رۆژنامەی ھەولێر

پ.د. محەمەد سەدیق خۆشناو: مامۆستا بەردی بناغەی هەر سیستمێکی سەرکەوتووی پەروەردەییە

دیمانە: حەسەن حەمەد ئاندێکی

د. محەمەد سەدیق خۆشناو، سەرکردەیەکی دیاری ئەکادیمی؛ دکتۆرای لە پلاندانانی پەروەردەیی ناوەندی پیشەیی و ماجستێری لە پلاندانانی پەروەردەیی منداڵانی پێش تەمەنی قوتابخانە لە زانکۆی سالفۆرد بەدەستهێناوە. پڕۆفیسۆرە لە پلاندانانی پەروەردەیی؛ سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین (٢٠٠٤–٢٠١٠)، سەرۆکی زانکۆی لوبنانی فەرەنسی (٢٠١٣–٢٠٢١) و پەرلەمانتاری پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (٢٠٢٢–٢٠٢٥) بووە. لە دیمانەیەکدا لە هەولێر، تیشکی خستە سەر چۆنیەتیی بوونی پەروەردە بە ئاوێنەیەکی ڕوونی واقیعی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگە؛ پەیوەندیی نێوان ناسەقامگیریی ژینگە و توانای سیستمی پەروەردە بۆ دروستکردنی نەوەیەکی ئازاد و داهێنەر؛ هەروەها هۆکاری پێویستیی بەستنەوەی پلاندانانی پەروەردە بە پلاندانانی ئابووری و کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستانەوە.

