عومەر چنگیانی
پشتیوان بەخوا بیرهێنانەوەی سەدوپێنجەمینی گوڵخەرمانەكەم، كە لە لاپەڕە نۆی ژمارە 2757 لاپەڕە 9 سێشەممە 2 ی 1 ی 2018 دا بڵاوم كردۆتەوە و گوتوومە: (دەرس و وانەیەكی سەخت دەخەمە بەردەمی بیر و هزری خۆمی بە ناو بانگەوازخواز و تۆی وەك من هاووڵاتی و ئەوی دەسەڵاتداری وا پێ خۆش بوو كە دیموكراسی و مرۆڤویست و یەكسانیپارێز و نەتەوەیی و نیشتمانپەروەر و ئایینخوازی ڕاستەقینە خۆیەتی و وا خۆی نیشان دەدا، كە ئەوەیش شێوازی دەسەڵاتبەڕێوەبەرانی ئەم ڕۆژهەڵاتەی ئێمەن بە هەموو چین و توێژ و نەتەوە و ئایین و مەزهەبە فرە و لێكجوداكانیانەوە.
وانەیەكە بۆ پاراستنی مافی بەرانبەری نەیار و ڕكابەر، هیوادارم لە خواوە فێری ببین.
بەڕێزان: هەر لە سوورەتی “ئەلبەقەرە”وە پێداوەرە كە دووەم سوورەتی سەد و چواردە سوورەتەكەی قورئانی پڕ لە بەخششە، تا بە هەر جێگایەكی تری نێو قورئان دەگەیت، كاتێ بە ڕاستەو خۆ یان نا ڕاستەوخۆ باس لە ئافراندنی مرۆڤ دەكات و وێنای پڕ لە وانەی ساتەوەختی فەرماندەركردنی خواییمان بۆ ڕوون دەكاتەوە كە چۆن دەبوو سەرجەم فریشتەكان كڕنووش ببەن بۆ ئادەم و لەوكاتەدا “ئیلیس”ی لە چینی فریشتە، وەك هەندێك لە زانایان وای بۆ دەچن، یان ئەوی لە چینی جنۆكە وەك هەندێكی تر لە زانایان دەیڵێن، بە پاساوی ئەوەی كە ئەوی لە ئاور ئەفرێنراو باشترە لە ئادەمی لە خاك خولقێنراو، كە ئەم تێگەیشتنەی لەسەر بنەمای خۆ بە چاكتر زانین، سەرپێچی پێ كرد و بڕیاریشی دا هێندەی لە توانایدا بێت دژایەتی ئەم بوونەوەرە نوێە “ئادەم” و نەوەكانیشی بكات، كە ئەمەیش لە دەرەنجامی ئێرەیی و بە بیر و هزری خۆ و لە خۆڕازیبوونی بێسنوور هاتە پێشەوە، جا وەك ئایەتەكان بۆمانی ڕوون دەكەنەوە، بە هیچ شێوەیەك ئەو ئیبلیسە ئەوەی نەشاردەوە كە بڵی. چونكە پەروەرین ڕێزی زیاتری بۆ ئادەم داناوە و، ئەم بەو ڕێزە شایانترە، هەرچی لە توانایدا بێت بۆ نەیارێتی دەیكا و ئەنجامی دەدات “.
فەرموون با پێكەوە بچینە خزمەت ئایەتەكانی یانزە تا هەژدەی سوورەتی”ئەلئەعراف” كە خوای گەورە ڕووی گوتاری دەكاتە ئێمەی مرۆڤ و دەفەرمێت: “بەڕاستی ئێوەمان ئافراندان و وێنامان كێشان و پاشان بە فریشتەكانمان گوت هەمووتان كڕنووش ببەن بۆ ئادەم. هەرهەموویان كڕنووشیان برد ئیبلیس نەبێت كە یەكێك نەبوو لە كڕنووشبەرەكان * خوا لێپرسی ڕێگر، یان چی بوو لە بەردەمتدا كە من فەرمانم پێدایت بە كڕنووش بردن و تۆ كڕنووشت نەبرد؟ لە وەڵامدا گوتی: من لەو باشترم! منت لە ئاگر دروست كردووە و ئەوت لە هەڕگ دروست كردووە * خوا فەرمووی لەو شوێن و پێگەی هەتبووە تا ئێستا و تیایدا بوویت دەركەوە و بێرە خوارەوە و هەرگیز تۆ مافی ئەوەت نییە كە فیززلی بكەیت تیایدا، لە شوێن و پێگەكە دەركەوە تیایدا ئیتر تۆ یەكێكی لە شكستخواردوو و بێڕێزكراو و لووتسۆڵێنراوەكان * ئەویش وتی دەی دەرفەتم پێ بدە ئێستا هەموو تۆڵەیەكم لێ مەستێنە تا ئەو ڕۆژەی خەڵكەكە دوای مردنیان زیندوو دەكرێنەوە جارێكی تر * خوا پێی گوت: تۆ یەكێكی لە دوا خراوەكان * ئیبلیس وتی: چونكە منت ئاوا ڕسوا كرد سوێند بێ لەسەر ڕێگا ڕاستەكەی تۆ بۆیان دابنیشم * پاشان لە بەردەم و پشت و لای ڕاست و لای چەپیان وایان لێ بكەم زۆرینەیان پێنەزان و ناشوكربن بە تۆ و بە ناز و بەخششەكانت نەزانن، یاخود زۆرینەیان بە ناز و بەخششەكانی تۆ نازانن * وتی بڕۆ وەدەركەوە بە ڕسوایی و تێشكاوی و دۆزەخ پڕدەكەم لە شوێنكەوتووەكانت هەرهەمووتان “.
ئەم دانوساندنە لە نێوان پەروەرێن و ئیبلیسدا لە چەندین شوێنی تری نێو قورئان وەك ئایەتەكانی شەست و یەك تا شەست و پێنجی سوورەتی “ئیسرا” هاتووە و لەوێدا باس لە تەواوی خۆ نەناسییەكەی ئیبلیس دەكا و چۆن لە هەموو سنورێكی ناحەزیی و نەیاریی تێدەپەڕێنێ و، دەگاتە دڕینی پەردەی حەیا و شەرم.
خواگیان ڕوووی گوتاری دەكاتە پێغەمبەری خۆشەویستمان دروود و سەلامی خوای لەسەر بێت و دەفەرمیت:
(ئەوە بدە بەگویی بڕواداران و خەڵكیدا، كاتێك كە فەرمانمان دەركرد بۆ فریشتەكان كڕنووش وەبەر ئادەم ببەن و، هەموویان كرنووشیان برد تەنها ئیبلیس نەبێت، سەرباری ئەوەی كڕنووشەكەی نەبرد وتیشی: چۆن كرنووش بۆ كەسێك دەبەم كە لە گل دروستت كردووە! * [بە سەرپێچییەكەوە نەویستا و بگرە] گوتی: دەبینی ئەمەی تۆ ڕێزی ئەوت زیاتر لە من گرتووە و لە من وەپێشترت نا، گەر لێم بگەڕێیت و زوو تۆڵەم لێ نەستینی و هەڵمگری بۆ ڕۆژی سەڵا، سوێند بێ مەڵاشوویان لەباتی شیرینكردن بە شتە ڕەواكان،(1) من حەرام و نادروستەكان لەبەر نەوەكانی خۆش و ئاسان و بەتاموچیژ بكەم مەگەر كەمێكیان نەوێت * خوا فەرمووی: بڕۆ ئەوەی لەوان شوێنت كەوت و تەفرەخواردووت بوو، دۆزەخ جێگە و تۆڵەی پڕاو پڕی هەمووتان بێت * كێت بۆ تەفرەخواردوو دەكرێ و، دەتوانی بچیتە بنكڵیشەیان (2)، ببە هاوبەشی سامانەكانیان و بە نەوەكانیانەوە سەرقاڵ ببە و ببە هاوبەشی ئەوانیش و سۆزییان بدەرێ و، بەدەنگت تاویان بدە بە هەموو ئەسپ و ژێربارەكانت و بە سواری و بە پیادە، وەلێ شەیاتان سۆزیی لەخشتە بردن زیاتری لێ ناوەشێتەوە * بەڕاستی بەندە بۆمن سوڵحاوەكان تۆ هەرگیز ناتوانی بەسەریاندا زال ببیت، پەروەرێنتیان بەسە كە پشتی پێ ببەستن.)
كەچی لە بەرامبەردا وێڕای تووڕەییەكەی خوا لەناوی نابات و، بگرە بڕیاری لەناوبردنیشی دەرناكا و نای توێنێتەو و بن بڕی ناكا و زیندانیشی ناكاو مافی دەداتێ زۆر بە ئازادانە لەململانێكەیدا چەندی بیەوێت بەردەوام بێت و دەرەنجام لای خوا بە تۆڵەی خۆی دەگات.
ئەوەی لەم وانەدا مەبەستم بوو بیر هێنانەوەی ئەم هەڵوێستە بوو، كە بۆمن و بۆ ئێوەی بەڕێزیش پرسیار ئەوەیە: داخۆ ئەوانەی كە بەخۆیان دەڵێن بڕوادار و لە لوتكەی دەسەڵاتدان، كە لەسەر ئایدیای جیاواز نەیارەكانیان نانبڕاو دەكەن و لە گرتووخانە توندیان دەكەن و مافی مرۆڤ بوونیشیان پێ ڕەوا نابینن، چ وەڵامێكیان هەیە بۆ ئەم بابەتە و ئەم ئایەتانە؟.
پەراوێز:
(1)وشەی تەحنیك لە فیققی ئیسلامدا بەو مەڵاشوو شیرینكردنە دەگوترێت كە یەكێكە لە سونەتەكانی ئیسلام، دوای لە دایك بوونی منداڵ كە بانگ درا بەگوێی دا بە خورما، یان هەر شیرینیەكی پاك كەسێكی بۆ خوا سوڵحاو دەیدات لە مەڵاشووی منداڵەكە و لە ئایەتەكەدا وەك چۆن سەرجەمی ئایەكان پڕیانە لە ئاماژە.)
(2) لەخشتەبردن یان چوونەبنكڵیشە بەكار دەهینرێت بۆ كاری نادیار و بوون بەدەستی نادیاری هەركارێك نەخاسمە كاری بەد، مەحوی لەباسی خراپبوونی مرۆڤەكانی سەردەمی خۆیدا دەفەرمێت:
وەها پڕ فیتنە بوو عالەم كە ئیبلیسێكی وەك ئیبلیس
نەماوە مەئمەنی غەیری كڵیشە و كەڵكەڵەی مەخلووق
دیوانی مەحوی لاپەڕە 181 ).
شاملەر/ ئیستانبول7ی6ی2026

