رۆژنامەی ھەولێر

مەدالیای گلۆریا ئارتیس درایە كەسایەتییەكی كورد

ئاریان دەرگەڵەیی – هه‌ولێر

زیاد ڕەئووف “مەدالیای گلۆریا ئارتیس بۆ خزمەتی شایستە بە کولتوور”ی لەلایەن وەزیری کولتوور و كەلەپووری نەتەوەیی پۆلۆنیاوە پێ بەخشرا، ئەویش وەك ڕێزلێنانێك بۆ ساڵانێكی زۆر تەرخانكردنی خۆی بۆ کولتووری پۆڵۆنی، پاراستنی كەلەپووری کولتووری، پشتگیریكردنی هونەرمەندان و، هەوڵەكانی بۆ بەردەستخستنی هونەر بۆ كۆمەڵانی خەڵك.

زیاد ڕەئووف، پشتگیریكەری کولتوور (patron of culture)، كۆكەرەوەی كاری هونەری و، داكۆكیكاری لەمێژینە بۆ گەشەپێدانی ژیانی کولتووری لە كراكۆڤ و ناوچەی ماڵۆپۆڵسكا، “مەدالیای گلۆریا ئارتیس بۆ خزمەتی شایستە بە کولتوور” (“Gloria Artis Medal for Merit to Culture”)ی لەلایەن وەزیری کولتوور و كەلەپووری نەتەوەیی كۆماری پۆڵۆنیاوە پێ بەخشرا. ئەمە یەكێكە لە شكۆدارترین خەڵاتە جیاكەرەوەكانی پۆلۆنیا، كە دەبەخشرێتە ئەو كەسانەی تێكۆشان و خزمەتی بەرچاویان لە کولتووردا كردووە. سەبارەت بە زیاد ڕەئووف، خەڵاتەكە ڕێزی ساڵانێكی زۆر چالاكیی ئەو دەگرێت كە بریتی بووە لە یارمەتیدانی هونەرمەندان و دامەزراوە کولتوورییەكان، كۆكردنەوەی كاری هونەری، ڕێكخستن و سپۆنسەركردنی بۆنە هونەرییەكان، پاراستنی كەلەپووری کولتووری و، پابەندبوون و پێداگریی ئەو بۆ زیندووكردنەوەی شوێنەوارە مێژووییەكانی پۆڵۆنیا.

پشتگیریكاری (patronage) و یارمەتیدانی هونەرمەندان
زیاد ڕەئووف ساڵانێكی زۆر، چالاكانە یارمەتیی كۆمەڵگەی هونەریی كردووە؛ بەشداریی كردووە لە پرۆژە پەیوەندیدارەكان بە هونەری هاوچەرخ، ڕێكخستنی پێشانگە و، پشتیوانی و برەوپێدانی بەرهەمی هونەرمەندانی پۆڵۆنی و نێودەوڵەتی. چالاكییەكانی ئەو بە تایبەتی بۆ كۆمەڵگەی هونەریی كراكۆڤ گرنگییەكی زۆری هەیە. ئەو لە ڕێگەی كاری هاوبەش و هاواهەنگی لەگەڵ هونەرمەندان، گەلەرییەكان، مۆزەخانەكان و ڕێكخراوە کولتوورییەكان، هەوڵی ڕەخساندنی دەرفەت دەدات بۆ پیشاندانی هونەر و گەشەپێدانی گفتوگۆ لە نێوان هونەرمەندان و خەڵكدا.
لایەنێكی گرنگی كارەكانی ئەو پشتیوانیی درێژخایەنیەتی بۆ هونەرمەندان و ئەو دەستپێشخەرییانەی كە ئامانجیان پاراستن و گەشەپێدانی ژیانی کولتووریی پۆڵۆنیایە.

