رۆژنامەی ھەولێر

دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی تاکە ڕێگەی دەربازبوونە لە چەقبەستوویی سیاسی

کاردانەوەکان بەرامبەر دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی بۆ چارەکردنی قەیرانە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان و دەربازبوون لە چەقبەستوویی لەسەر ئاستی حیزبە سیاسییەکان بەردەوامە. لە دوای ڕاگەیاندنی پەیامەکەی لە ٩ی ئەم مانگە زۆربەی لایەنە سیاسییەکان پێشوازییان لەم ھەنگاوە کردووە و ئامادەیی خۆیان بۆ گفتوگۆ دەربڕیوە و پێیانوایە بانگەواز و دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی لەم قۆناغەدا ھەنگاوێکی چارەنووسسازە بۆ یەکگرتوویی کورد و پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان. جەختیش دەکەنەوە، مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دەستپێشخەرییەدا دەریدەخات کام ھێزی سیاسی لە خەمی گوزەرانی خەڵک و بەھێزکردنی کوردستاندایە.

دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٦دا، بانگەوازێکە بۆ گفتوگۆ و کۆتاییھێنان بە قەیرانە سیاسییەکان و پێکھێنانی حکوومەتێکی نیشتمانیی فراوان. لایەنە سیاسییەکان و پێکھاتەکان پێشوازییان لەم بانگەوازە کردووە و بە ھەنگاوێکی چارەنووسساز و گرنگ بۆ یەکڕیزیی ماڵی کورد و چارەسەری قەیرانەکان ناویان بردووە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان لە گوتارێکدا لە ئاھەنگی زانکۆی سەڵاحەدین ڕایگەیاند، دوای دوو ساڵ پەرلەمان کارا کرایەوە و دەستی بەکارەکان کردەوە کە ئامانج لەو پڕۆسەیە پاراستنی قەوارەی کوردستان بووە و دژی ھیچ کەس و لایەنێک نەبووە و گەڕاندنەوەی متمانە بۆ دەنگدەرانی خەڵکی کوردستان بووە.
سەرۆکوەزیران، ئاماژەی بەوەشکرد، دەستخۆشی لەو پەرلەمانتارانە دەکەم کە ئەرکی ئەخڵاقی و یاسایی خۆیان جێبەجێ کرد بە کاراکردنەوەی پەرلەمان و ھیوادارم ھەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لەو پڕۆسەیە بڕوانن و لەبەر ڕۆشنایی بانگەوازی سەرۆک بارزانی بگەڕێنەوە پەرلەمان و گفتوگۆ لەسەر پێکھێنانی حکوومەت بکەین و بتوانین زیاتر خزمەتی کوردستان بکەین.
ئەحمەد کامەران، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: سەرۆک بارزانی لە ڕابردووشدا دەستپێشخەریی ھاوشێوەی گرنگی ھەبووە و توانیویەتی دوو ھێزە سەرەکییەکەی کوردستان، بەتایبەت پارتی و یەکێتی، لەسەر یەک مێزی گفتوگۆ کۆبکاتەوە تا ڕاشکاوانە بدوێن، ئێستاش بە ھەمان شێوە، بەرپرسیارێتییەکی گەورەی مێژوویی لەسەر شانی ئەم ھێزە سیاسییانەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەم چەقبەستووییە.

