رۆژنامەی ھەولێر

ئەمڕۆ شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆی پرسی بودجە دەچێتە بەغدا

ئەمڕۆ شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆی پرسی بودجەی ساڵی 2027 و چەند بابەتێکی پەیوەندیدارد دیکە سەردانی بەغدا دەکات.

سەرچاوەیەک لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند؛ شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2027 گفتوگۆ دەکات.
هەرچەندە بڕیار بوو دوێنێ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەربارەی پرۆژەیاسای بودجە کۆببێتەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە بۆ رۆژی سێشەممە دواخرا بەهۆی ناکۆکییەکان و نەبوونی کۆدەنگی سیاسی لەبارەی پرۆژە یاساکەوە.
ناکۆکییەکان تەنیا لەسەر پرسی مووچە نین، بەڵکوو پرسەکانی ئەسیکۆدا، داهاتی ناوخۆ و نەوت تاوەکو ئێستا ناکۆکییان لەسەرە و پێویستییان بە گفتوگۆی زیاترە.
بەپێی بنەما یاساییەکان دەبێت بودجە لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووانی عێراق دابەش بکرێت. حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە، پێویستە بودجەی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی ئامارەکانی سەرژمێری بێت، واتە رێژەی 14.14%ـی بودجەی گشتی بۆ تەرخان بکرێت.
حکوومەتی عێراق لە بودجەی ساڵی 2027، بڕی 13 تریلیۆن دیناری بۆ هەرێمی کوردستان دیاری کردووە، ئەم بڕە پارەیەش بەشی مووچە و خەرجییەکانی ناکات.
تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان نەکراوە. حکوومەتی عێراق پشکی کوردستانی بە 12.67% دیاری کردووە و مەرجی هەناردەکردنی 450 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی بەسەر هەرێمی کوردستاندا سەپاندووە. لە بەرانبەردا، هەرێمی کوردستان داوای کردووە پشکەکەی 14% بێت لە بودجەی گشتیی عێراق.