چۆن پەروەردە بە ئاوێنەیەکی ڕوونی واقیعی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگە دادەنرێت؟
بێگومان پەروەردە یەکێکە لەو پێکهاتە بایەخدار، هەمەڕەنگ و فەزاکراوانەی هەمیشە لەنێو کۆمەڵگەدا لە حاڵەتی تازەبوونەوە و گۆڕانکاریدایە؛ ئەمەش لەپێناو زیاتر گرێدانەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە بە واقیعی سیاسی و ئابووریی نەتەوە و بارگاوییکردنیان بە هەستی مرۆڤدۆستانە و شارستانییانە. جگە لەمەش، هەر وڵاتێک بۆ پێشخستنی کۆمەڵگەکەی خۆی، سەرەتا بیر لە داڕشتنی ستراتیژییەتێکی تۆکمە و کارا دەکاتەوە لەپێناو پێشخستنی سیستمی پەروەردە؛ ئەمەش لەپێناو زیاتر کرانەوەی واقیعی کۆمەڵگە بە ڕووی دونیادا و ڕەهەندەکانی جیهانگەرایی، چونکە بونیادی پەروەردە کۆڵەگەی پتەوی هەر کۆمەڵگایەکە. هەر بۆ نموونە، دەبینین زۆر لە وڵاتانی دونیا لە ڕێگەی پێشخستنی واقیعی بواری پەروەردەییەوە توانیان شانبەشانی وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان هەنگاو بنێن؛ بۆیە بە دڵنیاییەوە دەتوانرێت بەهۆی گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە سیستمی پەروەردەییدا، پێشکەوتنێکی گەورە بەدەست بهێنرێت.
ئەگەر بە قووڵی سەیری واقیعی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگە بکەین، دەبینین سیستمی پەروەردە و فێرکردن لە کوردستاندا هەر تەنیا خەمی مامۆستایان، دەزگای پەروەردە و لێپرسراوانی حکومەت نییە، بەڵکوو خەمێکە پەیوەستە بە کۆی هەموو ئەو تاکانەی خەون بە نوێبوونەوە و گۆڕانکارییەوە دەبینن. گرفتەکان کاتێک ڕووبەڕووی جومگەکانی پەروەردە دەبنەوە، بە تەنیا پەیوەست نین بە سیستمی پەروەردەوە، بەڵکوو پەیوەستن بە نێو کۆی ڕەهەندە کولتوورییەکانی کۆمەڵگەی کوردییەوە؛ چونکە ئەو قەیرانگەلەی لەنێو سیستمی پەروەردەدا ئامادەییان هەیە، دەگەڕێنەوە بۆ ئەو سیستمە چەقبەستووەی بەدرێژایی مێژووی دەوڵەتی عێراق و حکومەتەکانی لە ماوەی حوکمڕانیی خۆیاندا، لەبەر ڕۆشنایی دیدێکی عەسکەرتاری و بەپێچەوانەی سەرجەم خەون و داخوازییەکانی تاکەکانی کۆمەڵگە داڕێژرابوون؛ ئەمەش دواجار تارمایەکی ڕەش و دونیایەک قەیرانی جۆراوجۆری لێ کەوتەوە. بۆیە ئەمە پێویستی بە چارەسەرێکی ڕیشەیی و پەروەردەیەکی هاوچەرخ هەیە کە لەناو واقیعی کولتووریی کۆمەڵگە هەڵبقوڵێت. لەبەر ئەمە، پێویستە سەرجەم دیدگا کراوە و ڕۆشنەکانی کۆمەڵگەی کوردی کار بۆ هێنانەدیی پڕۆژە و سیستمێکی پەروەردەییی نوێی پەیوەست بە واقیعی کوردستان بکەن، کە لە توانایدا هەبێت ئالیەتی سیستمی پەروەردە ڕووەو نوێبوونەوە و داهێنانخوازی هەنگاو بنێت؛ چونکە لە هەموو دونیادا وایە کە سیستمی پەروەردەییی هەر وڵاتێک بەرهەمی ڕاستەقینەی ئەو ژینگەیەیە کە تێیدا گەشە دەکات، وەک ئاوێنەیەک کە هەموو خاڵە بەهێز و لاوازەکان، کەموکوڕی، پێشکەوتن و کێشەکان نیشان دەدات. بۆیە لێرەدا پێویستە ئاماژە بە سێ واقیعی داسەپاو بکەین:
• واقیعی سیاسی: ئاشکرایە کە ئاراستەی سیاسیی دەسەڵات، چەمکەکانی ئازادی، دیموکراسی یان دیکتاتۆری، لە ناوەڕۆکی پڕۆگرامەکانی خوێندن و شێوازی بەڕێوەبردنی ناوەندەکاندا ڕەنگ دەدەنەوە. سیستمی سیاسیی سەرکوتکەر سیستمێکی پەروەردەی گوێڕایەڵ و لەبەرکەر بەرهەم دەهێنێت، لە کاتێکدا سیستمی دیموکراتی تاکی بەئاگا و داهێنەر بەرهەم دەهێنێت.
• واقیعی ئابووری: قەبارەی بودجەی تەرخانکراو، ژێرخانی قوتابخانەکان و شێوازی ئاراستەکردنی قوتابیان بۆ بازاڕی کار، ڕەنگدانەوەی هێز یان لاوازیی ئابووریی نیشتمانی و ڕێژەی بێکاری و هەژارییە.
• واقیعی کۆمەڵایەتی: پەروەردە ئاوێنەی کێشە کۆمەڵایەتییەکانە؛ لە جیاوازیی ڕەگەزی، چینایەتی و پێکهاتەییەوە تا دەگاتە بەهاکان و باوەڕەکان، ئاستی هۆشیاریی گشتیی کۆمەڵگە نیشان دەدات.

چ پەیوەندییەک لەنێوان ناسەقامگیریی ژینگە و توانای سیستمی پەروەردە بۆ دروستکردنی نەوەیەکی ئازاد و داهێنەر هەیە؟
دیارە ژینگەی پڕ لە ناسەقامگیری (سیاسی، ئاسایش، ئابووری یان تەندروستی و سروشتی)، سیستمی پەروەردە تەنیا بەرەو دۆخی “ڕزگاربوون” دەبات نەک “گەشەکردن”.
• ترس و مێشک: لە ژینگەی ناسەقامگیردا، هۆش و دەروونی تاک (مامۆستا و قوتابی) لە دۆخی دڵەڕاوکێی بەردەوامدا دەبێت. لێرەدا کاری سەرەکیی مێشک دەبێتە تیشکخستنە سەر بەرگری و خۆپاراستن، نەک بیرکردنەوە، داهێنان، تێڕامان و پرسیارکردن.
• ئازادیی هزری: نەوەی ئازاد و داهێنەر پێویستی بە ئاسایشی دەروونی و زارەکی هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت بیرۆکەی نوێ بخاتە ڕوو؛ بۆیە پێویستە ئەم نەوەیە بە ئازادی ڕەخنە بگرێت و تاقی بکاتەوە. بە پێچەوانەوە، ناسەقامگیری ئەم زەمینە ئارامە لەناودەبات و ئازادییەکان سنووردار دەکات.

