عومەر چنگیانی
گوڵخەرمانی ئیمڕۆم گەڕانەوەیە بۆ گوتارە جوانەكانی بۆردی باڵای ئامادەكردنی گوتاری هەینی لە كوردستان كە دەیخەنە بەردەم مامۆستا بەڕێزەكان تا لەسۆنگەیانەوە گوتاری جومعە ئارستە بكەن و، ئەمە گوتاری هەفتەی پێشوو 3ی تەمووزی 2026 بوو، بە ئەركی دەزانم وەك خۆی بیخەمە بەردیدی خوێنەرانی گوڵخەرمانەكەمان و، ئەو دەقە پیرۆزانەی لەدوو توێی گوتارەكە هاتوون، وەرمگێڕاونە سەر زمانی نووسین بە كوردی.
بێگومان چاکسازی (الإصلاح) لە جەوهەری خۆیدا بریتییە لە هەوڵدانێکی بەردەوام بۆ گۆڕینی گەندەڵی و خراپە بۆ چاکە، ڕاستکردنەوەی لارییەکان و، بونیادنانەوەی ئەوەی لە دەروون و کۆمەڵگاکاندا وێران بووە. چاکسازی تەوەری سەرەکیی هەموو پەیامە ئاسمانییەکان و ئەو بەرنامە خوداییەیە کە ژیانی مرۆڤایەتی پێ ڕاست و سەقامگیر دەبێت. خودای گەورە لەسەر زمانی پێغەمبەر شوعەیبەوە (سەلامی خودای لێ بێت) لە ئایەتی 88ی سوورەتی (هود)دا دەفەرمێت: (بەڕاستی ئارمانجی سەرەكی كاری من چاكسازییە هێندەی لە توانامدا بێ و بتوانم، بۆسەركەوتن لەكارەكانیشمدا تەنها و تەنها هەر پشتیوانی لەخوا دەخوازم و بۆلای ئەو دەگەڕێمەوە.)
تەوەری یەکەم: جۆرەکانی چاکسازی
یەکەم: چاکسازیی لەدەرووندا: ئەمە خاڵی دەستپێکە بۆ پاککردنەوەی دەروون و خاوێنکردنەوەی دڵەکان لە نەخۆشییەکانی وەک حەسودی و خۆبەگەورەزانین . چاکسازی هاندانی دەروونە لەسەر گوێڕایەڵیکردنی خودا و تۆبەکردنی ڕاستەقینە کە هاوڕێ بێت لەگەڵ کردەوەی چاکدا.
دووەم: چاکسازی لە نێوان خەڵکیدا: بریتییە لە کۆکردنەوە و کۆکردنەوەی دڵی موسڵمانان لەسەر هەق، چاککردنی درزە کۆمەڵایەتییەکان و، چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکان.
سێیەم: چاکسازی لە کۆمەڵگە و دامەزراوە ئیدارییەکاندا: ئەنجامدانی بەرپرسیارێتییەکانە بە دەستپاکی و نەزاهەت، دانانی کەسی گونجاو لە شوێنی گونجاو و، چاککردنی باری خێزان و دامەزراوەکان لە ڕێگەی ئامۆژگاریکردنی یەکتر و هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی بەکۆمەڵ، بە بێ بێبایەخکردنی هیچ هەوڵێکی تاکەکەسی.
تەوەری دووەم: ئامانجەکانی چاکسازی
یەکەم: بەرپاکردنی دادپەروەری: ئەمە گەورەترین ئامانجی پەیامە ئاسمانییەکانە؛ کە تێیدا چاکسازی هەوڵ دەدات بۆ ڕێگریکردن لە ستەم و تاوان و، بەرگریکردن لە مافی بێدەسەڵات و چەوساوەکان.
دووەم: پاراستنی زەروریاتەکان: چاکسازی ئامانجی پاراستنی پێنج بنچینە سەرەکییەکەیە (الكليات الخمس) کە تێیدا پێشەکی مافی پاراستنی ئایین دێت، پاشان نەفس (گیان)، ئەقڵ، ناموس (العرض) و ماڵ.
سێیەم: جێنشینی و ئاوەدانکردنەوە: ئەرکی گەورەی پیاوچاکان و چاکسازیخوازان لەوەدا کورت دەبێتەوە کە خزمەتی زەوی بکەن و ئاوەدانی بکەنەوە بە خێر و چاکە و گەشەپێدان.
تەوەری سێیەم: گەندەڵی وێرانکارییە.
بێگومان گەندەڵی (الفساد) دژی چاکسازییە و، هەر کاتێک ڕووی لە نەتەوەیەک کردبێت، هۆکاری لەناوچوون و هەڵوەشاندنەوەی بونیادەکەی بووە. چەمکی گەندەڵیش خۆی لە چوونەدەرەوە لە سنووری ڕاستەڕێی و هاوسەنگی دەبینێتەوە:
یەکەم: گەندەڵی دارایی و ئیداری: بریتییە لە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و بەرپرسیارێتیی وەزیفی بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی شەخسی بە ڕێگەی نایاسایی و ناشەرعی وەک بەرتیل وەرگرتن و دزینی ماڵی گشتی . ئەمەش خیانەتکردنە لە ئەمانەت و خواردنی ماڵی خەڵکییە بە ناهەق کە بە دەقی قورئانی بە تەواوی حەرامکراوە؛ .
دووەم: گەندەڵی ڕەوشتی: لادانی ڕەوشت و ڕەفتاری تاک و کۆمەڵگەیە لە بەهاکانی داوێنپاکی و فەزیلەت و، بڵاوبوونەوەی داوینپیسی و سەرپێچییەکانە کە خێزان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لێک هەڵدەوەشێنێت و دەبێتە مایەی دابارینی سزای خودایی؛.
سێیەم: سەرئەنجامی گەندەڵکاران: چارەنووسێکی تاریک و کۆتاییەکی شومە بۆ هەر کەسێک کە لەسەر زەویدا هەوڵی بڵاوکردنەوەی خراپە و گەندەڵی بدات؛ لە دونیادا بە سەرشۆڕی و لەناوچوون و، لە قیامەتیشدا بە عەزاب و بەدبەختی.

