ئیسلام لە ھیچ كەسێكدا بەرجەستە نابێت

عومەرچنگیانی 

زۆرن ئەو بیرمەندانەی ئەوسا و ئێستایش، كە هەمیشە بێوچان هەوڵیان داوە و، كاریان بۆ ئەوە كردووە و دەكەن كە تێگەیشتنی کاڵفامانە لە ئایینی ئیسلام ببڕنەوە و، زۆرجاریش گوتوومانە: “هیچ كەس مافی ئەوەی نییە لێمان بچێتە سەر دووانگە و، بڵێ: من ئیسلامم، نەک بۆی نەبێت بڵێ: من مسڵمانم، ئەگەرچی ئەوەیشیان پێویست بە خۆڕانان و خۆپێنواندن ناكات. هیچ كەس مافی ئەوەی نییە قورئان بكاتە قەڵغان و، لەو دیویەوە، خۆی حەشار بدات و، پاشان جاڕ لێ بدات: كە هەركەس لەگەڵ جەنابیدا بێت، ئەوە مسڵمانە و، هەركەسیش دژی وی بێت، یان بە ئاكاری ئەو ڕازی نەبێت، ئەوا ئەو كەسە، دژایەتیی قورئانی كردووە و، یەكێكە لە دژمنەكانی خوا و، ئیسلام و، لەدینهەڵگەڕاو (مرتد)ە! 
هیچ كەس مافی ئەوەی نییە بڵێ: من لە لای خواوە دەستنیشان كراوم و لە خواوە بۆم دیاری كراوە، كە نابێ سنوورم لەگەڵدا ببەزێندرێت. هیچ كەس بۆی نییە بڵێ: من كەسێكم كە شەرع بەرزی كردوومەتەوە و، لە ڕەخنە گەورەترم، یان نابێ پێم بگوترێت: ئەو ماڵ، یان ئەو قسەیەت لە كوێ هێنا؟ من کەسایەتییەکی تایبەتیم هەیە؛ كەچی نەمردین، بیستمان و، بینیمان بەبێ ئەوەی سێودووی
لێ بكەن، هەموویان بە زیادیشەوە گوتران!
لەناو خۆیاندا لەسەر بابەتە ماددی و دنیاییەکی پەتی، پێكدا هەڵدەپژێن، كەچی كێش و، ترازووی
شەڕەكان دەگۆڕن و لە شەڕی خۆیانەوە، دەیکەنە شەڕی نێوان ئیسلام و كفر، لە بۆچوونێكی سیاسی و، دژەبۆچوونێكی ترەوە، كارەكە دەگۆڕدرێت و، دەبێتە دەستەواژەی خواناسی و، باوەڕهێنان بە خوا و، خوانەناسی و بێبڕوایی! پشتیوانیكردن لە ئیسلام و، دژایەتیکردنی خوا! ئایینی ئیسلامیش، لە هەموو تۆمەتباركردنێكیان بەدوورە. ئەوەی ئێمە لە ئیسلام تێگەیشتبێتین و، لە ڕێگەی قورئانی پڕ لە بەخششەوە، لێی شارەزا بووبێتین، ئەوەیە، كە ئایینی ئیسلام، نە بەرجەستە دەبێت لە كەسێك، یان گرووپێك، یان لە هیچ شتێكدا و، نە لە سەردەم و كاتێكی دیاریكراویشدا كۆتایی دێت! 
ئەوەی ئێمە لەم ئیسلامە گەیشتبووین، ئەوەیە، كە ئایین بۆ ئەوە هاتووە، كە كۆمەڵێك “بەها”ی جوانی هێناوە و، لە هەركوێیەكدا ئەو بەهایانە هەبوون، ئەوا ئیسلامیش لەوێ هەیە، هەركوێیەكیش ئەوانەی لێ نەبوو، ئەوا ئیسلامیشی لێ نییە! ئەوەی ئێمە لە ئیسلام گەیشتبووین، ئەوەیە: كە بەوە قایل نابێت، ئاڵای شەكاوەی پەیوەست بێت بە ناوچاوی هیچ تاك، یان نەوە و نەتەوە و ڕەچەڵەكێكەوە، یان پابەند بێت بە كۆشك، یان شار، یان پەیكەرێكەوە.
