هیچ شەرەفێک لە کوشتنی ئافرەتدا نیە

حیات مجید

کوشتن و ژن کوشتن لە کوردستان دەیان ساڵە وەک دیاریدەیەکی پڕ لە مەترسی و شەرمەزاری دەبینرێت، کاریگەری نەرێنی هەیە لەسەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی تاک، کوشتنی ژن لە زۆربەی کۆمەڵگەکاندا بوونی هەیە کەم تا زۆر، بەتایبەت لە کۆمەڵگە فرە کوێخا و فرە دواکەوتوەکاندا، زۆربەی کات کوشتنەکان و بەتایبەت لە ناویاندا کوشتنی ئافرەت جۆرێک لە تۆڵە سەندنەوەیە ئەم تۆڵە سەندنەوەیە بە قیزەونترین ئامانج دەکرێت، بە بیانوی پاراستنی کەرامەت و شەرەفی پیاو، لە کاتێکدا پیاوانێک ئەم تاوانانە دەکەن کە خۆیان خاڵین لە هەموو شەرەفێک مەبەستیانە بەم جۆرە ئەکتانە پیاوەتی خۆیان بسەلمێنن. زۆر جار ئەم کوشتنانە لەسەر نامووس بیانووی دینی دادەنێن کە رەنگە لە ژێر کاریگەری مەلایەکی تووندرەو و دژە ژن دا ئەو بڕیارە بدات و ژیان لە ژنێک بسێنێتەوە، خۆی ئەگەر وردترو جوانترسەیری بابەتە دینەکان بکەین کوشتن لە ئایندا تاوانێکی گەورەیە، بەتایبەت لەسەر نامووس، لە کوتێکدا سزای نامووس لە ئایندا تەنها کوشتن نیە بەڵکو پێویستی بە ڕێکاری خۆی هەیە وەک هەبوونی چەند شایەت حاڵە لەبەردەم یاسادا، خۆ ئەگەر بەم پرۆسەیەدا بروات بەو جۆرە نەک کەم دەبێتەوە کوشتی ژن لەسەر نامووس بەلکو بنبریش دەبێت.
هەندێ جاریش کەمتەر خەمی و خەمساردی ئافرەتان و نا رۆشنبیریان بەرامبەر بە مافە یاسایی و کومەڵایەتیەکانیان وا دەکات بەسەریاندا تێپەرێت، نەتوانن سکاڵا تۆمار بکەن، تاکو دەستان لە قورگیان گیر دەبێت، دەکوژرین، چەندان نمونەی کوشتنمان هەیە کە چەندین جار هەرەشە لە ئافرەتەکە کراوە ئەمە جگە لە خەم ساردی خودی ئافرەتەکە بەڵکو خەمساردی و بێدەنگی هەڵبژاردنی تاکەکانی تری خێزانیش بەرامبەری.لە کاتێکدا لە کوردستان یاسای باش هەیە و سزای تووندی تیایە بۆ بکوژ. ئەمەش بۆ پاراستنی ئافرەت قوتار کردنی لەو باروودۆخانە، ئەگەر یاساکانی کوردستان بەراورد بکەن لەگەل یاساکانی عێراق زۆر جیاوازی هەیە بە نمونە لە یاسای ( پاککردنەوەی شەرەف) ژمارە ١١١ دا لە ماددەی (٤٠٩ )دا لە یاسایی سزا دانی عێراقیدا مامەڵە لەگەل بکوژ دەکات، ئەم جۆرە ماددانە هەرەشەیەی خێلەکە و فرەیمێکی یاسایی بۆ کراوە بۆ بە ئامانج کردنی کوشتنی ژن لە کۆمەڵگای عێراقیدا لە لایەکی ترەوە راگەیاندنەکانیش دەورێکی خێریان بە باشی نەدیوە لەم بابەتەدا هەر لەرووی بەرنامەو تەوەر و میوانداری کردن و گەورە کردنی کەسانێک کە دژی ژن و مافەکانیانن، هەروەها سۆشیال میدیاش دەورێکی ئێکجار نەرێنی بینیوە لە بچوک کردنەوە پێگەی ئافرەت لە ناو کۆمەڵگادا بەجۆرێک رۆژانە ئافرەتان دەخەنە بەر رەجمی بەکارهێنەری سۆشیال میدیا هەزاران وشە ی زبرو نەشیاو دور لە ئادابی کۆمەڵایەتی و کە لتوری و نەریتی جوانی کوردەواری هەر لەکچانی گەنجەوە هەتا ئافرەتانی ماندوو خاوەن کارو فەرمانبەر و مامۆستا ئافرەتانی رۆژنامەنووس و سیاسی و یاسایی بێ هەڵاوێر هەموویان دەکرێنە قوربانی بیری کۆڵ و بۆگەنی پیاوانی دژە ژن و دژی بەهاو جوانەکانی ئافرەتان.
ئەم هەموو سوکایەتیە و بە ئامانج کردنەی ئافرەت وا دەکات بە چاوێکی کەمترو بە رۆحێکی زاڵترو مێشکێکی نەخۆشەوە ببرواننە ئافرەت ئەمەش هۆکارێکی تری جددیە بۆ رێگە خۆشکردن ئاسانکردنی کوشتنی ئافرەت لەژێر هەر بیانوویەکدا بێت، بۆیە پێویست و گرنگە یاسا وەک خۆی جیبەجێ بکرێت تاوانبار بە سزای تووند بگات ببێتە نمونە بۆ ئەوانی تر چیتر بی بەها نەڕواننە ئافرەت.