رۆژنامەی ھەولێر

کابینەی نۆیەم و کارێزمای چاکسازی

د. سارا زەید
کاتێک لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٩دا کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی دەستبەکاربوو، ناوچەکە و هەرێمی کوردستان لە ناوەڕاستی گۆڕانکاریی قووڵ و ئاڵۆزی جیۆپۆلەتیکیدا بوون. دەبوو ئەم کابینەیە ئەرکێکی قورسی لە ئەستۆ بگرت کە خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەی پاشماوەی شەڕی دژ بە داعش، تەنگژە داراییە کەڵەکەبووەکانی ساڵانی ڕابردوو، پەیوەندییەکی پڕ لە گرژی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ لە بەغدا دەبینییەوە. لەم نێوەندەدا، شێوازی سەرکردایەتیکردنی مەسرور بارزانی وەک نموونەیەکی بەڕێوەبردن دەرکەوت کە زیاتر لەوەی پشت بە دروشمی سیاسی ببەستێت، سەرنجی لەسەر دیسپلینی کارگێڕی، دامەزراوەییبوون، هێنانەکایەی ڕیفۆرمی پێکهاتەیی بوو.
ئەم جۆرە لە سەرکردایەتی، کە لەسەر بنەمای بڕیاردانی حاسمانە و ئارامی لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکاندا داڕژابوو، توانی سەقامگیریی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان لە ناوەڕاستی گەردەلوولە سیاسی و ئابوورییەکاندا بپارێزێت و ئاراستەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بەرەو کارنامەیەکی چاکسازیی دوورمەودا ببێت.
بۆ تێگەیشتن لە ڕەهەندەکانی چاکسازی لەم قۆناغەدا، دەکرێت سەرنج بخەینە سەر یاسای چاکسازیی ژمارە دووی ساڵی ٢٠٢٠ کە وەک بەردی بناغەی کارنامەی کابینەی نۆیەم سەیر دەکرێت. ئەم یاسایە، کە ڕووبەڕووی بەربەست و بەرژەوەندیخوازیی زۆرێک لە هێزە ناوخۆییەکان بووەوە، هەوڵێکی جدی بوو بۆ کۆتاییهێنان بە دیاردەی فرە مووچەیی نایاسایی، ڕێکخستنەوەی خانەنشینیی پلە تایبەتەکان، و گەڕاندنەوەی دادپەروەری بۆ سیستمی مووچەخۆران. سەرۆکی حکوومەت بە پێداگرییەوە ڕایگەیاند کە پڕۆسەی چاکسازی گەڕانەوەی بۆ نییە، چونکە بەبێ ئەم کارە مەحاڵ بوو کەرتی گشتی لە داڕمان بپارێزرێت. لەپاڵ ئەم چاکسازییە داراییەدا، کابینەی نۆیەم پڕۆسەیەکی فراوانی دیجیتاڵکردنی لە دامەزراوەکاندا دەستپێکرد، کە ئامانجی کەمکردنەوەی بیرۆکراسی، نەهێشتنی گەندەڵی، و خێراکردنی مامەڵەی هاووڵاتیان بوو. بە ئەلیکترۆنیکردنی تۆماری کۆمپانیاکان، دەروازە سنوورییەکان، و سیستمی باج، هەنگاوگەلێک بوون کە نەک هەر داهاتی گشتییان بە شێوەیەکی ڕوونتر کۆکردەوە، بەڵکوو متمانەی وەبەرهێنەرە ناوخۆیی و دەرەکییەکانیشان بە بازاڕی کوردستان زیاتر کرد.
لە لایەکی دیکەوە، سەرکردایەتیی مەسرور بارزانی لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا ڕووبەڕووی زنجیرەیەک تەحەددیی دەرەکی و ناوخۆیی بووەوە کە پێویستیان بە خۆڕاگری و حیکمەتی سیاسی هەبوو. تەقینەوەی پەتای کۆرۆنا لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠دا و بەدوایدا دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا، کتوپڕ بوونە هۆی پەککەوتنی ئابووریی جیهانی و ناوچەیی. لەم بارودۆخە شڵەژاوەدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕێکاری پێشوەختە و تووند توانی کۆنترۆڵی دۆخی تەندروستی بکات و هاوکاریی کەرتی تایبەت بکات بۆ مانەوە.
