ڕائیب جادر – هەولێر
دەنگۆی ھەموارکردنەوەی دەستووری عێراق ھەیە، لە پشتی پەردەوەش ھەوڵی بۆ دەدرێت، جا بەشێک لە سیاسییەکانی بەغدا بەبێ دەنگی خەریکی داڕشتنی سیناریۆی نوێن، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ئەم بابەتەی باس کردووە و تۆپەکەی فڕێداوەتە گۆڕەپانی پەرلەمانی عێراقەوە، بەڵام ھێشتا ڕوون نییە کە ئامانجی پشت بڵاوکردنەوەی ئەم دەنگۆیانە چین کە بۆ ھەموارکردنەوەی دەستوور دەخرێنە بەرباس، یەکێک لەو ترسانەی کە لە ھەموارکردنەوەی دەستوور ھەیە نەمانی ماددەی ١٤٠ـە، ئەمەش ھاووڵاتییانی ئەو ناوچانەی تووشی دڵەڕاوکێ کردووە، ئێستا زیاتر لە ھەموو کاتێک چاوەکان لەسەر چارەنووسی ماددەکە و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستانە.
دەستووری عێراق لە ١٤٤ ماددە پێکھاتووە، لە ساڵی ٢٠٠٥ گشتپرسیی لەسەر کرا و پەسەندکرا، چەندین جار لە پەرلەمان لیژنەی ھەموارکردنەوەی بۆ پێکھێنراوە، بەڵام سەرجەم ھەوڵەکان شکستیان ھێناوە.
لە پەرلەمانی عێراقەوە ھەوڵێکی نوێ ھەیە بۆ ئەوەی دەستوور ھەموار بکرێتەوە، ئەم ھەوڵە پێویستی بەوەیە کە دوو لەسەر سێی پەرلەمانتاران دەنگی پێ بدەن، ئێستا بابەتەکە گەیشتووەتە نێو پەرلەمانتاران و قسەوباسی لەسەر دەکرێت، بەڵام لە ئێستاوە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بەتایبەتی ئەندامانی لیژنەی ماددەی ١٤٠ ترسی گەورەیان ئەوەیە کە دەست لەو ماددەیە بدرێت و چارەنووسی ئەم ناوچانە بە نادیاری بھێڵدرێتەوە.
بەرپرسانی کورد، دەڵێن، ئەگەر دەستوور وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، ھەرێمی کوردستان ھیچ کێشەیەکی نییە، بەڵام ئەگەر ئەوان بۆ مەرامی سیاسی خۆیان بەکاربھێنن، ھەر بۆ ئەم مەبەستەش ھەموار بکەنەوە ھەرێمی کوردستان ئەو ھەموارکردنەوەیە ڕەت دەکاتەوە، بەڵام ئەگەر مافی ھەموو پێکھاتەکان لە دەستووردا ھات بێت و پێکھاتەکان بە مافەکانی خۆیان بگەن، ھیچ کێشەیەک نییە و ھەرێمی کوردستان پشتگیری دەکات.
حکوومەتی عێراق خۆی لە چەندین ماددەی دەستووری پەیوەست بە ھەرێمی کوردستان دزیوەتەوە، گرنگترینیان جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ـە کە تایبەتە بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان و شایستە داراییەکانی ھێزی پێشمەرگە وەک بەشێک لە ھێزی بەرگری عێراق و بودجە و مووچەی ھەرێمی کوردستان.
بەردەوام حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داوایکردووە کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا بە گوێرەی دەستوور چارەسەر بکرێن، بەڵام حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق پێچەوانەی بڕگە و ماددەکانی دەستوور مامەڵەیان کردووە و کاریان بە دەستوور نەکردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، دەڵێن، بە تەئکید ئەمە ترسی زۆر دەبێت، چونکە وەکو ھەموو لایەک دەزانێت ماددەی ١٤٠ تا ڕادەیەکی زۆر کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکەی کردووە و باڵانسی لە نێوان ھەموو نەتەوەکان ڕاگرتووە لەم ناوچانە، ھیچ کاتێک لەگەڵ ئەوەدا نین کە دەستوور ھەموار بکرێتەوە و دەستکاری ماددەی ١٤٠ی ناوچە کوردستانییەکان بکرێت بەبێ گفتوگۆ و پرس کردن بە ھەموو پێکھاتە و لایەنەکان.
بە بڕوای ئەو کەسانەی کە شارەزای دەستوورن، دەڵێن، ھەموارکردنەوەی دەستوور بابەتێکی ئالۆز و پڕە لە مشتومڕ، ھەر چۆنێک قسەی لەسەر بکەین، کۆتایی نایەت، بۆیە لە ئێستاوە پێویستە کورد خۆی بۆ قۆناغی ھەموارکردنەوەی دەستوور ئامادە بکات و ھەموو ئەو مەترسیانەشی کە لە پێشیەتی لەبەرچاو بگرێت.
ساڵح سەفەر، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: ماددەی ١٤٠ خۆی لە خۆیدا پێوەرێک بوو بۆ دادوەری نێوان کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکان، ھەروەھا لایەنە پێکھاتەکانی دیکە ئەگەر بێت و لە کاتی ھەموارکردنەوە بیانەوێت لاوازی بکەن، یاخود دوای بخەن بێ متمانەی لە نێوان پێکھاتەکان دروست دەبێت.
