رۆژنامەی ھەولێر

دوو پەرتوکی زانستی و هونەریی مەنهەجی دکتۆر چیایی کەمال سەعدی ناسێنران

ئێوارەی ئەمرۆ دووشەممە، 16.11.2026 بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، و ژمارەیەک لە بەرپرسان و هونەرمەندان، لە هەولێر ڕێوڕەسمی ناساندنی دوو پەرتوکی زانستی و هونەریی دکتۆر چیایی کەمال سەعدی، تایبەت بە بەرهەمە مۆسیقییەکان و دیزاینی کۆبەرهەمەکانی، بەڕێوەچوو.

ئەم چالاکییە لە چوارچێوەی بەرنامە ڕۆشنبیری و هونەرییەکانی لقی هەولێری سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان و بە ئامادەبوونی سیروان عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەریی هەولێر، هیوا سوعاد، سەرۆکی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان ـ لقی هەولێر، و ژمارەیەک لە هونەرمەندان و کەسایەتییە ڕۆشنبیرییەکان ئەنجام درا.

لە بەشێکی ڕێوڕەسمەکەدا، دکتۆر چیایی کەمال سەعدی و مامۆستا عادل زرار، ناوەڕۆک، گرنگی و لایەنە زانستی و هونەرییەکانی پەرتووکەکان، هەروەها بنەما و شێوازەکانی دیزاینی هونەریی بەرهەمە مۆسیقییەکان و ڕۆڵی ئەم لایەنەیان لە پێشکەشکردن و دەوڵەمەندکردنی بەرهەمە زانستی و هونەرییەکاندا، خستنەڕوو.

ئەم چالاکییە هەنگاوێکی گرنگە بۆ پشتگیریکردن لە توێژینەوە زانستی و هونەرییەکان، بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان زانست و هونەر و هاندانی تواناکانی هونەرمەندان و توێژەران، بە مەبەستی پەرەپێدانی ژینگەی ڕۆشنبیری و هونەری لە شاری هەولێر.

شایەنی باسە، دکتۆر چیایی کەمال سەعدی، لە بواری زانستی هونەری مۆسیقادا چەندین پەرتوکی مەنهەجی و زانستیی بەرهەمهێناوە و بە چاپی گەیاندووە، کە بەشدارییەکی گرنگن لە پەرەپێدانی بنەما زانستییەکانی ئەم بوارە و دەوڵەمەندکردنی کتێبخانەی زانستی و هونەری کوردیدا.