رۆژنامەی ھەولێر

نێچیرڤان بارزانی و ئه‌لشەرع دۆخی ناوچه‌که‌ تاوتوێ ده‌که‌ن

ئەمڕۆ چوارشەممە 2026/11/11، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئەحمەد ئه‌لشەرع، سەرۆکی کۆماری عەرەبیی سووریا، لە پەراوێزی لووتکەی ئاووهەوا لە ئەنتالیای تورکیا، دیدارێکیان ئه‌نجام دا.

تیایدا، پەیوەندییەکانی سووریا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، پەرەپێدان و فراوانکردنی بوارەکانی هاریکاری و هەماهەنگی، بە جۆرێک لە خزمەت بەرژەوەندییە هاوبەشەکاندا بێت، تاوتوێ کران.
ده‌رباره‌ی ڕەوشی ناوچەکە، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی گفتوگۆ و ڕێگەچارەی ئاشتییانە و دیپلۆماسی بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ئاڵۆزییەکان کردەوە.

دۆخی کورد لە سووریا ته‌وه‌رێکی دیکه‌ی دیداره‌که‌ بوو. تیایدا نێچیرڤان بارزانی، جەختی لە گرنگیی پاراستنی مافه‌کانی کورد و دەستەبەرکردنیان له‌ دەستووری سووریادا کردەوە. هه‌روه‌ها هیوای خواست ئەحمەد ئه‌لشەرع، له‌ داهاتوویه‌کی نزیکدا سه‌ردانی به‌غدا و هه‌ولێر بکات.

چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێکی دیکەی دیداره‌که‌ بوو.