هێشتا هەرێم لەم قەیرانە نێودەوڵەتییە دەرنەچووبوو کە گوشارە داراییەکانی بەغدا بۆ سەر شایستە داراییەکانی کوردستان چڕتر بوونەوە. لەم قۆناغەدا، سیاسەتی حکوومەت لەسەر بنەمای نەرمیوانواندن لە دانوستانەکان و توندی لە پاراستنی مافە دەستوورییەکان بەڕێوەچوو. سەرۆکی حکومەت بە ناردنی شاندی بەردەوام بۆ بەغدا و بەشداریی ڕاستەوخۆ لە گفتوگۆکاندا، هەوڵی دا پرسی شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەران لە ململانێیە سیاسییەکان جیا بکاتەوە، ئەمەش وایکرد سەرەڕای بڕینی بودجە، قەوارەی هەرێم وەک هاوبەشێکی یاسایی لە عێراقدا بمێنێتەوە.
گەورەترین تاقیکردنەوەی ئابووری بۆ ئەم کابینەیە لە ئاداری ساڵی ٢٠٢٣دا ڕوویدا، کاتێک بە بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە ڕاگیرا. ئەم بڕیارە بۆ حکوومەتێک کە سەدا نەوەدی داهاتەکەی لەسەر فرۆشتنی نەوت بوو، دەبووە هۆی داڕمانی یەکجاری؛ بەڵام سەرکردایەتیی مەسرور بارزانی بە واقیعبینی لەگەڵ دۆخەکەدا مامەڵەی کرد.
حکوومەت دەستبەجێ ستراتیژیەتی خۆی گۆڕی بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهاتی ناوخۆ و ڕێکخستنەوەی خەرجییەکان، هاوکات پرۆسەی جێگیرکردنی مووچەی فەرمانبەرانی لە ڕێگەی
بانکەکانەوە کە بە پڕۆژەی (هەژماری من) ناسراوە خێرا کرد بۆ دروستکردنی شەفافیەت و دابینکردنی سەقامگیریی دارایی بۆ کەرتی گشتی و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت.
گرنگترین و دیارترین وەرچەرخان لە سەردەمی کابینەی نۆیەمدا، گۆڕینی دیدگای ئابووریی کوردستان بوو لە ئابوورییەکی تەنها بەکاربەر و پشت بەستوو بە نەوت، بۆ ئابوورییەکی بەرهەمهێن و فرەڕەهەند. لێرەدا کەرتی کشتوکاڵ بوو بە ئەولەوییەتی کارەکانی حکوومەت.
بۆ یەکەمجار لە مێژووی هەرێمی کوردستاندا، حکوومەت توانی بەرهەمی ناوخۆیی جوتیارانی کوردستان، بە تایبەتی هەناری هەڵەبجە و زاخۆ، سێوی بەرواری باڵا، و هەنگوینی سروشتی، بە مۆدێرنترین شێواز پاکێج بکات و هەناردەی بازاڕەکانی وڵاتانی کەنداو و ئەوروپای بکات. ئەم هەنگاوە تەنها دەستکەوتێکی بازرگانی نەبوو، بەڵکوو پەیامێکی گرنگ بوو بۆ جیهان کە کوردستان خاوەنی خاکێکی بەپیت و توانایەکی زۆرە بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک. لە پاڵ ئەمەشدا، گرنگیدان بە دروستکردنی بەنداو و پۆندە ئاوییەکان، وەک بەنداوەکانی دێوانە لە دەربەندیخان، خنس لە دهۆک، چەمڕگە لە هەولێر، و توڕەجاڕ لە گەرمیان، نیشانەی تێڕوانینی ستراتیژیی درێژخایەنی سەرۆکی حکومەت بوو بۆ پاراستنی سامانی ئاو لە بەرامبەر گۆڕانی کەشوهەوا و وشکەساڵی، کە ئەم بەنداوانە بوونە هۆی بووژانەوەی کەرتی کشتوکاڵ، گەشتیاری، و کەرتی بەخێوکردنی ماسی لە ناوچە جیاجیاکاندا.
کارەکانی کابینەی نۆیەم تەنها لە کەرتی کشتوکاڵ و ئاودا کورت نەبوونەوە، بەڵکوو بوژانەوەی کەرتی پیشەسازی و گواستنەوەش بەشێکی گرنگی ستراتیژیەتەکە بوون. دروستکردنی کارگەی گەورەی ئارد و پیشەسازییە خۆراکییەکان لە دهۆک و سلێمانی، و کارگەی نیشاستە و پەتاتە لە هەولێر، هەنگاوی کردارین بۆ بەستنەوەی کەرتی کشتوکاڵ بە کەرتی پیشەسازییەوە. هاوکات، پەرەپێدانی تۆڕی ڕێگاوبانە ستراتیژییەکان، وەک شەقامی١٥٠ مەتریی خێرا لە هەولێر، دووسایدکردنی ڕێگای نێوان شارەکان، و چاککردنی ڕێگاکانی ناوچە سنوورییەکان، یارمەتیدەرێکی گەورە بوون لە ئاسانکردنی هاتوچۆی هاووڵاتیان و بووژاندنەوەی بازرگانیی نێوان شارەکان و دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ.
لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوە، مەسرور بارزانی هەمیشە کاراکتەرێکی جێگیر و ڕوونی هەبووە. وتاری سیاسیی ئەو لەسەر بنەمای پاراستنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدراڵدا داڕژاوە. بەشداریکردنی بەردەوامی سەرۆکی حکوومەت لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس، کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، پێشوازیکردنی لە سەرکردە و دیپلۆماتکارانی باڵای جیهان لە هەولێر، پێگەی هەرێمی کوردستانی وەک هاوبەشێکی جێی متمانە لە پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە و دابینکردنی سەقامگیریی وزە زیاتر چەسپاند. ئەم ئامادەییە نێودەوڵەتییە یارمەتیدەر بوو بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لە گۆشەگیریی سیاسی بەدوور بێت، سەرەڕای ئەو گوشارە ناوچەیی و ناوخۆییانەی کە ئامانجیان لاوازکردنی قەوارەی هەرێم بوو.
بە دڵنیاییەوە، هیچ پرۆسەیەکی چاکسازی و سەرکردایەتیکردن بێ ڕەخنە و ئاستەنگ نابێت.
لەم ماوەیەدا، حکوومەت ڕووبەڕووی ڕەخنەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان و هەندێک هێزی سیاسی بووەوە لەسەر کێشەی دواکەوتنی مووچە و شێوازی دابەشکردنی داهاتەکان. بەڵام شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەی مەسرور بارزانی بۆ ئەم ڕەخنانە، دوورکەوتنەوە بوو لە کاردانەوەی پۆپۆلیستیی کاتی؛ ئەو بەردەوام جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە کێشە کەڵەکەبووەکانی دەیان ساڵی ڕابردوو بە ڕۆژێک چارەسەر نابن و کارنامەی چاکسازی پێویستی بە بڕیاری بوێرانە و پشووپێدرێژی هەیە. ئەم تێڕوانینە سەلماندی کە سەرکردایەتی تەنها لە بەڕێوەبردنی کاتە ئارامەکاندا دەرناکەوێت، بەڵکوو لە پاراستنی سەقامگیری و دامەزراوەکانی دەوڵەتدایە لە کاتی گەردەلوولە گەورەکاندا.
لە کۆتاییدا دەکرێت بڵێین کە کارنامەی کابینەی نۆیەم بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرەتای قۆناغێکی نوێیە لە مێژووی حوکمرانیی هەرێمی کوردستاندا. ئەم کابینەیە توانی چەمکی ئابووریی فرەڕەهەند بکاتە ڕاستی، یاسای چاکسازی بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، و پێگەی دەستووریی هەرێم لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا بپارێزێت.

سەرەڕای بەردەوامیی هەندێک کێشەی دارایی و سیاسی، بەڵام ئەو ژێرخانە ئابووری، کشتوکاڵی، کارگێڕییەی کە لەم قۆناغەدا دروستکراوە، دەبێتە بناغەیەکی پتەو بۆ گەشەپێدانی درێژخایەنی کوردستان و پاراستنی مافەکانی نەوەکانی داهاتوو.