رۆژنامەی ھەولێر

مەسرور بارزانی بۆ گەنجان: ئێوە خاوەنی راستەقینەی وڵاتن و سنوور بۆ سەرکەوتنتان دامەنێن

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکەمین لووتکەی جیهانیی لاواندا جەختی کردەوە، گەنجان خاوەنی راستەقینەی نیشتمانن و نابێت چاوەڕێی ئەوانی دیکە بن دەرفەتیان بۆ بڕەخسێنن، هاوکات پێویستە حکوومەتیش ئەرکی خۆی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و هەلی کار جێبەجێ بکات.

ئەمڕۆ سێشەممە، 24ی تشرینی دووەمی 2026، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە هەولێر بەشداریی لە پانێڵێکی تایبەتی یەکەمین لووتکەی جیهانیی لاوان لە هەرێمی کوردستان کرد.

لووتکەکە لە لایەن دامەزراوەی “کوردستان فاوندەیشن”ـەوە لە ژێر دروشمی “نەخشاندنی داهاتوو” رێکخراوە و بۆ ماوەی سێ رۆژ بە بەشداریی زیاتر لە 800 گەنج و نوێنەر لە هەرێمی کوردستان و 47 وڵاتی جیهانەوە بەردەوام دەبێت.

خاوەندارێتیی نیشتمان و رۆڵی گەنجان

لە سەرەتای پانێڵەکەدا، مەسرور بارزانی دەستخۆشیی لە دامەزراوەی “کوردستان فاوندەیشن” و رێکخەرانی لووتکەکە کرد و رایگەیاند، بەستنی ئەم لووتکەیە دەستپێکێکی گرنگە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بیروبۆچوون و دەرخستنی تواناکانی گەنجانی کوردستان هاوشانی گەنجانی جیهان.

مەسرور بارزانی جەختی کردەوە، “پێش هەموو شتێک دەبێت گەنج بزانێت وڵات هی کەسێکی دیکە نییە بیدات بە ئەو، بەڵکوو خۆی خاوەنی وڵاتەکەیە و نابێت بیر لەوە بکاتەوە نامۆ یان میوانە.” گوتیشی، گەنج دەبێت رەگی خۆی لەم خاکەدا دابکوتێت و لە هەمان کاتدا ئەرکی حکوومەتە دەرفەتی کار و خزمەتگوزاری بۆ گەنجان بڕەخسێنێت، بۆیە ئەمە بەرپرسیارێتییەکی دوولایەنەیە.

سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەش دا، ئاساییە گەنجان بۆ پەرەپێدانی خوێندن بچنە دەرەوەی وڵات، بەڵام “بۆ وەرگرتنی ئەزموون بڕۆن و بگەڕێنەوە، نەک بۆ دوورکەوتنەوە لە وڵات.” سەبارەت بە گەنجانی کورد لە تاراوگە، روونیشی کردەوە، پێویست ناکات کەسێک بە فەرمی پۆستێکی هەبێت تا خزمەتی نیشتمانەکەی بکات، بەڵکوو دەتوانێت بە سەرکەوتن لە کارەکەی و دروستکردنی پەیوەندی یارمەتیی وڵاتەکەی بدات، هاوکات حکوومەتیش بەرنامەی هەیە بۆ گەڕانەوەی گەنجانی تاراوگە تا تێکەڵی کۆمەڵگەکەیان ببن.

پانێڵی تایبەتی سەرۆکوەزیران لە یەکەمین لووتکەی جیهانیی گەنجان لە کوردستان

چۆنیەتیی دروستبوونی سەرکردە، زمانزانی و تەکنەلۆجیا

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا سەرکردە لە دایک دەبێت یان دروست دەکرێت؟ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، “پێم وایە هەردووکیەتی، بەشێکی بە توانای زگماکی و جەستەییەوە بەندە، بەشەکەی دیکەشی پەیوەستە بە خۆپێگەیاندن و تاقیکردنەوەکانی ژیان و نەدۆڕاندنی هیوا لە کاتە سەختەکاندا”. ئاماژەی بەوەش کرد، هەر سەرکردەیەک دەتوانێت سەرکەوتوو بێت گەر بتوانێت باوەڕ و متمانەی خەڵکی خۆی بەدەست بهێنێت.

سەبارەت بە گرنگیی زمانزانی لە سەردەمی ژیریی دەستکرددا، مەسرور بارزانی رایگەیاند، “تەکنەلۆجیا ناتوانێت جێگرەوەی فێربوونی زمان بێت، چونکە هەر زمانێک هێز و توانایەکی نوێ بە مرۆڤ دەبەخشێت و دەرگای تێگەیشتن لە مێژوو و کولتووری نەتەوەکانی دیکە و تێگەیشتن لە دیدگای بەرامبەر دەکاتەوە”. باسی لەوەش کرد، خۆی لە منداڵییەوە لە قوتابخانە ئینگلیزی خوێندووە و دواتر لە تەمەنی 22 ساڵیدا، کاتێک چووەتە بەریتانیا و ئەمریکا، بە رژدی پەرەی بە زمانەوانیی خۆی داوە.

لەبارەی یارییە ئەلیکترۆنییەکانیشەوە، خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی گەنجانی کوردستان گەیشتوونەتە ئاستی دروستکردنی یاریی ئەلیکترۆنی و داوای کرد یارییە کۆنە کوردییەکان بە تەکنەلۆجیا زیندوو بکەنەوە. لە هەمان کاتدا هۆشداریی دا، تەکنەلۆجیا نابێت ببێتە جێگرەوەی ژیانی رۆژانە و پەیوەندیی کۆمەڵایەتی لەگەڵ خێزان و هاوڕێیان، بۆیە “دەبێت هاوسەنگییەک رابگیرێت تا گەنج لە جیهانی راستەقینە دانەبڕێت.”

سەرۆکوەزیران بە پێکەنینیشەوە یادەوەرییەکی گێڕایەوە کاتێک لەگەڵ “ئارین”ـی کوڕی و برازا و خوشکەزاکانی یاریی تۆپی پێی دەکرد و کاتێک زانی ئەوان دەیانەوێت خۆیان بدۆڕێنن تا ئەو بیباتەوە، وازی لە یاریکردن لەگەڵیان هێناوە.

پانێڵی تایبەتی سەرۆکوەزیران لە یەکەمین لووتکەی جیهانیی گەنجان لە کوردستان

پێشمەرگایەتی لە 16 ساڵیدا، خوێندن لە ئەمریکا و خولیا تایبەتەکان

مەسرور بارزانی لە بەشێکی دیکەی پانێڵەکەدا باسی لە ژیانی گەنجێتیی خۆی کرد و گوتی، لە تەمەنی 16 ساڵیدا وەک ئاوارە لە وڵاتێکی دراوسێ و لە قۆناخی دواناوەندیدا بووە، بەڵام بە ئارەزوو و ویستی خۆی، نەک بە ناچاری، بووەتە پێشمەرگە تا وەک باوک و کەسوکارە پێشمەرگەکانی بژی و هەست بە ئازادی بکات.

ئەوەشی خستەروو، لە 17 ساڵی دواناوەندیی تەواو کردووە و لە 22 ساڵی دەرفەتی خوێندنی لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی ئەمریکی لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا بۆ رەخساوە. گوتی، وەک تاکە کوردێک لەو زانکۆیەدا هەستی بە بەرپرسیارێتییەکی گەورە کردووە و زۆر خۆی ماندوو کردووە تا لە یەکەمەکان بێت و بیسەلمێنێت گەنجی کورد هیچی لەوانی دیکە کەمتر نییە.