ۆزی و پارێزراوی لە هەڵەكردن، لەو سیفەتە گەورانەن، كە هەر تایبەتن بە خوای گەورەوە و، قورئان لە ۲۳ەم ئایەتی سوورەتی “حەشر”دا، دەفەرمێت:“پەروەردگارتان خوای بێهاوەڵە، كە گەورە و ۆز (قودوس)ە”. كەوابوو (ئەو دووسیفەتە ۆزێتی و بێهەڵەیی هەرکامێکیان بدرێت بە هەر تاكێك لە كۆمەڵدا، ئەوە هاوەڵدانانە بۆ خوا، بدرێتە پاڵ هەر شوێنەوارێكیش، ئەوە بتپەرستییە. تێكۆشان و، هەوڵی ئیسلام و، ئامانجە هەرە سەرەكییەکەیشی، كە بۆی هاتووە و، تا هەتاهەتایە لەسەری بەردەوام دەبێت: دژایەتیكردنی هەموو شێوە هاوەڵپەیداكردن و، بتپەرستییەكە لە هەر شێواز و، كاڵایەكدا هەبێت. لە كوێی قورئان ورد ببیتەوە و، بگەڕێیتەوە، بۆ هەرباسێكی پێغەمبەرانیش – دروود و سڵاوی خوایان لێ بێت – لەو دیو ناردنیانەوە، هەر ئەو مەبەستە گەورە بەدی دەكەیت، وەك
قورئان لە ۳٦ەم ئایەتی سورەتی “نەحل”دا، دەفەرمێت: “بۆ هەر نەتەوەیەك، پێغەمبەرمان ناردووە، بۆ ئەوەی بانگیان بكا بۆ خواپەرستی و دووركەوتنەوە لە تاغووتپەروەری”. 
بە ڕاستی ئەم یەكلاییكردن “تەجرید”ە و تایبەتكردنەی بەها و ڕێنماییانەی ئیسلام، تایبەتمەندییەكی ئایینی ئیسلامە و هەر دەستێوەردان، یان داڕنینێك لێی، لێزیادكردنێكە لە ئایین و، بەربادییەكە، لە كارە بەربادەكانی ئادەمیزاد و، ئارەزوویەكی نەبەكام و، کرچوكاڵی مرۆڤە و بەس، بگرە دادەنرێت بە بەشێك لە خەونەكانی سوڵتانێکی كاتی، یان بە ناو ڕۆحیی ئادەمیزاد و حەزێكە لە حەزەكانی!
لەلای مسڵمان، پێغەمبەر – دروود و سڵاوی خوای لێ بێت – نە بریتییە لە خوا و، نە بەشێكە لە خوا!
قورئان لە ۹۳ەم ئایەتی سوورەتی “ئیسرا”دا، دەفەرمێت: “بڵێ: گەورەیی بۆ خوای بێهاوتایە و، باشە من لەوە بەدەرهەم كە مرۆڤێكم و پێغەمبەرم و، بەس.
”(۱). تێبینی: هەر لەم سەرو بەندی مانگی ڕەبیعەدا و هەڵچوون و پێداگوتنی لەسنووربەدەر وای کرد گوڵخەرمانی ئیمڕۆمان بیرهینانەوەی ئەم نووسینە بێت. 
پەراوێز:
(۱)(بگەڕێنەوە بۆ لاپەڕە ۳ی خەباتی ژمارە (۱٦۳۲)/۲۰۰٤/۱۱/۲۷ و، (القرآن والسلطان، هموم اسامیە معاصرە، فهمی هویدی) و لاپەڕە “۸” ی ڕۆژنامەی هەولێر ژمارە ۲۲٥٦ سێشەممە ۱۷ی
نۆڤەمبەری ۲۰۱٥ ).

ھەواڵی زیاتر