پاراستن و زیندووكردنەوەی كەلەپووری پۆڵۆنیا
بوارێكی بەرچاو لە چالاكییەكانی زیاد ڕەئووف پابەندبوونیەتی بە كەلەپوور و کولتووری پۆڵۆنیا، لەوانەش بەشداربوونی لە پاراستن، نۆژەنكردنەوە و، زیندووكردنەوەی بینا و شوێنەوارە مێژووییەكان.
هەوڵەكانی ئەو ڕەنگدانەوەی پرەنسیپی بەرپرسیارێتییە بەرانبەر كەلەپوور و کولتووری پۆڵۆنیا. زیندووكردنەوەی شوێنەوارە مێژووییەكان نەك هەر بایەخە مێژوویی و تەلارسازییەكەیان دەپارێزێت، بەڵكوو توانای زیندوومانەوەیان پێدەبەخشێتەوە و دەرفەتیان پێدەدات وەك شوێنی كۆبوونەوە، کولتوور و پەروەردە لە كاركردنیان بەردەوام بن.
بۆ زیاد ڕەئووف، پاراستنی كەلەپوور بەشێكی سەرەكییە لە پشتگیری لە کولتوور. لەپاڵ پشتیوانیكردنی هونەرمەندانی هاوچەرخدا، پشتگیریكارییەكە هەروەها بەخەمەوەبوونی سەرمایە کولتوورییەكانیش كە بەشێكن لە كەلەپووری هاوبەشی نەوەكانی داهاتوو لە خۆ دەگرێت.

كۆكەرەوەی كاری هونەری و هاندەری هونەر
لایەنێكی بەرچاوی دیكەی چالاكییەكانی زیاد ڕەئووف هەوڵەكانیەتی وەك كۆكەرەوەی كاری هونەری. ئەو خاوەنی كۆمەڵەیەكی بەرفراوانی بەرهەمی هونەرییە كە نوێنەرایەتیی بزووتنەوە هونەری و قۆناغە مێژووییە جۆراوجۆرەكان دەكات.
زیاد ڕەئووف كۆكردنەوەی هونەر تەنیا وەك خولیایەكی كەسی نابینێت، بەڵكوو وەك شێوازێك لە بەرپرسیارێتی بەرانبەر پاراستنی كەلەپووری هونەری و بەردەستكردنی ئەو بۆ كۆمەڵگە دەیبینێت.
بە دیاریكراوی، هاوكارییەكانی لەگەڵ دامەزراوە مۆزەخانەییەكاندا گرنگە. بەردەستخستنی بەرهەمەكانی ناو كۆمەڵەكەی لە پێشانگەكان و پرۆژەكانی مۆزەخانەكان وا دەكات كۆمەڵە تاكەكەسییەكان بۆ بەردەنگێكی بەرفراوانتر لەبەردەست بن. بەم شێوەیە، كۆمەڵەكە نەك تەنیا خزمەت بە كۆكەرەوەكە دەكات، بەڵكوو خزمەت بە پەروەردە، توێژینەوە، پێشانگەكان و پەرەپێدانی هونەریش دەكات.

خەڵات و ڕێزلێنانەكان بە درێژایی ساڵەكان
“مەدالیای گلۆریا ئارتیس بۆ خزمەتی شایستە بە کولتوور” نازناوێكی گرنگی ترە كە دان بە دەستكەوتەكانی زیاد ڕەئووفدا دەنێت. بەشێك لە خەڵات و ڕێزلێنانەكانی پێشووی بریتین لەمانەی خوارەوە:
٢٠٠٢ – نازناوی “پاترۆنی کولتووری كراكۆڤ بۆ ساڵی ٢٠٠٢”.
٢٠١١ – مەدالیای “هۆنۆریس گراتسیا”، پێشكەشكراو لەلایەن سەرۆكی شارەوانیی كراكۆڤەوە بەهۆی خزمەتەكانی بە شارەكە، بە تایبەتی بۆ هاوكارییەكانی لە گەشەپێدانی کولتووردا.
٢٠١١ – مەدالیای یادكردنەوەی ١٠٠ەمین ساڵوەگەڕی ئەنجومەنی هونەرمەندان و دیزاینەرانی پۆڵۆنی (ZPAP).
٢٠١٢ – مەدالیای هەرێمی ماڵۆپۆڵسكا.
٢٠١٤ – مەدالیای “!Vive lArt” (بژی هونەر)، بەخشراو لەلایەن لقی كراكۆڤی ئەنجومەنی هونەرمەندان و دیزاینەرانی پۆڵۆنیا.
٢٠١٧ – نیشانی زێڕینی شانازیی هەرێمی ماڵۆپۆڵسكا – خاچی ماڵۆپۆڵسكا. ئەم نیشانە ڕێزلێنانێكی شانازیبەخشییانەی هەرێمی ماڵۆپۆڵسكایە كە پەرلەمانی هەرێمیی ماڵۆپۆڵسكا سازی داوە و لەلایەن دەستەی جێبەجێكاری هەرێمی ماڵۆپۆڵسكاوە دەبەخشرێت. (سەرچاوە: وەشانی ئەلیكترۆنیكی ڕۆژنامەی فەرمیی ماڵۆپۆڵسكا).
٢٠٢٠ – نازناوی “باڵیۆزی كراكۆڤ بۆ فرەکولتووری”.
٢٠٢٦ – مەدالیای یادكردنەوەی ١١٥ ساڵەی لقی كراكۆڤی ئەنجومەنی هونەرمەندان و دیزاینەرانی پۆڵۆنی (ZPAP)، كە وەك ڕێزلێنانێك بۆ ساڵانێكی زۆر كاری هاوبەش، پشتیوانیی هونەرمەندان و، هەوڵ و خزمەتەكانی بە کولتوور پێی بەخشرا.
٢٠٢٦ – “مەدالیای گلۆریا ئارتیس بۆ خزمەتی شایستە بە کولتوور” كە لەلایەن وەزیری کولتوور و كەلەپووری نەتەوەییەوە پێی بەخشرا.
پێڕستی ئەم ڕێزلێنانانە سروشتی لەمێژینە و فرەڕەهەندی چالاكییەكانی زیاد ڕەئووف پیشان دەدات كە بریتییە لە پشتگیریكاریی هونەری هاوچەرخ و یارمەتیدانی هونەرمەندان و، هەروەها پاراستنی كەلەپووری کولتووری، كۆكردنەوەی كاری هونەری و، هاوكاری لەگەڵ دامەزراوە کولتوورییەكاندا.

“کولتوور مەودایەكە بۆ گفتوگۆ”
“وەرگرتنی ‘مەدالیای گلۆریا ئارتیس بۆ خزمەتی شایستە بە کولتوور’ شانازییەكی یەكجار گەورەیە بۆ من. من ئەم خەڵاتە تەنیا بە پێزانینێكی كەسی بۆ كارەكانم نازانم، بەڵكوو گرینگتر لە هەموو ئاماژەیەكی تر، بە دەربڕینی سوپاس و پێزانینی دەبینم بۆ هونەرمەندان، مۆزەخانەكان، دامەزراوە کولتوورییەكان و، هەموو ئەو كەسانەی كە لەم ساڵانەدا دەرفەتی هاوكاریكردنم لەگەڵیاندا هەبووە.” زیاد ڕەئووف دەڵێت: “کولتوور مەودایەكە بۆ گفتوگۆ و، مرۆڤەكان، كۆمەڵگەكان و نەوە جیاوازەكان پێك گرێ دەدات. هەربۆیە باوەڕم وایە بەرپرسیارێتیی هاوبەشمانە كە هەم پشتیوانیی هونەرمەندانی هاوچەرخ بكەین و هەم بە خەمی ئەو كەلەپوورەوە بین كە لە نەوەكانی پێشووەوە بۆمان ماوەتەوە”.
بەخشینی “مەدالیای گلۆریا ئارتیس بۆ خزمەتی شایستە بە کولتوور” گوزارشت لە پێزانینێكی پێویست و گرنگ دەكات بۆ ئەو ساڵە زۆرانەی زیاد ڕەئووف لە هەوڵدان بەردەوام بووە، بە ئاوێتەكردنی پشتگیریكاریی هونەری هاوچەرخ لەگەڵ پاراستنی كەلەپووری کولتووری، كۆكردنەوەی كاری هونەری و، پشتیوانیی دامەزراوەكان و ئەو دەستپێشخەرییانەی كە هەوڵی گەشەپێدانی کولتووری دەدەن.
چالاكییەكانی زیاد ڕەئووف ئەوە پیشان دەدەن كە پشتگیریكاری لەلایەن كەرتی تایبەتەوە دەتوانێت ڕۆڵێكی گرنگ لە سیستەمی پاراستن و گەشەپێدانی کولتووریدا بگێڕێت – بە پشتگیریكردنی هونەرمەندان، پاراستنی شوێنەوارە مێژووییەكان، پاراستن و هێشتنەوەی بەرهەمە هونەرییەكان و هاوكات بەردەستكردنیان بۆ بەشێكی فراوانتر لە كۆمەڵگە.