رۆژنامەی ھەولێر

ئافرەتان لەنێوان پشتیوانی حیزبی و ئەزموونی کارگێڕیی ڕاستەقینەدا

میدیا صلاح عوسمان
وەرچەرخانی پێگەی ئافرەتان و کایەی کارگێڕی سەردەمی ئێستا شاهیدی وەرچەرخانێکی بەرچاوە لە پێگەی ئافرەتانی هەرێمی کوردستاندا. زۆرن ئەو ئافرەتە تێکۆشەرانەی، کە بە هێزی ئیرادە و کۆڵنەدان، واقیعی ژیانی خۆیان گۆڕیوە؛ ئەوان لە ڕێگەی بەدەستهێنانی بەرزترین ئاستی خوێندن و پەیداکردنی ئەزموونی دەوڵەمەند، هاتوونەتە پێشەوە و لەناو دامەزراوە کارگێڕییەکاندا درەوشاوتەوە. کاتێک کارێکیان پێدەسپێردرێت، بە جوانترین و ڕێکوپێکتریین شێوە بەڕێوەی دەبەن و دەبنە جێگەی شانازی.
​جێگای دەستخۆشییە کە لەم ساڵانەی دواییدا لە هەرێمی کوردستاندا، گرنگی بە پێدانی پۆستی ئیداری و سەرکردایەتی بە ئافرەتان دەدرێت، وەک ڕێزگرتنێک لە بەها و تواناکانیان لە کۆمەڵگەدا. کاتێک فەرمانی دەستبەکاربوونی ئافرەتێکی لێهاتوو بڵاودەبێتەوە کە خاوەن کەسایەتییەکی بەهێز و ڕابردوویەکی پاکی پیشەیییە، ئومێدێک بە چاکسازی دەبەخشێت.
​بەڵام لە پشت ئەم وێنە گەشەوە، ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر و پرسیارێکی جدی یەخەی کایەی کارگێڕی دەگرێت: ئایا هەموو ئەو ئافرەتانەی هاتوونەتە سەر کورسیی پۆستەکان، بەهۆی لێهاتویی خۆیانەوە بووە یاخود پشتگیریی دەسەڵاتی حیزبی؟
​دیاردەی واستەکاری لە دانانی پۆستەکاندا: واقیعی فەرمانگەکان پێمان دەڵێت کە هێشتا دەستێوەردانی حیزبی سێبەری قورسی بەسەر دانانی کەسەکانەوە هەیە. لە زۆر شوێندا دەبینرێت ئافرەتێک تەنها بەهۆی پشتگیریی سیاسییەوە پۆستێکی باڵا وەردەگرێت، لە کاتێکدا ئەو توانا، شارەزایی و ئەزموونە پێویستەی نییە.
​لە زۆر بارودۆخدا فەرمانبەرێکی ئاسایی، یان بەرپرسی هۆبەیەک کە بێپشتگیرییە، شارەزایی زۆر زیاترە لەو بەڕێوەبەرەی کە بەسەریدا دانراوە. لێرەوە، سیستمی واستەکاری دەبێتە ڕێگر لەبەردەم ئافرەتە خاوەن ئەزموونە ڕاستەقینەکان کە گەر پشتیوانی حیزبیان نەبێت، نابنە هیچ.
​ بارگرانی کێشە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکان
​کاتێک باس لە توانای ئافرەتان دەکرێت، ناتوانرێت چاو لەو ڕاستییە تاڵە دابخرێت کە بارودۆخی ژیانی هەموو ئافرەتێک وەک یەک نییە. کاتێک بەیانیان لە ماڵەکانیان دێنە دەرەوە، چەندین کێشە و بەرپرسیارێتی قورسی کۆمەڵایەتی لەسەر شانیانە؛ لە پەروەردەکردنی منداڵەوە تا بەڕێوەبردنی تەواوی کاروباری ناوماڵ. لێرەدا جیاوازییەکی گەورە لە نێوان دوو جۆر ئافرەتدا هەیە:
​ئافرەتی جەنگاوەر: ئافرەتێک هەیە کە ناچارە بەسەر تەواوی نەهامەتییەکانی ژیاندا باز بدات و بچێتە سەر کارەکەی، چونکە بژێوی ژیانی خۆی و خێزانەکەی لەسەر ئەو خزمەتەیە. ئەم جۆرە ئافرەتە بەسەر ماندووبوونی دەروونی و جەستەیی خۆیدا زاڵ دەبێت تەنها بۆ ئەوەی بە دڵسۆزی ئەرکەکەی ڕاپەڕێنێت.
​ لە بەرامبەردا، ئافرەتێکی تر هەیە کە لە ڕووی دارایی و گوزەرانەوە هیچ کێشەیەکی نییە، بگرە لە پڕۆسەی کارکردنیشدا ماندوو نابێت، بەڵام بەهۆی حیزب و واستەکارییەوە هەمیشە لە پێشترە و ڕێگاکانی بۆ تەخت کراوە.
​ئەم جیاکارییە نادادپەروەریە دەبێتە هۆی داڕمانی دەروونی قورس بۆ ئەو ئافرەتە دڵسۆزانەی کە دەوروبەرەکەیان هەست بە قەبارەی ماندووبوون و قوربانییەکانیان ناکەن. ​ کاتێک جیاوازیی لەنێوان فەرمانبەری چالاک و ناچالاکدا نەکرێت و هەمووان بە یەک چاو سەیر بکرێن، داهێنان و دڵسۆزی دەمرێت و فەرمانبەران لە کارەکانیان نائومێد دەبن. ئەم بەرپرسیارێتییەش بە پلەی یەکەم دەکەوێتە ئەستۆی ئەو لایەنە حیزبییانەی کە پشتگیریی ناڕەوا دەکەن.
​بۆ تێپەڕاندنی ئەم دیاردەیە و پێشخستنی ڕاستەقینەی پێگەی ئافرەتان، پێویستە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بێ جیاوازی حیزبی لە هەر شارێکدا، دەستی تێوەردان لە دامەزراوەکانی دەوڵەت بکێشنەوە و ئەم هەنگاوانە بنرێت:
​پێویستە لە هەموو فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەڵسەنگاندنی ڕاستەقینە بۆ فەرمانبەران هەبێت، تا فەرمانبەری چالاک و ناچالاک لێک جیابکرێنەوە.
​دەبێت خەڵاتکردن و پێدانی پۆست تەنها نەبێتە باو و نەریتێکی شکڵی، بەڵکو بە جدی بدرێتە ئەو کەسانەی بە ڕاستی ماندوو بوون و کار دەکەن، وەک دەستخۆشی و پاداشتێک بۆ ماندووبوونیان.
​پێویستە فەرمانبەری چالاک و خاوەن ئەزموون پۆستی پێ بدرێت بۆ ئەوەی کەرامەتی پیشەیی پارێزراو بێت، دوور لە دەستێوەردانی حیزبی و پشتگیری کەسایەتی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان.
بەڕێوەبەری فەرمانگەکان بەبێ بیرکردنەوەی حیزبی دەستیان کراوەتر دەبێت بۆ بەرزکردنەوەی پلەی فەرمانبەرانی شایستە، بەڕێکردنی کاروبارەکان بەشێوەیەکی دروست، بەرەو پێشچوونی زیاتری کارەکانی دامەزراوەکە.