رۆژنامەی ھەولێر

پارێزگاری هەولێر داوای بەشداریی فراوان لە گردبوونەوەی سبەی دەکات بۆ پشتیوانی لە قەوارەی هەرێمی کوردستان

ئەمڕۆ چوارشەممە 25ـی تشرینی دووەمی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە بانگەوازێکی نیشتمانیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ خاک و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان لە هەموو کات زیاتر پێویستی بە یەکڕیزی، یەکدەنگی و هەڵوێستی هاووڵاتییان هەیە.

لە بانگەوازەکەدا هاتووە، لە پێناو پشتیوانیکردن لە قەوارەی هەرێمی کوردستان و پاراستنی خاکەکەی، سبەی پێنجشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2026، کاتژمێر 10:30ـی بەیانی لە باغی شار (نزیک قەڵای هەولێر)، گردبوونەوە و خۆپیشاندانێکی جەماوەری و نیشتمانی ساز دەکرێت.

پارێزگاری هەولێر داوای لە گەورە و بچووک، فەرمانبەران، مامۆستایان، قوتابیان، کرێکاران، کاسبکاران، گەنجان، ئافرەتان، سەرجەم لایەنە سیاسییەکان، پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کردووە بەشدارییەکی فراوان و کارایان هەبێت، بۆ ئەوەی پەیامێکی ڕوون، ئاشتیخوازانە و یەکگرتوو بگەیەندرێتە هەموو جیهان.

ئومێد خۆشناو جەختی لەوەش کردووەتەوە، لەم گردبوونەوەیەدا تەنها ئاڵای کوردستان بەرز دەکرێتەوە و بەرزکردنەوەی هیچ ئاڵا و دروشمێکی دیکەی حزبی یان تایبەت ڕێگەپێدراو نییە.
سەبارەت بە دەوامی فەرمی، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاندووە، سبەی پشووی فەرمی نییە و دەوامی دامودەزگاکان ئاسایی دەبێت بۆ ڕاییکردنی کاروباری هاووڵاتییان، بەڵام دەسەڵاتی تەواو دراوە بە سەرجەم بەڕێوەبەر و بەرپرسانی فەرمانگە و ناوەندەکانی خوێندن کە هەموو ئاسانکارییەک بکەن و مۆڵەت بدەنە فەرمانبەران و مامۆستایان تا بتوانن بەشداری لەو گردبوونەوەیەدا بکەن.