ئەو چاودێرە، زیاتر دەڵێ: سەرۆک بارزانی وەک خەمخۆری ڕاستەقینەی تەواوی گەلی کوردستان، بە باشی دەزانێت لە چ کاتێکدا پێویست بە دەستپێشخەری دەکات و لە کوێدا کۆد و زمانە سیاسییەکە بەکاربھێنێت. بۆیە ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە کە ھێزە سیاسییەکان درک بەم قۆناغە ھەستیارە بکەن، دوورکەوتنەوە لە بەرژەوەندیی تەسکی حزبی و کەمکردنەوەی سەقفی داواکارییەکان، ڕێگەی پێکھێنانی حکوومەت و کاراکردنەوەی پەرلەمان ئاسانتر دەکات، جیا لەوەش، ھەمووان دەزانن تەواوی ئەو دەستکەوتانەی لە کوردستاندا بەدی ھاتوون، بەرھەمی خوێنی پاکی شەھیدانن، بۆیە پێویستە ڕێز لە خوێنی ئەوان بگیرێت و ڕێگە نەدرێت ھیچ ئاراستەیەکی حزبی مەترسی بخاتە سەر قەوارەی دەستووریی کوردستان.
بەختیار مەھدی، شرۆڤەکاری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕوونیکردەوە: زیاتر لە دوو ساڵ بەسەر ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تێدەپەڕێت، ئەوە نەک تەنیا بەیاننامەی یەکەمی سەرۆک بارزانی بوو، بەڵکو زۆر دەستپێشخەری دیکەشی کردوونە، بۆ ئەوەی لایەنەکان لە یەکدی نزیک ببنەوە بۆ ئەوەی کوردستان لەو چەقبەستووە سیاسییە ڕزگار بکەن، سەرۆک بارزانی وەکو ڕێبەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان و وەکو کەسێک کە ھەست بە بەرپرسیارەتی دەکات، گەورەتر لە حزبێکی سیاسی، ڕاستە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە، بەڵام پێگەی سیاسی، پێگەی جەماوەری زۆر گەورەترە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، لەو بارودۆخە ھەستیارەدا پارتی پەرلەمانی کارا کردەوە، بەڵام دووبارە سەرۆک بارزانی بەیاننامەیەکی دیکەی بڵاوکردەوە کە دەرگای دانوستاندن بۆ پارتی و یەکێتی و ھەموو لایەنەکانی دیکە کراوەیە، دەبێت لایەنەکانیش ھەست بە بەرپرسیارەتی بکەن و بە پیر بانگەوازی سەرۆک بارزانییەوە بێن.
نزار شھاب، چالاکوانی سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: پشت ڕاستم ئەگەر ھەندێک حزبی سیاسی بۆ بەرژەوەندی خۆیان کار نەکەن و پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان بکەنە کاری سەرەکی خۆیان ئەو بانگەوازەی سەرۆک بارزانی جێگەی خۆ دەگرێت.
شھاب، دەشڵێ: ھەرێمی کوردستان خاوەن ئەزموونێکی دەستووریی و یاساییە، یەکگرتنی لایەنە سیاسییەکان لەم قۆناغەدا کلیلی پاراستنی ئەو قەوارەیە، لەبەرامبەر ھەر مەترسییەک کە لەسەر دەستکەوتەکانی گەلی ھەرێمی کوردستان ھەبن.
نیھاد زەکی، چالاکوانی سیاسی، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: پەیامی سەرۆک بارزانی و دەستپێشخەرییەکەی وەک مەرجەعی گەلی کورد ئاراستەی لایەنەکانی کرد زۆر گرنگ بوو، چونکە ھەر دەستپێشخەرییەک بۆ ڕێکخستنەوەی ناوماڵی کورد ھەنگاوێکی پیرۆزە و ھەنگاوێکە کە خەڵکی ھەرێمی کوردستان چاوەرێی ئەو پەیامە بوون.
ئەو چالاکوانە، زیاتر گوتی: ھەر چۆنێک بێت دەسپێشخەری سەرۆک بارزانی لە ھەموو ڕوویەکەوە گرنگە و ھەمووان دەزانن مێژوویی سەرۆک بارزانی چییە و دەزانێت ئامانجی خزمەتکردنی گەلی کوردستان و ڕێکخستنەوەی ناوماڵی کوردە.

ئەو چالاکوانە سیاسییە بڕوای خۆی پێشاندا کە لایەنە سیاسیەکان پێشوازی لەو دەستپێشخەرییەی سەرۆک بارزانی دەکەن، چونکە دواجار خۆیان و خەڵکی کوردستان لەو دەستپێشخەرییە سوودمەند دەبن و قازانج دەکەن.
محەمەد ئیلخانی، سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، وەک پارتی گەشەپێدانی تورکمان، پێشوازی لە بانگەوازەکەی سەرۆک بارزانی بۆ چارەسەرکردن و کۆتاییھێنان بە خیلافاتی سیاسی و دواکەوتنی کابینەی تازە و پێکھێنانی حکوومەتێکی نیشتمانیی بنکە فراوان دەکەین، سەرۆک بارزانی وەک سەرکردەیەک و مەرجەعی سیاسی و نیشتمانی کوردستان ھەمیشە زامنی پاراستنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی قەوارە و گەلی کوردستان بووە و دڵنیاین کە بانگەواز و ڕاسپاردەکانیان دەرفەتێکی ئەرێنی دەبێت بۆ چارەکردنی ناکۆکییە سیاسییەکان، بۆیە داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکەین پشتگیری لەم دەستپێشخەری و بانگەوازە بکەن و ھەر بەم بۆنەشەوە بە دەرفەتی دەزانین کە لایەنی تورکمانی وەک پێکھاتەیەکی سەرەکی خەڵکی کوردستان بەشدارییەکی کارای پێ بدرێت لە کابینە و دەزگا شەرعیەکانی ھەرێمی کوردستان شان بە شانی ھێز و پێکھاتە سیاسی و نەتەوەکانی تری کوردستان.