زیــــــبا تـەهـــــــــــا
پرسی نایەکسانیی ڕهگهزی و نادادپەروەری بەرامبەر بە ئافرەتان لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا، یەکێکە لە قووڵترین و ئاڵۆزترین کێشە مرۆییەکان کە مێژووی مرۆڤایەتی پێش خۆی پهرتکردووە و سەرهڕای هەموو ئەو پێشکەوتنە گەورانەی کە جیهان لە سەدەکانی بیست و بیست و یەکەمدا لە بواری مافەکانی مرۆڤ، دیموکراسی و تەکنەلۆجیادا بەدەستی هێناون، هێشتا وەک واقیعێکی تاڵ و بەردەوام لە زۆربەی کۆمەڵگەكاندا دەبینرێت.
ژیانی کۆمەڵایەتی وەک کایەیەکی فراوان کە پەیوەندییەکان، ڕۆڵەکان، پێگەی خێزانی، دەرفەتەکان و بەها گشتییەکان لەخۆدەگرێت، ڕەنگدانەوەی سەرەکیی ئەم نایەکسانییەیە، بە جۆرێک کە ئافرهتان لە زۆرینەی شوێنەکانی جیهاندا چ لە کۆمەڵگە تەقڵیدییەکان و چ لە وڵاتانی پێشکەوتوودا بە شێوازی جیاواز بەدەست جیاکاریی ڕهگهزییهوه دەناڵێنن. بۆ تێگەیشتن لە ڕەهەندەکانی ئەم کێشەیە، ناتوانرێت تەنها سەیری دۆخی ئێستا و ڕووداوە ڕۆژانەکان بکرێت، دهبێت بە قووڵی بگەڕێینەوە بۆ ئەو سیستەمە فیكری، مێژوویی و کهلتوورییانەی کە بنەمای ئەم جیاکارییەیان داڕشتووە و لە ناو زهنیهتی مرۆڤەکاندا جێگیریان کردووە.
کۆڵەکەی سەرەکیی ئەم چەوساندنەوە و نایەکسانییە بریتییە لە سیستەمی باوکسالاری کە لە مێژوودا وا دیزاینکراوە کە دەسەڵات، بڕیاردان، و سەرچاوە دارایی و مەعنەوییەکان بە تەواوی لە دەستی پیاواندا بنوێنێت، و پیاو وەک بژێوێنەری سەرەکی تەماشا بکرێت، لە کاتێکدا ئافرەت هەمیشە وەک پاشکۆ، کەرەستەی وەچەخستنەوە پێناسە کراوە. ئەم دابەشکارییە تەنها ڕێکخستنێکی کارگێڕی یان کۆمەڵایەتیی سادە نەبووە، بەڵکو بەها و ڕێزی کۆمەڵایەتیی جیاوازی بە هەردوو ڕەگەز بەخشیووە؛ بە جۆرێک کاری پیاو لە دەرەوەی ماڵ هەمیشە خاوەن قورسایی و پێزانین بووە، بەڵام کاری ناوخۆیی ئافرەتان بێبەها یان کەمبەها کراوە و وەک ئەرکێکی سروشتی سەیر کراوە .
ئەم سیستەمە عەقڵییە لە ڕێگەی پرۆسەی بەکۆمەڵایەتیکردنەوە لە تەمەنی منداڵییەوە لە مێشکی تاکەکاندا دەچەقێنرێت، کاتێک کۆمەڵگەكان کچان و کوڕان لەسەر وێنا چەقبەستووەکان پەروەردە دەکەن، کوڕان هان دەدرێن بۆ ئەوەی خاوەن هێز، ئازایەتی، سەرکردایەتی، و سەربەخۆیی بن، لە کاتێکدا کچان فێری ئەوە دەکرێن کە دەبێت هەمیشە گوێڕایەڵ، میهرەبان، شەرمن، و قوربانی خێزان بن، ئەمەش وا دەکات کاتێک کچێک گەورە دەبێت، خۆی وەک بوونەوەرێکی لاوازتر یان کەمتر لە پیاو ببینێت و بوارە کۆمەڵایەتی و گشتییەکان بۆ پیاوان چۆڵ بکات.
ڕەهەندە مەترسیدارەکانی تری نایەکسانی لە قالبدانی جۆرەها توندوتیژیی جەستەیی، دەروونی، و کۆمەڵایەتیدا دەردەکەون کە ڕاستەوخۆ ژیانی ئافرەتان دەخەنە ژێر هەڕەشەوە، بۆ نموونە توندوتیژیی خێزانی و لێدان و سووکایەتیپێکردن هێشتا لە زۆر ماڵدا وەک مافێکی پیاو بۆ تەمبێکردنی هاوسەرەکەی سەیر دەکرێت. خراپتر لەوەش، دیاردەی کوشتن به ناوی شەرەفە، کە تێیدا ئافرهت تەنها بەهۆی گومان یان هەڵبژاردنی شێوازی ژیانی خۆی، دەبێتە قوربانیی تێگەیشتنە چەوت و دواکەوتووەکانی کۆمەڵگه بۆ چەمکی “ناموس”، لە کاتێکدا پیاوان لە کاتی ئەنجامدانی هەمان هەڵسوکەوتدا نەک سزا نادرێن، بەڵکو زۆرجار وەک نیشانەی هێز سەیر دەکرێن. دیاردەیەکی تری کۆمەڵایەتیی نەرێنی، هاوسەرگیریی پێشوەختە و بەزۆرەملێی کچانی منداڵە، کە بە تەواوی مافی خوێندن، گەشەکردنی سروشتی و هەڵبژاردنی هاوبەشی ژیان لە کچان زەوت دەکات و ئەوان لە تەمەنێکی بچووکدا دەخاتە ناو کایەی هاوسەری و دایکایەتییەوە کە لە ڕووی جەستەیی و دەروونییەوە بۆی ئامادە نین، ئەمەش دەبێتە هۆی پچڕانی پەیوەندییان بە پرۆسەی پەرەپێدانی کۆمەڵایەتیی دروستەوە و هێشتنەوەیان لە بازنەی نەزانی و پشتبەستندا.
بێبەشکردنی ئافرهتان لە مافی میرات و خاوەندارییەتی زەوی و خانوو، کە لە زۆرێک لە کۆمەڵگهکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەهۆی دابو نەریتی خێڵەکییەوە پەیڕەو دەکرێت بۆ ئەوەی سەروەتی خێزانەکە نەچێتە دەرەوە، زیاتر پێگەی کۆمەڵایەتیی ئافرەت لاواز دەکات، چونکە ئافرهتێك کە خاوەنی سەرچاوەی دارایی سەربەخۆ نەبێت، هەمیشە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە پاشکۆ و گوێڕایەڵی باوک، برا، یان هاوسەرەکەی دەبێت و ناتوانێت بڕیاری سەربەخۆ لەسەر چارەنووسی خۆی بدات. دەرهاویشتە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەم دۆخە نادادپەروەرە زۆر مەترسیدارن، چونکە کاتێک ئافرهتان لە ناو ژینگەیەکی سەرکوتکار و پڕ لە جیاکاریدا دەژین، زیاتر تووشی نەخۆشییە دەروونییەکانی وەک خەمۆکیی درێژخایەن، دڵەڕاوکێی توند، و کەمبوونی متمانە بەخۆبوون دەبن، تەنانەت ئەگەر لە داهاتوودا دەرفەتی ئازادی و گەشەکردنیشیان بۆ بڕەخسێت، بەهۆی ترس و ڕاهاتن لەسەر ژێردەستەیی، بوێری گۆڕانکاری ناکەن.
بۆ بنبڕکردنی ئەم کێشە قووڵ و مێژووییە، پێویستە ستراتیژێکی هەمەلایەنە پەیڕەو بکرێت کە لە چەندین قۆناغی هاوتەریب پێکهاتبێت، سەرەتا پێویستە چاکسازیی یاسایی بکرێت و یاساکان ببنە قەڵغانێکی ڕاستەقینە بۆ پاراستنی کەرامەت و مافی ئافرهتان لە ڕێگەی سزادانی توندی توندوتیژیی خێزانی، قەدەغەکردنی هاوسەرگیریی پێشوەختە، و چەسپاندنی سیستەمی کۆتا بۆ گەرەنتییکردنی دەنگی ئافرهتان لە پەرلەمان و ناوەندەکانی بڕیارداندا. لە پاڵ یاسادا، پێویستە شۆڕشێکی پەروەردەیی لە پڕۆگرامەکانی خوێندندا بکرێت بۆ ئەوەی لە باخچەی ساوایانەوە منداڵان لەسەر بنەمای یەکسانیی تەواو و ڕێزگرتن لە مرۆڤایەتیی یەکتر پەروەردە بکرێن. هاوکات دەزگاکانی ڕاگەیاندن، دراما و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبێت لە بری پیشاندانی وێنای باوی ئافرهت وەک بوونەوەرێکی لاواز یان کاڵایەکی جوانکاری، مۆدێلی ئافرهتانی سەرکەوتوو، زانا، و سەرکردە نیشانی کۆمەڵگه بدەن و پیاوانیش لەم پرۆسەی هۆشیارکردنەوەیەدا بەشدار بن تا تێبگەن کە یەکسانیی ئافرهت هەڕەشە نییە بۆ سەر ئەوان، بەڵکو بنەمایەکە بۆ بنیادنانی خێزانێکی تەندروست و ئارام.
لە کۆتاییدا، نایەکسانیی ئافرەتان تەنها کێشەیەکی تایبەت بە ڕەگەزێک نییە، دۆسیەیەکی گشتیی مرۆڤایەتی و ئەخلاقییە، و تا ئەو کاتەی ئافرهتێک لە سووچێکی ئەم جیهانەدا بەهۆی ڕەگەزەکەیەوە بچەوسێنرێتەوە و لە مافە کۆمەڵایەتییەکانی بێبەش بێت، تەواوی مرۆڤایەتی ناتوانێت بانگەشەی ئازادی، دادپەروەری، و شارستانیبوونی ڕاستەقینە بکات، چونکە ڕزگاری و پێشکەوتنی کۆمەڵگه ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە ئازادی و یەکسانیی ئافرهتانی ئەو کۆمەڵگهیەوە.

