پەشێوییەکانی کەسێتیPersonality Disorders

سامان سیوەیلی *

بەشی نۆیەم
خاوەنی ئەمجۆرە لە پەشێوی کەسێتی خۆی لە پەراوێزی پەیوەندی و کایە کۆمەڵایەتییەکاندا دەبینێتەوە، هەرچەندە کەسەکە ئارەزوویەکی زۆری بۆ تێکەڵاوبوون لەگەڵ خەڵک هەیە، بەڵام بەردەوام دوورەپەرێز لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەوەستێت، لە ڕووبەڕوونەوە و دیداری خەڵک هەڵدێت، بەمهۆیەوە کەسەکە ئازار دەچێژێت، کاتێک باس لە هەڵهاتن لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و دیداری خەڵک دەکەین وەک نیشانەیەکی ئەمجۆرە لە پەشێوی کەسێتی هاوشێوەی ئەم نیشانەیە لە کەسێتی کۆشەگیریشدا هەیە، بەڵام جیاوازی نێوانیان لەوەدایە، کەسێتی گۆشەگیر بەدوورکەوتنەوە لە خەڵک ئاسوودە دەبێت، بەڵام کەسێتی پەراوێزیدا ئازار دەچێژێت.
ڕەنگە لە چاو خستنە سەر ئەم پەشێوییەی کەسێتی زۆرینەمان ئەم پرسیارەمان لادروست بێت، بۆچی ئەم کەسانە لەئاستی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا لە پەراوێزدان؟، بۆچی حەز بەڕووبەڕوونەوەی خەڵک ناکەن؟، بۆچی حەز بە هەڵهاتن و خۆبەدوورگرتن دەکەن؟، دەتوانین وەڵامی ئەم پرسیارانە بەمجۆرە بدەینەوە، خاوەنی ئەمجۆرە لە پەشێوی کەسێتی زۆر هەستارن بەرامبەر ڕەخنە، لەوە دەترسن لەلایەن ئەوانی ترەوە پەسەند نەبن، ڕەتبکرێنەوە، پەراوێز بخرێن، قسەی نەشیاویان ئاڕاستە بکرێت، بریندار بکرێن و سوکایەتییان پێبکەن.
لەزۆرباردا ئەم کەسانە لەلایەن دەوروبەریانەوە سەرەتا بە شەرمن ناوزەد دەکرێن، بەڵام لەڕاستیدا خەسڵەتەکانی ئەم پەشێوییەی کەسێتی سنووری شەرم تێدەپەڕێنێت، بەڵکو هەستێکی بەهێز بە کەمسەری و هەستیاری زۆر بەرامبەر ڕەخنە و ڕەتکردنەوە لەلایەن ئەوانی دیکەوە سنووری شەرم بە خاوەنی ئەمجۆرە لە پەشێوی کەسێتی تێدەپەڕێنێت.
وەک ئاماژەمان پێدا ئەم کەسانە حەزێکی بەتینیان لە تێکەڵاوبوون بە خەڵک هەیە، بەڵام وێڕای بوونی ئەو ترسانەی وایانلێدەکەن خۆیان بەدووربگرن لێیان، لەگەڵ ئەمەشدا ئەگەر گەرەنتی و دڵنیایی تەواویان دەستبکەوێت بەوەی پێشوازیان لێدەکرێت و ڕێزلێگیراو دەبن و ئەوانی تر بەئامادەبوونی ئەمان دڵخۆشی پیشان دەدەن، برینداریان ناکەن و سوکایەتییان پێناکەن، ئەوا ئامادەییان بۆ دانیشتن و تێکەڵاوبوون لەگەڵیاندا دەبێت، بەڵام کێشەکە لەوەدایە بەردەوام ئەو هەستیارییە توندەی هەیانە کە بارگاوییە بە دڵەڕاوکێ وایانلێدەکات کە هەمیشە ئەو ئەگەرە لەبەرچاو بگرن کە کەسانێکی ناپەسەندن و لای ئەوانی تر و ڕەتدەکرێتەوە.
ئێمە هەموومان ڕای ئەوانی ترمان بۆ گرنگە، چ ڕایەکیان هەیە بەرامبەرمان و چۆن لێمان دەڕوانن، بێگومان کاتێک دەزانین ڕێزلێگیراو و پەسەندین لایان خۆشحاڵ دەبین، بەپێچەوانەشەوە دووچاری دڵەڕاوکێ و نائارامی دەبین کاتێک ببینین ئاڕاستەیەکی نەرێنییان بەرامبەرمان هەیە، بەدڵنییایەوە هەموومان پێمان ناخۆش دەبێت لە جێگەیەک بین تیایدا هەست بکەین پەسەند نین، تا ئێرە بۆ هەموو کەسێک ئاساییە، بەڵام کەسێتی پەراوێزی بەردەوام لەو حاڵەتەدا دەژی، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە خۆی ببێتە هۆی کەمکردنەوەی ڕێزی خۆی و بێبەهاکردنی دەستەکەوتەکانی، ورە نزم و شەرمن دەربچێت، لەناخی خۆیدا هەست بەکەمسەری و لاوازی تواناکانی بکات، لە زۆر باردا ئەو هەست و بۆچوونانەیشی دەربارەی خۆی و ئەوانی تر هەیەتی، ناڕاستن و زێدەڕۆیی زۆریان تێدایە.
کەسی خاوەن کەسێتی پەراوێزی زۆر چاوی لەسەر ئەوەیە پەسەندکراو بێت، زیندەخەونەکانی بەردەوام لەچوارچێوەی خەڵکدایە، بەپێگەی خۆی لەناو ئەواندا، بە پەسەندکردن و خۆشەویستی و پێشوازی ئەوان لێی.
بەمهۆیانە ئەم کەسانە پەراوێزکارن بۆ خودی خۆیان، خۆیان دابڕان لەسەر خۆیان دەسەپەێنن، دوورن لە خەڵکەوە و تێکەڵ نابن، دەرئەنجام ئازار دەچێژن، هۆکارەکەش لە خۆیاندایە نەک لە خەڵکیدا، دەتوانین ئەم پەشێوییە بە نموونەی کەسێک بچوێنین کە دوو قاچی هەیە بەڵام پێیان ناڕوات لە ترسی ئەوەی بکەوێت، بێگومان ئەمەش زۆر دوورە لە ڕاستییەوە.
بێگومان لەچوارچێوەی پەیوەندی هاوسەرییدا هەرکاتێک یەکێک لە هاوسەرەکان خاوەنی ئەمجۆرە لە پەشێوی کەسێتی بێت، ئەوا بۆ هاوسەرەکەی و بۆ منداڵەکانیشی دەبێتە کۆژانێکی گەورە، چونکە ئامادەنەبوون و بەشدارینەکردنی ئەو لە بۆنە و یاد و هەڵوێستە کۆمەڵایەتییەکاندا، جۆرێک لە شەرمەزاری بۆ هاوسەرەکەی و منداڵەکانی دروستدەکات، وێڕای بێبەشبوونیشیان لەو کەشە کۆمەڵایەتی و خێزانییانەی کە لەڕووی دەروونیشەوە بۆ ئەوان گرنگە، دواجار ئەگەر بەدروستی مامەڵە لەگەڵ ئەم حاڵەتانەدا نەکرێت سەردەکێشێت بۆ دروستبوونی کێشە و کاریگەریش دەکاتە سەر سازانی نێوانیان.
ئەم پەشێوییەی کەسێتی لە هەموو کۆمەڵگە مرۆییەکاندا بوونی هەیە، بەڵام زیاتر لەناو ئەو کۆمەڵگەیانەدا بڵاوە کە هاندەری تاکەکانیان نین لەبواری دەربڕین و ڕووبەڕووبوونەوەدا، متمانەی پێویستیان لە ڕاپەڕاندنی کار و پرۆژەکانیان لەبوارە جیاجیاکانی ژیاندا پێنابەخشن، ئەم پەشێوییە دووچاری هەردوو ڕەگەز دەبێت بەنزیکەیی وەک یەک، ئەو کەسانەی لەیەک کاتدا فۆبیای کۆمەڵایەتی و پەشێوی کەسێتی پەراوێزی هەبێت، ئەوا نیشانەکانیان زۆر توندتر دەبن بەراورد بەوانەی تەنها یەکێک لەو دوو حاڵەتەی هەبێت.
بۆ دەسنیشانکردنی ئەمجۆرە لە پەشێوی کەسێتی، پشت بەبوونی ئەم خەسڵەتانە دەبەسترێت:
١- خۆبەدوورگرتنی بەردەوام لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان.
٢- هەستکردن بە کەمسەری.
٣- هەستیاریی بەتین بەرامبەر ڕەخنە و ڕەتکردنەوە.
ئەو خەسڵەتانەی ئاماژەمان پێدان لەڕێی ئەم نیشانانەوە بەرجەستە دەبن، دەبێت کەسەکە لانیکەم چوار نیشانانە لەم نیشانانەی تێدا هەبێت:
١- لە کار و پیشەکانیاندا، خۆبەدوورگرتن لەو چالاکییانەی بەرکەوتن و پەیوەندیکردنی لەگەڵ ئەوانی دیکەدا پێویست بێت، چونکە دەترسن ڕووبەڕووی ڕەخنە و ڕەتکردنەوە و بەربەست ببنەوە.
٢- ئارەزووی بەشداری لەهیچ ئەرک و چالاکییەکی کۆمەڵایەتیدا لەگەڵ هیچ کەس و گروپێکدا ناکەن، ئەگەر نەزانن پەسەندکراون لای ئەوان.
٣- لەترسی گاڵتەپێکردن و شکاندنەوە، تەنها لەگەڵ کەسە زۆر نزیکەکانیان پەیوەندییان دەبێت.
٤- لە هەموو چالاکییە کۆمەڵایەتیدا ترسیان لە ڕەخنە و ڕەتکردنەوە هەیە.
٥- لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە خۆیان بە بێتوانا و ناپەسەند و کەمتر لەوانی دیکە دەبینن.
٦- بەرامبەر بەشداریکردن لە هەر چالاکییەکی نوێدا هەست بە شڵەژان دکەن.
٧- هەڵسەنگاندنیان بۆ خودی خۆیان پێیان دەڵێت کە لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە بێتوانان، یان سەرنجڕاکێش نین، یان کەمترن لەوانی دیکە.
نموونەیەک لە پەشێوی کەسێتی دوورەپەرێز:
(ل) ئافرەتێکی هاوسەردار، فەرمانبەر، دایکی چەند منداڵێک بوو، هەر لەسەرەتای هاوسەرگیرییەوە هەوڵی خۆبەدوورگرتنی لە چالاکی و بۆنە کۆمەڵایەتییەکانی کەسوکاری خۆی و هاوسەرەکەی دابوو، تەنها میانەی لەگەڵ یەک خوشکی خۆی هەبوو، تەنها لەگەڵ ئەو دەچووە دەرەوەی ماڵ و نۆرینگەی پزیشک لەکاتی پێویستدا، بەشداری هیچ بۆنەیەکی خۆش و ناخۆشی نەدەکرد، وەک (ئاهەنگەکانی شووکردن و ژنهێنان، پرسە، سەردانی نەخۆش، سەیران و گەشت و …. تد)، نەدەچووە سەردانی یەک ماڵ لە ماڵی کەسوکاری و خۆی و هاوسەرەکەی، ئەم خۆبەدوورگرتنەی (ل) لایەک هاوسەرە پیاوەکەی دووچاری شەرمەزاری کردبووەوە لای کەسوکارەکەی، لایەکیش منداڵەکانی لە بۆنە و چالاکییە تایبەتەکان بێبەش دەکرد، ئەم خۆپەراوێزخستنەی (ل) لەلایەن کەسوکاری هاوسەرەکەیەوە هەرزوو بووە مایەی ڕەخنە و سەرزەنشتکردنی خۆی و هاوسەرەکەی، بەمهۆیەوە هاوسەرەکەی (ل) لەنزیکبوونەوەی هەر بۆنە و چالاکییەکی کۆمەڵایەتیدا یان لەکاتی بەدەستگەیشتنی هەر بانگهێشتنامەیەکدا دەکەوتە ژێر فشاری دەروونی و کێشە و ململانێ لەگەڵ (ل) دا، ئەو وەها لێکیدەدایەوە کە هاوسەرەکەی دەیەوێت شەرمەزاری بکات، ئەم ڕەوشە کاریگەری خراپی کردە سەر پەیوەندییە هاوسەرییەکەیان، پرۆسەی سازان لەنێوانیاندا کەوتە مەترسییەوە، هاوسەرەکەی (ل) بەمهۆیەوە نەیدەتوانی بەشداری بۆنە و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان بکات، بیری لە جیابوونەوە لە (ل) دەکردەوە، تا گەیشتە ئەو بڕوایەی سەردانی سەنتەری ڕاوێژکاری خێزان بکات بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ حاڵەتەکەی، پاش گوێگرتن و بەدواداچوون بۆ حاڵەتی (ل)، داوای ئامادەبوونی (ل)مان کرد، دەرکەوت پەشێوی کەسێتی هەیە لە جۆری خۆپەراوێزخستن.
لەچوارچێوەی پەیوەندییە هاوسەرییەکاندا ئەگەر هاوسەرەکە ئافرەت بێت یان پیاو، خاوەنی کەسێتی دوورەپەرێز بێت، ئەوا بیرکردنەوە و هەڵوێست و ڕەفتارەکانی کاریگەری نەرێنی دەکەنە سەر پەیوەندییە هاوسەرییەکە، بەنموونە، ئەگەر هاوسەرەکە ئافرەت بێت، مامەڵەکردن و ڕەفتارەکانی لەگەڵ هاوسەرە پیاوەکەی لەم چوارچێوەیەدا خۆیان نماییش دەکەن:
١- زۆر پرسیار لە هاوسەرەکەی دەکات، ئایا کەسێکی پەسەندە؟.
٢- ئارەزووی دروستکردنی پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ هاوسەرەکەی ناکات، چونکە شەرم دەکات و ترسی لەوەیە هەیە کە لەلایەن هاوسەرەکەیەوە ڕەتبکرێتەوە.
٣- ترسی زۆر لە لەدەستدانی هاوبەشەکەی ژیانی.
٤- لە خەیاڵدانیدا زۆر سەرقاڵی پەیوەندی سەرکەوتوو و باڵا دەبێت، بەڵام لەژیانی تایبەتی خۆیدا هەنگاوی بۆ نانێت و جێبەجێی ناکات.
٥- دوورکەوتنەوە لە هەموو کۆبوونەوە و چالاکییە خێزانییەکان و خۆبەدوورگرتن لێیان.
٦- بوونی دڵەڕاوکێی بەردەوام.
بێگومان لە تێگەیشتن لە خەسڵەت و نیشانەکانی پەشێوی کەسێتی دوورەپەرێز، دەگەینە ئەو بڕوایەی کە خاوەنی پەشێوییەکە ئافرەت بێت یان پیاو، لەژیانی هاوسەرییدا دەبێتە مایەی کێشە و سەرئێشەی زۆر بۆ هاوسەرەکەی و جگەرگۆشەکانی، پەیوەندی هاوسەری تەنها خۆی لەچوارچێوەی ناو ماڵی دوو هاوسەرەکە قەتیس نابێت، بەڵکو لە کۆمەڵگەیەکی وەک کۆمەڵگەی کوردستاندا، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی هەردوو هاوسەر لەگەڵ خزم و کەسوکاری هەردوولا یان لەگەڵ هەندێ هاوڕێی خێزان، ناکرێت نادیدە بگیرێت یان پەراوێز بخرێت، لێرەوە دەتوانین بڵێین پیاوەکە یان ئافرەتەکە، هەر کامێکیان خاوەنی پەشێوی کەسێتی دوورەپەرێز بێت، گرفتی گەورە بۆ پەیوەندییە هاوسەرییە دروستدەکات، خودی خاوەن پەشێوییەکە دەبێتە جێی سەرنجی کەسوکار و ژینگە کۆمەڵایەتییەکەیان، ڕەخنەی لێدەگیرێت، سەرزەنشت دەکرێت، بەتایبەتی لەئەنجامی بەشداری نەکردنی لە بۆنە و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان، بۆ هاوسەرەکەیشی دەبێتە کۆژانێکی گەورە، چونکە ئەویش ناتوانێت بەتەنها وەک ڕەبەنێک بەشداری زۆرێک لەو بۆنانە بکات کە پێویستن، لەکاتێکدا ئەو کەسێکی هاوسەردارە و ڕەبەن نییە.
تێبینی:
١- هەرچەندە دەرکەوتووە کە ئەمجۆرە لە پەشێوی کەسێتی لەنێو ڕەگەزی مێینەدا زیاترە بەراورد بە ڕەگەزی نێر، بەڵام بەشێک لە توێژینەوەکان دەریانخستووە کە هەردوو وەکیەک دووچاری ئەم پەشێوییە دەبن.
٢- ڕێژەی بڵاوی ئەمجۆرە لە پەشێوی کەسێتی لەنێو کۆمەڵگەدا (١٪)، لە کۆمەڵگەی ئەمەریکیدا ئەم ڕێژەیە لەنێوان (٢٪ – ٥٪).
٣- لەگەڵ ئەوەی زۆرێک لە نیشانەکانی ئەمجۆرە لە پەشێوی کەسێتی هاوشێوەی نیشانەکانی فۆبیای کۆمەڵایەتییە، بەڵام نیشانەی باڵای جیاکەرەوە لەنێوانیاندا بریتییە لە خۆبەدوورگرتن یان خۆپەراوێزخستن بەرامبەر هەڵوێستە کۆمەڵایەتییەکان لای پەشێوی کەسێتی دوورەپەرێز، لەبەرامبەردا تۆقین لە هەڵوێستە کۆمەڵایەتییەکان لای فۆبیای کۆمەڵایەتی.
٤- دەستنیشانکردنی ئەمجۆرە لە پەشێوی کەسێتی لە ماوەیەکی کەمی پاش قۆناغی باڵقبوون دەکرێت.

  • دەروونناس
ھەواڵی زیاتر