رۆژنامەی ھەولێر

پلاتفۆرمێک بۆ دیالۆگی دیپلۆماسی لە کاتی قەیرانەکاندا

ئاشنا بابان
لەژێر ڕۆشنایی ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەی لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا ڕوودەدەن، پێویستی بە پلاتفۆرمی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن هەیە، بەتایبەتی لە ئێستادا. کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا وەک یەکێک لە دیارترین پلاتفۆرمەکانە کە هەوڵدەدات سەرکردەکان، بڕیاردەران و پسپۆڕان لە سەرانسەری جیهان کۆبکاتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسە نێودەوڵەتییەکانی ئێستا و دۆزینەوەی ڕێبازی هاوبەش بۆ ئاستەنگە ئاڵۆزەکان.
لە جیهانێکدا کە قەیرانەکان بەرەو هەڵکشان دەچن و جەمسەرگیری نێودەوڵەتی چڕتر دەبێتەوە، پێویستی بە پلاتفۆرمگەلێکە کە توانای زیندووکردنەوەی دیالۆگ و کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان گەلان هەبێت. لەم چوارچێوەیەدا، کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا گرنگییەکی زیاتر بەدەست دەهێنێت وەک یەکێک لە کۆڕبەندە نێودەوڵەتییە پێشەنگەکان کە هەوڵدەدات ئەکتەرە سیاسی و دیپلۆماسییەکان لە دەوری یەک مێز کۆبکاتەوە. هەروەها ئامرازێکی دیپلۆماسی مۆدێرنە کە ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییەکانە بەرەو سیستەمێکی نێودەوڵەتی فرەجەمسەری، کە هێزی نەرم لەگەڵ ستراتیژییەکانی پاراستن تێکەڵ دەکات بۆ بەدەستهێنانی هاوسەنگی لە ژینگەیەکی نێودەوڵەتی سەقامگیردا.
کۆڕبەندەکە لە ساڵی ٢٠٢١ لەسەر دەستپێشخەری وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دامەزراوە و وەک فەزایەکی کراوە بۆ گفتوگۆی فرەلایەنە کاردەکات، کە سەرۆکی دەوڵەتان، وەزیرانی دەرەوە، پسپۆڕان و ئەکادیمیستەکانی سەرانسەری جیهان کۆدەکاتەوە. لە سەرەتای دامەزراندنیەوە، کۆڕبەندەکە بە سەرکەوتوویی خۆی وەک سەکۆیەکی ساڵانە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسە نێودەوڵەتییە زەقەکان جێگیر کردووە؛ لە ململانێ چەکدارییەکانەوە تا قەیرانە ئابوورییەکان و تەحەددیاتی کەشوهەوا.
گرنگیی کۆڕبەندەکە لە تێپەڕاندنی چوارچێوە دیپلۆماسییە تەقلیدییەکانەوە سەرچاوە دەگرێت و مۆدێلێکی نەرم بۆ گفتوگۆی سیاسی لە کاتی قەیرانەکاندا پێشکەش دەکات. هەروەها وەک ئامرازێکی هێزی نەرم کاردەکات کە وڵاتان دەتوانن لێیەوە ئامادەیی نێودەوڵەتی خۆیان بەرز بکەنەوە و تۆڕێکی پەیوەندی لەسەر بنەمای گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن بنیات بنێن. جگە لەوەش، دەرفەتێک دەدات بە دەوڵەتە بچووک و مامناوەندەکان بۆ گرنگیدان بە بەرژەوەندییەکانی خۆیان و بەشداریکردن لە داڕشتنی گفتوگۆ نێودەوڵەتییەکان، لە چوارچێوەی سیستەمێکی جیهانیدا کە چیتر تەنها دۆمەینی تایبەتی زلهێزەکان نییە. بە سەرنجدان بە دابەزینی کاریگەریی هەندێک لە دامەزراوە نێودەوڵەتییە تەقلیدییەکان، کۆڕبەندەکە فەزایەکی نافەرمی دابین دەکات کە ڕێگە بە ئاڵوگۆڕی ڕاشکاوانەی بیروڕاکان دەدات.
بەشداریی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی لە چەند دانیشتنێکی مەکۆی ئەنتالیا، جەخت لە گرنگیی وتووێژ لە چارەسەرکردنی ململانێ ناوچەییەکان و پێویستیی پتەوکردنی سەقامگیری لە عێراق و ناوچەکە دەکاتەوە؛ بەتایبەتی هەرێمی کوردستان و پشتیوانیکردن لە هاوکاری نێودەوڵەتی لە بوارەکانی ئاسایش و ئابووریدا، کە گوزارشت لە ڕۆڵی هاوسەنگی هەرێم لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا دەکات.
لەکۆتاییدا، ئەم کۆڕبەندە لەڕووی ستراتیژییەوە ڕەنگدانەوەی ڕەوتی نێوان وڵاتانە بەرەو پاراستن و هاوسەنگکردنی پەیوەندییەکان، بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانیان بکەن بەبێ ئەوەی بەتەواوی لایەنی جەمسەرێکی دیاریکراو بگرن. ئەم کۆڕبەندە تەنها کۆبوونەوەیەکی دیپلۆماسی نییە، بەڵکوو ئامرازێکە بۆ بەڕێوەبردنی هاوسەنگییە نێودەوڵەتییەکان و بنیاتنانی لێکتێگەیشتن لە جیهانێکی گۆڕاودا.

مامۆستای زانستە سیاسییەکان