رۆژنامەی ھەولێر

سیاسەت؛ زمان، زاراوە و ئەداکردن

فازڵ میرانی

هەبوونی شارەزاییەکی باش لە زماندا بۆ کارکردن لە بوارێکی پسپۆڕیدا کافی نییە، ئەگەر بەسەر زمانی ئەو بوارەدا زاڵ نەبێت.
زمان هەنبانەیەکە چەمک و وشەی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت، لەوانیش زاراوەکانی سیاسەت؛ هەر زمان و وشەیەکیش یان بارگاوی و پڕمانانن، یان خاڵی و بێناوەڕۆکن، یاخود لەنێوان ئەم دووانەدا دەوەستن. لە سیاسەتدا چەمکێک هەیە بە ناوی” (ئابووریی زمان) کە دوو ڕەهەندی هەیە؛ یەکەمیان: بوونی ئامانج و مەیلی پێشوەختە بۆ لێدوان، دووەمیشیان: هەڵسەنگاندنی پێویستی یان ناپێویستیی لێدوانەکە (بێدەنگی).
هەرچەندە قسەکردن زۆرتر بێت، تاقیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی کەسانی دیکە بۆ قسەکەرەکە توندتر دەبێت؛ ئایا کردارەکەی لەگەڵ وتەکانیدا هاوتایە؟ ئایا قسەکانی لەگەڵ کارەکەیدا یەکدەگرنەوە؟ ڕەنگە قسەکردنی لە کردارەکەی چاکتر بێت یان پێچەوانەکەی، بەڵام چاکترین دۆخ ئەوەیە وتەکانی وێنای کرداری بن. گوتنی قسەی بێکردار، بەڵایەکی گەورەیە، خۆ ئەگەر وتەکانی دژی کرداری بن ــ واتا وشەی بریقەدار بڵێت و کردار بوونی نەبێت یان خراپ بێت ــ ئەوا بەو کەسە دەوترێت کە یەکێک لە سێ نیشانەکەی دووڕوویی (نفاق)ی تێدایە.
بەڵێ، سیاسەت خاوەنی زاراوە و زمانێکی ناوازەیە؛ بلیمەتییەکە لەوەدایە کە ئەم زمانە وەک گرتنەخۆی شلەمەنی لەلایەن دەفرەکەوە، بەو شێوەیە سەرجەم ئەو پێداویستییانە بگرێتە خۆی کە بڕیارە گوزارشتیان لێ بکرێت، پاشان بە کارامەیی و ژیرییەوە بیانهێنێتە ڕوو، دوای ئەوەی لە سەرجەم ڕەهەندە مێژوویی، یاسایی و کاتی گونجاوی خستنەڕووی بیرۆکەکە گەیشتبێت. هەروەها پێویستە ئاستی فکری و زمانی ئەو لایەنە بەرامبەرەش بخوێنێتەوە کە کێشەکەی بۆ دەخرێتەڕوو؛ جا چ بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بێت، یان بۆ ڕێکخستنی تیمێکی هاوکار، یاخود بۆ بێلایەنکردنی نەیارەکان لە کاتێکدا ئەگەر ڕاکێشانیان بۆ بەرەی پشتگیری ئەستەم بێت.
سیاسەت وەک زمان و گوزارشت و شێوازی کارکردن، بەناو چەندین جومگەدا تێدەپەڕێت کە وەک وێستگەی تاقیکردنەوەی ناوخۆیی و دەرەکی وان بۆی. لە هەموو کایەیەکدا جێگەیەک بۆ سیاسەت هەیە، بەڵام نەک بەو مانایە سادەیەی کە عەقڵە کورتماوەکان پێشبینی دەکەن، بەڵکوو سیاسەت خودی پلاندانانە؛ پلاندانانێک کە زیرەکی و حەماسەتی کاراکتەری سیاسی یان نەزانی و کەمکووڕییەکەی بە کێشانەی سەرکەوتندا دەپێوێت. سیاسەت تەنیا کەسێک یان کۆمەڵێک نییە بە پۆشاکێکی شیکەوە لە کۆبوونەوەیەکدا بڵێن و تێپەڕێنن؛ ئەم جۆرە تێگەیشتنە لە فێڵی ئەو کەسە دەچێت کە پێی وایە دیموکراسی تەنیا هەڵبژاردنە بەو مەرجەی خۆی تێیدا سەرکەوتوو بێت، بەڵام کە دۆڕاندی، پاشەکشە دەکات و دەگەڕێتەوە سەر باری پێشووی خۆی.
