نامه‌ عاشقانه‌كانی غولامحسێن ساعدی

خالید فاتیحی

نامه‌ی 9
تاهیره‌ی ئازیزم

ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كه‌ یان ره‌نگه‌ زیاتریش بێ كه‌ نه‌متوانیوه‌ نامه‌ت بۆ بنووسم. حاڵی من هیچ نه‌گۆڕاوه‌، له‌ ژێرباری خزمه‌تی سه‌ربازی به‌ ته‌واوی ماندوو په‌رێشانم، نیگه‌رانییه‌كان له‌به‌رخاتری رۆژانی تازه‌و رووناكن، دانبه‌خۆمدا ده‌گرم. نازانم ئه‌و رۆژانه‌ كه‌ی دێن. ئه‌و نامه‌یه‌ت له‌ گۆڕه‌پانی (تیر) بۆ ده‌نووسم. پێنج خوله‌ك پشوویانداین منیش كاغه‌زو قه‌ڵه‌مم هه‌ڵگرت تا نامه‌ت بۆ بنووسم. هیچ ده‌رفه‌تێكم بۆ نه‌ڕه‌خساوه‌. هاوڕێیان له‌سه‌رشانۆنامه‌ی باران كارده‌كه‌ن كه‌ پێشتر بۆم باسكردبووی. هه‌روه‌ها بۆ (سه‌ربان و ژێربانه‌كان)یش به‌رنامه‌ڕێژی ده‌كه‌ن. تكات لێده‌كه‌م به‌شێكی دیكه‌ له‌و وێنانه‌ی كه‌ خۆت بۆتناردبووم دووباره‌ چاپیان بكه‌و بۆم بنێریه‌وه‌ چونكه‌ بۆ نیگاركێشی دیكۆر پێویستم پێیانه‌.
تا ئه‌وساته‌ هیچ نامه‌یه‌كی تۆم پێنه‌گه‌یشتووه‌، گله‌یت لێناكه‌م. زۆرباشت ده‌ناسم. له‌ خۆشه‌ویستی تۆ دڵنیام.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌میشه‌ چاوه‌ڕوانم، هه‌ركاتێك پۆسته‌چی دێت و نامه‌ بۆ خه‌ڵكی دێنێ، منیش مات و پڕتامه‌زرۆ به‌جێ ده‌مێنم. هه‌رساتێك، هه‌ر سه‌عاتێك، له‌ هه‌موو دۆخێكدا تۆم له‌بیره‌، به‌ خۆشه‌ویستیت ئومێده‌وارم.
دووباره‌ نامه‌ت بۆ ده‌نووسمه‌وه‌.
ناونیشانه‌‌كه‌م:
فه‌رمانده‌یی سه‌ڵته‌نه‌ت ئاوا- گرووهانی سێیه‌می پزیشكی. وێنه‌كان به‌و ناونیشانه‌ بنێره‌.
غ- س
6/11/1340 هه‌تاوی

نامه‌ عاشقانه‌كانی نووسه‌ری ناوداری ئێران، غولامحسێن ساعدی (1935-1985) كه‌ بۆ تاهیره‌ی كوزه‌گه‌رانی نووسیون.