وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سەرجەم دروشمە ئایینییەکان پیرۆز و ڕێزلێگیراون و وێڕای سەرکۆنەکردنی بریندارکردنی هەستی ئایینی، جەختی لە گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر بە سەرپێچیکاران کردەوە.
ئەمڕۆ شەممە 24ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: هەموو دروشمە پیرۆزەکانی ئایینی ئەوپەڕی ڕێزلێگیراون، هەر بەڕێزێک بیروبۆچوونێکی جیاوازی هەبێت، نابێت بە بەکارهێنانی هەندێک دەستەواژە هەستی بەرامبەر بریندار بکات، چونکە ئەمە بابەتێکی گشتگیرە و هەر سەرپێچییەک کە گوزارشت و نیشاندانی بێڕێزی بێت، دەچێتە خانەی ناوزڕاندنەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: کولتووری هەرێمی کوردستان لەم جۆرە دەربڕینانە دوورە و کارێکی تەواو نامۆیە، چونکە پێکەوەژیان شانازییەکی هەمەلایەنەیە و خاوەنی مێژوویەکی دێرینە.
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی جەختی لەوەش کردووەتەوە، سەرکۆنەی هەر کارێک دەکات ببێتە هۆی بریندارکردنی هەستی بەرامبەر و بە مافی خۆی دەزانێت کە سەرجەم ڕێکارە یاسایییەکان بەرامبەر بە ئەنجامدەرانی بگرێتەبەر.