سنوورەکانی ڕێگەپێدراو و قەدەغەکراو (حەڵاڵ و حەرام) لە سیاسەتدا، بەر لەوەی بە یاسای سزادان دیاری بکرێن، بنەمایەکی ئەخلاقییان هەیە؛ چونکە ئەخلاق، هاوشێوەی دادپەروەری، دابەشبوون و پارچەپارچەبوون قبوڵ ناکات، لە کاتێکدا یاسا گۆڕاوە و هەمیشە لە ڕێکخستنی تەواوی کایەکان یان جێبەجێکردنی یەکسان بەسەر هەموواندا سەرکەوتوو نابێت.
ئاشنابوون بە قەدەغەکراوەکانی سیاسەت، مەرجێکی سەرەکییە بۆ خۆپاراستن لە لێکەوتەکانی پەیڕەوانی؛ چونکە بەکارهێنانی سیاسەتێکی چەوت ــ جا لەسەر بنەمای نەزانی بێت یان بە دەستی ئەنقەست ــ ڕێک لە چاندنی مین و شاردنەوەی نەخشەی چاندنەکەی دەچێت.
ئێمە ڕووبەڕووی کەسانێک بووینەتەوە و ئێستاش هەر لەگەڵیاندا دەژین، کە پێناسەی سیاسییان هەڵگرتووە بەڵام تواناکانیان زۆر کەمترە لەوەی پێویستە بۆ بەڕێوەبردنی ئەم ئەرکە؛ شاهیدی ئەم ڕاستییەش ئەو کێشە کەڵەکەبووانەیە کە بەهۆی خولیای بەدەستهێنانی بەرژەوەندی خێرا ــ وەک کۆکردنەوەی سامان و دروستکردنی جەماوەرێکی بەرژەوەندیخواز ــ ڕوویانداوە. سەرکەوتنی ئەوان لەمەدا، سەرکەوتنێکی کاتییە و لەبەردەم بچووکترین تاقیکردنەوەی ڕاستگۆیی و پیشەییبوونی زۆرێک لەم ناسنامە سیاسییە ساختانەدا ڕەنگ دەداتەوە. چجای پێداچوونەوە بە گەشەکردنی سامان و دەستکەوتەکانیان لەسەر حسابی سەروەری و سامانی گشتی، کە پەردە لەسەر تۆڕێکی ئاڵوگۆڕی بەرژەوەندیی دوولایەنە لادەدات؛ تۆڕێک کە لە قووڵایی دەوڵەتی قووڵ و خاوەن ڕەگی جیاوازەوە سەرچاوەی گرتووە.
سیاسەت ڕێک وەک چۆن توانای گەشەپێدانی کۆمەڵگە، بونیادنانی دەوڵەت و پاڵاوتنی دەسەڵاتی هەیە، بەهەمان شێوەش دەتوانێت ببێتە چەکێکی ڕووخێنەری خێرا، یاخود هێواش و بەدەر لە هەستکردن. لێرەدا، هۆشیاریی کۆمەڵایەتی وەک دەمارەهەستێک وایە کە بەپێی ئاستی هۆشیاری و ساغییەکەی، لەگەڵ یەکەم دەرکەوتنی ناتەواویدا زەنگی ئاگادارکردنەوە لێ دەدات؛ بەڵام ئەگەر ئەم هۆشیارییە سڕکرابێت یان پچڕابێت، نەخۆشییەکە هێندە تەشەنە دەکات کە چارەسەرکردنی ئەستەم دەبێت. لەم دۆخەدا تەنیا چاودێریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەمێنێتەوە کە ئەویش بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی مامەڵە لەگەڵ ئەو ناوچە بیمارە سیاسییەدا دەکات؛ ئەو بیمارەی کە بەهۆی کەسانێکەوە دروست بووە کە لە زمان، زاراوە و مانا ڕاستەقینەکانی سیاسەتدا نەزان بوون.