٢٤ی٤ی ١٩٧٤!

عارف ڕوشدی

ڕوژ و بەرواری ناسۆرێکی خوێناوی دیکەی گەلەکەمانە، لەو ڕوژە شومەدا، داگیرکەری عەرەبی بەعسی، بە دڕندەترین شێوە، شاری قەڵادزێی هەمیشە سەرفرازی خەڵتانی خوێن کرد و لە چاوتروکانێکدا سەدان کەس شەهید و بریندارکران. بەشی زۆری شارەکە وێرانکرا، بەتایبەتی گەڕەکەکانی دەوروبەری نەخۆشخانەی شار، بەڵام دەوڵەتی داگیرکەر بەوە نەوەستا و وەک توڵەستاندنێک بۆ هەڵوێستی نیشتیمانپەروەرانەی خەڵکی قەڵادزێ لە خۆپێشاندانەکانی ساڵیادی بۆردومانکردنی شارەکەیاندا لە بەرواری (٢٤/ ٤/ ١٩٨٢) دا و، بە بڕیاری دەسەڵاتی کورد کوژی بەغدا، لە بەرواری (٢٦/ ٦/ ١٩٨٩) دا، سەرجەم دانیشتوانی قەڵادزێ و پشدەر لە زێدی خۆیان ڕاگوێزران و لە چەند ئۆردوگایەکی زۆرە ملێدا ئاخێنران لە دەوروبەری سلێمانی و هەولێر، دواتریش بە تەقاندنەوە و ئامێرەکانی بلدۆزەر و شۆفل تەواوی شارەکەیان تەختی زەوی کرد، خەڵکە سەربەرزەکەی قەڵادزێ تا دوای ڕاپەڕینی مەزنی گەلەکەمان لە بەهاری ساڵی ١٩٩١، کە ڕۆڵێکی باڵایان هەبوو لە ئەنجامدانیدا، توانییان بگەڕێنەوە سەر زێدی باب و باپیرانیان .
لەم بۆنەیەدا سەری ڕێز و نوازش دادەنوێنین بۆ شاری قەڵادزێێ شەهید کراو .
نابێ بۆ ساتێکیش بێت، دوژمنکاری ڕێبەرانی بەغدا لە هزر و بیرماندا ئاوابێت، بە دڵنیاییەوە ئێستاشی لە گەڵدابێت، لەتوانای حکومڕانانی بەغدا دابێت بە هەمان عەقڵیەت و ڕەفتار بەرامبەر بە گەلەکەمان دەست ناپارێزن .

ھەواڵی زیاتر