رۆژنامەی ھەولێر

ئحم‌ئحم!

خوسره‌و جاف
چەند ساڵێک لەمەوبەر هەڵبەستێکم نووسیبوو لە بواری هانداندا، تیایدا وەک شابەیتەکەی ئەم بەیتە کەوتە سەر زمانان:

وڵات بکۆکێ کوڕی ئازا دەخاتەوە
بە خوێنی خۆی خاکی وڵات دەشواتەوە

ئەوسا کۆکە بۆ خۆی کۆکە بوو، دەکرا بە پەیام! ئێستا زۆر کەس دەکۆکێت و کۆکەکانیش جۆراوجۆرن؛ کۆکەڕەشە، کۆکەی هەڵامەت، کۆکەی پیری، کۆکەی جگەرەکێشان، کۆکەی نەداری و قەرزداری، سەرەنجام کۆکەی ئیفلاسی. با نەختێک باس لە خزمانی ئەوسای کۆکەش بکەین، کە بە دەم کۆکەکردنەوە لە پایاندا دەیوت ئحم! ئەم تاکە وشە کاتێک کەسێک دەیوت کە لە مەجلیسدا نەیارێکی دانیشتبا، بۆ خۆی دەیوت ئحم!
له‌و هه‌لومه‌رجەیدا کابرای “ئحم”کەر په‌یامێکی دەنارد، وه‌ک سه‌ره‌تای گۆبەنێکی شاراوەی نێوان دوو کەس یان دوو دەستە؛ واتە: هەڕەشە! بەندە بە خۆم دیومە و وشەی “ئحم” بووەتە هۆکاری دەمانچەدەرهێنان، شەڕەتەقە و تەنانەت بریندارکردنی چەند کەس!
ئەو ئحمەی من ده‌ڵێم له‌ناو عه‌شایه‌ردا ئه‌وه‌ندە ده‌بیسرا و دەبینرا، لایەنی دووەم وه‌ک هەڕەشە و جنێو وەری دەگرت. لە شاره‌کاندا ئەو مەفهوومەی ئەوسای لە دەست داوە؛ ئەگەر کەسێک لە دوادوایی کۆکەکانیدا بکەوێتە “ئحم‌ئحم”، دانیشتوان پێی دەڵێن: “عەزیزم کاکە وەزعت خراپە، بۆ ناڕۆی بۆ لای دکتۆر؟”
سەیرەکە لەوەدایە، “ئحم”ی ئەوسا لە تاکەوە بووەتە هۆکاری تێکچوونی دوو کۆمەڵ یان دوو عەشیرەت. ئێستا ژیان گۆڕاوە، بە تایبەت لە ناو دەڤەرەکانی کوردستاندا. “ئحم”ـی حزبێک ئەمڕۆکە هۆکاری تێکچوونی نێوان دوو حزبە، سەرەنجام زەرەرمەندبوونی لایەنێکی یەکجار زۆری خەڵکی وڵاتی لێ دەکەوێتەوە؛ لەمێژدا دیومانە “ئێحم”ـی سیاسی چۆن بووە هۆکاری کوشتن و کوشتاری براکوژی و دەریایەک خوێنی تێدا ڕژا؟
سەیرەکە لەوەدایە ئێستاکەش لەم ئحمانە دەبیسترێت، ئومێدەوارم ئەم جۆرە ئحمانە نەبنە هۆکاری ماڵکاولکردنی خەڵک و سەبر و خۆڕاگری بکرێتە پیشە و بە زمانێکی سەردەمیانە و لێکتێگەیشتن جیاوازییە فکرییەکان بخەینە لاوە، تا ململانێ نەبێتە تێکدانی یەکجاریی ئەم وڵاتە.
پێویستە لە دەفتەری کوردستاندا، هەموان یەک ڕەنگی نیشتمانی بنووسینەوە، نەک بە زۆر بیستن و گوتەی سەرپێیی؛ لە وڵاتێکدا کە کۆمەڵی جیاواز نابێتە هۆکاری هەموو ململانێکان، بەڵکو ئەقڵی خێڵایەتی و ڕەفتاری عەشایەری زۆرترە بۆ کارکردن و سازان. سەرەنجام بە هیوای بەختیاری ئەم میللەتە خێرنەدیوە.
خۆ ئەوانەی ئەو خوارە، چ لە مێژوو چ ئێستاکە ڕۆژێک لە ڕۆژان چاویان هەڵنەهێناوە تا شادی و سازندەگی و بەختیاری لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا
ببینین، شەقولقەمەر بۆ ناڕێکیمان دەکەن ئەوان هەر چەندە ناڕێکبن و پیاوی ئەملا و ئەولای دوور و نزیک بن. لە نەبوون و ماڵکاولکردنی ئێمەی کورددا هاوبیر و هاودەنگن.
سەیرەکە لەوەدایە ئێمەی کورد بە شوان و گاوانی و تەنانەت نەخوێندەوارەکانیشەوە، ئەو هەقیقەتە دەزانین؛ تۆ بڵێی ئحمکەرە سیاسییەکان ئەوە نەزانن؟
خۆ ڕۆژانە نەیارەکانمان ئحمەکانیان دەگاتە گوێمان، شتێکە ئێمە خۆمانی لێ کەڕ دەکەین. ئەوەی نیگەرانمی کردووە ئحمە خۆماڵییەکانە، ئەوەیە ماڵکاولکەر، ترسەکەشم لە جێی خۆی دایە، ئەی ئەگەر هۆکاری ئحمەکان نەبێت، خێرە ئەوە سێ ساڵە پەرلەمانمان نییە؟
بەندەی خودا، وا دەزانم کاتی ئەوە هاتووە دەرمانی کۆکە و ئەم “ئێحم”ـانە بەکار بهێنن، تا نەبێتە پەتایەکی تێکڕا و هەمووکەسگر.
دیسانەوە دەگەڕێمەوە بۆ وشەی، “ئحم” ئەم وشەیە وەنەبێت هەر لە ناو کوردی گەرمیاندا کرابێتە باو، هەتاوەکو لە ناو تورکمانەکانی شارۆچکەی کفری و دووز و شاری کەرکوکیشدا تا ڕادەیەک باو بووە. بنواڕە ئەم بەیتە تورکمانییەش کە جاران لەناو ئەو شارانەدا یان لە بیرەوەریی تورکمانەکاندا باو بووە:

