چواس خالید – هەولێر
دوای شەپۆەلە بارانبارینە بەخوڕەکەی ماوەی ڕابردوو، کە بووە هۆی دروستبوونی لافاو و کۆبوونەوەی ئاو لە بەشێک لە گەڕەکەکانی شاری هەولێر، ئێستا هەڵمەتێکی فراوانی خزمەتگوزاریی و جێبەجێکردنی پڕۆژەی ستراتیژی لە سێکتەری ئاوەڕۆدا لە هەولێر دەستی پێکردووە.
لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی لافاو و پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان، لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی سێی سەر بە سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر، کارکردن لە پڕۆژەی خزمەتگوزاریی دانانی ئاوەڕۆی لوولەیی و کردنەوە و فراوانکردنی ڕێڕەوە ئاوییەکان چڕکراوەتەوە و ڕشتانە کار لە بنیادنانی دەکرێت.
لەلایەکی دیکەوە وەک بەشێک لە ستراتیژییەتی درێژخایەن بۆ چارەسەرکردندی بنەڕەتیی گرفتی ئاوەڕۆ لە پایتەختدا، کارەکانی بنیادنانی یەکێک لە پڕۆژە گەورەکانی خزمەتگوزاریی ژێرخان لە گەڕەکی باغلومنارەی هەولێر چڕکراوەتەوە.
پڕۆژەی خزمەتگوزاریی ئاوەڕۆ لە کەرتی باغلومنارە، پڕۆژەیەکی گرنگە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاوی باران و ڕێکخستنەوەی تۆڕی ئاوەڕۆی گەڕەک و شەقامە سەرەکییەکان، پێکهاتەی تەکنیکی ئەم پڕۆژەیە بریتییە لە، دروستکردنی ئاوەڕۆیەکی سندووقی کۆنکرێتی شیشدار بە درێژایی هەزار و چوار سەد و هەشتا مەتر، بە چاوە و قەبارەی جیاواز، لەگەڵ دانانی ئاوەڕۆیەکی لوولەیی بە درێژایی بیست و سێ هەزار و پێنج سەد مەتر بە تیرەی جیاواز.
ئەوە سەڕەڕای دروستکردنی جۆگەی کراوە بە درێژی دوو هەزار و پێنج سەد مەتر، ئەم کارانەی لە بەغلومنارە و خێراکردنی کارکردن لە هەولێری نوێ و سێبەردان، پێکەوە تۆڕێکی تۆکمە و هاوچەرخ بۆ گواستنەوەی ئاوی باران دروست دەکەن و ڕێگری لە دووبارە بوونەوەی دیمەنەکانی لافاوەکەی چەند ڕۆژی ڕابردوو دەکەن.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، ژمارەیەک پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی خزمەتگوزاریی بواری ئاوەڕۆ لە سنووری قوشتەپە جێبەجێ کراون. لەو پڕۆژانەدا بنیادنانی سێ ئاوبەری سندووقی دوو چاوەیی بە پێوانەی دوو مەتر و نی و پانی و جێ مەتر بەرزی بە مەودای هەزار مەتر هەیە، لەگەڵ ئەوەش ڕێکخستنی ڕێڕەوی ئاوی هاوتەریب لەگەڵ ئاوبەرە سندووقییەکان کراوە، کە بە مەبەستی گۆڕینی ئاوی باراناو دورخستنەوەی لە ناوچەکانی نیشتەجێبوون، ڕێڕەوێکی تایبەتی ئاوی بە درێژی نزیک بە دوو کیلۆمەتر بنیادناراوە.
جیا لەوانە و لەگەڵ دانانی ئاوەڕۆیی لوولەیی و سندوقی لەو شوێنانەی پێویستن، هەر لە هەولێری پایتەخت، تیمە مەیدانییەکان بە شێوەیەکی چڕوپڕ دەستیانکردووە بە دووبارە خاوێنکردنەوە و ڕێکخستنەوەی سەرجەم ئاوەڕۆکانی سێبەردان و هەولێری نوێ لە پاشماوە لافاو و قوڕولیتە، لەگەڵ پاککردنەوەکاندا، کەند ڕێڕەوە سروشتییەکانی ئاویش فراوان دەکرێن، تا لە کاتی بارانبارینی بەخوڕدا ئاوی زیادە بە شێوەیەکی خێرا و ئاسان تێپەڕێت و لەنێو کۆڵان و گەڕەکەکاندا کۆنەبێتەوە.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت، کە لافا و بارانە بەخوڕەکەی چەند ڕۆژی ڕابردوو، بووە هۆی گیرانی بەشێک لە ئاوەڕۆ سندووقییەکان و دروستبوونی ئاستەنگ لە بەشەک لە شەقام و گەڕەکی شاری هەولێر.
بە تەواو بوونی ئەم پڕۆژانە و بەرەدەوامی هەڵمەتی خاوێنکردنەوەی کەند و ڕێڕەوە ئاوییەکان، ژێرخانی ئاوەڕۆی شاری هەولێر قۆناغێکی گرنگ دەبڕێت و ئاستی خۆڕاگری و هەزمکردنی ئاوەڕۆی گەڕەکەکان بەرانبەر بە شەپۆلەکانی باران و مەترسییەکانی لافاو بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە.