کازم فەتاح، مامۆستای زانکۆ، بۆ ڕۆژنامەی”ھەولێر” ڕوونیکردەوە، لەناو پەرلەمانی عێراق ھەندێک لایەن و فراکسیۆن بەردەوام کار بۆ ئەوە دەکەن کە پێگەی ھەرێمی کوردستان لاواز بکەن، یان دژایەتی ئەوان بۆ ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە تەنیا دڵی ھەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە لە خۆیان ڕازی بکەن، ئەوەش وا دەکات کە چۆن لە ٢٠ ساڵی ڕابردوو نەک کێشەکان چارە نەکراون، بەڵکو ھەندێک لە کێشەکان گەورەتر کراون، ئەگەر لەو چوار ساڵەی داھاتووش ھەر بەو شێوەیە ھەندێک لە فراکسیۆنەکان بەردەوام دژایەتی کورد بکەن، زۆر زەحمەتە کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا چارە ببن.
سەروان سیامەند، دەرچووی یاسا، بۆ ڕۆژنامەی”ھەولێر” ئاشکرای کرد: بەغدا ٥٥ ماددەی دەستووری کە پەیوەندییان بە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە پێشێلی کردوونە و جێبەجێ ناکات و تەنیا ئەو ماددانە جێبەجێ دەکات کە لە بەرژەوەندی ئەواندانە، ئەو ماددانەی کە پەیوەندییان بە کورد و کوردستانەوە ھەیە جێبەجێ ناکەن و دژی دەوەستنەوە، پابەند بوون بە دەستوور بۆ ھەر دوو لا باشە و کێشەکانیش چارەسەر دەبن و عێراق لەو دۆخەی کە تێکەوتووە ڕزگار دەبێت، بەپێچەوانەوە ھیچ کاتێک عێراق ئارامی بەخۆیەوە نابینێت، بەڵگەش ئەوەیە ئەگەر ماددەی ١٤٠ کە لە دەستووری عێراقدا ھاتووە وەکو خۆی جێبەجێ کرابایە، کە تایبەتە بە چارەسەرکردنی پرسی کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان، داعش و گروپە چەکدارەکانی دیکە زیانیان بەو ناوچانە نەدەگەیاند، بەڵکو خەڵکی ئاو ناوچانە بەرگری لە شوێنەکانی خۆیان دەکرد، ئەوەش وای دەکرد ئەو خەڵکەی کە ئاوارە بووە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و ھیچ کێشەیەک نەدەما.
د. نەوزاد عەلی، مامۆستای زانکۆ لە دھۆک، بۆ ڕۆژنامەی”ھەولێر” گوتی: لە دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە تا ئەمڕۆ وەکو دوو نەتەوەی سەرەکی کورد و عەرەب کە لەو عێراقەدا دەژین، تا ئێستا ھیچ کاتێک مافەکانی کورد جێبەجێ نەکراون، ھەتا دەستوور وەکو خۆی جێبەجێ نەکراوە، ھەر لەبەر ئەوە پێموانیە ئەو حکوومەتەی ئێستاش چارەسەری کێشەکان بکات، ئەگەر سەرۆکوەزیرانیش بیەوێت ھەندێک لە کێشەکان لە ڕێگەی دەستوورەوە چارە بکات، بەڵام ھەندێک لە فراکسیۆنەکان لە پەرلەمان ڕێگە نادەن ھیچ پڕۆژە یاسایەک لە بەرژەوەندی گەلی کورد تێپەڕێت، ئەمەش لە کاتێکدیە تا ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکان بە مافە ڕەواکانی خۆیان شاد نەبن ھیچ لە کێشەکان چارە نابن و عێراق ئارامی بەخۆیەوە نابینێت.
ئەو مامۆستایە، دەشڵێ: دەستوور مافی ھەموو پێکھاتەکانی زامن کردووە، بۆیە گرنگە ھەموو لایەنەکان بەتایبەتی بەغدا پێوە پابەند بێت، چونکە ئەو کێشانەی کە لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا لە نێوان ھەولێر و بەغدا ھەن و چارە نەکراون، ھەموو بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دەستوور وەکو خۆی جێبەجێ نەکراوە، ھەر کاتێک دەستوور جێبەجێ بکرێت کێشەکانیش چارە دەبن، ئەوەش لە بەرژەوەندی ھەر دوولادا دەبێت، بۆیە پێویستە کورد جەخت لەسەر جێبەجێکردنی دەستوور بکاتەوە.
ھێمن ھەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە میانی بەشداریکردنی لە “چوارەمین دیداری گوڵەخانە”، شیکردنەوەیەکی وردی بۆ دۆخی جیھان، ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و مەترسییەکانی سەر ھەرێمی کوردستان خستەڕوو و ڕایگەیاند، ئەو ھەوڵانەی لە ئێستادا بۆ ھەموارکردنی دەستووری عێراق ھەن، دەیانەوێت فیدراڵییەتی ھەرێمی کوردستان بکەنە ئامانج، بۆیە دەبێت پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان ئەولەوییەتی تەواوی ھێزە سیاسییەکان بێت.
ھەورامی، ئاشکرای کرد، بەرپرسانی باڵا لە عێراقدا ھەن دان بە ماددەی ١٤٠ـی دەستووردا نانێن و پێیان وایە کۆتایی ھاتووە و نازانرێت چۆن جێبەجێ دەکرێت.

