نابێت كوشتنی ئافره‌ت به‌ناوی شه‌ره‌ف ببێته‌ كلتور

زیــــــبا تـەهـــــــــــا*

باسكردن له‌ هۆكاره‌كانی كوشتنی ئافره‌ت به‌ناوی شه‌ره‌فه‌وه‌ كه‌ وه‌ك دیارده‌یه‌كی گشتگیری جیهان داده‌نرێت، به‌راستی كارێكی سانا نییه، به‌ڵكو پێویستی به‌توێژینه‌وه‌ وداتای به‌رده‌سته‌ هه‌تا بتوانرێت ‌ته‌واوی ره‌هه‌نده‌ جیاوازه‌كانی شیبكرێته‌وه‌ و چاره‌سه‌ری گونجاو و خێرای بۆ پێشنیاربكرێت. شه‌ره‌ف له‌و كۆمه‌ڵگانه‌ی كه‌ مۆركی سه‌ره‌كی پاراستنی ناسنامه‌ی دامه‌زراوه‌ گرنگه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ك خێزانه‌، مه‌ترسیدارترین چه‌مكه‌ كه ‌ڕووبه‌ڕووی ئافره‌تان ده‌بێته‌وه‌ و جه‌سته‌ی ئافره‌تیان گرێدراوی ئه‌و چه‌مكه‌ كردووه‌، له‌و رووه‌وه‌ به‌هه‌موومانایه‌ك پێویسته‌ پارێزگاری له‌ئافره‌تان بكرێت و رێگری بكرێت له‌وه‌ی ببنه‌ قوربانی.
له‌كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌شدا، كوشتنی ئافره‌ت به‌ناوی جیاواز یه‌كێكه‌ له‌و كاره‌ پر تاوانانه‌ی كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ئافره‌تان ده‌كرێت و به‌شێوازێكی زۆر درندانه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت. بۆته‌ دیارده‌یه‌ك بۆ پاككردنه‌وه‌ی شه‌ره‌فی خێزان، ئه‌گه‌رچی به‌و ره‌فتاره‌ نه‌ك شه‌ره‌فی خێزان پاك نابێته‌وه‌ به‌ڵكو ده‌بێته‌ له‌كه‌یه‌كی گه‌وره‌ به‌ناوچه‌وانی ئه‌وخێزانه‌وه‌، و شكاندنی شكۆ وشه‌ره‌فی كۆی ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌. هه‌رچه‌نده‌ له‌كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی نیمچه‌ كراوه‌ی وه‌ك كوردستان هێشتا گوێگرتن له‌قسه‌ی تاكی كۆمه‌ڵگه‌ یه‌كێكه‌ له‌و میكانیزمه‌ خراپانه‌ی بۆته‌ هۆكاری لێسه‌ندنه‌وه‌ی ژیانی سه‌ده‌ها ئافره‌ت و له‌‌ناوبردن و ناوزراندنی كه‌سێتی ئافره‌ت، ئه‌مه‌ش واده‌كات یه‌كێك له‌ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ پێیوایه‌ به‌كوشتن یاخود له‌ناوبردنی ئه‌و ئافره‌ته‌ ده‌توانێت شكۆی خێزانه‌كه‌ی بپارێزێت، به‌ڵام بێ ئاگایه‌ له‌وه‌ی كه‌ شه‌ره‌ف ته‌نها په‌یوه‌ست نیه‌ به‌جه‌سته‌ی ئافره‌ت، به‌ڵكو په‌یوه‌سته‌ به‌جۆری بیركردنه‌وه‌ و تێگه‌یشتن بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی دروست ده‌بن.
له‌ئێستادا جیهان پێشكه‌وتنی گه‌وره‌ی به‌خۆیه‌وه‌ بیینوه‌ و بێگومان له‌و نێوه‌نده‌شدا كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی هه‌وڵی به‌ره‌و شارستانی بوون ده‌دات، كه‌واته‌ به‌ئاسانی هه‌موو جۆره‌ هزر و بیرێكی نوێ دێته‌ ناوه‌وه‌، به‌ڵام گرنگه‌ به‌تێگه‌یشتنێكی زیاتره‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و فكره‌ نوێیانه‌دا بكرێت. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت ئافره‌ت بكه‌ینه‌ به‌شداربوویه‌كی سه‌ره‌كی و كارا له‌سه‌رجه‌م بواره‌ جیاوازه‌كانی دامه‌زراوه‌كان ناكرێت له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ توانا و لێهاتوویی ئافره‌ت زینده‌به‌چاڵ بكرێت و بچه‌وسێنرێته‌وه‌،‌ له‌كاتێكدا ئافره‌ت له‌مێژوو و ئێستای كوردستاندا رۆڵێكی كاریگه‌ر و به‌رچاوی هه‌بووه‌ و داینه‌مۆی زۆر بواربووه‌‌، نابێت وه‌ك كۆیله‌ سه‌یر بكرێت و رێگه‌ی لێ بكرێت، له‌م روانگه‌وه‌ ده‌بێت پیاوان عه‌قڵكراوه‌تر و تێگه‌یشتووتر بن و پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئافره‌تان له‌هه‌وڵی پێشخستنی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی بن و به‌یه‌كه‌وه‌ ستراتیژییه‌تی ئاینده‌ دابنێن، نه‌ك بیری دواكه‌وتوو زاڵ بێت به‌سه‌ریاندا و به‌ناوی شه‌ره‌ف و نامووسه‌وه‌ ژیان له‌ئافره‌تێك وه‌ربگرنه‌وه‌ كه‌ نزیكترین ئه‌ندامی خێزانه‌كه‌یه‌تی.
له‌كۆتاییدا، ده‌مه‌وێت خاڵێكی گرنگ ئاماژه‌ پێ بكه‌م سه‌باره‌ت به‌ ئه‌ركی یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان بۆ ئه‌و دیارده‌ مه‌ترسیداره‌ی كۆمه‌ڵگه‌، ئێمه‌ به‌گرنگیه‌وه‌ كارده‌كه‌ین كه‌ هزری كوشتنی ئافره‌ت به‌ناوی شه‌ره‌ف له‌كۆمه‌ڵگه‌ نه‌هێڵێین و پاڵپشتی ئافره‌تان ده‌بین بۆئه‌وه‌ی به‌ بروابوونێكی زیاتره‌وه‌ خۆیان پێ بگه‌یه‌نن و رووبه‌رووی هه‌موو ئه‌و هزره‌ دواكه‌وتووه‌ ببنه‌وه‌ كه‌ ده‌بێته‌ فاكته‌ری لێسه‌ندنه‌وه‌ی ژیانیان. ئه‌وه‌ ئه‌ركی ئێمه‌ به‌جدی كار له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ بكه‌ین و چاره‌سه‌ر و دنیابینی نوێ بخه‌ینه‌به‌رده‌ست تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌، بۆئه‌وه‌ی بتوانین به‌پێی پلانێكی دارێژراوی سه‌ركه‌وتوو له‌گه‌ڵ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار و كه‌سانی پسپۆر هه‌وڵی رێگریكردنی بده‌ین، هه‌تا چیتر هه‌واڵی كوشتنی ئافره‌تان نه‌كرێته‌ مانشێتی هه‌واڵه‌كان و كاریگه‌ری خراپ له‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌ی تاك و خێزانی كوردی دروست نه‌بێت.
سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان