رۆژنامەی ھەولێر

سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، لە سنووری شارەوانیی سێ، لە گەڕەکەکانی سێبەردان و هەولێری نوێ، دەستی بە جێبەجێکردنی پرۆژەیەکی گەورە و گرنگی ئاوەڕۆ کردووە، کە ئامانج لێی پاراستنی سەلامەتیی ماڵ و ژیانی هاوڵاتییانە.

ئەم پرۆژەیە لە چەند هەنگاوێکی گرنگ پێکهاتووە، کە هەموویان پێکەوە گرێدراون بۆ ڕێگری کردن لە کۆبوونەوەی ئاو و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی دروستبوونی لافاو لەو ناوچانەدا.

لە ئێستادا، ئەندازیاران و تیمی شارەزا دەستیان بە دانانی ئاوەڕۆی لوولەیی کردووە لەو شوێنانەی کەوا پێویست و گرنگ و خاڵی لاوازن لە ئاوی زیادەی باران، هاوکات کاری دووبارە خاوێنکردنەوە و فراوانکردنی کەند و ڕێڕەوە سروشتییەکان دەکرێت، بۆ ئەوەی ئاوی باران بە ئاسانی بڕوات و لە گەڕەکەکاندا کۆنەبێتەوە. لەگەڵ ئەمەشدا، ئاوەڕۆ سندوقییەکان کە ماوەیەک بەهۆی لافاو و بارانە چڕەکەی چەند ڕۆژی ڕابردوو گیرابوون و کێشەیان دروست کردبوو، چارەسەر دەکرێن.

لێرەوە داوا لە هاوڵاتییان دەکەین کە لە کاتی جێبەجێکردنی پرۆژەکەدا هاوکار بن و خاشاک و پاشماوە نەخەنە ناو کەند و ئاوەڕۆکانەوە، چونکە پاراستنی ژینگە و سەلامەتیی گەڕەک و ناوچەکە ئەرکی هەموومانە بۆ ڕێگری کردن لە کۆبوونەوەی ئاو و پارێزگاریکردن لە زیانەکانی باران باریندا .

ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر