فازڵ میرانی
١ـ ٢
ئێمە یەک لە کۆنترین بزووتنەوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستین. بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی و خاوەن ناسنامەیەکی نیشتمانی و سیاسیین؛ بەو مانایەی، کە لە چوارچێوەی تایبەتمەندییەکانی خۆماندا لە عێراق کار دەکەین. لەوێشدا مێژوویەکی سیاسیی دوورودرێژمان هەیە، کە جارێک وەک ئۆپۆزسیۆن و جارێکی دیکەش وەک بەشدار لە دەسەڵاتدا بووین.
بەشداریمان لە حوکمڕانیدا کردووە و دژایەتی دەسەڵاتیشمان کردووە؛ خاوەن دیدگایەکی واقیعبینانەین و لەوانە نین کە تەنها بەدوای شکۆمەندییەکانی ڕابردوودا بگەڕێین، هەرچەندە لە مێژوودا خاوەن پێگەی گرنگ و قەڵەمڕەوی حوکمڕانی بووین، بەڵام ئێمە لە ئێستادا کار دەکەین و خۆمان بۆ داهاتوو ئامادە دەکەین. ئێمە زۆر باش لە جوگرافیا و ئەو هەمەجۆرییە نەتەوەیی، فکری و مەزهەبییەی کە لەسەریەتی تێدەگەین. واقیعەکە ئەمەیە و هەر بەم شێوەیەش بووە.
لە ڕابردوودا، وەک ئێستا و ڕەنگە لە داهاتووشدا، زۆرجار ڕا و نووسین گەلێک دەرکەوتوون کە بە دیدگایەک سەیری کاروباریان کردووە کە پێچەوانەی گێڕانەوەی ئێمەیە بۆ ئەو ململانێیەی تێیدا ژیاوین و دەژین؛ دیدگایەک کە هەڵگری کولتوورێکی جیاوازە، دیدگایەکی تریش کە لە کولتووری ئەوانە دەچێت کە نەیار و دوژمنمان بوون. کاتێکیش دەڵێم دوژمن، مەبەستم لە هەر بڕیارێکە کە بووبێتە هۆی هێرشکردنە سەر گەلەکەمان لە ڕووی ئابووری، ئەمنی و سەربازییەوە،
هەروەها مەبەستم لە هەر بڕیارێکە کە بەڵگنامەی دەستکرد بۆ دژایەتیی ڕاستی و مافەکانمان دروست دەکات.
ئێمە ڕێز لە هەر بیرکردنەوەیەکی ڕەسەن و هەر فکرێک دەگرین کە لەسەر بنەمای تەنها دەنگدانەوە و دووبارەکردنەوەی بێ وردبوونەوە و بێ پشکنین دروست نەبووبێت؛ ئەم جۆرە فکرە، ئەگەر ئامادەیی نیشان بدات بۆ گوێگرتن و گفتوگۆ، ئەوا ئێمە ڕێزی لێ دەگرین ئەگەر حاڵەتێکی تەکامولی کۆمان بکاتەوە. سروشتی کاری سیاسی، بەتایبەت لە سایەی تێگەیشتنی سیاسیی باو و لەژێر سێبەری ئەو نموونە حوکمڕانییەی لە ناوچەکەماندا باوە -کە ناوچەیەکە وێڕای ئێمە، هێزێکی زۆری ئۆپۆزسیۆنی تێدایە- سروشتێکی سەخت و ئاڵۆزە. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە “میزاجی دەسەڵات” یاسا و هەوڵە ئیجتیهادییەکان بە جۆرێک بەرهەم دەهێنێت کە ئامانجەکەی تەنها درێژەدان بێت بە مانەوە لە حوکم؛ بڕیاری لەو شێوەیەش، چەمکی “حوکمڕانی” لە ئەرکێکەوە دەگۆڕێت بۆ چەمکی “خاوەندارێتی”.
ئێمە نامانەوێت پرسیاری گریمانەیی بخەینە ڕوو، چونکە وەڵامەکانیشیان هەر بە گریمانەیی دەمێننەوە. بەڵام کارێکی بێ زیان و تەنانەت پێویستیشە -کە هەمیشە کردوومانە- ئەگەر پێداچوونەوەیەکی ورد و بەردەوام بە ئەدای سیاسیی خۆمان و ئەدای هاوبەشمان لەگەڵ دەسەڵاتدا بکەین، چ وەک ئۆپۆزسیۆن، یان وەک بەشدار لە دەسەڵات، یان وەک لایەنێکی خاوەن تێبینی. لە عێراقدا، هەروەک چۆن لە کات و قۆناغی جیاوازدا چووینەتە ناو ململانێ و جەنگی جۆراوجۆرەوە (ئابووری، ڕۆشنبیری، ئەمنی، سەربازی و سیاسی)، بە هەمان شێوەش چووینەتە ناو گفتوگۆ و ئاگربەست و ڕێککەوتن و پەیماننامەی جیاوازەوە.
بەڵام لە درێژەی مێژووی پەیوەندییەکانماندا، هیچ کاتێک نەبووینەتە پاشکۆی فکری سیاسیی حزبیی هیچ لایەنێک؛ ئەمەش تەنها لەبەر پەرۆشیمان بۆ پاراستنی تایبەتمەندی و سەربەخۆیی بڕیارەکانمان نەبووە، بەڵکوو لەبەر ئەوەی بڕوای تەواومان بەو ئازادییەی فکر و کارکردنە هەیە کە دیموکراسی و ڕێساکانی یاسای دادپەروەر و مافەکانی مرۆڤ چوارچێوەیان بۆ کێشاوە، پێش هەموو ئەمانەش، قورئانی پیرۆز گوتوویەتی.