بۆچی پلاندانانی پەروەردە دەبێت بە پلاندانانی ئابووری و کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستانەوە پەیوەست بێت؟
پچڕانی کەرتی پەروەردە لە پلاندانانی گشتیی ئابووری و کۆمەڵایەتی، دواجار دەبێتە هۆی دروستبوونی قەیرانی گەورە، هەروەک دیاردەی بێکاریی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان.
• هاوسەنگیی بازاڕی کار: پلاندانانی پەروەردەیی دەبێت بزانێت کە ئابووریی هەرێمی کوردستان لە داهاتوودا پێویستی بە چ جۆرە پیشە، تەکنەلۆژیا، یان پسپۆڕییەکی کشتوکاڵی، گەشتیاری، یاخود پیشەسازی هەیە، بۆ ئەوەی زانکۆ و پەیمانگەکانی کوردستان نەوەیەک پێ بگەیەنن کە دەرفەتی زیاتری کاریان بۆ بڕەخسێت.
• گەشەی بەردەوام: ئابوورییەکی سەرکەوتوو پشت بە هێزی کاری لێهاتوو دەبەستێت؛ ئەمەش تەنیا کاتێک بەدەست دێت کە پڕۆسەی پەروەردەیی ڕێچکەی خۆی لەگەڵ پێداویستییە ستراتیژییەکانی نیشتمان یەک بخات.
پێش کردنەوەی بەشێکی نوێ لە زانکۆ یان فراوانکردنی دامەزراوەیەکی پەروەردەیی، چ پلانێکی ستراتیژی دەبێت لەبەرچاو بگیرێت؟
پێشکەشکردنی داواکاری بۆ دامەزراندنی بەشێکی نوێ، پێویستە لەسەر بنەمای پێویستیی ڕاستەقینەی هێزی کار بێت. پێویستە ئەم خاڵانەی خوارەوەی تێدا ڕەچاو بکرێن:
• لێکۆڵینەوەی پێویستیی بازاڕ (Market Needs Assessment): ئایا بازاڕی کار لە پێنج بۆ دە ساڵی داهاتوودا پێویستی بەو پسپۆڕییە دەبێت یان نا؟
• تەمویلی دارایی بەردەوام: دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ تاقیگە، کتێبخانە، تەکنەلۆژیا و سەرچاوەی مۆدێرن.
• توانای مرۆیی (مامۆستای پسپۆڕ): دابینکردنی مامۆستای ئەکادیمیی خاوەن بڕوانامەی باڵا و ئەزموونی جیهانی بۆ وانەگوتنەوە و ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی.
• پەرەپێدانی میتۆد: داڕشتنی پڕۆگرامێکی خوێندنی پەیوەست بە واقیعەوە، کە هاوشانی زانکۆ پێشکەوتووەکانی جیهان بێت.

گەڕاندنەوەی شکۆ و پێگەی ماددی و مەعنەویی مامۆستا چ کاریگەرییەکی لەسەر سەرکەوتنی سیستمی پەروەردەیی هەیە؟
مامۆستا بەردی بناغەی هەر سیستمێکی سەرکەوتووی پەروەردەییە، بەوەی کاتێک مامۆستا لە بارودۆخێکی دارایی شایستە و شکۆیەکی مەعنەویدا بێت:
• چەقبەستوویی دەشکێنرێت: ئارەزووی کارکردن، بەخشین و داهێنان لە پۆلدا بەرز دەبێتەوە. مامۆستایەک کە بژێوی ژیانی ڕۆژانەی باش نەبێت، ناتوانێت سەرنجی تەواو بخاتە سەر گەشەپێدانی مێشکی قوتابی.
• ڕێزگرتنی کۆمەڵایەتی: گەڕاندنەوەی پێگەی مامۆستا هاندەرێکی گەورەیە بۆ ئەوەی باشترین مێشکەکان ڕوو لەم پیشە پیرۆزە بکەن؛ ئەمەش خۆی لە خۆیدا کوالێتیی پەروەردە بەرز دەکاتەوە.

