رۆژنامەی ھەولێر

ئارامگریی كورد، نیوسەعات پێش بانگی ئێوارە

مەشخەڵ كەوڵۆسی
جەنگی ئەمجارە، جەنگێكی چارەنوسسازە، جوگرافیا كەبەردەوام نەفرەتی هێناوە بۆ كورد، ئەمجارەش تێكەڵەیەك لە نەفرەت و ئاگری هێناوە، بەجۆرێك كوردی خستۆتە نێو دوو بەرداشی بەئازارەوە، یان وەك ئەوەی بڵێیت: كورد كەوتۆتە ناو كێڵگەی مین و، پێویستە چركە بەچركە و جوڵە بەجوڵەی بەوپەڕی هەستیاری و بەوپەڕی وریایی و بەحسابێكی ورد، بەرێتە پێشەوە.
هەر لەسەرەتاوە سەركردایەتی سیاسی كوردستان، ژیرانە و بەرپرسانە، هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند و، لە هەردوو ئاستی فەرمی و لەئاستی شەقامدا، كورد گوتی: ئەم جەنگە جەنگی ئێمە نیە و، بەهەموو توانامانەوە خۆمان بەدووردەگرین لە لایەنگری كردنی وڵاتانی بەشدار لەم جەنگەدا.
چاوەڕوانی كورد ئەوەبوو وەكو خۆی وەڵام بدرێتەوەو، مادەم كورد بێلایەنی هەڵبژارد، ئیتر پارێزراو بوایە لە ئاسەوار و لێكەوتەكانی جەنگەكە. كەچی بەپێچەوانەوە، ڕۆژانە و شەوانە شارەكانی كوردستان لەژێر بۆردوومانی درۆن و درۆ”بەدەربڕینی پارێزگاری هەولێر” و تەنانەت لە ژێر بۆردوومانی موشەكیشدایە.
لێرەدا ئێمە پێویستە بە ئەقڵ بیر بكەینەوە و بڕیار بدەین نەك بە سۆز و دروشم، دەبێ بپرسین: ئامانجی ئەوانەی بۆردوومانەكان دەكەن چییە؟ بەرژەوەندییان چییە؟ داوای چی لەكورد دەكەن؟.
ئەوان دەزانن، بڕیاری شەڕ و ئاشتی بەگوێرەی دەستور لای دەوڵەتی عێراقە، كورد دەوڵەت نیە بتوانێت بڕیارێكی لەو شێوەیە بدات، هەروەها دەشزانن كورد لەڕووی تەكنەلۆژی و توانای سەربازییەوە، لەئاستی ئەوەدا نیە بەشداری شەڕێكی ئاوا گەورە بكات، كە تیایدا تەكنەلۆژیا بڕیاردەری یەكەمە.
كەواتە بۆچی بۆردوومانمان دەكەن؟ زۆر بەكورتی لەبەردەوامی بۆردوومانەكان تێدەگەین ئەوان دەیانەوێت، كورد بەسەر هەڵەدا ڕاكێشن و بڕیارێك بدات كە دواجار ببێتە كارەسات بەسەرییەوە و، لەبەر ئەوەی كورد لاوازترین ئەڵقەی نێو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، بچێتە بەرپێی فیلەكان و، بیپلشێننەوە.
سەركەوتنی بۆردوومانەكانی ئەوان لەو زیانە ماڵی و گیانیانەدا نیە كە لەكوردی دەدەن. بەڵكو ئەوان كاتێ سەركەوتوو دەبن كە كورد بڕیارێكی عاتیفی بدات و، دواجار نەتوانێت ئاسەوارەكانی چارەسەر بكات. خلیسكانی كورد بۆ ناو ئەو جەنگە، دەبێتە گەورەترین سەركەوتن بۆ ئەوانەی هێرشەكان دەكەن.
بۆیە ئەگەر كورد نەتوانێت بەشێوەی سەربازی وەڵامی هێرشەكان بداتەوە، ئەوا مادەم دوژمنان بێبەش دەكات لە تامی سەركەوتن، كەواتە هێرشەكانیان پووچەڵ بووەتەوە. كورد دەتوانێت بە ئارامگری ستراتیژی و، بە ئۆقرەیی و لەدەست نەدانی هاوسەنگی لەژێر گوشاری دەرونی و عاتیفیدا، گرەوەكە بەرێتەوەو، دوژمنانی كوردستان بێبەش بكات لەتامی سەركەوتن.
دواجار دەڵێم: كورد لەسەرەتای پڕۆسەكەوە ئارامگر بووە، ژیرانە و بەرپرسیارانە لە كایەكەدا یاری كردووە، پێویستە ئەم ئارامگرییە بەردەوام بێت و، بۆردوومانی دوژمنان نەبێتە هۆی تێكدانی ئەو بڕیارەی كورد. ڕاستە بەئازارە، بەڵام دەبێت كورد دەست بخاتە سەر برینەكانی و، بێلایەنی خۆی و ئارامگری بپارێزێت، بەپێچەوانەوە، ئەگەر بڕیاری هەڵە بدات، ئەوە جگە لەوەی دوژمنان ئامانجەكانیان دەپێكن و سەركەوتوو دەبن، بۆخۆیشی وەكو ئەو كەسەی لێ دێت كە تاكو ئێوارە لەگەرمای سەختی هاوین بەڕۆژووە، كەچی نیو سەعات بەرلە بانگی ئێوارە ڕۆژووەكەی بەختوخۆڕایی دەشكێنێت، هەرماندوو بوونی بۆ دەمێنێتەوە، ئێستاش كورد تاكو دوا نیوەڕۆی جەنگەكە بەئارامگری هێناویەتی، ئێستا بە پێوەری ستراتیژ نیو سەعات پێش بانگی ئێوارەیە، نابێت كورد بەپاڵنەری عاتیفی ڕۆژووەكەی بشكێنێت و كایەكە لەخۆی تێكبدات.