لەبارەی کاتی پشوودان و خولیاکانییەوە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کاتی زۆری نییە و ئەو کاتە کەمەی هەیەتی لەگەڵ خێزان و منداڵەکانی بەسەری دەبات، بەڵام ئەگەر دەرفەتی هەبێت ئارەزووی لە ئەسپسواری، وەرزش و چوونە نێو سروشتە. گوتیشی، لە منداڵییەوە خولیای وێنەکێشانی هەبووە و بە یارمەتیی مامۆستاکان و لە زانکۆدا بە شێوەیەکی پیشەیی فێری کێشانی تابلۆی زەیتی بووە.

پانێڵی تایبەتی سەرۆکوەزیران لە یەکەمین لووتکەی جیهانیی گەنجان لە کوردستان

دامەزراندنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و فرەچەشنکردنی ئابووری

سەبارەت بە دامەزراندنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ساڵی 2005، مەسرور بارزانی روونی کردەوە، دوای جەنگ و وێرانکردنی 4500 گوندی کوردستان و ئاوارەبوونی خەڵک، پێویست بوو رێکخراوێک هەبێت بێ منەتکردن و بێ جیاوازیی سنوور و بیروڕا هاوکاریی خەڵکی هەژار بکات و رێبازی بارزانیی نەمر لە خزمەتکردنی گەلدا بەردەوام بکات. ئێستاش دەزگاکە بووەتە رێکخراوێکی جیهانی و لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا بە فەرمی ناسراوە.

لە تەوەرێکی دیکەدا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە، دەکرێت هەرێمی کوردستان لە رێگەی هەمەچەشنکردنی ئابوورییەوە چیتر تەنیا پشت بە نەوت و گاز نەبەستێت. ئاماژەی بەوەش دا، لە کابینەی نۆیەمدا پەرەیان بە کشتوکاڵ و ئاسایشی خۆراک داوە و بەرهەمی جووتیاران هەناردەی دەرەوە کراون، هاوکات بۆ کەرتی گەشتوگوزار پڕۆژەی گەورە جێبەجێ کراون و کار لەسەر رێگاوبان و کەرتی بانکی کراوە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی.

مەسرور بارزانی باسی لە “پڕۆژەی گەشانەوە” کرد و گوتی، حکوومەت لەم رێگەیەوە یارمەتیی گەنجان دەدات کار و پڕۆژەکانی خۆیان گەورە بکەن یان دایبمەزرێنن. جەختیشی کردەوە، ئەگەر هەرێمی کوردستان پشکی بودجە و شایستە داراییەکانی خۆی وەک خۆی پێ بگات، لە ماوەیەکی نزیکدا پێشکەوتنێکی یەکجار گەورەی ئابووری بەخۆیەوە دەبینێت.

پانێڵی تایبەتی سەرۆکوەزیران لە یەکەمین لووتکەی جیهانیی گەنجان لە کوردستان

پەیامی کۆتایی بۆ گەنجان و میوانە بیانییەکان

سەرۆکی حکوومەت لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا فێربوون لە ئەزموونی گەنجانی دووپات کردەوە و گوتی، خواست و ئامانجەکانی گەنجانی ئێستا زۆر لە هی نەوەی پێشوو فراوانترن، لەگەڵ ئەوەشدا گرنگە نەوەی نوێ بزانێت ئەم دەستکەوتانە بە چ تێکۆشان و ماندووبوونێک هاتوونەتە دی و بۆ پێشکەوتن هەنگاوی پتەو بنێن تا جارێکی دیکە بۆ دواوە نەگەڕێنەوە.

لە پەیامی کۆتاییدا، مەسرور بارزانی رووی لە گەنجان کرد و گوتی، “سنوور بۆ سەرکەوتنەکانتان دامەنێن، نەڵێن بەسە و تا دەتوانن بەرەو پێشەوە بڕۆن.” هەروەها داوای لە گەنجانی بەشداربووی وڵاتانی دیکە کرد، تێکەڵاوی کولتوور و مێژووی کوردستان ببن و ببنە باڵوێز بۆ گەیاندنی پەیامی یەکسانی، ئاشتی و ئارامیی کوردستان بۆ هەموو جیهان.

پانێڵی تایبەتی سەرۆکوەزیران لە یەکەمین لووتکەی جیهانیی گەنجان لە کوردستان

——————————————————–

دەقی پانێڵە تایبەتییەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی:

پێشکەشکار: زۆر بەخێرهاتن جەنابی سەرۆکوەزیران. سڵاو و بەخێربێن میوانە بەڕێزەکان. وەک جەنابتان دەبینن، ئەمڕۆ ئێمە لێرە کۆبووینەتەوە لە لووتکەی جیهانیی لاوان. نزیکی 800 کەس دەبین لەم هۆڵەدا، و زۆر زۆری دیکەش لەگەڵمانن بە ئۆنڵاین و لە رێی تیڤییەکانەوە. بێگومان زۆر میوانی بەڕێز و خۆشەویست لە بەرپرس و وەزیر و وڵاتە جیاوازەکان و خەڵکی لێیە لە 47 وڵاتی جیاوازی جیهانەوە. حەز ئەکەم بە یەک پرسیار دەست پێ بکەم و بۆچوونی جەنابتان بزانم لەسەر ئەوەی کە بە بڕوای ئێوە کۆبوونەوەی ئێمە ئەمڕۆ لێرە، بەتایبەت لەبەر گەنج، هیواخوازن چی لێ بکەوێتەوە؟

سەرۆکوەزیران: زۆر زۆر سوپاس. رێگەم بدە پێشەکی منیش بەخێرهاتنێکی گەرمی هەموو بەشداربووان و میوانانی ئازیز بکەم. بەخێربێن بۆ هەولێر، بەخێربێن بۆ کوردستان، بەخێربێن بۆ ماڵی خۆتان. زۆر زۆر خۆشحاڵ و سەرفەرازین بە ئامادەبوونتان بەتایبەتی میوانە بەڕێزەکان کە لە دوورەوە هاتوون، هیوادارم کاتێکی خۆشتان هەبێت و ئارەزووی سەرکەوتنی ئەم لووتکەیە بۆ هەمووتان دەکەم.

زۆر زۆر سوپاس. هەروەها دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی ئەم لووتکەیە دەکەم لە کوردستان فاوندەیشن، بەڕاستی کارێکی ناوازەیە کە بۆ یەکەم جار لووتکەی جیهانیی لاوان لە هەولێر دەبەسترێت. هیوادارم ئەمە دەستپێک و سەرەتایەک بێت بۆ بەستنەوەی پەیوەندیی نێوان لاوانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لاوانی جیهان، و ئەمە ببێت بە دەستپێکێک بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بیروبۆچوونەکان بۆ پێگەیاندنی گەنجەکان و دەرخستنی دەرفەت بۆ ئەوەی توانای گەنجەکانی ئێمەش وەکوو هەموو گەنجانی تری جیهان بخرێتەڕوو و هەموو بەیەکەوە بتوانین هاوکاری یەکتر بین و وڵاتێکی باشتر، سەقامگیرتر بۆ هەموومان وێنا بکەین.

بۆیە پێم وایە هەر لە وەڵامی پرسیارەکەی جەنابیشت ئەمە کارێکی زۆر زۆر جوانە. من دەستخۆشیتان لێ دەکەم کە ئەم کارەتان کردووە. بەشداریی ئێمەش بێگومان بۆ پشتیوانیکردنە لە توانای گەنجانی خۆمان لەم جۆرە بۆنانە، و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.