“ئێحم دوشمتلارم فەلاحەم”
ئحم! دژمنەکانم جووتیارمن. کاکە، برا، ئەوسا هەموو کەس “ئێحم”ـی
بەکار نەدەهێنا شەڕەنگێزەکان نەبن، لە جێگەی خۆیدا دەیان ئحمان!

ئێستا ناوەناوە، لێرەولەوێ، یەکێک لە حزبەکان ئەحمێنێ لەو لاوە حزبەکەی تر بە دوو “ئێحم” وەڵامی دەداتەوە.
جا تۆ خوا کاکە بیری لێبکەرەوە، ئێمەی خەڵکە زۆرەکە، لە ڕووی کام پێوەرەوە باجی ئحم‌ئحم بدەین؟
ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە هۆشیارانە بیر لە دەرمانی ڕاستەقینەی کۆکە و ئحم‌ئحم بکەینەوە؟
ئەگەر لات وایە هێشتا زووە، ژیرانە بنواڕە میللەتەکەتدا؟
دەبینی چینی ناوەڕاستی میللەتەکەت لە ڕیشەوە وەدەر هاتوون، لە کاتێکدا ئەگەر تەرازووەکە باش هەڵنەسەنگێنرێت،
دەبینیت چینی ناوەڕاست فەرهەنگێکی پێشکەوتووی سەردەمیانە لە تەواوی بوارەکان بەڕێوە دەبات؟
وا بڕوات لەنێو ئێمەی کورددا ئحم‌ئحم خۆش بێت، چینی سازاندەی ناوەڕاست فت! زۆر دەوڵەمەند و خەڵکە زۆرەکەش داماو و هەژار!