رۆژنامەی ھەولێر

ڕۆڵی سروشت لە مانادارکردنی هونەرەکەم

سارا زەینەڵ عەلی
لە منداڵییەوە ئارەزووی وێنەکێشانم هەبووە. لە سەرەتادا وەک هەر منداڵێکی هاوتەمەنم ئارەزووم دەکرد پێنووس یان فڵچەیەک بگرم و شتێک لەسەر کاغەز دروست بکەم. پاشان لە سەرەتای هەرزەکاریمدا وێنەکێشان بوو بە جیهانی تایبەتیم. لەگەڵ گەورەبوونمدا خۆشەویستیم بۆ وێنەکێشان بەهێزتربوو. چیتر وێنەکێشان تەنها ڕێگەیەک نەبوو بۆ تێپەڕاندنی کات و ئارەزوویەکی منداڵی بەڵکو بوو بە ڕێگەیەک بۆ هەستکردن بە جیهانی دەورووبەرم و دەربڕینی هەست و وشەکانم. بۆ کێشانی وێنەکانم سروشت بوو بە سەرچاوەی ئیلهامی وێنەکانم و ڕۆڵێکی گرنگی گێڕا لە تێگەیشتنم لە هونەری وێنەکێشان و چۆنییەتی ئەنجامدانی. ئەمەش وای کردووە دەستکردنم بە وێنەکێشان لە بیرکردنەوەی بەردەوام لە جیهانی سروشتی دەورووبەرمەوە بەردەوام بێت. بەبێ دەستکردنم بەکێشانی وێنەی سروشت، هونەرەکەم هەستی بە ناتەواوی دەکرد. چونکە سروشت ناوەڕۆک و ڕوونی بە هونەرەکەم دەبەخشێت. یارمەتیم دەدات بۆ ئەوەی تێبگەم کەچی دروست دەکەم و بۆچی دروستی دەکەم.
زۆرجار کاتێک ناتوانم هەستە ئاڵۆزەکانم لە ڕێگەی وشەوە دەرببڕم سروشت دەبێتە چوارچێوەیەکی بینراو کە ڕێگە بەم هەستانەم دەدات بەشێوەیەکی ئاسان دەریببڕم. وە کاتێک هەوڵدەدەم لە بیرکردنەوەکانم تێبگەم، ڕوو لە شێوازەکانی سروشت دەکەم لەوانە دیمەنی سروشتی، ئاسمان، ئاو و پێکهاتەکانی دیکەی سروشت. کە لە ڕێگەیانەوە دەتوانم ئاڵۆزییەکان تێبپەڕێنم. هەروەها سروشت فێری کردم چۆن کارە هونەرییەکانم بخوێنمەوە. زۆرکات دوای تەواوکردنی پارچەیەک لە وێنەکانم دەتوانم ماناکەی دیاری بکەم.
بە سەیرکردنی توخمە سەرەکییەکانی ناو وێنەکانم، تێئەگەم لە بیرکردنەوەکانم کە درکم پێ نەکردووە.
کات و ڕیتم توخمێکی گرنگن لە سروشت و هونەرەکەمدا. سروشت بەپێی کاتەکان لە گەشەکردن، خراپبوون، نوێبوونەوە پێکدێت و کاریگەرییان لەسەر چۆنییەتی بیرکردنەوەکانم هەیە، کە دڵنیام دەکاتەوە هەموو قۆناغێک بەهای خۆی هەیە. لە لایەکی دیکە ڕەنگە سروشتیەکان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە داڕشتنی مانا لە کارەکەمدا. ئەمەش وا دەکات ڕەنگەکان ببنە ئامڕازێک بۆ ڕوونی نەک تەنها ڕازاندنەوە. لەلایەکی تر گرنگی وێنەکێشانی سروشت بۆ من هەست کردنە بە زیندوویی. کاتێک دار، گوڵ، ئاسمان، شاخ، یان دیمەنی کراوە دەکێشم هەست دەکەم پەیوەندیم بەجیهانی دەرەوەمەوە هەیە. وە سروشت فێری هاوسەنگی و سەبرم دەکات. کێشانی وێنەی سروشت یارمەتیم دەدات بە وردی چاودێری وردەکارییەکان بکەم. بەم شێوەیە سروشت وەک ڕێبەرێک دەنگی گەیاندنی هونەرەکەمە. بەمەش لە ڕێگەی سروشتەوە هونەرەکەم مانادار دەبێت نەک تەنها وەک دەربڕینێکی بینراو، بەڵکو وەک ڕێگەیەک بۆ تێگەشتن لە خۆم و جیهانی دەورووبەرم.