كارزان گلی – هەولێر
بڕیارە لەرۆژانی داهاتوو، عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە، بەشێوەی راستەوخۆ وتارێك پێشكەش بكات و داوا لە چەكدارانی پەكەكە بكات، لە قەندیلەوە بێنە خوارەوە و ئیدی لەتوركیا بژین.
ئاژانسی (T24)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، لە٢٧ی ئەم مانگە كۆبوونەوەیەكی گرنگ لەتوركیا ئەنجام دەدرێت و لەو كۆبوونەوەیە بریار دەدرێت ئۆجەلان بەشێوەی راستەوخۆ قسە بكات و داوا لە چەكدارانی پەكەكە بكات چەكەكانیان دابنێن و بگەڕێنەوە ناو توركیا. جگە لە قەندیل داوا لەو كەسایەتییە سیاسییانەش دەكات كە پێشتر پەكەكە بوونە و لە دەرەوەی توركیان بگەڕێنەوە بۆ توركیا، بەگوێرەی ئەو لێبوردنە گشتییەی لەپڕۆژەیاسای چەكدانانی پەكەكەدا دەنگی لەسەر دراوە، واتە ئەوانەی دوای ٢٠٠٥ لەبەر پەكەكە بوون توركیایان بەجێهێشتوە لێبوردنی گشتی دەیانگرێتەوە و بەر لەو بەروارە نایانگرێتەوە.
وەكوو ئەوەی ئاژانسی ناوبراو بڵاوی كردووەتەوە، ئەنجوومەنی ئاساییش نیشتیمانی توركیا، لە ٢٧ی ئەم مانگەدا بەسەرۆكایەتی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا كۆ دەبنەوە و لەوێدا راپۆرتێكی گرنگ و گشتگیر لەبارەی پڕۆسەی چەكدانانی پەكەكە دەخوێندرێتەوە و هەر لەو راپۆرتەدا داوا كراوە رێگە بدرێت ئۆجەلان بەشێوەی راستەوخۆ داوا لە چەكدارانی پەكەكە بكات قەندیل چۆڵ بكەن و بگەڕێنەوە ناو توركیا، هەروەها كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیش ئەنجام بدات.
ئەگەر بێت و ئەردۆغان دەنگ لەسەر ئەو راپۆرتە بدات، لەماوەیەكی زۆر كەمدا ئۆجەلان بەشێوەی راستەوخۆ دەبینرێت و قسە دەكات، ئەمەش بۆ یەكەمجار دەبێت لەمێژووی توركیا، ئۆجەلان قسە بكات و میدیای توركیا بەراستەوخۆ بیگوازێتەوە.
بەگوێرەی شڕۆڤەی بەشێك لەسیاسییەكان، بۆیە داوا كراوە ئۆجەلان بەشێوەی راستەوخۆ قسە بكات، چونكە بەشێكی زۆری پەكەكەییەكان پێیانوایە ئۆجەلان بەكاردەهێنرێت و بەئیرادەی خۆی نییە داوا لەچەكدارانی پەكەكە دەكات چەك دابنێن.
لەلایەكی ترەوە، بەسێ هۆزات و موراد قەرەیلان، كە دوو كەسایەتی گرنگی ناو پەكەكەن، داوایان لەتوركیا كردووە ئۆجەلان ئازاد بكرێت ئەوكات ئەوان چەك دادەنێن، بەڵام ئەگەر بەشێوەی راستەوخۆ ئۆجەلان داوایان لێبكات چەك دابنێن، ئەوكات هیچ بەهانەیەكیان نامێنێتەوە بۆ چەكدانان.
بەشێك لەمیدیاكانی توركیا بڵاویان كردووەتەوە، پرۆسەی ئاشتی و چەكدانانی پەكەكە لەنگەری تێكەوتووە و بەخاوی بەڕێوە دەچێت، بەڵام لەتازەترین سەردانی شاندی ئیمیڕاڵی بۆ لای ئۆجەلان، ئۆجەلان داوای كردووە پەلە بكرێت لەپڕۆسەی ئاشتی و هەروەها گوتویەتی لەناوەوەی توركیا دەنگێك هەیە ئەو پڕۆسەیە تێك بدات، بەڵام ئەوان قبوڵی ناكەن.
ماوەیەك بەر لەئێستا، ئۆجەلان لەئیمیڕاڵی شوێنەكەی گواسترایەوە بۆ ڤیلایەكی ٢٠٠ مەتری، ئەمەش پەیامێكی توركیا بوو بۆ پەكەكە و دەم پارتی، تا بیسەلمێنێت گۆشەگیركردنی ئۆجەلان هەڵگیراوە و ئیدی لەمەودوا دەتوانێت رۆژنامەنووسان و كەسایەتی سیاسی و خانەوادەكەی خۆی ببینێت.
نوعمان كورتوڵمووش، سەرۆكی پەرلەمانی توركیا، ئاماژەی دابوو كە پرۆسەی چەكدانانی پەكەكە تا كۆتایی ساڵ كۆتایی پێدێت و ئیدی شتێك نامێنێت بەناوی چەكداری پەكەكە، بەڵام دەم پارتی هەڕەشەی ئەوەی دەكرد، كە تاوەكوو ئۆجەلان رۆڵی گرنگی پێنەدرێت و بۆ خۆی سەرپەرشتی پڕۆسەی چەكدانانی پەكەكە نەكات، ئەنجامی نابێت.
لەلایەكی ترەوە، گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیا (پارتی نوێ)، لەپڕۆسەی ئاشتی و چەكدانانی پەكەكە كشایەوە و دەڵێت ئێمە بڕوامان بەو پڕۆسەیە نییە و رەتی دەكەینەوە، ئەمەش كاریگەریی خراپی لەسەر شەرعییەتی پڕۆسەكە دەبێت، چونكە پێشریش ئۆجەلان گوتویەتی، دەبێت پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانیش پشتگیریی لەو پڕۆسەیە بكەن، نابێت بەهیچ شێوەیەك ئەوان بخرێنە دەرەوەی ئەو پڕۆسەیە.
