حەمەسەعید حەسەن
هونەری سەرچڵی
کەسێک پەیدا نابێت، پێت بڵێ، خۆت بە، هەمووان دەست وەردەدەنە وردەکارییەکانی ژیانتەوە و ڕێنوێنیت دەکەن. مامۆستا هەرچەندە خۆی قوربانییە، خۆی کەسایەتییەکە شێوێنراو، کەچی خۆی بە نموونەی باڵا دەزانێت و دەخوازێت قوتابییەکانی وەک خۆی بن. مامۆستا قوتابییەکانی فێری دووڕوویی دەکات، ئاخر لێ ناگەڕێت خۆیان وا پیشان بدەن، وەک هەن، ناچاریان دەکات خۆیان وا نمایش بکەن، وەک ئەو دەخوازێت. خۆت چۆنیت، وابە! گوڵێکی سروشتیی سیسهەڵگەڕاو بیت، باشترە لەوەی گوڵێکی گەش بیت لە پلاستیک. ناخت چیت پێ دەڵێت، وا بژی، ئەوە دووڕوویییە ئەگەر مل کەچ بکەیت بۆ دابونەریتی باو، یان بۆ گوشاری کەسوکار و مامۆستا و واعیز. دووڕوو مەبە، ڕووی ڕاستەقینەی خۆت پیشان بدە! ئازایەتی ئەوە نییە، خۆت بدەیت بە دەست شەپۆلەکانی زەریاوە، ئازایەتی ئەوەیە، خۆت بدەیت بە دەست شەپۆلەکانی ناخی خۆتەوە.
ژیان بریتییە لەوەی مەترسی ئابڵووقەی دابێت، ئاخر ژیان لە دەوروبەرێکی ئارام و بێ ترسدا، گوڵ ناگرێت، هەر کە لای تۆ ئاسایش باڵی بەسەر هەموو شتێکدا کێشابوو، ئیدی وەکوو گۆمێکت لێ دێت، لە جێیەکی تەسکدا قەتیس بووبێت، ئیدی وزەت لە کار دەکەوێت، نە سەرچڵییەک دەکەیت و نە لەدووی نادیارێک دەگەڕێیت. ژیانێک سەرکێشیی تێدا نەبێت، جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ مردندا نییە، ئەوە نەبێت، نشینگەکەت ڕووناکتر و فراوانترە لە گۆڕ. تا بەسەر شاخدا هەڵنەگەڕێیت، هەست بە گەنجایەتیی خۆت ناکەیت، تا لە مردن نزیک نەبییەوە، ژیانت لەکن خۆشەویست نابێت. ئەوانەی شەیدای وەرزشی مەترسیدارن، لە چەشنی سواربوونی شەپۆل، بەفرەخلیسکێ و هەڵگەڕان بە چیای بەرزدا، هەست بە بەختەوەرییەک دەکەن، هیچ بەختەوەرییەکی ناگاتێ.
بۆچی ئەو خەڵکە بە چیای ئەڤرێستدا هەڵدەگەڕێن؟ بۆ گەیشتن بە لوتکە، بۆ دەربازبوون لە مانەوە لە جێیەکی دیاریکراودا، بۆ ڕزگاربوون لەو بێزارییەی زادەی ژیانێکە تژی لە ڕۆتین، بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو قۆناغەی ئینسانێکی سەرەتایی بووین، وەک مەل و وەک ڕووبار وابووین، نە پارەمان لە بانکدا هەبوو، نە پۆستی باڵامان هەبوو، نە پەرستگە کۆی دەکردینەوە. مەترسی تەنیا بەرەو ڕووی جەستە نابێتەوە، یەخەی ڕۆحیش دەگرێت، کاتێک ئاوەز دەخەیە گەڕ و ئایین دەخەیە ژێر پرسیارەوە، کاتێک ڕێیەکی نوێ دەگریتە بەر و ئیدی ناگەڕێیەوە، بۆ ئەو وێستگەیەی لەمێژبوو لێی جێگیر بوویت.
ژیانێکی ئاسایی مەژی! سڵ لە مەترسی مەکەوە! ئەوە ژیان نییە، خاوەنی ئیشێکی باش و پارەیەکی زۆر بیت، ئەوە ژیان نییە، تووشی هیچ کێشەیەک نەبیت و ڕێزلێگیراو بیت، ئەوە ژیان نییە کە مردیت، کەسانێکی زۆر دوای تەرمەکەت بکەون و ڕۆژنامەکان گرنگی بە هەواڵی مردنت بدەن. ئەوی لە ژیان تێبگات، ئەو شتانە هێندە جێی بایەخی نابن، ئەوە جێی بایەخی دەبێت، بە چاوپۆشین لە مەترسی، شێوازی ژیانی خۆی بگۆڕێت و چی شتە جێگیرەکانە لە گرێژەنەوە دەریانبهێنێت. ئەوە ژیان نییە، هەر کە کەسێکت خۆش ویست، لەڕێی گرێبەستێکەوە ببیت بە موڵکی، خۆشەویستی بکە، بەڵام دایمەبەزێنە بۆ ئاستی هاوسەرگیری. ئیش بکە بەڵام هەموو ژیانت بریتی نەبێت لە ئیشەکەت، ژیانت مەکە بە خۆراکی ڕۆتینی ئیش.
ژیان وا بەسەر ببە، وەک گەمە بێت، چێژی لێ وەربگرە! ئەوپەڕی چێژ لە سەرکێشیدایە، لەم سەرچڵییەوە بچۆ بۆ ئەو سەرچڵی، مل کەچ مەکە بۆ ڕۆتین. مەترسی، بەشێکی هەرە گرنگی ژیانە، سڵ لە مەترسی مەکەوە! ئەوانەی ترس ژیانی داگیر کردوون، خوایش بۆیە دەپەرستن، چونکە لێی دەترسن. کە سوور دەزانیت، مردن هەیە، خۆتی لێ مەشارەوە، بەرەو پیری بچۆ! خۆت فێری هونەری سەرچڵی بکە، هەمیشە بۆ سەرچڵی ئامادە بە! هەر هەلێکت بۆ سەرچڵی بۆ ڕەخسا، لە کیس خۆتی مەدە، ئاخر لە ڕێی سەرچڵییەوە، بە زیندوویی دەمێنینەوە.
*
(1) Osho, Mod – Glädjen i att leva farligt, Översättare: Anita Sandberg, Damm Förlag 2003 Stockholm.

