ئاگری بێ دووكەڵ

حەمەسەعیدحەسەن

شـــیعرم دەخوێندەوە لەناکاو توانای بینینم لە دەســـت دا. دوا ڕەنگ کە بینیم، رەنگی زەرد بوو، ســـەرەتا ڕەنگی ڕەش و سوور لەبەر چاوم بزر بوون. خەڵک وا دەزانن نابینا لە تاریکیدا دەژی، بەڵام ڕاستییەکەی یەکەم ڕەنگ کە دیار نامێنێت، ڕەنگی ڕەشـــە. ئێستا کە نابینام، لەناو جەرگەی تەمومژێکی ڕۆشـــندا دەژیم، تەمومژێکی خۆڵەمێشیی شینباو، هەندێک جاریش تەمومژەکە بەسەر سەوزدا دەڕوانێت. باوکیشم تووشی نابینایـــی هات، داپیرم بە نابینایی کۆچی دوایی کرد، باوکی باپیریشـــم هەروەها، من نەوەی چوارەمی خانەوادەکەمانم کە تووشی نابینایی دەبم،
دەمزانی ڕۆژێک دادێت، نابینا ببم.
ئەوپەڕی توانام دەخەمە کار، بۆ ئەوەی بە شێوازێکی ئاسان بنووسم و وشەی ئاسان بەکار بهێنم. لە ناخەوە هەست دەکەم، پێویستم بەوەیە بنووسم، بۆ ئەوە ژیام بەدەم هاواری ئەو پێویستییەوە بچم. برسییەتیم بۆ نووســـین نیگەرانـــم دەکات، تا نەنووســـم، تەمی ئـــەو نیگەرانییە ناڕەوێتەوە. شاعیری ئینگلیز: ڕودیارد کیپلینگ دەڵێت: (مانگ لە زەوی نزیک بووبووەوە، ســـواری بووین و بەڕێ کەوتین.) بەختەوەر کەســـێکە ئینگلیزی زمانی دایکی بێت، ئاخربە زمانی ئیســـپانیایی ناتوانین سواری
مانگ ببین. بڕوام بە ئیلهام هەیە، نووســـین لای من بە ئیلهام دەســـت پێ دەکات
کە تارماییی پیرۆز، یان خواوەندی شـــیعری پێ دەڵێین. من شیعرم لە خۆمەوە نزیکترە، وەک لە پەخشـــانم، کەچی هاووەڵاتییەکانم پەخشانی منیان لە شـــیعرم پێ خۆشـــترە. ڕەنگە پێتان سەیر بێت کە دەڵێم: کە دەنووسم بوار نادەم بیر و بۆچوونی خۆم دەست وەربداتە کارەکانمەوە. بەزەییـــم بەوانەدا دێتەوە شـــارەزایییان لە ســـایکۆلۆجیادا هەیە، ئاخر زۆر بایەخ بە خۆیان دەدەن و نزیکەی هەمیشـــە خەریکی شیکردنەوەی دەروونی خۆیانن. من هێشـــتا خۆم ناناســـم، بڕوا ناکەم کەسیش خۆی
بناسێت. زانستێکی زۆر گرنگ هەیە کە زانستی ئاکارە، لەمێژە لێمان بزر بووە،
ئەوە بۆیە خەریکە خۆری ویژدان ئاوا دەبێت و تاقە شتێک کە ئەو خەڵکە کۆ دەکاتەوە، بێئومێدییە. گرنگ ئەوەیە چۆن هەڵسوکەوت دەکەین، بیر و بۆچوون بایەخێکی زۆری نییە، من خۆم نەتەوەیی بووم، کۆمۆنیســـت بووم، دەمێکە ئەنارشیســـتم. ئێستا تەمەنم هەشتا و دوو ساڵە، زۆربەی کات لەناو نوێنی نەخۆشـــیدام، مردنم پێ خۆشترە لەم ژیانە، ئاخر پێم وایـــە، چی چیرۆکی جوانم دەزانی، هەموویانم گێڕاوەتەوە. ئەوەم بەلاوە گرنگ نییە، لەناو نووسینەکانمدا بە زیندوویی دەمێنمەوە یان نا

ھەواڵی زیاتر