شۆڕش عەزیز سورمێ
ئەوروپا دوای زیاتر لە 75 ساڵ جارێکی تر دووچاری شەڕێکی نەخوازراو بوهوە، ئەویش شەڕی رووسیای پۆتینە دژ بە وڵاتێکی خاوەن سەروەر و ئازادی وەک ئۆکراینا، کە تاکە تاوانی داواکردنیەتی بۆ بوون بە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا.
ئەو پرسیارەی لای هەمووان دروست دەبێت ئەوەیە، داگیرکردنی ئۆکراینا لە لایەن پۆتین بە تاوانی جەنگ دادەنرێت یان نا، ئایا پۆتین رووبەڕووی چ سزایەک دەببێتەوە؟
دوای چەند رۆژێک لەو تۆپبارانە چڕەی کە بەردەوامە، ترسی ئەوە هەیە سەرۆکی رووسیا لە رۆژانی داهاتوودا هێرشێکی گەورەتر بکاتە سەر کیێڤ و شارەکانی دیکەی ئۆکراینا.
وەزیری بەرگری ئۆکراینا (ئۆلێکسی رێزنیکۆڤ) ئەو هۆشدارییەی دا کە پۆتین بە نیازە بۆردومانی شارەکانی تری وڵاتەکەی بکات، بە مەبەستی لاوازکردنی هێزەکانی ئۆکراینا.
هاوکات دوای ئەو ئیدانەکردنانەی کە لەلایەن وڵاتانی جیهان کرا بەرامبەر بە کردەوەکانی رووسیا، داواکاری گشتی دادگای نێودەوڵەتی تاوان رایگەیاند، کە پلانیان داڕشتوە بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی هەڵسەنگاندنی ئەو شەڕە لەلایەن پۆتینەوە، هەروەها بەدواداچون لەو کردەوە سەربازییانەی، کە رووسیا بەرامبەر بە ئۆکراینای کردووە و ئەو بەڵگانە چین کە پۆتین بە دەستیەوەتی بۆ ئەنجامدانی ئەو شەڕە لە دژی ئۆکراینا.
تاوانی جەنگ چییە؟
تاوانی جەنگ بریتیە لە پێشێلكردنی یاساكانی جەنگ، كە كەسێك یان گرووپێك ئەنجامی دەدا. یەكەم دادگای تایبەت بە تاوانی جەنگ، لە بەرامبەر پیتر فۆن هاگنباخ بەڕێوە چوو، كە ساڵی 1474 فەرمانڕەوای نەمسا بووە، بە هۆی تێوەگلان و کردنی تاوانی جەنگ، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا. لە جەنگی جیهانیی یەكەمدا، زۆرێك لە وڵاتان، دانیان بەو یاسایانەدا نا، كە پێشێلكردنیان بە تاوانی جەنگ هەژمار دەكرا. (وەك ئەو یاسایانەی لە پەیماننامەی لاهای لە ساڵی 1899 و 1907 هاتوون). بەڵێنامەكانی دادگای نێودەوڵەتی نۆرمبێرگی ساڵی 1945یش، تاوانی جەنگی، بە پێشێلكردنی بنەمایەكان و نەریتی جەنگی دەستنیشان كردووە. وەك كوشتن و خراپ مامەڵەكردن لەگەڵ خەڵكانی سڤیل و راگواستنیان لە ناوچەی داگیركراو و كوشتنی بەندی و دیلەکانی جەنگ.
بە پێی یاساکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەستەواژەی تاوانی جەنگ ئاماژە بە پێشێلکاریی جدیی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان دەکات، کە لە کاتی شەڕێکی چەکداریدا بەرامبەر هاووڵاتیانی سیڤیلی ئەنجام دراوە.
یاساکان لە کاتی ناکۆکییەکانی دوای جەنگی جیهانی دووەم لە پەیماننامەکانی جنێڤی ساڵی 1949 کە لەلایەن هەموو ئەندامانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە واژوو کرا، بە رووسیاشەوە. هەروەها “هێرشکردن یان بۆردومانکردنی شارەکان، گوندەکان، خانووبەرە یان بینا پارێزراوەکان کە نابێت ببنە ئامانجی سەربازی بە هیچ شێوەیەک”.
ئەمنستی ئینتەرناشناڵ تیشکی خستە سەر یەکێک لەو هێرشانەی کە هێزەکانی رووسیا بۆ سەر قوتانخانەیەک لە کێڤی پایتەختی ئۆکراینا ئەنجامیان داوە، کە تیایدا چەکی قەدەغەکراویان بەکارهێناوە، کە دەڵێت دەتوانێت تاوانێکی جەنگی پێک بهێنێت.

