بـــــژار حــــەکیم
نووسین پرۆسەیەکی ئاڵۆزە و پێویستی بە دیقەتی باش و ورد هەیە، لە هەموو بوارەکاندا نووسەر یان ئەو کەسەی لە کایە جۆراوجۆرەکاندا بابەت دەنووسێ، دەبێت شارەزایی باشی هەبێت و بە زمانێکی پوخت پەیامی نووسینەکەی بداتە خوێنەر.
خۆسێ ساراماگۆی پورتووگالی، خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ، لە بارەی نووسینەوە باوەڕی وایە، کە باشترین ئامۆژگاری بۆ نووسەر “خوێندنەوە”یــە. نووسین رێگەیەک یان پرۆدەیەکی کاریگەرە بۆ دەربڕینی هەست و بیرۆکەکانی مرۆڤ و تێگەیشتن لە خوود، لە سەردەمیی هاوچەرخدا چارەسەرکردن بە نووسین بەهێزی نووسین ناسراوە، بە رێگەیەکی کاریگەر دادەنرێت، بۆ کەمکردنەوەی گوشارەکانی سەر دەروون و دەربڕینی هەستە نەرێنییەکان. نووسین شێوازێکی ئاخاوتنە بەرهەمەکەی پێی دەگوترێت دەق، فەرهەنگی دیکەش هەن رێکەوتوون لەسەر ئەوەی بەرهەمی نووسین پێی بگوترێت دەق. زۆر لایەن و ناوەندیی ئەکادیمی پێناسەی دیکەیان بۆ نووسین یان پرۆسەی تێکست هەیە.
نووسین شێوازێکی تایبەتی دەربڕینی مرۆڤە کە هەندێ یاسا و رێسای هەیە، لەلای بێرتراند ڕەسڵ سەرچاوەی نووسین لە قسەکردنەوە نەهاتووە، بەڵکو لە وێنەکردنەوە هاتووە، بە بەڵگەی ئەوەی کەوا هەندێک زمان تائێستاش پیت و کارەکتەری نووسینیان هەر بە وێنەیی ماوەتەوە. نووسین خستنەڕووی زمانە بەشێوەی نووسراو، بەهۆی کۆمەڵێک پیت و هێماوە دەخرێتەڕوو، نووسین بۆ یەکەمجار نزیکەی چوارهەزار ساڵ بەر لە زایین لە شاری سۆمەر، بەهۆی زۆر پێویستبوون بە کاروباری ژمێریاریی دروستبوو. نووسین کات و ساتێکی دیاریکراوی نییە دەکرێت بەشێویەکی ئاسان و سادە، بە بەکارهێنانی پەڕەیەک و پێنووسێک ئەوەی مەبەستتە بینووسیت.
نووسین دەبێت لە سەرەتاوە تا کۆتایی، ڕێڕەوێکی دیارییکراوی هەبێت و بازدانی تێدانەبێت، تاوەکو مرۆڤ بتوانێت حاڵی ببێت لە نووسینەکە، هەروەک چۆن لە قسەکردندا نابێت لە بابەتێکەوە باز بدەین بۆ بابەتێکی دیکە، بەو مانایەی رێچکەی نووسین دەبێت بە ماناو ئامانجدار بێت و نووسەر بتوانێت ئەو بابەتەی هەڵیبژاردووە بە رێکوڕەوانی بگەیێنێتە خوێنەر. نووسەری بەنێوبانگ عەباس عەقاد دەربارەی نووسین دەڵێت: ئەگەر بۆ چەند دێڕێکی کەم کە دەینووسیت، چەند سەد لاپەڕەیەک نەخوێنیتەوە لەسەر هەمان بابەت، ئەوا شتێکی باشت نەکردووە. لەنێوان هەموو داهێنانەکانی مرۆڤدا نووسین بە گەورەترین داهێنان دادەنرێت، چونکە مێژووی دروست کرد.
نووسین هونەرێکە، کە نووسەران لەڕێگەیەوە بە پلەوپایەی بەرز و شکۆدار گەیشتوون. لەبارەی نووسینەوە ئەندرۆر رۆبینسۆن لە پێناسەکردنێکی تازەدا دەنووسێت: پێناسەی زانستی و لۆژیکیانە بۆ پرسیاری نووسین چییە؟ دەکرێت ئەوە بێت، کە نووسین شێوەی نووسراوی زمانە، بەڵام نووسین و داڕشتن، هەزاران پێناسەی لۆژیکی و نەبیستراو و جۆراجۆری دیکەی هەیە، بۆ نووسەرێک کە ئەو پێناسانەی سەرەوە بیگرێتەوە، نووسین هەر تەنیا بابەتێکی کەسی نییە، بەڵکو پرسێکی کۆمەڵایەتییە، کەواتە تەنیا بۆ خۆی نانووسێت و بۆ خەڵک و خوێنەر دەنووسێت، پەیامی هەیە و دەبێ بیگەیێنێت.
نووسین ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە، ئەوەی دەنووسێ دەبێ هەست بەو ئەرکە بکات و دواتر بنووسێت، لە نووسیندا ئامانجی دیاریکراو هەیە، ئەگەر ئەو ئامانجە نەبوو لە نووسیندا، دەبێتە قسەی سواو لەشێوەی داڕشتن، ئاخر نووسینی بێکەڵک، وەک خواردنی بێتام و بەسەرچوو وایە، تاوانە نووسینی خراپ و بێئامانج دەرخواردی خوێنەری جیددی بدرێت.

