سەردانی سەرکۆماری تورکیا بۆ هەولێر و لێکدانەوەکان

شێرکۆ حەبیب

سەردانی سەرۆکی وڵاتێکی وەک تورکیا کە پێگەی لە ناوچەکەدا هەیە، جگە لەوەی ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆیە، گرنگیەکی تایبەتی هەیە بۆ کوردستان، ئەگەر چی من وەک خودی خۆم وەک هەر کوردێک لەگەڵ سیاسەتەکانی بەرامبەر کورد نیگەرانم، بەڵام ئەوە ناگەیەنێ کە ئێمە لە هەولێر پێشوازی لێنەکەین. سیاسەت بە سۆز و ئارەزوو ناکرێت، بەڵکو سیاسەت هونەرە و ئەوەی لە هەولێر بۆ ئۆردوگان کرا ڕێوڕەسمێکی ئاسایی بوو بۆ هەر بەرپرسێک و ئەوەی کرا لەسەر ئاستی حکوومی بوو نەک لەسەر ئاستی حزبی، تەنانەت یەک بەرپرسی پارتی نە لە پێشوازی و نە لە کۆبوونەوەکان ئامادە بوو، دیداری لەگەڵ سەرۆک بارزانی وەک کەسایەتی و سەرکردە ئەنجام دا و بێگومان ئەم سەردانە دانپێنانە بە هەرێمی کوردستان بە ئاڵای کوردستان بە حکوومەتی کوردستان،
ئەوانەی هێرش دەکەنە سەر پارتی تەنیا لەو ڕوانگەوەیە کەوا فۆبیای پارتییان هەیە، یا ئەوەتا دەیانەوێت پارتی وەڵامیان بداتەوە و پێی گەورە بن، بڵێن؛ پارتی وەڵامی داینەوە! دڵنیا بن ئەوە لە خەونیش نایبینن.
پارتی ئازادە چۆن سیاسەت دەکات کە لە بەرژەوەندی میللەت و کوردستان دابێت، و هەرگیز پارتی سازش لە مافە نەتەوەییەکان ناکات و نەک هەر ئەوە لە هیچ کات و ساتێک ناچێتە بن هەژموونی نەیارانی کورد و چاوساغیان بۆ بکات.
ئەوەی لە هەولێر بۆ سەرکۆماری تورکیا کرا لە لایەن حکوومەتی هەرێمەوە کرا و زۆر ئاسایی بوو، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە هەندێ لایەن دژی ئەو ڕێوڕەسمە بوون لەگەڵ ئەوەشدا بوونیان هەبوو لە ساتی پێشوازی و گفتوگۆکان دەیان توانی بەشدار نەبن هەڵوێستیان هەبێت بەڵام ناکرێت وەک دەڵێن (خورمژ) بن .
من بەرگری لە دەوڵەتی تورکیا ناکەم، بەڵام وڵاتێکی گرنگە بۆ ئێمە هەزاران کیلۆمەتر سنووری هاوبەشمان هەیە و دەروازەیەکی گرنگی بواری بازرگانی و ئابوورییە بۆ کوردستان، بۆیە دەبێ هەر گرفتێک هەبێ لە ڕێگای لێک تێگەیشتن و گفتوگۆ چارەسەر بکرێت و ناکرێت وڵاتێکی وەک تورکیا فەرامۆش بکرێت. لە هەمان کاتیشدا تورکیا نابێت مافەکانی کورد لەو وڵاتە فەرامۆش بکات بەڵکو دەبێ دان بە مافی کورددا بنێت، لە هەمانکاتیشدا نابێت خاکی کوردستانی عێراق بکرێتە گۆڕەپانی ململانێی نێوان تورکیا و پ ک ک، ئاسایش و ئازادی و سەقامگیری هەرێمی کوردستان بخەنە مەترسی و هاووڵاتیان تووشی دڵەراوکێ بکەن و شوێنی نیشتەجێ بوونیان جێ بهێڵن، بۆیە دەبێ چەکدارانی پ ک ک، ملکەچی یاسا بن لە هەرێمی کوردستان ڕێز لە یاسا و سەروەری خاکی هەرێم بگرن، کە ئەمەش دەبێتە هۆکاری هێرش نەکردنی تورکیا، بەڵام وا دیارە چەکدارانی پ ک ک ئەو توانایەیان نەبێ گۆڕەپانی هێرەشەکانیان بگوازنەوە ئەو دیو سنوور هەڵبەتە ئەمەش زۆر بۆچوونی جیاواز لە خۆ دەگرێت کە هاوڕابن لەگەڵ نەیارانی بۆ بێهیزکردن و لە ناوبردنی پێگە و قەوارەی هەرێم.
هەروەها ئەوانەی بڕیار لەدەست خۆیاندا نییە پێویست نەبوو ئەو خۆ هەراسانکردنە، چونکە ئەو وڵاتەی ئەولاش کەم تەرخەمی نەکردووە لە قەتولوعامی کوردان، ڕۆژانە دەیان لاوی کورد بە بیانوی جیا جیا شەهید دەکات، هەروەها مێژووی دوێنێ لە یادی هەمووانە ئەوانەی کەوا سوری بەر لەشکربوون و ئێستا کوردایەتی و نیشتمانپەروەریمان پێ دەفرۆشنەوە.
کوردستانی تورکیا ڕێگاکەی دیارە فەرموون لەوێ دژایەتی حکوومەتی تورکیا بکەن، ئەوەی لە هەمووی زیاتر جێگای سەرسوڕمانە ئەوانەی دژایەتی پارتی و حکوومەتی هەرێم دەکەن ڕۆژانە لە شارەکانی تورکیا کات بەسەر دەبەن، میسریەکان ڕاستیان وتووە کە دەڵێن (اللی اختشوا ماتوا) واتە (ئەوانەی شەرمیان کرد مردن)ئەمە مانای ئەوە دەگەیەنێ ئەوەی شەرمی بەخۆ نەبێ هەموو شتێک لای ئاساییە. لە ئایندە باس لەو پەندە میسریە دەکەم.

ھەواڵی زیاتر