پێشکەشکار: لەم چەند رۆژەی داهاتوو بینەری کۆمەڵێک گفتوگۆی زۆر سەرنجڕاکێش دەبین، بەس یەکێک لەوانەی کە خۆم زۆرم حەز لێ بوو لەسەر سەرکردەبوونە. بە ڕای جەنابتان سەرکردە لە دایک ئەبێت یان دروست ئەکرێت؟

سەرۆکوەزیران: پێم وایە هەردووکیەتی. بەشێکی ئەوەیە کە تۆ لە رووی جینەتیکی و لە رووی توانای جەستەیی و بیرکردنەوە، ئەمە ئەبێ خوا تا حەدێک یارمەتیت بدات. بەڵام بەشەکەی تری ئەوەیە خۆت چۆن خۆت پێ دەگەیەنیت، بەتایبەتی لەو کۆمەڵگەیەی کە تێیدا دەژیت، لەو تاقیکردنەوانەی ژیان چۆن خۆت ئەتوانیت خۆت تاقی بکەیتەوە، چەند دەتوانی خۆت پێ بگەیەنی، فێر بیت لە دەوروبەرت، لە کۆمەڵگاکەت، چۆن دەتوانی بڕیاری دروست بدەیت، بەتایبەتی لە کاتە سەختەکاندا بێئومێد نەبیت. بێگومان هەموو ئەوانە کاریگەرییان لەسەر دروستکردنی کەسایەتیی ئەو کەسە دەبێت کە بتوانن ببن بە سەرکردە.

سەرکردایەتی مانای جیاوازی هەیە. ئینسان هەر کەسێک لە ژیانی خۆیدا پێویستە جۆرە سەرکردایەتییەک بکات لە بەڕێوەبردنی ژیانی خۆی، کەسوکاری خۆی، بنەماڵەی خۆی، کۆمەڵگەی خۆی؛ بەڵام تاکوو گەورەتر دەبێ و فراوانتر دەبێ، بێگومان پێگەی جەماوەری کە زیاتر دەبێ سەرکردەش ئەرکی قورستر دەبێ. کەواتە دروستکردنی متمانە، تێگەیشتن، گوێڕاگرتن، تێکەڵبوون، شێوازی پەیوەندیکردن بەینی سەرکردە و هاووڵاتی، ئەمە ئەرکێکی یەکجار گرانە و گرنگیشە، و هەر سەرکردەیەک دەتوانێ سەرکردەیەکی سەرکەوتوو بێت کە بتوانێت متمانەی خەڵکی خۆی بەدەست بهێنێت.

پێشکەشکار: گوتەکانت زۆر جوان بوون لەسەر خەسڵەتەکانی سەرکردە، خۆم بەتەما بووم یەکسەر پرسیارێکت لێ بکەم بە ڕای تۆ خەسڵەتی سەرکردەیەکی باش چییە بەس یەکسەر وەڵامیشیت دایەوە. حەز ئەکەم پرسیارێکی شتێکی ترت لێ بکەم، تۆزێک سادەتر و کەسییە، ئەویش ئەوەیە لە رۆژانی ژیانی خۆتدا کە ئیتر چیتر سەرۆکوەزیران نیت، لەو بەشەی رۆژەکە ئیسراحەت ئەکەیت و پشوو دەدەیت، حەز ئەکەم بزانم خۆت بە چییەوە خەریک ئەکەیت؟ حەز و خولیایەک هەیە، یان زیاتر سەرنجت لەسەر ئەوەیە کات لەگەڵ خێزانەوە بەسەر بەری؟

سەرۆکوەزیران: ئەگەر کاتم هەبێت منیش بێگومان حەز و خولیام هەیە و حەز ئەکەم هەندێ جار کات بەسەر بەرم. من لەبەر ئەوەی زۆر کاتم نییە، لەو ماوە کەمەی کە هەمە حەز ئەکەم لەگەڵ خێزان و منداڵەکان و ئەوانە کات بەسەر بەرم. بەڵام ئەگەر زیاد لەوەش هەندێ جار مەجالم هەبێ، من حەزم لە ئەسپسوارییە. حەز ئەکەم جار بە جار بچم بۆ ئەسپ سواری، وەرزش دەکەم، و هەندێ جاریش ئەگەر ڕوخخەت هەبێ بچم دەوروبەر ببینم، بەتایبەتی من زۆر حەزم لە سروشتە، بچم لە دەرەوە تۆزێک سروشتی جوانی خۆشمان ببینم. پێم خۆشە، بەڵام ئەمە هەمووی دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی چەند کات هەیە بۆ ئەم جۆرە کارانە.

پێشکەشکار: ئەگەر خوا بیدات.

سەرۆکوەزیران: بەڵێ، ئەگەر خوا بیدات.

پێشکەشکار: هاوکاتیش حەزتان زۆر لە وێنەکێشانە جەنابتان، حەزم کرد بزانم ئەمە حەز و خولیایەکە لە گەنجی و لەگەڵتایە یان لە تەمەنێکی دواترا پێی ئاشنا بوویت؟

سەرۆکوەزیران: وەڵا من کە هەر زۆر منداڵ بووم حەزم لە وێنەکێشان بوو. حەزم لێ بوو و وردە وردە هەوڵم دەدا و کارم تێدا دەکرد. دواتر هەوڵم دا تۆزێک خۆم زیاتر فێر کەم، هەندێ مامۆستا هەبوون کە توانییان یارمەتیم بدەن لە دروستکردنی وێنەکێشان، بەتایبەتی وێنەی دهنی، ئەوەی زەیت لەسەر کانڤاس و ئەو جۆرانە، یەعنی بە شێوەیەکی پرۆفێشناڵ توانیم خۆم پێ بگەیەنم. دواتر لە زانکۆش هەوڵم دا زیاتر پەرە بە تواناکانی خۆم بدەم لە وێنەکێشان و لەم جۆرە کارانە. ئیتر هەر کاتێک وەختم هەبێت و کاتم هەبێت، هەندێ جار خۆمی پێوە خەریک دەکەم.

پێشکەشکار: زۆر باشە، کەمێکی تریش دێمەوە سەر زانکۆکە. بەس هەر لەسەر بابەتی گەنج و حەز و خولیا، یەکێک لەو بابەتانەی کە ئێستا گەنجێکی زۆر پێی خەریکن یارییە ئەلیکترۆنییەکانە، و نەک تەنها ئەوەی سەرنجمدابێ لە هەرێمی کوردستان بەکارهێنەری یارییە ئەلیکترۆنییەکان بن، بەڵکوو خەڵکانێکی باشیشمان هەن ئێستا کە خەریکن دروستی ئەکەن. حەزم کرد بزانم جەنابتان دوور و نزیک ئاگاتان لە یارییە ئەلیکترۆنییەکان هەیە یاخود قەت یاریتان پێ کردووە؟

سەرۆکوەزیران: وەڵا تا حەدێک منیش ئەیبینم و ئاگام لێیە، و ئێستا شتی زۆر جوان و خۆش دروست کراوە، بەڵام من زۆر لێی نازانم. گەنجتر بووم تۆزێک هەوڵمان دەدا، یەعنی ئارین زۆر منداڵ بوو، هەندێ جار لەگەڵ ئەو یاریی فوتبۆڵێنەمان دەکرد، بەڵام هەموو جار لێی دەبردمەوە! ئینجا جارێکیش بیرمە لەگەڵ برازام و خوشکەزام، ئەوانیش یارییان دەکرد و ویستم لەگەڵیان یاری بکەم، بیستم یەکێکیان لەگەڵ ئەوەی تر قسەی دەکرد، گوتی با خۆمان بدۆڕێنین و لێگەڕێین بیباتەوە! دوای ئەوە هەستام گوتم بەخوا یاریتان لەگەڵ ناکەمەوە!

ئینجا من زۆر لێی نازانم، بەس ئەکید شتی جوان دروست کراوە و پێشم خۆشە ئەگەر گەنجی ئێمە گەیشتبێنە ئەو ئاستەی کە بتوانن خۆیان یاری دروست بکەن. زۆر یاریی کۆنی کوردی هەیە دەتوانن ئەوانە زیندوو بکەنەوە، بە رێگەی ڤیدیۆ و ئەم جۆرە یارییانەی کە بە رێگەی تەکنەلۆژیاوە دەکرێ هەموو کەسێک سوودی لێ ببینێت. بەڵام ئەوەی من حەز ئەکەم و داواش دەکەم لە گەنجەکان و لە منداڵەکان، ئەوەیە کە بتوانن خۆیان فێری ئەم جۆرە تەکنەلۆژیایە بکەن کە شتێکی باشە، بەڵام تەکنەلۆژیا نەبێتە جێگرەوەی ژیانی ڕۆژانە، نەبێتە جێگرەوەی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی لەگەڵ کەسوکار، لەگەڵ خێزان، لەگەڵ دایک و باوک، لەگەڵ هاوڕێ و دۆست. بۆیە گرنگە تەوازونێک هەبێت، یەعنی باڵانسێک هەبێت لە بەینی ئەوەی تا چەند ئەچیتە ئەم جیهانە نوێیە، بەڵام ئەبێ لە جیهانی ڕاستەقینەی کە تێیدا دەژیت دانەبڕێیت. بۆیە راگرتنی ئەو تەوازونە پێم وایە شتێکی گرنگە و گەنجەکان بیریان بێت.

پێشکەشکار: رەحمەتت لێ بێت، خۆم زۆر زۆر هاوڕام. خۆشبەختانە ئێستا گەنج بۆی هەیە حەز و خولیای هەبێت، بەڵام ئەگەر هەڵە نەبم جەنابتان تەنها تەمەنتان 16 ساڵ بوو کە بۆ یەکەم جار بوون بە پێشمەرگە. حەز دەکەم بزانم ئایا هەلومەرجەکە لەو کاتە ئەبێ چۆن بووبێت کە پێویستی کردبێ تەنانەت جەنابیشتان چەک هەڵبگرن، و ئایا ئەوە یەکەم جار بوو لە ژیانتدا کە تۆ رووبەڕووی بەرپرسیارێتی ببیتەوە؟

سەرۆکوەزیران: ئێمە ئاوارە بووین کە من تەمەنم 16 ساڵ بوو، ئێمە ئاوارە بووین، پەنابەر بووین لە وڵاتێکی دراوسێ، و ئەو وەختە من لە قوتابخانەش بووم، لە دواناوەندی بووم، ساڵێکم مابوو. بەڵام هاوینان زۆر زۆر حەزم دەکرد ژیانی پێشمەرگایەتی بژیم. باوەڕ بکە ئەو کەسە گەورانەی کە دەمبینین لە دەوروبەرم، هەموو ئەو کەسانەی کە شانازیم پێوە دەکردن، بەوانەوە سەرسام بووم، هەموویان پێشمەرگە بوون، لە باوکمەوە لەگەڵ هەموو کەسوکار و ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی کە دەمبینین، ژیانم تێکەڵ بەوان بوو. بۆیە هیچ رۆژێک لە رۆژان خۆم جیا نەبینیوەتەوە، یەعنی کە چەکیشم هەڵگرت و ویستم ببم بە پێشمەرگە، ویستم وەکوو ئەوان بم. ویستم ژیانی ئەوانە تاقی بکەمەوە چونکە خولیایەک لە ناومدا هەبوو، حەز و ویستێکم هەبوو کە هەمیشە زۆر زۆر سەرسام بووم بە ژیانی پێشمەرگایەتی و حەزم دەکرد ببم بە پێشمەرگە. خەڵک زۆر بوو، گەنج زۆر بوون و هەموویان دەیانویست ببن بە پێشمەرگە، بەڵام ئەو فەترەی کە هەمبوو، هەرچەندە هیچ فورسەتێکی تریش نەبوو ئینسان یانی من ژیانێکی ئەوەندە ئاسانمان نەبوو لە پەنابەرایەتی.

بۆیە حەزم دەکرد ئەو کاتەی کە هەمە لە شاخەکان لەگەڵ پێشمەرگە، بوونێکی ئەوەت هەبێ، یانی هەست بە ئازادییەکی رەها بکەیت لەم شاخ و داخانە، وەکوو پێشمەرگە بژیت، شتێک بوو بەڕاستی زۆر زۆر پێم خۆش بوو. کەواتە نەک لە ناچاری بوو، بەڵکوو لە حەز و ویستی خۆم بوو کە دەمویست ببم بە پێشمەرگە.

پێشکەشکار: بمزانیایە ئایا ئەتوانین هەر ناوی پانێڵەکە بگۆڕین بۆ ئەوەی کە کاتێ خۆت بەدوای بەرپرسیارێتیا دەچیت نەک کاتێ بەرپرسیارێتی تۆ ئەدۆزێتەوە.

سەرۆکوەزیران: هەموو کەسێک لە ژیانی خۆیدا رووبەڕووی بەرپرسیارێتی دەبێتەوە، مەرج نییە تۆ هەموو جارێک بتەوێ بەرپرسیار بیت، هەندێک جار راستە ئەوەی کە جەنابت ئەڵێی بەرپرسیارێتی یەخەت دەگرێ، بتەوێ و نەتەوێ قورسی ژیان هەر یەکە بە قەدەر وەزعی خۆی دەبێ ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتی ببێتەوە.

پێشکەشکار: بێگومان. حەز ئەکەم باسی شتێکی تریش بکەین کە بۆ من زۆر خۆش و بەچێژە، ئەویش زمانزانییە. هەرچەندە خەڵکانێکی زۆر هەن کە لەوانەیە بڵێن بەهۆی بەرەوپێشچوونەکانی ژیریی دەستکردەوە لەوانەیە لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا زمانزانی ئەو پۆز و گرنگییەی جارانی خۆی نەبێت. بەڵام جەنابتان ئینگلیزی و کوردی و عەرەبییەکی زۆر جوان ئەزانن، و بەتایبەت سەرنجم لەسەر ئینگلیزییەکەیە و حەز ئەکەم بزانم جەنابتان چۆن فێری بوون؟

سەرۆکوەزیران: من هەر لە سەرەتاوە لە قوتابخانە هەندێک بابەتی ئینگلیزی ئینسان دەخوێنێ. حەزم دەکرد زوو فێر بم، بەڵام تا تەقریبەن تەمەنی گەنجایەتی ئەوەندە باش نەبووم. دوای ئەوەی کە توانیم، هەرچەندە تۆزێک درەنگ فریاکەوتم بگەڕێمەوە بۆ زانکۆ، چونکە من لە تەمەنی 17 ساڵییەوە دواناوەندیم تەواو کرد بەڵام تا تەقریبەن 22 ساڵی نەمتوانی بگەڕێمەوە بۆ زانکۆ.

لەو فەترەیە هەوڵم دا تا رادەیەک ئینگلیزییەکەم باش کەم. دوای کە دەرفەتم هەبوو من چووم بۆ لەندەن و دوای ئەوەش بۆ ئەمریکا. لەوێ لە زانکۆ زۆر زۆر هەوڵی جددیم دا، بەتایبەتی لە بەریتانیا هەوڵی فێربوونی زمانم دا تا رادەیەک باش بووم، بەڵام کە دواتر چوومە زانکۆش لەوێ هەر بەردەوام بووم لەوەی کە فێری زمانی ئینگلیزی بم.

لەگەڵ رێزم، بەڵام پێم وایە تەکنەلۆجیا ناتوانێ جێگرەوەی فێربوونی زمان بێت. زمانزانی شتێکی گرنگە، هەر کەسێک زمانێک زیاتر بزانێ هێزی ئینسانێکی تر دروست دەکات لە خودی خۆیدا، بۆیە هەر زمانێک هێزێکە و توانایەکی زیاترە بۆ مرۆڤ. من حەز دەکەم، بەتایبەتی ئەو زمانانەی کە لە دەوروبەری ئێمە هەن و مامەڵەی رۆژانەمان لەگەڵ ئەو نەتەوانە هەیە و لەگەڵ دونیای دەرەوەش، ئێستا دونیا هەمووی بچووک بووەتەوە، یانی هەر زمانێک فێر بی سوودێکی هەیە بێگومان و من هیوادارم یانی هێشتاش حەز دەکەم بەردەوام بم ئەگەر توانیم هێشتا زمانی تریش فێر بم.

پێشکەشکار: بە بڕوای جەنابتان زانینی زمانی جیاواز، بێگومان و خۆت ئەو زمانانە دەزانیت و لە چەندین کۆمەڵگەی جیاوازیشدا ژیانت کردووە، لەو بڕوایەدایت کە ئەمە کاریگەرییەکی گەورەی هەبووبێت لەسەر تێڕوانینتان بەرامبەر ژیان یان ئاسانکردنی کارەکان بۆ ئێوە؟

سەرۆکوەزیران: بێگومان فێربوونی زمان، بەتایبەتی ئەگەر زمانزانی تەنیا بۆ قسەکردن نەبێت، بەڵکوو بۆ خوێندنەوەی کولتوور و مێژووی ئەو نەتەوەیە بێ کە بەو زمانە قسە دەکات کاریگەری دەکات. لەوەی کە بزانی نەتەوەیەک مێژووی چۆن بووە، چۆن دروست بووە، بە چی گەیشتووە؟ ئەمانە هەمووی دەتوانن وەکوو وانە بن بۆت لێیان فێر بیت.

هەر نەتەوەیەک، هەر زمانێک مێژوویەکی پڕ ئەزموونی هەیە بۆ خۆی کە دەکرێت بە تێگەیشتنی کولتووری خۆیان لە رێگەی زمانی ئەوان، زیاتر تێکەڵاوبوونت لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی باشتر بێت و زیاتر لە بۆچوونی ئەوان تێبگەیت. کە زۆر زۆر گرنگە لە ژیانی سیاسیدا، تۆ تەنیا لە روانگەی خۆتەوە سەیری دونیا نەکەیت، بەڵکوو بزانی لایەنی بەرامبەریشت چۆن سەیری دونیا دەکات، تێڕوانینی بۆ بابەتەکان چۆنە، ئەمە زۆر یارمەتیدەر دەبێ لەوەی کە باشتر بتوانن لە یەکتر تێبگەن.

پێشکەشکار: دواتر جەنابتان بۆ خوێندن چوونە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا و زۆرم پێ خۆشە هەمان بەشی منتان خوێندووە ئەویش پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە.، حەز ئەکەم بزانم ئەزموونی جەنابتان چۆن بوو بۆ چوونە وڵاتێکی زۆر نامۆ و دوور بۆ خوێندن، و لە هەمان کاتیشا ئایا بەلای جەنابتانەوە ئاساییە گەنجی خۆمان بۆ خوێندن روو لە دەرەوەی وڵات بکەن؟

سەرۆکوەزیران: ئەمریکا وڵاتێکی فرەنەتەوەیە، یانی تۆ ئەبینیت کە بەتایبەتی قوتابی لە زۆربەی وڵاتانی دونیا هاتوون بۆ ئەو زانکۆیە، من لە زانکۆی ئەمریکی لە واشنتن خوێندم. قوتابی لە زۆر وڵاتانی تر، لە ئاسیا، ئەفریقا، ئەوروپا، ئەمریکا، ئەمریکای لاتین، لە هەموو شوێنێک هەبوون، کەواتە من تەنیا جیاواز نەبووم، خەڵکی تریش هەر یەکە بە جۆرێک جیاوازییەکیان هەبوو.

ئەوەی بۆ من زۆر سەرنجڕاکێش بوو، من هەستم دەکرد کە من گەنجێکم دەرفەتێکم بۆ رەخساوە بێم لە وڵاتێکی زۆر پێشکەوتوو لە زانکۆیەکی باش بخوێنم، و هەستم دەکرد بەرپرسیارێتییەکی زۆر زۆر گەورەتر لە خۆم لەسەر شانمە. زۆرجار بیرم دەکردەوە، دەمگوت ئەبێ چەند گەنجی کورد لە من زیرەکتر و بەتواناتر و باشتر هەبن بەڵام ئەم دەرفەتەیان بۆ نەڕەخساوە. کەواتە ئەبێ هەرچی بتوانم بیکەم، من تاکە کوردێک بووم ئەو وەختە لەو زانکۆیە، شتێکی وا بکەم گەنجەکان، قوتابییان، هاوڕێیان، مامۆستایان بزانن کە منیش لەوانی تر کەمتر نیم هیچ نەبێ. زۆر زۆر خۆم ماندوو دەکرد لەوەی وانەم زۆر دەخوێند، دەرسەم زۆر دەخوێند، زۆر زۆر بە جددی چوومە ناو دەرسەکان بەس بۆ ئەوەی خاڵێک ئیسبات کەم کە منیش وەکوو ئەوانی تر دەتوانم، چونکە پێم وابوو کە سەیری من دەکەن سەیری کورد دەکەن. ناڵێن فڵانە کەس، بەڵام دەڵێن کوردێک، ئایا ئەم کوردە دەتوانێ سەرکەوتوو بێ یان نا؟ و مەبەستم سەرکەوتن نەبوو تەنیا، من دەمویست ببم بە یەکەمەکان و بە خوا بە زیاد بێ توانیم ئەوەش بکەم.

پێشکەشکار: زۆرم بەلاوە جوان بوو بە جۆرێک باسی شوناسیشت کرد، چونکە بەتەما بووم هەر لێت بپرسم کە ئایا هەستت بە جیاوازییەکی زۆر دەکرد لەگەڵ هاوپۆلەکانتا تەنها لەبەر ئەوەی کە تۆ لێرەوە هاتوویت؟ بەڵام ئەوەم بەلاوە جوان بوو کە ئەو بەرپرسیارێتییەی تۆ هەستت پێ کردبوو لەو لایەنەشەوە بوو کە دەتوت ئەم دەرفەتە دراوە بە من و ئەبێ کارێک بکەم کە خەساری نەکەم. پێشکەشکار: ئەی لە کاتەکا کە زۆر خەریکی دەرس و دەور و سەعیکردن بووی، هاوڕێ و شتت پەیا کردبوو؟

سەرۆکوەزیران: بێگومان، هاوڕێشم هەبوو.

پێشکەشکار: و ئەگەر یەکێک لەو هاوڕێیانە ئێستا بهێنینە سەر ئەم سەکۆیە لەو بڕوایەدایت چۆن باسی جەنابتان دەکەن لەو سەردەمەدا؟

سەرۆکوەزیران: زەحمەتە بڵێم ئەوان چۆن باسیان دەکردم، بەڵام پێم وایە دەبووایە بڵێن کەسێکی جددی بووە، لەوانەیە زۆر خۆش نەبووبم بۆ ئەوەی بۆ دەرچوون و ئەوانە چونکە زۆر زۆر تەرکیزم لەسەر خوێندن بوو.

پێشکەشکار: دوای ماوەیەک لە گەڕانەوەتان بۆ ئێرە لە دوای خوێندن، لە دوای ماوەیەک دەزگای خێرخوازیی بارزانیتان دامەزراند. حەز ئەکەم بزانم دیدگاتان چی بوو ئەو کاتە لە دامەزراندنی رێکخراوێکی لەو جۆرە کە لەو بڕوایە نیم لەو کاتە رێکخراو و شت زۆر باو بووبێت؟

سەرۆکوەزیران: چەند هۆکارێک هەبوو. ئێمە لە وڵاتێکدا دەژین پڕە لە سامان و سەروەتێکی سروشتی و نیشتمانیی گەورە، بەڵام بەداخەوە ئێمە نەمانتوانیوە زۆر سوود وەربگرین. لەبەر ئەوە نەتەوەی ئێمە لە ئاستی پێویستدا خزمەت نەکراوە. لە زۆر رووەوە زۆر کەس هەبوون بە دوای ئەو هەموو شەڕ و کوشتار و گرتن و وێرانکردن. وەک دەزانیت 4500 گوند و لادێی کوردستان وێران کرا، خەڵکێکی زۆر پەنابەر بوو یان بەرەو کەمپەکان بەڕێ کرا. کەواتە دوای ئەو ماوەیە بینیمان خەڵکێکی زۆر هەیە بەداخەوە، بەڵام ئاستی بژێوی بەو جۆرە نییە کە بتوانێ یارمەتی خۆی و خێزانی بدات، تەبعەن ئێستاش هێشتا خەڵکێکی لەو جۆرە ماوە، و پێم وابوو ئێمە دەبێت یارمەتی یەکتر بدەین لە ڕێگەی دەزگایەکی خێرخوازی کە منەتی تێدا نەبێت.

و بۆچیش ناوی بارزانیمان هەڵبژارد؟ چونکە جەنابی بارزانی نەمر هەموو تەمەنی خۆی تەرخان کرد بۆ خزمەتی گەلەکەی، یانی هەموو تەمەنی خۆی بۆ خزمەتی گەل و نەتەوەکەی، پێم وابوو لە لایەکەوە درێژەپێدانی ئەم بیر و بۆچوونەی جەنابی بارزانی نەمر لە خزمەتکردن دەبێت قەت نەوەستێ. لە لایەکی ترەوە پێم وابوو ئێمە قەرزاری ئەو زاتە گەورەین و دەبێت هەر شتێک دەکەین بە ناوی ئەوەوە بێ بۆ ئەوەی ئێمە جارێکی تر بتوانین خزمەتی ئەو رێبازە بکەین کە خۆی داینابوو. کەواتە رێزگرتن لە ناوی جەنابی بارزانی نەمر هەروەها گەیاندنی ئەو پەیامە بە خەڵک لە رێگەی دەزگایەکی خێرخوازییەوە منەتیشی تێدا نییە، چونکە دەزگای خێرخوازی بەبێ جیاوازی سیاسی، جوگرافی، نەک تەنیا لە هەرێمی کوردستان بەڵکوو لە وڵاتانی دەوروبەر و بگرە تاکوو ئەفریقا و ئاسیا و زۆر شوێنی تریش حەتتا ئەوروپا، ئێمە دەزگای خێرخوازی بارزانی توانیویەتی بچێت و لە نەتەوە یەکگرتووەکانیشدا بە فەرمی ناسراوە.

کەواتە بووەتە ڕێکخراوێکی جیهانی کە جێگەی شانازییە بۆ هەموو کوردێک و من بە شانازی دەزانم کە لە سەرەتاوە دەستمان بە دروستکردنی ئەم رێکخراوە کرد، بەڵام لە سەرەتاوە زیاتر بیرۆکە ئەوە بوو کە ئێمە بتوانین ئەوەی لە تواناماندا هەیە بیگەڕێنینەوە، بیدەین بەو خەڵکەی کە ناچارن و پێویستییان بە یارمەتییە بەبێ ئەوەی هیچ منەتێکی تێدا بێت. ئەمە زۆر گرنگە، تۆ خێر دەکەی نابێ منەتی تێدا بکەی. بۆیە من پێم وابوو پەیامی دەزگا ئەوەیە کە من بەوە کۆتایی پێ دێنم هەر وەکوو جەنابی بارزانی نەمر دەفەرمووێت: بۆ ئینسان شانازییە خزمەتکاری میللەتی خۆی بێت.

پێشکەشکار: هۆکاری باسکردنی من بۆ ئەو شتە ئەوەیە کە بیرم لێ کردەوە ئەرکی کۆمەڵایەتیم هاتە بەرچاو. هەموومان ئەرکێکمان لەسەرە بەرامبەر کۆمەڵگە و لە هەمان کاتیشا کۆمەڵگە ئەرکێکی هەیە بەسەر ئێمەوە. حەز دەکەم بە بەکارهێنانی ئەم نموونەیە کە جەنابتان هاتوون لە 2005دا هەڵە نەبم کە لە کاتێکدا زۆر هەل بوونی نەبووە، دەرفەت بوونی نەبووە، هیچ شتێک بە دامەزراوەیی نەکراوە زۆر تا تۆ بێیت دامەزراوەیەک دابنێیت، حەز ئەکەم بە زانینی ئەم نموونەیە بزانم کە بەلای جەنابتانەوە رەوایە کاتێ گەنج ئەگەر بێهیوایی دەرببڕێت لە شێواز و چۆنیەتی بەشداریپێکردنی لەناو کۆمەڵگەدا، و هاوکاتیش پێشنیارتان چییە بۆ گەنجێک کە ئەیەوێت خۆی زیاتر بە خاوەنی نیشتمانەکەی خۆی بزانێت؟

سەرۆکوەزیران: ئەبێ پێش هەموو شتێک گەنج بزانێت وڵات هی کەسێکی تر نییە بیدات بە ئەو، هی خۆیەتی. خۆی خاوەنی وڵاتەکەیە. بۆیە قەت نابێ گەنجی ئێمە بیر لەوە بکاتەوە کە خۆی نامۆیە، خۆی بێگانەیە، و کەسێکی تر دێ ئەم وڵاتە پێشکەش بەو دەکات. خۆی خاوەنی وڵاتەکەیە، بۆیە پەیوەندیی گەنج لەگەڵ وڵاتەکە ئەبێ لە ناخی خۆیەوە بێ. بۆیە داوام لە هەموو گەنجەکان ئەوەیە باشترین پەیوەندییان لەگەڵ وڵاتی خۆیان هەبێ، ریشە و ڕەگی خۆیان ئەبێ لەم خاکە و لەم وڵاتە داکوتن، هی خۆیانە. ئەبێ خۆیان دروستی کەن، ئەبێ خۆیان بەرەو پێشی ببەن، ئەبێ خۆشیان ئەرک بۆ خۆیان بدۆزنەوە کە من وەکوو هاووڵاتییەک دەتوانم چی بکەم بۆ وڵاتەکەم. بۆیە چاوەڕێی ئەوە نەبن؛ گەنج بێهیوا دەبێ لەبەر چی؟ لەبەر هۆکارێک، لەبەر ئەوەی کەسێک، لایەنێک لەوانەیە لە ئاستی پێویستدا خزمەتی گەنجی نەکردبێت؛ بەڵام ئایا ئەو گەنجە میوانە تاکوو چاوەڕێی ئەوە بێ یەکێک خزمەتی بکات؟ نەخێر، خاوەن ماڵە. بۆیە گەنج نابێ بە هیچ جۆرێک چاوەڕێی ئەوە بێ یەکێک بێت خزمەتی بکات یان دەرفەتی کاری بۆ بڕەخسێنێت.

تەبعەن لە هەمان کاتیشدا ئەرکی حکوومەتە، ئەرکی ئەو لایەنە بەرپرسانەیە کە گەنج دەنگی بۆ دەدات، چاوەڕێی ئەوەیە لە جیاتی ئەو ئەو خزمەتانە پێشکەشی گەنج بکات، دەرفەتی کاریان بۆ بڕەخسێنێت. کەواتە بەرپرسیارێتییەکی دوولایەنەیە. یەعنی گەنج ئەبێ زۆر زۆر ئەرکێکی زیاتر یان هەست بە بەرپرسیارێتییەکی زیاتر بکات بۆ خۆی و ئەو پەیوەندییەی کە هەیەتی لەگەڵ وڵاتەکەی. من ئەمە دوا قسەمە، من پێشتر وەڵامی بەشێک لە پرسیارەکەی جەنابتیشم نەدایەوە کە وتت ئەگەر گەنج بتوانێ بچێتە دەرەوە ئەگەر گەنج بتوانێ مەسەلەن لە شوێنێک زیاتر پەرە بە خوێندنی خۆی بدات وەکو هەموو کەسێک ئاساییە، بەڵام نەک بۆ دوورکەوتنەوە لە وڵات. بۆ وەرگرتنی ئەزموون بڕوا و بگەڕێتەوە.

پێشکەشکار: ئایا بە ڕاستی جەنابتان لەو بڕوایەدان کە رۆژێک لە رۆژان ئێمە لە هەرێمی کوردستان بتوانین لە رێی گەشتیارییەوە بە تایبەت، و بە گشتی لە رێی هەمەچەشنکردنی ئابوورییەوە، کارێک بکەین کە هەرێمی کوردستان چیتر پشت بە نەوت نەبەستێت؟

سەرۆکوەزیران: بەڵێ. ئێمە لە سەرەتای دروستبوونی کابینەی نۆیەم، سیاسەتێکمان گرتە بەر بۆ فرەچەشنکردنی ئابووری خۆمان، کەواتە تەنیا پشت بە نەوت و غاز و ئەوانە نەبەستین، بەڵکوو لە رێی کشتوکاڵییەوە، پیشەسازییەوە، گەشتیاری، لە هەموو رێیەکەوە پەرە بە سێکتەرەکانی تری ئابووری بدەین. و توانیمانیش تا رادەیەکی زۆر سەرکەوتوو بین. لە رووی کشتوکاڵییەوە دەستکەوتی زۆر گەورە بە دەست هات. لە لایەکەوە بەرهەمە ناوخۆییەکانی کشتوکاڵی یەکجار زۆر بوو، و زۆر لەو جووتیارانەی کە پێشتر بەرهەمەکانی خۆیان فڕێ دەدا دواتر توانییان لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەرهەمەکانی خۆیان ساخ کەنەوە بەو سیاسەتەی کە حکوومەت گرتییە بەر، و جگە لەوە بازاڕی جیهانیشی بۆ بکاتەوە. کەواتە لە رووی هەناردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بۆ دەرەوەی وڵات، ئەمەش توانی کاریگەرییەکی زۆری هەبێ کە لە لایەکی ترەوە زۆر زۆر گرنگە بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک بۆ وڵات، کە تۆ بتوانی پشت بە بەرهەمە ناوخۆییەکانی خۆت ببەستی.

لەمەوا دەستکەوتی زۆر گەورەمان بە دەست هێناوە بەڵام هێشتا دەرفەت و مەجالی پێشکەوتنی یەکجار زیاتر هەیە، بە تایبەتی لە رووی زانستییەوە چۆن بتوانین بەرهەمی زیاتر بە کوالێتی باشتر بەرهەم بێنین.

لە ڕووی گەشتوگوزاریشەوە، کوردستان شوێنی زۆر زۆر سەرنجڕاکێش و جوانی هەیە و هەر شوێنێکی کوردستانیش جوانییەکی تایبەتی خۆی هەیە. هەوڵمان داوە لەوە کە گرنگی بە بابەتی گەشتوگوزاریش بدەین. هەندێک رێکار هەیە دەبێت حکوومەت بیگرێتەبەر لەوانە وەکو دروستکردنی رێگاوبان، دروستکردنی خەدەمات، سێکتەری بانکی کە زۆر زۆر گرنگە بۆ گەشتیارە بیانییەکان. ئەمەش دەبێت لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی پەیوەندیمان هەبێ چونکە ئەمە سێکتەرێک نییە تەنیا بە دەستی ئێمەوە بێ، بەڵام هەوڵمان داوە لە هەموو رێیەکەوە ئاسانکاری بۆ زیادبوونی گەشتیار لە هەرێمی کوردستان دروست بکەین.

سوودی گەشتیاری لە لایەکەوە بۆ دروستکردنی هەلی کار، ناساندن و پێشکەشکردنی سروشتی جوانی کوردستان بەو میوان و خەڵکەی کە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن، تێکەڵبوونی کولتووری و تێکەڵبوونی بزنس و بازرگانی لەگەڵ یەکتر، لە هەموو رێیەکەوە سوودێکی یەکجار زۆری ئەبێ بۆ هاوڵاتی. بۆ ئەمەش دەستمان پێ کردووە و پرۆژەی گەورەشمان هەیە، هەندێک لە پرۆژەکان تەواو بوون، هەندێکیان کەوتوونەتە کار، هەندێکیان خەریکن لە تەواوبووندان، هەندێکیان ئامادەکارییان بۆ کراوە، بە هیوای ئەوەی لە داهاتوو زیاتر پەرە بە کەرتی گەشتیاریش بدەین.

دروستکردنی هەلی کار بۆ گەنج لەو دەرفەتە یەکجار زۆر دەبێ و بناغەیەک کە دانرا، دواتر دەرفەت زیاد دەبێ و خەڵکی تریش بێن هاوشێوەی ئەو لە کەرتی تایبەت شتی هاوشێوە دروست بکەن. کەواتە دروستکردنی دەرفەت کردنەوەی دەرگایەکی یەکجار گەورەترە بۆ کەرتی تایبەت کە خۆیان بێنە پێشەوە. بینیم زۆر لە گەنجەکانی ئێمە چاو لە یەکتر دەکەن و دەتوانن هەندێ لەو کارانە بکەن.

خاڵێکی تر من دەمەوێت ئاماژەی پێ بدەم، ئەویش هاوکاری کردنی حکوومەتە بۆ پێشکەشکردنی دەرفەت بۆ گەنج. پرۆژەیەکمان هەیە، پرۆژەی گەشانەوە. کەواتە حکوومەت یارمەتی گەنج دەدات بۆ پەرەپێدانی، ئەگەر بزنسی هەبێ بزنسی خۆی گەورەتر بکات، یان ئەگەر بیرۆکەیەکی باشی هەبێ بۆ دروستکردنی بزنسێک نەک تەنیا خۆی بەڵکو کۆمەڵێک هاوڕێ و کەس و خەڵکی تریش بێنێت و ئەو بزنسە بەڕێوە ببەن. پرۆژەیەکی سەرکەوتوو بووە، ئەزموونێکی سەرکەوتوو بووە، چەندین گەنج سوودمەند بوون لەم پرۆژەیە. ئێمە بەردەوام دەبین. ئەگەر یارمەتیمان بدەن بە تایبەتی لە وووی بودجەوە هەرێمی کوردستان شایستە داراییەکانی خۆی وەکو خۆی پێ بگات، باوەڕ بکە کوردستان لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا پێشکەوتنێکی یەکجار زۆر لە رووی ئابووری و پێشکەوتنی ئابووری لە وڵاتەکەدا بە خۆیەوە دەبینێت، ئینشائەڵڵا.

پێشکەشکار: بابەتێکی دیکەش کە خۆم زۆرم بە لاوە گرنگە و زۆرم حەز لێیە، ئەوەیە کە ئێستا لە جیهاندا سەدان هەزار و بگرە ملیۆنان کوردیش بوونیان هەیە لە دیاسپۆرا. ئیتەر هەیە بۆ خوێندن لەوێیە، هەیە بۆ کار لەوێیە، هەیە لە کۆندا بە هۆی بارودۆخ و هەلومەرجەوە چووەتە ئەوێ و ئێستا لەوێ دائەنیشن و خانەوادەی خۆیان هەیە و نەوەیان هەیە و هەتا دوایی. لە پلان و ئەجێندای جەنابتان تا چەندێ کوردانی دیاسپۆرا شوێنیان بۆ کردۆتەوە و ئایا بیرتان لەوە کردووەتەوە ئەرکیان پێ بسپێرن و بەشدارییان پێ بکەن؟

سەرۆکوەزیران: زۆری دەمێنێتەوە سەر هەستی بەرپرسیارێتی ئەو گەنجە. ئەگەر خۆی دانەبڕابێ لە وڵاتەکەی، لە کۆمەڵگەی خۆی، لە مێژووی خۆی، خۆی هەست بەو بەرپرسیارێتییە دەکات. مەرج نییە تۆ بە فەرمی بەرپرسیارێتییەکت هەبێ بۆ ئەوەی بتوانی خزمەتی نەتەوەکەی خۆت بکەی. تۆ دەتوانی بە قسەیەکی باش، دروستکردنی پەیوەندییەک، بە سەرکەوتنێک لە هەر کارێک کە دەیکەی لەو وڵاتەدا، ئەتوانی یارمەتی وڵاتەکەی خۆت بدەی. کەواتە بەرپرسیارێتی تاکی ئەو کەسە زۆر زۆر کاریگەری دەبێت لەسەر چۆنیەتی یارمەتیدانی ئەو، بڵێین، وڵاتەکەی خۆی. بەڵام ئێمە وەکو حکوومەتی هەرێمیش بەرنامەمان هەبووە، یەک دوو ئەزموونی واشمان هەبووە کە ئێمە داوا بکەین گەنجەکان لە دەرەوە بێنەوە، بێنەوە بۆ وڵات و ئێرە ببینن، تێکەڵبوونێک دروست ببێ لەوانەیە کەسێک لە ژیانی خۆیدا وڵاتەکەی خۆی نەبینیبێ و لەوانەیە پەیوەندییەکی مەعنەوی ئەوتۆی نەبێ، کەواتە هاتنەوە و گەڕانەوە و تێکەڵبوون لەگەڵ کۆمەڵگەی خۆی بینین و یەعنی ژیان لە ئەزموونێکی جیاوازدا لە وڵاتەکەی خۆی کاریگەری لەسەر دەبێت و زیاتر کار لەسەر ئەو بابەتە ئەکەین ئینشائەڵڵا.

پێشکەشکار: یەک بابەتی دیکەش ئەوەیە کە هەموو نەوەیەکی نوێ دێتە سەر سفرەیەکی حازری کە نەوەی پێش خۆی بۆی رایخستووە. لە نموونەی ئێمەشدا لێرە، نەوەی جەنابتان بوو و ئەو بەرخودان و خەباتە بوو کە ئێوە کردتان، بووەتە هۆی ئەوەی کە نەوەی من بەو شتانە نەزانێت و خۆشبەختانە قەتیش نەیبینێت؛ بەڵام گەنجی تری وەکو من لە ئێستاوە بیر لەوە دەکەنەوە ئەتوانن بۆ داهاتوو، بۆ نەوەی داهاتووی خۆیان، چی بکەن و چی بەجێ بێڵن. حەز دەکەم بزانم جەنابتان هیچ پێشنیارێکتان هەیە لەوەی کە پێتان باش بێ نەوەی ئێمە زیاتر سەرنج بخاتە سەر چی بۆ نەوەکانی داهاتوو؟

سەرۆکوەزیران: ژیان لە گۆڕانکاریدایە و هیوادارم قەت نەوەی نوێ ژیانی نەوەی پێشووتر نەژیت چونکە ژیانێکی سەخت بوو. ئاوارەبوون و ژێردەستی شتێک نییە کەس ئارەزووی بۆ بکات. ئینشائەڵڵا نەیبینن بەڵام باشە لێی فێر بن. یەعنی نەوەی نوێ ئەبێ بزانێ ئەم دەستکەوتە چۆن هاتووەتە دەست، چەند زەحمەتی بۆ کێشراوە. ئێستا خەڵکێک دێت تەمەننای ئەوە دەکات یان بە جۆرێکی تر پڕوپاگەندەی سیاسی دەکرێت، ئەمە بە داخەوە لەو سەرچاوە دەگرێ کە نازانن ژیانی ژێردەستی چۆنە، ژیانی ئاوارەیی چۆنە، و نەبوونی ئازادی چەند ئینسان دڵتەنگ دەکات یەعنی ژیان ناخۆش دەکات. هیوادارم قەت نەوەی نوێ ئەم جۆرە ژیانە دووبارە نەکا و نەیبینت؛ بەڵام بۆ داهاتوو، دووربینی، جیهانبینی، تێکەڵبوون لەگەڵ دونیا، چاولێکردن لەوەی کە رۆژ بە رۆژ بەرەو پێشتر بڕوات و سەرکەوتووتر بێت، بەڵام بیریشی نەچێتەوە کە ئێمە لە کوێوە هاتووین، چیمان بە دەستەوەیە و چیشمان پێ دەکرێ. کەواتە بۆچوونێکی واقیعییانەیان دەبێت هەبێت. زۆر باشە حەز بکەین زۆر زۆر پێشکەوین بەڵام دەبێت هەنگاو بە هەنگاو بێ و ئەو هەنگاوانەش کە دائەوێژین ئەبێ هەنگاوی زۆر موحکەم بن کە جارێکی تر بۆ دواوە نەگەڕێینەوە.

پێشکەشکار: گوێگرتن لە گەورەکان و فێربوون لەوان شتێکی جوان و بەهایەکی زۆر زۆر کوردەوارییانەیە؛ بەڵام حەز ئەکەم ئەمڕۆ بزانم کە ئایا جەنابتان بە پێچەوانەوە هیچ هەیە کە لە گەنجەوە فێری بووبێتن؟

سەرۆکوەزیران: بێگومان. گەنج ئەو تەموحاتەی کە هەیە، ئارەزووی کە هەیە، ئەوەی ئێستا زۆر زۆر فراوانترە لەوەی کە پێشتر هەمان بوو. ئێمە پێشتر دەمانگوت خۆزگە بەس لە ئاوارەیی بگەڕێینەوە، بەس وڵاتێکی ئازادمان هەبێ، بەس بتوانین بە سەربەرزی بژین هیچترمان ناوێ. لە خوا بە زیاد بێ ئێستا هەمووتان هەیە، بەڵام دەتانەوێ زۆر لەوە زیاترتان هەبێ، و دەستخۆشیتان لێ ئەکەم و هیوادارم ئینشائەڵڵا سەرکەوتوو بن لە گەیشتن بە هەموو ئامانجەکانتان. زۆر زۆر سپاس.

پێشکەشکار: پەیامت چییە بۆ گەنج بە گشتی و لووتکەی جیهانی لاوان بە تایبەت؟

سەرۆکوەزیران: داوا دەکەم لە هەموو گەنجە خۆشەویستەکان، سنوور بۆ سەرکەوتنەکانتان دامەنێن، نەڵێن بەسە، تا دەتوانن سەرکەون و بەرەو پێشەوە بڕۆن. ئەمە وەکوو ئامۆژگاریی براتان بۆ ئێوە.

دەستخۆشی لە رێکخستنی ئەم لووتکەیە دەکەم، بەڕاستی جێگەی شانازییە و خۆشحاڵم کە لە چەندین وڵاتی جیهان ئێستا گەنجەکان هاتوون لێرە بەشدارن لەگەڵ ئێوە؛ تێکەڵاوی کولتووری ئێرە بن، فێری ئەزموونی کوردستان بن، مێژووی ئێمە بن. هیوادارم هەر یەکێک لەو بەڕێزانە ببێ بە باڵوێزێک بۆ گەیاندنی پەیامی نەتەوەکەمان، بۆ ئەوەی ئێمە داوای یەکسانی دەکەین، داوای ئاشتی و سەقامگیری نەک تەنیا بۆ هەرێمی خۆمان و دەوروبەری خۆمان، بەڵکوو بۆ هەموو جیهان دەکەین.

داوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم و هیوادارم بەردەوام بن لە دروستکردن و دووبارەکردنەوەی ئەم لووتکەیە.