عارف ڕوشدی
ڕەوا نییە گلەیی لە ناحەزانی بێگانەی کورد بکرێت؛ هەرچی لە دەستیان هاتووە و هەرچییەکیان لەدەست بێت لە ستەمکاری دەرحەق بە گەلەکەمان کردوویانە و دەیکەن، چونکە ئەوان بە ئاشکرا داگیرکەر و چەوسێنەرن، بۆیە ڕەوا نییە یەخەیان بگرین.
ئەوەی لادەرە کوردیزمانەکان دەیکەن لە بواری مراندنی هەستی کوردبوون و بێشەرمانە گەرمکردنی بازاڕی پڕوپاگەندە بۆ ڕەوایەتیدان بە مەبەستە گڵاوەکانیان، زۆر ئازاربەخشترە و زیاتر هاندەرە بۆ ئەوەی ناحەزان پلانەکانیان جێبەجێ بکەن.
هەر لادەرە کوردیزمانەکان بوون داوای بڕینی بودجە و مووچەی خەڵکی کوردستانیان کرد! هەر ئەوان بوون کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیان بەمڕۆ گەیاند، کە ڕێژەی کورد لە کەرکووک بەرامبەر پێکهاتەکانی عەرەب و تورکمان ببێتە کەمینە و تا دێت دامودەزگا ئیداری و ئەمنییەکان لە بەرپرسی کورد دابماڵدرێن!
هەر ئەوانن بەردەوامن لە تێکدانی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی پێکهاتە سیاسییەکانی کوردەواری و دەستبەکارنەبوونی پەرلەمان و کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان!
هەر ئەوانن شێلگیرانە کار دەکەن بۆ سڕینەوەی ناسنامەی سیاسی و یاسایی هەرێمی کوردستان و زاڵکردنی داشی (ناوەندێتیی بەغدا). هەر ئەوانن سڵ ناکەنەوە لە هەراجکردنی دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستان، تەنیا بۆ تێرکردنی خواستە نەگریسەکانیان لە وەرگرتنی کورسیی شکاوی بەرپرسیارێتی و پڕۆژەی خۆدەوڵەمەندکردن.
مەترسییەکانی ئاراستەی پۆپۆلیستیی بەئەژنۆداهاتووی کوردیزمان، لەبارەی گرفتارکردنی پرسی ڕەوای گەلەکەمان، زۆر کاریگەرتر و مەترسیدارترە لە ناحەزە شۆڤێنییەکانی بەغدا؛ بۆیە هەق نییە کەس ڕووی گلەیی بکاتە حوکمڕانانی ئەمڕۆی بەغدا، کاتێک کوردیزمانەکان خۆیان بوونەتە کەواسووری بەر شاڵاوی ستەمکاری.

