رۆژنامەی ھەولێر

شێواندنی ئامانجی حکوومەت

فازڵ میرانی
یاسا، کەسایەتییەکی مەعنەوی بۆ حکومەت خوڵقاندووە کە لە چەمکی گشتیی کەسایەتیی مەعنەویی دەوڵەتەوە سەرچاوەی گرتووە؛ ئەمەش بە مەبەستی جیاکردنەوەی حکومەت لە “کەسایەتیی سروشتی” لە دیدی یاسادا، چونکە کەسایەتیی سروشتی تەنیا مرۆڤی ئاسایی دەگرێتەوە. لەبەر ئەوەی جیاوازییەکی ڕیشەیی لە نێوان ڕۆڵی تاک و ڕۆڵی دەوڵەت و دامەزراوەکانیدا هەیە -بە تایبەت لە پرسی پاراستنی سەقامگیری و ئاراستەکردنی کارەکان بەرەو خزمەتگوزاری چوارچێوەیەکی یاساییی تۆکمە داڕێژراوە و بەسەر
ئۆرگانەکانی دەوڵەتدا دابەش کراوە. لەو هەوڵە یاسایی و بایەخە فیکرییەوە ئەوە تێدەگەین کە ئەم دەزگایانە، بەپێی سروشتی کارەکانیان، لەسەر بنەمای “پێویستی”
دروست بوون نەک “ئارەزوو”. ئەم پێویستییانەش وا دەخوازن کە پەیکەربەندی و میکانیزمی کارکردن، کارێکی یاسایی، سەرکەوتوو و بەردەوام بن و هەموو
کارەکانیشیان بکەوێتە ژێر چاودێری و هەڵسەنگاندن؛ چونکە ئەم دەزگایانە مافی سکاڵا و دادگاییکردنیان هەیە و دەشکرێت ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە. هەرچەندە زۆرینەی نموونەکانی حوکمڕانی لە دەستوەردان و پشکپشکێنەی حزبی بەدوور نین، بەڵام دەرئەنجامەکە پەیوەستە بە ئاستی تێگەیشتنی کادیرانی حزب و سیاسییەکان بۆ چۆنیەتیی گۆڕان و بەشداری لە نوێنەرایەتیی جێبەجێکردندا؛ ئەمەش بە ڕەچاوکردنی بوونی بەربەستە یاسایییەکان کە ڕێگرن لەوەی ئامانج لە بوونی وەزارەت یان دامەزراوەیەک (وەک قەوارەیەکی مەعنەوی) بگۆڕدرێت بۆ موڵکێکی تایبەت و لە دەستی دەوڵەت دەربهێنرێت، یان ببێتە موڵکێکی ناوچەیی و لە چوارچێوەی یاسا بچێتە دەرەوە. دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ و کشانەوەی ئیدارەی دەسەڵاتی ناوەندی لە کوردستان، بەهۆی تێگەیشتنمان بۆ یاسای کارگێڕی، بە خێرایی هەنگاومان نا بۆ پێکهێنانی حکومەت لە دوای دامەزراندنی پەرلەمانی کوردستان. بەدەر لە بابەتی فرەچەشنیی سیاسی، داواکاریی سەرەکی گەڕاندنەوەی کاروباری گشتی بوو بۆ سەر ڕێڕەوە ڕاستەقینەکەی؛ چونکە هزری کارگێڕی تا ئەمڕۆش هیچ بەدیلێکی بۆ حکومەت نەخوڵقاندووە لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیدا. ئیرادە و حوکمڕانی و یاسادانان دابڕاو نین لە پسپۆڕی،هیچ کامیشیان لە مەترسیی گەندەڵی بەدوور نین. هەر بۆیە یاسا سزای توندی بۆ هەر کارێک داناوە کە پێشێلی دەستوور و “نەزمی گشتی” بکات. وێناکردنی ئەم دیمەنە ئەستەم نییە ئەگەر بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگە بخەینە چەق و لە بەرامبەریشیاندا دەزگاکانی دەوڵەت و چاودێریی یاسایی هەبن، تاوەکو پڕۆسەکە بە شێوەیەکی سروشتی گەشە بکات و دەزگاکان بە پسپۆڕی و بەپێی یاسا بەڕێوە بچن.
بەڵام بە پێچەوانەی ئەمەوە، هەر لادانێک دەبێتە “تاوان”؛ ڕەنگە بێدەنگی لێ بکرێت، بەڵام ئەمە خەتایەکە کە دەنگدەر لۆمە دەکرێت تێیدا و سزایەکە بەرۆکی ئەنجامدەرەکەی دەگرێتەوە. زۆر جار دەبینرێت کە دەزگایەک لە ئامانجە ڕەسەنەکانی خۆی لادەدرێت بەرەو ئامانجی کەسی؛ لێرەدا فەرمانبەر —پلەکەی هەرچی بێت— دەبێتە جێی تۆمەت، چونکە بووەتە هۆی زیان. ئەم زیانەش بە ژمارەی کەسەکان ناپێورێت، چونکە ئەگەر بە ئەنقەست زیان تەنانەت بە یەک تاکیش بگات، ئەوا ڕەگەزەکانی تاوان تەواو بوون و لێرەدا سکاڵا لەسەر تەواوی دەزگاکە دەکرێت، مادام هەڵەکە بە واژۆی فەرمی بووە.
ئەم کەموکووڕییانە پێویستییان بە قەیران نییە تا دەربکەون، چونکە حکومەت لە پەیوەندییەکی خزمەتگوزاریی بەردەوامدایە لەگەڵ خەڵک؛ بۆیە یان دەبێت ئەرکەکەی بپێکێت یان کەمتەرخەم دەبێت. لێرەدا پێویستە بە پەلە چارەسەر بکرێت، نەک دامودەزگاکان بکرێنە دەستکەوت و غەنیمە؛ جارێک بە پەنابردنە بەر هێزێکی سیاسی بۆ داپۆشینی هەڵەکان و جارێکی تریش بە فێڵکردن لە دەقە یاسایییەکان.