پاشان ئەم دووانە تووشی ململانێ بوون، تا ئەو کاتەی سیستمی تاکحزبی زاڵ بوو بەسەر سوپادا، بە جۆرێک سوپا ئیتر توانای کودەتای نەمابوو، ئەوەش لە کۆتایی تەممووزی ١٩٦٨دا ڕوویدا. قوتدانی دامەزراوەی سەربازی لەلایەن سیستمی تاکحزبییەوە لە ترسی دووبارەبوونهوهی مهیلی کودەتاکردن، دامەزراوەیەکی لاوازی هێنایە ئاراوە کە تەنیا بۆ ئەنجامدانی ئەو جەنگانە دەست دەدا کە دەکرا لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا لێیان بەدوور بین.
ئەرکی فەیسەڵی یەکەم ئاسان نەبوو، نە بۆ خۆی و نە بۆ حکوومەتی بەریتانیا کە سەرپەرشتی پڕۆژە گەورە گۆڕانکارییەکەیان دەکرد لە ناوچەیەکی تەواو ئاڵۆزدا بە هەموو بەشەکانیەوە. بەڵام فەیسەڵ لە کۆتاییدا بە حیکمەتی خۆی توانی کارگەلێک بکات کە نەیارانی پادشایەتی لە ئاستیدا دەستەوەستان بوون. لێرەشدا دەبێت بڵێین واقیعبینی و بێلایەنی وادەکات تەرازووی دەستکەوتەکانی فەیسەڵ قورستر بن و تەرازووی ئەوانی تر، چ بە جیاواز یان پێکەوە، سووکتر بێت.
پەکخستنی کاری پەرلەمانی و پاشان گەڕاندنەوەی بە شێوازێک کە ببێته پاشکۆی دامەزراوەیەکی حزبی و سیاسیی دەسەڵاتدار، ئەو پرسەیە کە لێکدانەوە بۆ ئەم گێژاوە بەردەوامە دەکات کە تا ئەمڕۆش لە تێگەیشتن لە کاری یاساداناندا هەیە.
کاری حزبی بەناو گۆڕانکارییەکدا تێپەڕی کە هۆشی مرۆ بە زەحمەت بڕوای پێدەکات؛ ئەو حزبانەی کە سەرەتا و بێشکەی کاری سیاسیی پێشوەختە بوون لەناوچوون، هێزی ئەو حزبانەش کز بوو کە ڕۆژێک لە ڕۆژان گەورەترین هێزی سەر شەقام بوون. دواتر گۆڕانکارییەک هاتە ئاراوە کە هەمووانی پەراوێز خست، ئەمەش تاقیکردنەوەیەکی زۆر سەخت و دژوار بوو کە تەنیا کەمینەیەک لە بزووتنەوەکان تێیدا خۆڕاگر بوون. تەنانەت لە ناو ئەو کەمینە خۆڕاگرەشدا، تەنیا کەمێک لە کەمی کەمینەکە توانییان خۆیان و جەماوەرەکەیان تاقی بکەنەوە و سەرکەوتوو بن، هێشتا کەمتر لەوانەش بوون کە دوای چوونە ناو دەسەڵات و تاقیکردنەوەیان لەلایەن جەماوەرەوە، لەسەر جەوهەری ڕاستەقینەی خۆیان مانەوە.
٦٨ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ئەو کاتەی کە هێزەکانی دوو لیوای ناو سوپای عێراق هەڵیانکوتایە سەر کۆشکی ڕیحاب و کۆتاییان بە ژیانی فەیسەڵی دووەم و عەبدولئیلاه هێنا و پاشانیش نووری سەعید کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا لە ماوەی ئەو ٦٨ ساڵەدا لە تەممووزی ئەوساوە تا تەممووزی ئێستا، ٣٥ ساڵی یەکەمی لەلایەن ئەفسەرانی دەرچووی قوتابخانەی سەربازیی عێراقەوە بەڕێوەبرا کە بریتی بوون لە عەبدولکەریم قاسم، هەردوو برا عارف (عەبدولسەلام و عەبدولڕەحمان) و ئەحمەد حەسەن بەکر، کە هەموویان بە مانای سەربازی و سیاسی کودەتاچی بوون. لە کاتێکدا لە دوای ٣٥ ساڵی یەکەمەوە تا ساڵی ٢٠٠٣، وڵات شایەتی کۆنترۆڵکردن بوو لە “ناوچەگەرێتی و خێڵەکایەتی”یەوە کە دووانەی سوپا و حزبیان پێکەوە کۆکردەوە، بۆ ئەوەی دواتر تەنیا یەک کەس بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ بە تەنیا دەسەڵات بگرێتە دەست.
ناتوانرێت بە دڵنیاییەوە بڕیار بدرێت کە کێشەکە لە کام لایەدایە: ئایا حوکمڕانیکردنی عێراق خۆی کارێکی دژوارە؟ یان ئەوانەی دەیانەوێت فەرمانڕەوایی بکەن، درک بە گرنگی و پێگەی پۆستەکەیان ناکەن؟
پڕتاقیکردنەوەترین حزب، حزبی ئێمەیە؛ چونکە هیچ حزبێک نەیدەتوانی ئاگری شۆڕشێکی جەماوەری بەو شێوازە هەڵبگیرسێنێت ئەگەر ئەو قەبارە و قورساییەی فشارەکان نەبوایە کە خرابووە سەر نەتەوەیەک کە خۆی و خاکەکەی بە دەوڵەتێکی تازە دامەزراوەوە لکێنرابوون، کە ئەویش نەتەوەی کوردە.
ئەیلوولی ١٩٦١ لە ڕۆژگارەکەی عەبدولکەریم قاسمدا، گوڵان لە سەردەمی حوکمڕانیی دووەمی بەعسدا، و ڕاپەڕینی دوای داگیرکردنی کوێت؛ پێش ئەمانە و دوای ئەمانە و بەتایبەت پێشتریان، بارزانی و باو و باپیرانی و هاوڕێکانی و هاوسەنگەرانی براکانی لە خەباتێکی دێریندا چالاک بوون لە دژی حوکمڕانییەک کە هەر کاتێک دەگۆڕا، نەزانی و نەشارەزایی لە ناسینی مافەکاندا زیاتر دەکرد، تا گەیشتە ئەو ڕادەیەی مافەکان بەدەست نەیەن مەگەر بە ململانێ و خەبات نەبێت.
بەڵام پرسەکە ڕوونە؛ مەرج نییە هەمیشە خاوەن پێگەیەک مەرج و شایستەییەکانی پێگەکەی تێدا بێت. سەرۆکێک ڕەنگە لە ڕووی یاساییەوە مەرجەکانی پۆستەکەی تێدا بێت، بەڵام کارێک دەکات کە وەک ئەوە بێت زیاتر لە جارێک ئێمەی کوشتبێت. وەزیرێکیش ڕەنگە هاوشێوەی سەرۆک بێت، بەڵام سەرەڕای بوونی مەرجەکان، شایستەی پۆستەکەی نەبێت ئەگەر شتێکی لەسەر بسەلمێت کە متمانەی پێ بماڵێتەوە؛ هەروەها پەرلەمانتار و سەربازیش بە هەمان شێوە.
ڕەنگە پڕۆژەی دەوڵەتی عێراق ڕووبەڕووی هەوڵی ڕێگری و کۆتوبەندی دەرەکی بووبێتەوە، بەڵام ئەمە نابێتە پاساو بۆ تاوانەکانی ناوخۆ، کە تاوانبارانی سەرەکی تێیدا ئەو کەسانەن کە بۆ گەیشتن بە دەسەڵاتی عێراق جەنگان و دەستیان سوور بوو بە ڕشتنی خوێن، دژایەتیکردنی مافەکان و بەهەدەردانی سەروەت و سامان.