بزووتنەوە و حزبەکەمان ئەوەی لە توانادا بووبێت لە مێژووی ململانێکان دۆکیۆمێنتیان کردووە. مێژووی شۆڕشەکانمان بۆ زۆر کەس، چ سیاسی و چ کەسایەتی سەربەخۆ، بووەتە جێی شۆک، ئەوەش بەهۆی جیاوازیی ئاستی هۆشیارییەوە؛ چونکە بەشێکیان پێیان وابوو وەستانەوە بەڕووی دەسەڵاتدا کارێکی پڕ مەترسی و پڕتێچوو و ئازاربەخشە. ئەو کەسانە پرسیارێکیان ئاراستەی دەسەڵات نەکرد، ئەگەر لە دەسەڵاتیشیان نەپرسیبێت، لانی کەم لە خۆیان نەپرسی: ئەمە چ جۆرە دەسەڵاتێکە کە هەر ئەوەندەی ناڕەزایەتیت بەرامبەری هەبێت، ڕووبەڕووی مەترسیی دەستگیرکردن، زیندان، دوورخستنەوە، لەسێدارەدان یان مەنفا دەبیتەوە؟ لێرەشەوە پرسیارێک دێتە پێش: ئەو بنەما و پاڵپشتە یاساییە چییە کە دەسەڵات لە ڕووبەڕووبوونەوەی نەیارەکانیدا پشتی پێ دەبەستێت؟
بە گەڕانەوە و لێکۆڵینەوە لە وەڵامی دووەمیان، وەڵامی هەردووکیان پێکەوە دەردەکەوێت: ئەویش بریتییە لە داتاشینی کۆمەڵێک ڕێسای یاسایی کە چەمکی “ماف” بە جۆرێک دووبارە لێکدەدەنەوە کە پێچەوانەی ڕاستی و ناوەرۆکەکەی بێت، گۆڕینی چەمکی “تاوان” بۆ ئەوەی ببێتە مافێک بۆ دەسەڵات. بچنەوە سەر بڕیارە سزاییەکانی “ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش”ی هەڵوەشاوە، دەبینن کە کەلێنێکی فکری لە عەقڵییەتی حوکمڕاندا هەیە (نەک تەنها لە نموونەکەی پێشوودا، بەڵکو لە هەر ئاراستەیەکی دەسەڵاتدا کە وا لە حوکمڕانی تێگەیشتبێت کە دەستکەوتێکە و نابێت دەستی لێ هەڵبگیرێت)؛ ئەم کەلێنە کار دەکات بۆ یاساییکردنی هەرچییەک کە خۆی بییەوێت، و یاساییکردنی هەر ناڕەزایەتییەک بۆ ئەوەی بیکاتە تاوانێکی داهێنراو کە سزا بەدوای خۆیدا بهێنێت.
شەرعییەتی شۆڕشگێڕی، ڕەوایی و قبوڵکراویی خۆی تەنها لای جەماوەری ژێردەست لەدەست نادات، بەڵکوو لای بەشێک لە کارمەندانی ناو خودی دەزگای حوکمڕانیش دەیدۆڕێنێت؛
لای ئەو کەسانەی کە هۆشیارییان وایان لێ دەکات پەرچەکردارە سروشتییەکان بەرامبەر ئەو بڕیارانە ببینن کە چۆڵن لە دانایی و ئەنجامی دروست. هەر بۆیە، بگەڕێنەوە بۆ لیستی دوورخراوەکان، دەستگیرکراوەکان و ئەو قوربانییانەی ناو دەسەڵات کە بە دەستی دەسەڵات خۆی و بەهۆی ئەو جۆرە بڕیارانەوە تیاچوون.
بۆ ئەوەی ناونیشانی وتارەکە (ڕەخنەگرتن لە ئەدای خودی) مافی خۆی وەربگرێت، دەپرسم: ئایا ئێمە لەناو ململانێکاندا بێلایەن وەستاین؟ ئایا ئێمەش هەمان ئەو ڕەفتارانەمان ئەنجام دا کە دژایەتی ئەو کەسانەمان دەکرد کە پەیڕەویان دەکرد؟ نەخێر، ئێمە بێلایەن نەبووین و لە بەرەی بڕیاری هەڵەشدا نەبووین، بەڵکو هیچ دەرفەتێکی ئامۆژگاریکردن و هیچ هەوڵێکی قایلکردنمان لەدەست نەداوە بۆ ئەوەی دەسەڵات لە فکرە زیانبەخشەکەی پاشگەز بکەینەوە؛ هەمیشە ئامۆژگاریمان کردوون و هەوڵی قایڵکردنمان داون.
ئێمە ڕەفتارە ئازاربەخشەکانی دەسەڵاتمان پەیڕەو نەکرد و چەمکی حوکمڕانیی داخراومان نەچەسپاند؛ ئێمە کار دەکەین و کارمان کردووە لەسەر ئاراستەیەکی حزبی کە بەردەوامیی کارەکانمان مسۆگەر بکات بەبێ ئەوەی مافی کەسانی تر بەرتەسک بکاتەوە. هەر لەو ڕوانگەیەشەوە، هەوڵی بونیادنانی ئەزموونێکی حوکمڕانیمان داوە کە تێیدا دامەزراوەکانی دەسەڵات نەکەونە ژێر مەترسیی هەڵسوکەوتی حزبییەوە، بە جۆرێک کە ئەو دامەزراوانە تەنها بۆ سوودی گشتی و ئەو ئامانجانە کار بکەن کە دامەزراوەکانی یاسادانان، دادوەری و جێبەجێکردنی بۆ دامەزرێنراوە.
ئەم باسە، درێژەی هەیە…