بۆچی نوێکردنەوەی مەنهەجەکان و گونجاندنیان لەگەڵ شۆڕشی دیجیتاڵی و پێداویستییەکانی سەردەم گرنگە؟
بەهۆی تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکردەوە (AI)، جیهان بە خێراییەکی بێوێنە لە گۆڕانکاریدایە؛ بۆیە لە هەمبەر ئەمەدا، مەنهەجی کۆن و لەبەرکردن-تەوەر ناتوانێت نەوەیەک دروست بکات کە بەرگەی کێبڕکێ بگرێت.
• گواستنەوە لە پڕۆسەی (لەبەرکردنەوە) بۆ لێکدانەوە: پێویستە پڕۆگرامەکان قوتابی فێری شیکاری، چارەسەرکردنی کێشەکان و بەرنامەسازی بکەن.
• بەدیجیتاڵکردن: فێربوونی بەکارهێنانی دروستی تەکنەلۆژیا و ئامرازە دیجیتاڵییەکان نەک هەر وەک شتێکی لاوەکی، بەڵکوو دەبێ وەک بنەمای سەرەکی بۆ هەر بوارێکی زانستی و پیشەیی بەکار بهێنرێت.
پەروەردەی تەکنیکی و پیشەیی چ ڕۆڵێک دەتوانێت لە گەشەپێدانی ئابووریی هەرێمی کوردستاندا بگێڕێت؟ دیارە زۆربەی کێشە ئابوورییەکان و ڕێژەی بێکاری، بەهۆی زۆربوونی بڕوانامەی گشتی و لاوازیی لایەنی کارامەیی (Skills) دروست دەبن.
ئەمڕۆ ئێمە لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستیمان بە دابینکردنی دەستی کار هەیە؛ بۆ ئەم مەبەستەم دەمەوێت بڵێم پەروەردەی پیشەیی و تەکنیکی گونجاوترین ڕێگایە بۆ دابینکردنی تەکنیککار، شارەزا و خاوەنکار بۆ بازاڕی کار (لە کایەکانی بیناسازی، کشتوکاڵ، گەشتیاری و تەکنەلۆژیا).
• کەمکردنەوەی پشتبەستن بە هێزی کاری دەرەوە: پەرەپێدانی ئەم کەرتە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی بەرهەمی ناوخۆیی و کەمکردنەوەی پێویستی بە کرێکاری بیانی؛ ئەمەش دواجار ئابوورییەکی سەربەخۆتر دروست دەکات.

بۆچی چاکسازیی پەروەردە نابێت تەنیا بە ئەرکی وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا سنووردار بکرێت؟ پەروەردەکردنی کۆمەڵگە پڕۆسەیەکی گشتگیرە و یەک وەزارەت یان دوو وەزارەت ناتوانن بە تەنیا بارگرانییەکە هەڵبگرن؛ هەروەک لە چەند خاڵێکدا دەمەوێت بیانخەمە ڕوو:
• بەشداریی هاوبەش: خێزان، دەزگاکانی ڕاگەیاندن، دامەزراوە ئایینییەکان، کەرتی تایبەت و کۆمەڵگەی مەدەنی هەموویان بە فاکتەری پەروەردەیی لەقەڵەم دەدرێن.
• سیاسەتی نیشتمانی: چاکسازی پێویستی بە بڕیارێکی سیاسی و ستراتیژیی باڵا هەیە کە پێویستە سەرجەم جومگەکانی دەوڵەت (دارایی، ناوخۆ، کار، پلاندانان) لەپێناو سەرخستنیدا هاوکار بن.

چۆن بنیاتنانی مرۆڤێکی هۆشیار، خاوەن بەها و بەتوانا دەتوانێت ببێتە بنەمای بنیاتنانی نیشتمانێکی پێشکەوتوو و شکۆمەند؟
بێگومان سەروەت و سامانی ڕاستەقینەی هەر نەتەوەیەک نەوت و کانزا نییە، بەڵکوو مرۆڤە.
• مرۆڤی هۆشیار و خاوەن بەها: نیشتمان بە دروستکردنی باڵەخانە و شەقام پێشکەوتوو نابێت، بەڵکوو بە بوونی هاووڵاتییەکی بەرپرسیار، خاوەن ئیتیکی پیشەیی، نیشتمانپەروەر و ڕێزگر لە یاسا و مافی خەڵکانی دیکە دەبێت.
• داهێنان و پێشکەوتن: کاتێک مرۆڤ بە توانا و زانست پەروەردە دەکرێت، دواجار دەبێتە بزوێنەری داهێنان، بەرهەمهێنەر و پاراستنی سەروەریی نیشتمان بەرانبەر بە هەموو قەیرانێک.