بەڵێ، جۆرێک لە هاوسۆزیی مرۆیی هەیە بۆ ئەو ناوانەی کە دەستیان بە دزی و تاڵانکاری پیس نەبووە، بەڵام پاکدەستی نابێتە پێوەری شانازی، چونکە پاکی و ڕاستگۆیی لە بنەما سەرەتاییەکانی ڕەفتاری هەر تاکێکە، تەنانەت بەبێ هەبوونی پۆستیش شۆڕشە ڕاستەقینەکان ئەوانەن کە گۆڕانکاریی ئەرێنی لە کۆمەڵگەدا دروست دەکەن، سیستمی ئەخلاقی و ڕەفتاری تاک و کۆمەڵ دادەمەزرێنن و دەیپارێزن؛ ئەم شتانەش بە ڕێکەوت بەدی نایەن، نە بە پڕوپاگەندەی گشتاندن کە یاری بە سۆزی جەماوەر دەکات بۆ ڕاکێشانی پشتگیری و هاندانیان بۆ بەشداریکردن لە پڕۆژەکانی کۆکردنەوەی جەماوەری و دەستەمۆکردندا.
ئەوەی لە تەممووزدا ڕوویدا لە گۆڕینی سیستمێک بۆ سیستمێکی تر، ئەو ڕووداوانەی هاوشانی ئەم گۆڕانکارییە بوون، و لێکەوتەکانی دواتری وەک بەریەککەوتنی گێڕانەوەکان لەنێوان جەماوەری حزبیی سیاسی و ئەوانەی تریش کە بە چیرۆکەکان کاریگەر بووبوون، هەموو ئەمانە سوودبەخشن بۆ تێگۆڕین لە ئاستی هۆشیاری؛ حوکمدانیش بەسەر ئەم قۆناغەدا تەنیا لە ڕێگەی بەدواداچوون بۆ دەستکەوتەکان و بە هەمان شێوە زیانەکان و بڕیارەکان دەبێت.
پێداچوونەوە بە بەڵگەنامە مێژووییەکانی تایبەت بە گۆڕانکارییەکانی عێراق لە ماوەی ئەم ٦٨ ساڵەی ڕابردوودا (لە تەممووزی ١٩٥٨ەوە تا تەممووزی ئێستا)، میراتێکی گەورە لە جێبەجێکاری، پڕۆژە، بڕیار، پەکخستنی بڕیار و دامەزراوەکان، ڕووبارێک لە خوێن و قوربانی ئاشکرا دەکات؛ لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی دەوڵەتدا کە زۆربەی سەرکردەکانی زیانیان پێگەیاند، هەڤاڵان تێیدا لە دژی هاوسەنگەرانی خۆیان وەستانەوە، و هەزاران کەسیش ناچار بوون لەگەڵ هەر گۆڕانکارییەکدا بیروباوەڕ و دڵسۆزییەکانی خۆیان بگۆڕن.
ئەم شڵەژان و کەڵەکەبوونە و ڕووبەڕوونەبوونەوەی ڕاستگۆیانەی مرۆڤ لەگەڵ خودی خۆیدا، ئەو هۆکارە سەرەکییانەن کە ماوەی ٢٣ ساڵە (لە دوای ٢٠٠٣ەوە) ئەو دۆخە بەرهەم دەهێننەوە کە عێراقییەکان ئەمڕۆ تێیدا دەژین.
ئەمەش ڕایەکی کەسییە کە پاڵپشتە بە شایەتیی مەیدانیی خۆم و خوێندنەوەی ئەو کتێبە ئەکادیمیانەی کە لەسەر بنەمای بەڵگەنامەی بێلایەن و دوور لە هەر بڕیارێکی پێشوەختە نووسراون.

